په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

چیرۆک:

 فیلە پیاو.

نووسینی : تیم ڤیکاری  


و : لە ئینگلیزییەوە : ناڵە حەسەن

بەشی یەکەم
- گیانلەبەرێک لە دوکان دا -


من ناووم دکتۆر " فرێدریک تریڤیس " ە ، من دکتۆرم لە نەخۆشخانەی لەندەن . لە ڕۆژێکی ساڵی 1884 دا ، لە جامخانەی دوکانێکی نزیک نەخۆشخانەدا وێنەیەکم بینی . لە بەردەم دوکانەکە وەستام و سەیری وێنەکەم کرد . لە سەرەتادا هەستم بە خۆشی کرد ، دواتر تووڕە بوون ، ئینجا ترس . وێنەیەکی ترسناک و ناشیرین بوو . وێنەی پیاوێک بوو . بەڵام شێوەی لە پیاوێک یان لە من و تۆ نەدەچوو . شێوەی لە فیلێک دەچوو .. ! نووسینی ژێر وێنەکەم خوێندەوە نووسرابوو .. " وەرە ژوورەوە سەیری " فیلە پیاو " ێک بکە بە دوو پەنی . منیش دەرگاکەم کردەوە و چوومە ژوورەوە ... پیاوێک لە دوکانەکە بوو ، پیسو چلکن چاکەتێکی کۆنی لەبەردابوو . جگەرەی بە دەمەوە بوو گوتی " فەرموو چیت دەوێ ... ؟ منیش گوتم : تکایە دەمەوێ سەیری فیلە پیاو بکەم . ! پیاوەکە بە تووڕەییەوە سەیرێکی منی کرد و گوتی " ئێستاکە ناتوانی دوکانەکان دادەخرێن ، دەتوانی بەیانی بێیتەوە .. " منیش گوتم : ببوورە .. من دەمەوێت ئێستاکە بیبینم .. بەیانی کاتم نیە زۆر سەرقاڵ و پڕئیشم .. بەڵام من دەتوانم لە دوو پەنی زیاترت بدەمێ . پیاوەکە بە ووردییەوە سەیرێکی منی کرد و پاشان جگەرەکەی لە دەمی دەرهێناو زەردەخەنەیەکی کردو ددانە زەردەکانی بەدەرکەوتن گوتی " زۆرباشە بەڕێز دوانزە پەنیم بدەرێ ... " من پارەکەم دایە و ئەویش دەرگای پشتەوەی دوکانەکەی کردەوە و چووینە ژوورەوە . ژوورێکی بچووکی ساردو تاریک بوو . بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێ دەهات . گیانلەبەرەکە لەسەر کورسیەک لە پشتی مێزەکەوە دانیشتبوو . من دەڵێم " گیانلەبەر " چونکە مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو . پیاوێک یان ژنێک نەبوو وەک من و تۆ . گیانلەبەرەکە نەدەجوولایەوە و نەیدەڕوانی وەک ئێمە . زۆر بە بێدەنگی لە سەر کورسیەکە دانیشتبوو . لە ژوورێکی سارد و تاریک و پیس لە مێزەکەی دەڕوانی . گیانلەبەرەکە لەبەر سەرما سەری داپۆشرابوو . لە سەر مێزەکەی بەردەمی گوڵێکی سیس و مردوو دانرابوو . دوکاندارەکە بە دەنگێکی بەرزەوە پێی گوت " هەڵسەوە " . گیانلەبەرەکە بە هێواشی هەڵسایەوە . کۆنە جلەکەی لەسەر سەری لابرد و لەسەر مێزەکەی دانا . منیش سەیری گیانلەبەرەکەم کردو هەستم بە دڵتەنگی کرد . بیرم لەوە کردەوە ، من دکتۆرم دەربارەی زۆرێک لە نەخۆشیەکان و ڕووداوەکان دەزانم من شتی زۆر ترسناک و ناشیرینم بینیوە بەڵام ئەم گیانلەبەرە شتێکە لە هەموویان ناشیرینتر و نابوودتر .. !

 

هیچ پیاوێک یان ژنێک وەک ئەم نەبووە لە نەخۆشخانەدا . پاڵتۆیەکی کۆنی لەبەردابوو بێکراس و بێ پێڵاو من زۆرباش بەژن و باڵاییم بینی .. سەری شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە بوو . زۆر زۆر گەورە بوو . وەک کیسەیەکی گەورەی پڕ لە کتێب . سەری قژی زۆر پێوە نەبوو . لە سەریدا زێدەگۆشت هەبوو وەک کیسەی ئاوساو . پێستێکی قاوەیی پیس تا بەشێک لە ملی داپۆشتبوو . چاوێکیانم بەباشی نەدەبینی بە زێدەگۆشت داپۆشرابوو . ددانە سوور و زللەکانی نێو دەمی لە ژێر لوتیەوە بەدەرکەوتن لە ددانەکانی فیل دەچوون . دەم و لوتی وەک چاڵێک دیاربوو لە سیمای دا . زەردەخەنە و پێکەنین و دڵتەنگی و تووڕەبوون بە ڕووخسارییەوە نەدەبیندرا . چونکە پێستی دەم و چاوی نەدەجولایەوە و مردبوو ، وەک دەم و چاوی فیل .. ! زۆر زێدەگۆشت لە شێوەی کیسەی ئاوساو لە پێشەوە و پشتەوەی گیانلەبەرەکە هەبوو . هەندێک لەم زێدە گۆشتە ئاوساوانە تاسەر ڕانەکانی هاتبوونە خوارەوە . دەست و باسکی ڕاستەی زۆر گەورەبوو . زێدەگۆشتی ئاوساوی لەسەر بوو . دەستی ڕاستەی لە قاچی پیاوان دەچوو . بەڵام دەست و باسکی چەپەی زۆر جوان بوو . دەست و باسکی چەپەی پێستێکی جوان و دڵگیری هەبوو . پەنجەکانیشی درێژو و جوان بوون لە دەستەکانی ژنێکی گەنج دەچوون . دوکاندارەکە بە تووڕەییەوە گوتی : " مێریک " هاتووچۆ بکە بە پەلە بجولێوە و وەرە ئێرە ، دەستی لە پشتی گیانلەبەرەکە دەدا . گیانلەبەرەکەش بە هێواشی بە ژوورەکەدا دەهات و دەچوو . زۆر بەباشی نەیدەتوانی بڕِوات . ڕانەکانی زۆر گەورە و قەڵە و بوون لە بەر پشت ئێشە نەیدەتوانی بەبێ دار بڕوات . من گوتم : زۆر باشە ، سوپاست دەکەم . لێی گەڕێ با دابنیشێتەوە نامەوێ زیاتر سەیری بکەم . هەستم بە نەخۆشی کرد بۆنی ژوورەکەش تابڵێی ناخۆش بوو . دوکاندارەکە گوتی : بەڵێ بەڕێزم ... دانیشەوە " مێریک " ئێمەش لە ژوورەکە چووینە دەرەوە . دوکاندارەکە دەرگاکەی داخست و زەردەخەنەیەکی بۆم کرد و بە ددانە زەردەکانیەوە گوتی : بەڕێزم سەیر و نایاب بوو ها .. ؟! دەزانی باشترین فیلە پیاوی ئینگلاندە ، بەسەدان خەڵک دێن بۆ بینینی ! بەسەدان .. ! بە سەرانسەری وڵات دا دەیگێڕم .. بەڵێ وادەکەم .. ! . منیش گوتم : بەڵێ زۆر سەیر و نایاب بوو .. دەتوانم دانیشم ؟ .


" بەڵێ بەڕێزەکەم بێگومان .. فەرموو ئەوە کورسی " سەیری دەکردم و زەردەخەنەی بۆ دەکردم .. گوتی " حەزدەکەی پەرداخە ئاوێکت بۆ بهێنم .. ؟ "
منیش گوتم : بەڵێ تکایە .. پاشان سەیری شتەکانی نێو دوکانە پیسەکەم کرد .. دوو سێ سێوی کۆن و چەند مۆزێکی ڕەش دانرابوو . هەر ئەوەندە .. ئەوە هەموو شتێک بوو دوکاندارەکە دەیەویست پرسیارم لێبکات و بەڵام من پێم گوت : نەخێر من ئاساییم .. دواتر من لێم پرسی : تۆ بە " مێریک " بانگت کرد وانیە ؟ گوتی " بەڵێ ڕاست دەفەرمووی بەڕێز .. " جوزێف مێریک " ، باشترین فیلەپیاوی ئینگلاند .. ! دەزانی من بەسەرانسەری وڵات دا دەیگێڕم خەڵکێکی زۆر دەیانەوێ بیبینن .


- بەڵێ منیش پێموایە .. پارەیەکی زۆرت دەست دەکەوێت وانیە .. ؟ " بڵێم چی .. وایە هەندێ جار .. بەڵام ئەوەش بزانە کارێکی ئاسان نیە لەبەر پۆلیس . بەڕێز پۆلیس حەزناکات ئێمە ببینێ و ڕێگە نادات زۆر لە نێو شاردا بمێنینەوە . وەک هەموو جارێک ، هەر هەفتەی بۆ شوێنێک دەگوازینەوە".
- بەڵێ دەزانم .. بەڵام بە هەرحاڵ بە.. ڕێز
- سیلکۆک قوربان .. " سیمۆن سیلکۆک " .
- من دکتۆرم لە نەخۆشخانەی لەندەن .. ناووم دکتۆر" تریڤیس " ە وابزانم ئەم پیاوە " جوزێف میریک " زۆر شتێکی سەرسووڕهێنەرە من حەزدەکەم لە نەخۆشخانە بیبینم . من حەزدەکەم زیاتر و بە ووردییەوە سەیری بکەم .
- بەڵێ قوربان تێدەگەم بەڵام ئەوە کارێکی دژوارە .چۆن دەتوانم بیگەیەنمە نەخۆشخانە ؟
- بۆ جەناب نەخۆشخانە لێرەوە دوور نیە .
- باشە قوربان دەزانم ، بەڵام خۆت دەبینی " مێریک " ناتوانێ زۆر بەباشی بڕوات و پێویستی بە یارمەتیە .
- تۆ دەتوانی لەگەڵ مندا بێی ... پارەی زیاترت دەوێ ها ... ؟
- بڵێم چی !! بەڵێ قوربان .. زیاترم دەوێ بەڵام تۆ دەبینی ، خەڵک لێی دەترسێن لەبەر ئەوە منداڵە ووردکە هەمیشە بەدوای ڕادەکەن و لێی دەدەن . دوای ئەوە پۆلیس تووڕە دەبێت و چونکە خەڵک دەترسێن . هەندێ جاریش دەمانخەنە بەندیخانەوە . منیش گوتم دەزانم .. باشە چۆن دەتوانی بیگەیەنیتە نەخۆشخانە .. ؟ سیلکۆک گوتی : تاکسی بۆبێنە بەڕێزم .. تۆ دەتوانی بە تاکسی بیبەی بۆ نەخۆشخانە .
 


- بەشی دووەم -
کارت.
 


رۆژی دوایی ، کاتژمێر حەوتی بەیانی من بە تاکسیەک هاتمە بەردەرگای دوکانەکە . خەڵک زۆر بەدەرەوە نەبوون ، چونکە بەیانیەکی زۆر زوو بوو . لە مانگی نۆڤەمبەردا کاتژمێر حەوتی بەیانی هێشتا دنیا تاریکە . من زۆر بەباشی دوکانەکەم نەدەبینی بۆ ماوەی پێنچ خولەکێک لەو نێوەدا چاوەڕێم کرد . پۆستەچیم بینی بەوێدا ڕەتبوو . دواتر دەرگای دوکانەکە کرایەوە و گیانلەبەر مێریک هاتە دەرەوە .


من نەمدەتوانی دەم و چاو یان بەژن و باڵای ببینم . شەبقەیەکی ڕەشی گەورەی بەسەر سەریەوە بوو . وەک کارتۆنێکی گەورە ، لە ژێر شەبقەکەش بە جلێکی خۆڵەمێشی سەری داپۆشیبوو . لە بەرامبەر چاوەکانی کونێکی گەورە کرابوو . لەم کونەدا دەیڕوانی و دەیتوانی دەرەوە ببینێ . پاڵتۆیەکی لەبەر دابوو لە سەرشانیەوە تا بنی پای درێژ بوو . بۆیە من نەمدەتوانی باسکەکانی و بەژن و باڵا و ڕانەکانی ببینم . پێڵاوێکی گەورەی لە پا بوو لە کۆنە کیسەیەک دەچوو . دارێکی بە دەستی چەپەیەوە بوو . زۆر بە هێواشی دەڕۆیشت . دەرگای تاکسیەکەم بۆ کردەوە کاتی گەیشت پێم گوت : بەیانیت باش " مێریک " .. فەرموو بەڕێز دەتوانی سوار بیت .
ئەویش گوتی : لەمپەیژەیەیارمەتیمبدە .
ببوورە من تێنەگەیشتم ... ؟
بۆماوەی خوڵەکێک لە پێش دەرگای تاکسیەکە وەستا بە دارەکەی دەستی لە تاکسیەکەی داو گوتی : لەم پەیژەیە یارمەتیم بدە ... !
پاشان تێگەیشتم .. کە پەیژەکە سێ یایە بوو . ئەویش نەیدەتوانی بە سەریدا بکەوێ و بچێتە ناویەوە .
بەڵێ دەیبینم ببوورە .. ڕێگەم بدە با یارمەتیت بدەم . دەستی چەپەم گرت و دەستم بە یارمەتی دانی کرد . دەستی ڕاستەشم لە سەر پشتی بوو . من زۆر هەستم بە نامۆیی کرد ، دەستی چەپەی وەک دەستەکانی ژنێکی گەنج بوو ، بەڵام پشتی شتێکی سەرسووڕهێنەر بوو ! وامدەزانی کیسەیەک لە سەر پشتیەتی لە ژێر پاڵتۆکەیدا . یەکێک لە قاچە گەورەکانیم لە سەر پەیژەکە دانا و پاشان وەستا پاش خولەکێک بە هێواشی قاچەکەی تریشی جولاند جارێکی تر وەستایەوە و هەندێک چاوەڕێی کرد و هەناسەیەکی دا .
سڵاو بەڕێز دەتوانم یارمەتیتان بدەم ... ؟
سەیری دواوەی خۆمانم کرد .. بینیم پۆستەچیەکە بوو . سێ لاوی تریشم بینی یەکێک لە لاوەکان پێدەکەنی .. ! پۆستەچیەکە زەردەخەنەیەکی کرد و پرسی .. ئەم پیاوە باشە نەخۆشە .. ؟
منیش بە پەلە بیرم کردەوە و گوتم : بەڵێ بەڵام ئەوە ئافرەتە پیاو نیە .. من دکتۆرم و ئەویش نەخۆشە پێویستی بە یارمەتی هەیە . منیش دەتوانم بە باشی یارمەتی بدەم .
پۆستەچیەکە دەستی چەپی " مێریک " ی گرت و منیش لە دواوە بە دەستەکانم یارمەتیم دەدا . زۆر بە هێواشی " مێریک " بەسەر پەیژەکان کەوت و چووە نێو تاکسیەکە . یەکێک لە لاوەکان زۆر لە تاکسیەکە نزیک بوو ، بانگی برادەرەکانی دەکرد .
کوڕینە وەرن ئەمە ببینن .. ! ئافرەتێکی قەڵەو لە ژێر پاڵتۆیەکی ڕەش دا . سەیری ئەم شەپقە زللە بکەن .. کوڕەکان پێدەکەنین . ئەوانی تریش لە تاکسیەکە نزیک بوونەوە .. منیش بە پەلە دەرگاکەم پێوەدا .. بە پۆستەچیەکەشم گوت : سوپاس .
شایانی نیە بەڕێز .. ئافرەتێکی نامۆ دیارە وانیە .. ؟
منیش بەپەلە گوتم : تەنها نەخۆشە ئیتر ئەمە هەموو شتێکە . ئێمە دەڕۆینە نەخۆشخانە .. سوپاس بۆتۆ ، خواحافیس ... تاکسیەکە بەرەو نەخۆشخانە کەوتە ڕێ منیش سەیری " مێریک " م کرد و پێم گوت : دژوار بوو ها ... ؟ لە سەرەتادا هیچی نەگوت .. دواتر دەستی پێکرد . دەنگی زۆر نامۆ دیار بوو ، بەڵام منیش بە هێمنیەوە گوێم لێ گرت . وە لێی تێدەگەیشتم . گوتی : پەیژەکان زۆر ناخۆش بوون ، یەکێک لە شتە دژوارەکان بوو بۆ من .
منیش پێم گوت : بەڵێ هیچ شتێک بۆ تۆ ئاسان نیە وانیە .. ؟
ئەویش گوتی : نەخێر .. بۆماوەی خولەکێک بێدەنگ بوو پاشان گوتی : تۆ کێی بەڕێز.. ؟
من کێم .. ؟ ئۆف ببوورە .. من ناووم دکتۆر " تریڤیس " ە فەرموو ئەوەش کارتەکەم . کارتی خۆم دایە کە ناوی منی لە سەر بوو . پاشان بیرم کردەوە کە کارێکی باشم نەکرد . خۆ ئەم پیاوە نازانێت بخوێنێتەوە ... ! بەڵام " مێریک " کارتەکەی وەرگرت و بە سرنجەوە سەیری کرد و پاشان خستیە نێوگیرفانی کراسەکەی .
من لە نەخۆشخانە زۆر قسەم لە گەڵدا نەکرد .
بە ڕێک و پێکی و زۆر بەجوانی سەیری سەر و باسکەکانی و ڕانەکانی و بەژن و باڵاییم کرد . دواتر گرنگترین تێبینیەکانم دەربارەی لە کتێبێکی بچووک دا نووسیەوە . بریپێچێک یارمەتی دەدا . " مێریک " جارجارە سەیری کچ برینپێچەکەی دەکرد . بەڵام برینپێچەکە ڕووخۆش نەبوو لە گەڵیدا ، زۆر نەیدەدواند . وابزانم لێی دەترسا . وابزانم " مێریک " یش دەترسا . لەبەر ئەوە زۆر بێدەنگ بوو . کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ بە تاکسیەک گەیاندمەوە دوکانەکە . بۆ ڕۆژی دواتر تەماشای جامخانەی دوکانەکەم کردەوە بەڵام وێنەکە لەوێدا نەمابوو .
 


-بە شی سێیەم -

نامەیەک بۆ تایمز.
 


بۆ ماوەی دوو ساڵ من " مێریک " م نەبینیەوە ، ڕۆژێکیان پۆلیس دەیدۆزنەوە کارتی منی بە دەستەوە دەبێ . ئەوانیش دەیهێنن بۆ نەخۆشخانەی لەندەن . لەوکاتەدا زۆر ماندوو و برسی و پیس دەبێ . منیش لە سەر قەرەوێلەیەکم دانا لە ژوورێکی هێمن و بچووک . بەڵام نەیدەتوانی لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە . چونکە ئەو نەخۆش نەبوو . بێگومان هەموو قەرەوێلەکانمان بۆ کەسی نەخۆشە . ئێمە هیچ جێگایەکمان بۆ کەسی برسی و ناشیرینەکان نیە .. !


منیش دەربارەی " مێریک " قسەم لەگەڵ سەرۆکی نەخۆشخانە بەڕێز " کار گۆن " کرد . ئەویش بە هێمنی و بە پەرۆشەوە گوێی لێم گرتبوو . دواتر نامەیەکی بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەی " تایمز " نووسی .

بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەی تایمز
چواری دیسەمبەری 1886

من ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم دەربارەی پیاوێک لە نەخۆشخانەکەمان دا . کە پێویستی بە یارمەتی تۆیە ناوی " جوزێف مێریک " ە و تەمەنی 27 ساڵە . کەسێکی نەخۆش نیە . بەڵام ناتوانێ لە نەخۆشخانە بچێتە دەرەوە ، چونکە زۆر زۆر ناشیرینە . خەڵک نایانەوێ بیبینن و سەیری بکەن . هەندێکیشیان لێی دەترسن بە " فیلە پیاو " بانگی دەکەن . دووساڵ بەر لە ئێستا ، " مێریک " لە دوکانێکی نزیک نەخۆشخانە دەژیێ . بە دوو پەنی خەڵک دەیانتوانی سەیری بکەن و پێی پێبکەنن . ڕۆژێکیان دکتۆر " تریڤیس " کە دکتۆرێکی نەخۆشخانەیە .. " مێریک " دەبینێ و دەیهێنێتە نەخۆشخانەکەی خۆی .. بە ووردییەوە تەماشای دەکات .. دکتۆر " تریڤیس " ناتوانێ یارمەتی " مێریک " بدات . بەڵام کارتەکەی خۆی پێ دەدات . دوای ئەوە " سیلکۆک " ی دوکاندار " مێریک " دەباتە " بیلگیەم " خەڵکێکی زۆر لە " بیلگیەم " دەیانەوێ بیبینن . پاش ساڵێک " مێریک " بڕی 50 پاوەندی دەبێت . پاشان " سیلکۆک " 50 پاوەندەکەی " مێریک " دەبات و لە " بیلگیەم " بەجێی دەهێلێ و دەگەڕێتەوە " لەندەن " . هەموو کەسێک لە نێو شەمەندەندەفەر و پاپۆڕدا سەیری دەکەن و پێی پێدەکەنن و گاڵتەی پێدەکەن . لە " لەندەن " پۆلیس دەیبەنە بەندیخانە ، دواتر کارتی دکتۆر " تریڤیس " ی لەلادا دەبینن " مێریک " دەهێننەوە بۆ نەخۆشخانەی " لەندەن " . ئەم پیاوە هیچ پارە و پولێکی نیە و ناتوانێ کاربکات . شێوە و ڕوخساری زۆر زۆر ناشیرینە . بێگومان زۆر خەڵک لێی دەترسن . بەڵام " مێریک " زۆر بە بەزەیی و میهرەبانە .. دەتوانێ بنووسێ و بخوێنێتەوە ، زۆریش بیر دەکاتەوە . پیاوێکی هێمن و بێدەنگە . هەندێ جاریش بە دەستەکانی خۆی شت دروست دەکات و بە برینپێچەکانی دەبەخشێ . ئەوانیش زۆر دڵسۆزن لە گەڵیدا .دایکی خۆی بەبیر دێتەوە و وێنەیەکی لەلا هەیە . دەڵێت : دایکم زۆر جوان و دڵسۆز بووە . بەڵام ئێستا هەرگیز نایبینێ . ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا دایکی ئەوی داوەتە بە " سیلکۆک " ی دوکاندار . ئایا خوێنەرانی " تایمز " دەتوانن یارمەتی ئێمە بدەن .. ؟ ئەو پیاوە نەخۆش نیە بەڵام پێویستی بە ماڵ و جێگایەک هەیە . ئێمە دەتوانین لە نەخۆشخانە ژوورێکی پێبدەین ، بەڵام پێویستیمان بە بڕێک پارە هەیە تکایە وەڵامم بدەرەوە لە نەخۆشخانەی " لەندەن " .

دڵسۆزت
ف . س . گارکۆم
سەرۆکی نەخۆشخانەی لەندەن

خوێنەرانی ڕۆژنامەی " تایمز " خەڵکێکی بەوەفان . پاش هەفتەیەک ، پارەیەکی زۆریان دا بە ئێمە بۆ " مێریک " .. بڕی 50 هەزار پاوەندمان بە دەست گەیشت . " مێریک " بۆ هەموو ژیانی دەتوانێ لە نەخۆشخانەدا بژیێ و ئێمەش ماڵێک و جێگایەکی باشی بۆ دابین بکەین .

 


- بەشی چوارەم -
یەکەم ماڵی " مێریک ".
 


لە پشتەوەی نەخۆشخانەدا دوو ژوورمان دا بە " مێریک " . ژوورێکیان گەرماو بوو ئیتر بۆخۆی هەموو ڕۆژێک دەتوانێ گەرماو بکات و خۆی بشوات . دوای ماوەیەکی کەم پێستی زۆر باشتر داهات . وە بۆنە ناخۆش و بێزارکەرەکەی نەما . ژووری دووەم قەرەوێلە و مێز و کورسی تیا بوو . من هەموو ڕۆژێک سەردانیم دەکرد و قسەم لەگەڵدا دەکرد . حەزی لە خوێندنەوە بوو . حەزی دەکرد باسی زۆرێک لە کتێبەکان و تەورات و هەندێک لە ڕۆژنامەکان بکات . هەر ئەوەندە ... منیش چەند کتێبێکم دایە ، کتێبەکان چیرۆک بوون دەربارەی خۆشەویستی بوو . زۆر حەزی لێیان بوو . هەمووی بۆ چەند جارێک خوێندنەوە . زۆر جاران دەربارەیان دەدوا . بۆ ئەو زۆر دژوار و ناخۆش بوو . چونکە پیاو و ژنەکانی نێو کتێبەکان کەسی ئاسایی بوون وەک من و تۆ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو زۆر دڵخۆش و بەختەوەر بوو .


هەندێ جار ئاسان نەبوو بۆ ئەو . لە سەرەتادا یەک دوو کەس لە نەخۆشخانە پێکەنینیان بە " مێریک " دەهات . چونکە کەسێکی ناشیرین بوو . هەندێ جار برادەرەکانیان دەهێنا تا سەیری بکەن و بیبینن ... ! ڕۆژێکیان کچە برینپێچێک تازە هات بوو بۆ ئەو نەخۆشخانەیە ، وە کەسیش باسی " مێریک " ی بۆ نەکرد بوو . کاتێک خواردنی بۆ دەبات و دەچێتە ژوورەکەی ، کە دەرگا دەکاتەوە و دەیبینێ ... هاوار دەکات و خواردنەکەی لە دەست بەردەبێتەوە و بە ڕاکردن لە ژوورەکە دەچێتە دەرەوە .. !


منیش زۆر لە برینپێچەکە تووڕە بووم ، چوومە لای " مێریک " و بینیم زۆر دڵخۆش نەبوو بەو کارەی ڕووی دابوو بەڵام زۆریش تووڕە نەببوو . وابزانم بەزەیی بە کچەکە دەهاتەوە و گوتی : دکتۆر تریڤیس من دەزانم خەڵک حەزناکەن سەیری من بکەن زۆر ئەسایی یان پێدەکەنن یان هاوار دەکەن .. ! منیش بە تووڕەییەوە گوتم : هەرچۆنێک بێت من نامەوێت برینپێچەکان بە تۆ پێبکەنن "جوزێف" . من دەمەوێت ئەوان یارمەتیت بدەن ... بە دەنگێکی نامۆو هێمنەوە گوتی : سوپاست دەکەم دکتۆر بەڵام من زۆر بۆم گرنگ نیە . هەرکەسێک کاتێک بە من پێدەکەنێ من لە مەسەلەکە تێدەگەم ..!


منیش بە دڵتەنگیەوە سەیرم دەکرد . لەودەمەدا وێنەیەکی بچکۆڵانەی دایکیم بینی لە نێو دەستی چەپەی دابوو . کە ئەم دەستەی ئاسایی و ڕێک وپێک و جوان بوو . بۆ ماوەی خولەکێک لە وێنەکەی ڕووانی ، پاشان لە نزیک گوڵەکانی سەر مێزەکەی دانا . چاوەکانی پڕببوون لە فرمێسک و بە ڕووخسارە گەورە و ناشیرینەکەی دەهاتنەخوار بە نەرمیەوە گوتی : دکتۆر " تریڤیس " تۆ و برینپێچەکان زۆر ئازیز و خۆشەویستن ، منیش لێرەدا زۆر دڵخۆش و بەختەوەرم بەڵام من دەزانم ناتوانم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لێرەدا بمێنمەوە من حەزدەکەم دوای نەخۆشخانە بڕۆمە " تیشکە خانوو " لەوێدا بژیێم . تیشکە خانوو یان خانووی کوێران .. وا هەست دەکەم ئەم دوو جێگایە باشترین و گونجاوترین جێگان بۆ من . منیش لێم پرسی : بۆ ... تۆ مەبەستت چیە ... ؟ بەبێ ئەوەی سەیری من بکات . گوڵەکانی دەخستنە سەر وێنەکە و بە سەرنجەوە لێی دەڕوانین و گوتی : تیشکە خانوو بە ئاو دەورەدراوە .. وایە ها ... ؟ کەس ناتوانێت بمبینێ لەم خانووەدا .. من لەوێدا بەختەوەر دەبم . وە خەڵکی کوێریش هیچ شتێک نابینن ، ئیتر ناتوانن بت بینن . ناتوانن ... ها ... ؟! منیش گوتم : بەڵام جوزێف ئەوە ماڵی تۆیە تۆ ئێستا لێرەدا دەژیێی تۆ ناتوانی بڕۆیت و نەخۆشخانە جێبهێڵیت . ئەویش گوتی : بێگومان ئەمڕۆ نا ، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیک . دکتۆر " تریڤیس " تۆ پیاوێکی بەبەزەیی و میهرەبانی بەڵام من ناتوانم زیاتر لێرەدا بمێنمەوە ، من پارەم نیە .. ! منیش زەردەخەنەیەکم بۆ کرد و پێم گوت : جوزێف ئێستا ئەوە ماڵی تۆیە تێناگەی لەمە ..؟ بۆ هەموو ژیانت دەتوانیت لێرەدا بمێنیتەوە . بە شێنەیی باسی هەموو شتێکم بۆ کرد و هەموو شتێکم پێگوت . دەربارەی ڕۆژنامەی " تایمز " و نامە و پارەکە و ... وابزانم لە سەرەتادا لێم تێنەگەیشت . منیش بۆم دووبارە کردەوە . بۆ خەلەکێک زۆر بێدەنگ بوو پاشان هەستایەوە و بەبێ ئارامی بە ژوورەکەدا هات و چۆی دەکرد . دەنگێکی نامۆی لێوە دەهات ، وەک ئەوەی پێبکەنێ ... !
 


- بەشی پێنجەم -
سەردانێکی گرنگ.

 


من نەمدەویست " مێریک " بە تەنیا بژیێت ، وەک ئەو پیاوەی لە ماڵی تیشکە خانوودا . ئەو کتێبەکانی دەخوێندەوە و قسەی بۆ من دەکرد . بەڵام من دەمویست قسە لەگەڵ خەڵکێکی تریش بکات . دەمەویست لەگەڵ ئافرەتانیش قسە بکا . " مێریک " دەربارەی ئافرەتانی دەخوێندەوە . بەڵام بۆ ئافرەتان زۆر نەدەدوا . هەموو ڕۆژێک کچ بریپێچەکەی دەبینی بەڵام زۆر نەیدەدواند . بۆ ئەوان ئەو هەمیشە گیانلەبەرێک بوو نەک پیاوێک .. !

 

ڕۆژێکیان ، یەکێک لە برادەرەکانم .. ژنێکی شۆخ و گەنج و جوان بوو هاتە نەخۆشخانە .. منیش باسی " مێریک " م بۆ کرد بوو ، بردم بۆ ژوورەکەی . ژنەکە دەرگاکەی کردەوە زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و پێی گوت : بەیانیت باش " مێریک " ی بەڕێز ... پاشان دۆقەی لەگەڵدا کرد . " مێریک " بە شاگەشکەییەوە بۆ خولەکێک سەیری کرد .. ! دواتر لە سەر قەرەوێلەکەی دانیشت و سەری خستە نێو دەستەکانی و گریا ... ! نزیکەی بۆ ماوەی پێنج خولەک گریا .. ! بە نێو پەنجەکانیەوە فرمێسک لە دەم و چاوی دەهاتنە خوار و دەکەوتنە سەر زەوی . برادەرەکەم لە سەر قەرەوێلەکە بە تەنیشتیەوە دانیشتبوو . دەستەکانی خستبووە سەر باسکەکانی ئەو و هیچی نەگوت ، بەڵام زەردەخەنەیەکی بۆ کردەوە و پێش ئەوەی بڕوات دەستەکانی خستە نێو دەستی و دۆقەی لەگەڵدا کردەوە .


ئەو شەوە " مێریک " پێی گوتم : دکتۆر تریڤیس ئەو کچە زۆر جوان و دڵگیر بوو . چەند ساڵێک بەر لە ئێستا دایکم زەردەخەنەیەکی بۆ کردووم ، بەڵام ئێستا هیچ ئافرەتێک زەردەخەنە بۆ من ناکات . بەڵام ئەو کچە بۆی کردم . وە دۆقەشی لەگەڵدا کردم .. ! کچێکی شۆخ و جوان زەردەخەنەی بۆ کردم و دۆقەی لەگەڵدا کردم . کچ برادەرەکەم هەفتەی دواتر دیسان هاتەوە . لەگەڵ " مێریک " بۆ ماوەی نیو کاتژمێر قسەیان کرد . هەفتەی دواتر دیسان هاتەوە ئەمجارەیان لەگەڵ برادەرێکی خۆی دا . هەندێک کتێبیان بۆ هێنا بوو . دانیشتن بەیەکەوە " چایە " یان خواردەوە . کاتێکی خۆش و دڵڕفێن بوو بۆ ئەو . یەکەمین جارە لە ژیانیدا برادەری هەبێ . پیاوێکی دڵخۆش و بەختەوەرە لە ژوورەکەی دانیشتووە کتێب دەخوێنێتەوە .. ! ئیتر دوای ئەوە چیتر باسی ژیانی تەنیایی نێو تیشکە خانووی نەکردەوە . خەڵک ووردە ووردە لە ڕۆژنامەدا دەربارەی " مێریک " یان دەخوێندەوە . ئیدی زۆر میوانی دەهات . هەموو کەسێک دەیانەویست بیبینن . زەردەخەنەیان بۆ دەکرد و دۆقەیان لەگەڵدا دەکرد . کتێبیان بۆ دەهێنا . " مێریک " یش حەزی دەکرد قسە بۆ ئەو خەڵکانە بکات . خەریک بوو شێوە ناشیرینیەکە و قەد و باڵای خۆی بیردەچوویەوە . ووردە ووردە وەک پیاوێک هەستی بە خۆی دەکرد نەک گیانلەبەرێک .. ! ڕۆژێک کە زۆر گرنگ و پرشنگدار بوو ، خانمێکی تا بڵێی نازدار و شۆخ و شەنگ و جوان هاتە نەخۆشخانە بۆ بینینی " مێریک " . منیش پێشوازی خانمەکەم کردوو بردم بۆ ژوورەکەی ئەو . دەرگاکەم کردەوە و بە خەندە و پێکەنینەوە پێم گوت : بەیانیت باش جوزێف . میوانێکی تازە هاتووە بۆبینینی تۆ هەتا بڵێی خانمێکی بەناوبانگە .. ! " مێریک " لە تەنیشت مێزەکەی هەڵسایەوە ، ئەو زەردەخەنەی نەکرد چونکە لەبەر پێستی دەم و چاوی نەیدەتوانی بەڵام ، چاوەکانی خۆشحاڵ دیار بوون و گوتی : زۆر باشە ئەم بەڕێزە کێیە .. ؟ منیش لە نێو دەرگاکە دوور کەوتمەوە و میوانەکە چووە ژوورەوە و گوتم : ئەی پایەدار ئەوە " جوزێف مێریک " ە .. ! جوزێف ئەوە پایەدار " شازادە ئەلیکساندرا " یە .. شازادەی " ئینگلاند " ... !


شازادە " ئەلیکساندرا " بزەیەکی بۆ کرد و گوتی : ئەوکاتەت باش " مێریک " ی بەڕێز .. من زۆر بەختەوەر و دڵخۆشم بە بینینی تۆ . دوای ئەوە دۆقەی لەگەڵدا کرد . " مێریک " لە شوێن خۆی نەجولا . بۆ نیو خولەکێک وەستا بە شاگەشکەیی و سەرسووڕمانەوە سەیری دەکرد . پاشان بە دەنگێکی نامۆ و هێمنەوە گوتی : تۆش .. ئەوکاتەت باش ئەی پایەداری بەڕێز . وابزانم خانمی شازادە لێی تێنەگەیشت ، چونکە " مێریک " لەو کاتەدا هەوڵی دەدا بۆی بچەمێتەوە . بەڵام لەبەر ڕانە زلل و گەورەکانی نەیدەتوانی بۆ ئەو گران و دژوار بوو . شازادەش بەڕێزەوە گوتی : نا تکایە " مێریک " ی بەڕێز هەڵسەوە . من حەزدەکەم قسەت لەگەڵدا بکەم . ئایا دەتوانین لەسەر مێزەکەت دابنیشین .. ؟!


ئەویش گوتی : بەڵێ ... بەڵێ بێگومان .. ! لەسەر مێزەکە دانیشتن . شازادە دەستی چەپەی ئەوی کە دەستە جوان و ڕێکەکەی بوو ، خستە نێو دەستەکانی خۆیەوە بە تاسەوە لە دەستەکانی دەڕوانی . پاشان بە زەردەخەنەوە پێی گوت : چەند جارێک لە ڕۆژنامەدا دەربارەی تۆم خوێندۆتەوە . تۆ پیاوێکی زۆر دڵڤەکەری . تۆ ژیانێکی زۆر سەخت و دژوارت هەیە . بەڵام خەڵک دەڵێن تۆ بەختەوەری .. ئایا ئەمە ڕاستە .. ؟ ئایا ئێستاکە تۆ بەختەوەری .. ؟ " مێریک " یش گوتی : بەڵێ ئەی چۆن ، ئەی پایەدار .. ! بەڵێ من پیاوێکی بەختەوەرم ، ئا ئەوەتا من ئێستاکە ماڵم هەیە ، چەند برادەر و کتێبم هەیە . شازادە گوتی : ئەمە چ چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە و لە ڕادەبەدەر بێ وێنەیە .. ! من زۆر دڵخۆشم کە ئەمە دەبیستم .. دە ئێستا پێم بڵێ : دەربارەی خوێندنەوەت .. باسی خوێندنەوەم بۆ بکە . من لێرەدا زۆر کتێب دەبینم .
بەڵێ ئەی چۆن ئەی پایەداری بەڕێز .. من کتێبەکانی خۆم خۆشدەوێ . نزیکەی نیوکاتژمێر بەیەکەوە دانیشتن و باسی کتێبیان کرد .
شازادەش پێش ئەوەی بە چێی بهێڵێ و بڕوات . کتێبێکی بچکۆڵانە و دەسکەگوڵێکی سووری پێ بەخشی . پاش میوانداری شازادە " مێریک " دەستی بە گۆرانی گوتن کرد . بێگومان نەیدەتوانی بە ئاسانی گۆرانی بڵێ ، چونکە لەبەر زمانی .. بەڵام هەموو ڕۆژەکە دەنگێکی نامۆ و دڵخۆش لە ژوورەکە دەهات . بە سەرسامیەوە لە لە گوڵەکانی دەڕوانی و لە سەر مێزەکەی خۆی داینابوون . شازادە دوای ئەم سەردانەی زۆر جاریتر میوانداری کرد . بۆ کریسمس کارتی جەژنانەی بۆ نارد .

کۆشکی ویندسۆکس
20 ی دیسەمبەری 1888
" جوزێف " ی خۆشەویست ...
ئەمە دیاریەکی بچکۆلانەی کریسمسە بۆ تۆ . وا بزانم لە من دەچێت وانیە .. ؟ من زۆر حەزدەکەم دیدارت بکەم ، وە بە نیازم لە ساڵی نوێ دا دیسان بێمەوە بۆ نەخۆشخانە .

کریسمسێکی بەختەوەر
هاوڕێت ...
ئەلیکساندرا

دیارییەکە وێنەیەکی شازادە " ئەلیکساندرا " بوو . کە ناوی خۆی لەسەر بوو . " مێریک " کە ئەمەی بینی زۆر گریا وێنەکەی لە نزیک قەرەوێلەکەی خۆی دانا لە ژوورەکەیدا . پاشان دانیشت و نامەیەکی بۆ شازادە نووسی کە ئەمە یەکەمین نامەی بوو لە هەموو ژیانیدا ...


نەخۆشخانەی لەندەن
23 ی دیسەمبەری 1888
بەڕێز و خۆشەویست " شازادە " .
زۆر زۆر سوپاس بۆ کارت و وێنە لە ڕادەبەدەر جوانەکەت ، بە نرخترین شتە لە ژوورەکەم . زۆر بە نرخ .. ! جوانترین شتە کە من لە ژیانمدا هەمبووبێ . ئەوە یەکەمین کریسمس و یەکەمین دیاری و جەژنانەیە لە ژیانم دا . بێگومان لەگەڵ دایکم جارێک کریسمسم بەڕێکردووە بەڵام ، بەبیرم نایەتەوە . وێنەیەکی دایکمم لەلا هەیە .. ئەویش جوانە وەکو تۆ.
من ئێستا زۆر ئافرەت و کەسی بەناوبانگ دەناسم . یەکێک لەوانە دکتۆر " تریڤیس " ە . من پیاوێکی زۆر بەختەوە و دڵخۆشم چونکە لە ساڵی نوێ دا تۆ دەبینمە وە ... !

کریسمسی تۆش بەختەوەر برادەری ئازیزم
لەگەڵ خۆشەویستی بێ پایانم
جوزێف مێریک .


- بەشی شەشەم -
دەرەوەی نەخۆشخانە.

 


" مێریک " ئێستا زۆر برادەری هەیە . بەڵام زیاتر لە منداڵێک دەچێت نەک لە پیاوێک . دەتوانێ دەربارەی شتەکان بخوێنێتەوە . قسە بکات بۆ ئەوانەی سەردانی دەکەن . بەڵام بە تەنیا ناتوانێت بچێتە دەرەوەی نەخۆشخانە وەک منداڵ بیردەکاتەوە و وەک منداڵ یاری دەکات . پاش کریسمس ، دەیەویست بڕوا بۆ شانۆ . ئەمەش زۆر کارێکی گران و دژوار بوو . چونکە من نەمدەویست خەڵکانی نێو شانۆیەکە بیبینن . بەڵام خانمێکی دڵسۆز لە شانۆیەکە کە ناوی " کینداڵ " بوو یارمەتی داین . بلیتی شوێنی تایبەتیمان بڕی . کە کەوتۆتە تەنیشتی شانۆوە . بە تاکسیەکی پەنجەرە تاریک چووینە شانۆیەکە . لە دەرگای پشتەوە چووینە ژوورەوە کە پێی دەڵێن " دەرگای شازادە " . کەس ئێمەی نەبینی . سێ برینپێچ لە ڕیزی پێشەوەی نێو بۆکسەکە دانیشت بوون . من و " مێریک " یش لە ڕیزی دواوەی ئەوان دا لە تاریکی دانیشتبووین . کەس لە نێو شانۆیەکە نەیدەتوانی ئێمە ببینێ . بەڵام ئێمە شانۆگەرییەکەمان دەبینی . شانۆگەرییەکی منداڵانە بوو بۆ کریسمس . " مێریک " زۆر بەلایەوە خۆش بوو . لە ڕادەبەدەر سەیر بوو . چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێش و کاریگەر بوو . زۆر جاران پێدەکەنی هەندێ جاریش دەیەویست گۆرانی بڵێ وەک منداڵانی نێو شانۆیەکە . وەک منداڵێک وابوو . بۆ ئەو هەموو ڕووداوەکانی نێو شانۆگەرییەکە ڕاستەقینە بوون . جارێک زۆر ترسا ، لەبەر ئەوەی پیاوێکی شەڕانگێز لە نێو شانۆگەرییەکەدا تووڕە ببوو چەقۆی بە دەستەوە بوو . " مێریک " لە سەرەتا ویستی شانۆیەکە بە جێبهێڵێ . بەڵام من ڕێگەم نەدا . دواتر لە پیاوە شەڕانگێزییەکەی نێو شانۆگەرییەکە زۆر تووڕە بوو . بە دەستەکانی لە کورسیەکەی دەدا . هەڵدەستایەوە سەر پێ قسەی بە پیاوەکە دەگوت . بەڵام کەس گوێی لەو نەبوو . کاتێک پیاوە شەڕانگێزەکە ڕەوانەی بەندیخانە کرا " مێریک " پێدەکەنی . خانمێکی جوان و شۆخ و گەنج هەبوو لە نێو شانۆگەرییەکەدا ، "مێریک " بێ وێنە دڵی پێخۆشبوو و وە پێی جوان بوو . دەیەویست قسە بۆ ئەویش بکات . لە کۆتایی شانۆگەرییەکە زۆر دڵخۆش بوو . چونکە خانمە گەنجەکە مێردی بە کوڕە لاوە باشەکە کرد . بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەم شانۆگەرییەی لە بیر مابوو . هەمیشە قسەی لەسەر دەکرد و باسی کەسەکانی نێو شانۆگەرییەکەی دەکرد . پاش ئەوەی ئێمە ڕۆیشتین پرسیاری لێم دەکرد : تۆ پێت وایە ئەوان چیان کرد .. ؟ کوڕ و کچە گەنجەکە لە کوێ دەژین .. ؟ ئێستا ئەوان چیدەکەن .. ؟ منیش گوتم : نازانم .. بێگومان لە لادێ دەژین . " مێریک " دەمێک بیری لەوە کردەوە ، دواتر گوتی : دکتۆر " تریڤیس " تکایە دەتوانم بڕۆم بۆ لادێ .. ؟ من جارێک لە نێو شەمەندەنەفەر لادێم بینیوە بەڵام هەرگیز بۆی نەڕۆیشتووم . زۆرم لە بارەی خوێندۆتەوە لە نێو کتێبەکان دا . لە ڕادەبەدەر جوان و دڵگیرە وا نیە .. ؟ من حەزدەکەم بیبینم .. ! چوون بۆ شانۆ کارێکی سەخت و دژوار بوو بەڵام ڕۆیشتن بۆ لادێ زۆر دژوارترە . بەڵام دیسا یەکێک لە برادەرە تازەکانی یارمەتی داین . بەوەی کە خانوویەکی بچکۆڵانەی هەبوو لە لادێدا . ئافرەتەکە گوتی : " مێریک " دەتوانێ بۆ هاوین لە وێدا بمێنێتەوە . من بە شەمەندەفەرێکی پەنجەرە تاریک " مێریک " م گەیاندە لادێ . کە کەس نەیدەتوانی بیبینێت . لەوێش بە تاکسیەک گەیشتینە خانووەکە . دەوروبەری خانووەکە هەمووی سەوزایی و دار و درەخت بوو . کەس لەم نێوەدا لە نزیکی ئەو نە دەژیا . جوتیارێک هەموو ڕۆژێک خواردنی دەگەیاندە خانووەکە . بەڵام ، کەس لە خانووەکە نزیک نەدەکەوتەوە . ئەو شەوە من لەگەڵیدا مامەوە . لە شەودا زۆر تاریک و بێدەنگ بوو . بەیانیانیش بە سەدان باڵندە گۆرانیان دەگوت لە نێو دارەکان دا . هەموو شتەکانی دەرەوە سەوز بوون . " مێریک " دەچووە ژێر دارە گەورەکان بە دڵخۆشیەوە لە شتەکانی دەڕوانی و گۆرانی دەگوت .. گۆرانیەکی نامۆ .. ! من گەڕامەوە بۆ " لەندەن " . بەڵام ، " مێریک " بۆ ماوەی شەش حەوتە لەوێدا مایەوە . لە ڕادەبەدەر دڵخۆش و کامەران بوو . هەموو هەفتەیەک نامەی بۆ دەنووسیم .

خانووی دارینی سێو
ڕۆژئاوای ویکە هام : بیرک شێر
21 ی تەمموزی 1889
دکتۆر " تریڤیس " ی خۆشەویست .


من ئەمڕۆکە دیسان ڕۆژێکی دڵگیر و شادومانم هەبوو . زۆر گەرم بوو ، منیش ڕۆیشتمە ژێر دارەکان . لە نزیک جۆگەلەیەک دانیشتم . ئاوی نێو جۆگەلەکە دەنگێکی سیحراوی و بە سۆزی لێوە دەهات . وەک ئەوەی گۆرانی بڵێ . ئایا تۆ ئەمەت دەزانی .. ؟ من بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەوێدا گوێم ڕاگرت . چەندین باڵندەی بچووک دەهاتنە نزیکمەوە . هەرە نزیکەکەیان ڕەنگی سووری هەبوو لە پێشەوەی دا. هەندێک نانم دانێ یەکێکیان لە سەر دەستم نیشببوو . ئێستا زۆرێک لە باڵندەکان برادەرمن . سەیری ماسیەکانیشم کرد ئەوانیش زۆر سەرنج ڕاکێش و دڵگیر بوون . چونکە زۆر بەخێرایی دەجولانەوە . خولەکێک لەوێدا بوون و دیاربوون خولەکێکی تر دیارنەدەمان و من نەمدەدیتن. منیش بەبێدەنگی چاوەڕێم دەکرد ئەوانیش هەمیشە دەهاتنەوە . دەستم خستە نێو ئاوەکە بەڵام ، نەمدەتوانی دەستیان لێبدەم . دوێنێ سەگێکی گەورەم بینی . بە دەنگێکی بڵند دەحەپی . بەڵام من نەدەترسام . دانیشتم و بە هێمنیەوە لێم دەڕوانی . ئەویش هاتە نزیکمەوە و دەستی بۆن دەکردم . من ئەمڕۆکە بینیمەوە . هەندێک نانم دایە ئەویش ئێستا منی خۆشدەوێت .. ! من هەندێک گوڵی ئەم لادێیە دەخەمە نێو ئەم نامەیە .. لێرەدا بە سەدان گوڵ هەیە . ئایا تۆ ئەمەت دەزانی .. ؟ من حەزم لە خونچە تازە پشکوتووە شینەکەیانە ، کە جوانترینیانە . بەڵام ، هەموویان جوانن . من زۆربەیانم هەیە لە ژوورەکەم دا . هەموو ڕۆژێک ئاویان دەدەم . دەزانی گوڵە خونچە بچووکەکان زۆر تێنوویان دەبێ .. ؟ دکتۆر من زۆر شادومانم لێرە . بەڵام ، من دەمەوێ بەم نزیکانە تۆش ببینمەوە .. !

لەگەڵ خۆشەویستیم : برادەری خۆت
جۆزێف مێریک
لە کۆتایی هاوین گەڕایەوە " لەندەن " . زۆر باش بوو ، پێستی باشتر ببوو . زۆر باسی لادێی دەکرد بەڵام ، زۆریش بەوە دڵخۆش بوو .. کە جارێکی تر کتێب و برادەرەکانی بینیەوە .

 


- بەشی حەوتەم -
دوا نامە.

 


شەش مانگ دواتر ، لە ئەپریلی 1890 بینیم لە نێو جێگاکەیدا مردبوو . لە سەر پشت لێی ڕاکشابوو . لە سەرەتادا وامزانی خەوتووە . قسەم لەگەڵدا کرد . هیچ نەدەجولا دواتر پێستی دەم و چاویم بینی شین هەڵگەڕا بوو . ئەوسا زانیم مردووە . بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو لەسەر پشت نەدەخەوت . سەری زۆر گەورە و گران بوو . وا ڕاهاتبوو لە سەر جێگاکەی دادەنیشت . باسکەکانی لە سەر ڕانەکانی دادەنا و سەریشی بە ئەژنۆکانی دەکرد . بەم شێوەیە زۆر بەباشی دەیتوانی بخەوێ . بەڵام ، هەمیشە حەزی دەکرد لە سەر پشت بخەوێ وەک من و تۆ . ئەو شەوە هەوڵی دابوو لە سەر پشت بخەوێ . بەڵام ، چونکە سەری زۆر گەورە و گران بوو سەری لار دەبێتەوە و ملی دەشکێ و دەم و دەست دەمرێت .. ! بۆ ڕۆژی دوایی سەرۆکی نەخۆشخانە بەڕێز " کار گۆم " نامەیەکی تری بۆ سەرنووسەری " تایمز " نووسی .

ڕۆژنامەی تایمز 16 ئەپریلی 1890
بەڕێز و خۆشەویست ...


سێ ساڵ و نیو بەر لە ئێستا ، من دەربارەی پیاوێک بۆ تۆم نووسی . کە ناوی " مێریک " بوو ئەم پیاوە بە " فیلە پیاو " بانگ دەکرا . کە لە دایک ببوو هەر لە زگماکەوە لەش و لارێک و شێوەیەکی زۆر ناشیرینی دەبێ . " مێریک " نەخۆش نەبوو ، نەیدەتوانی کاربکات و هیچ پارەشی نەبوو . خوێنەرانی ڕۆژنامەی " تایمز " بەزەییان پیا هاتەوە و پارەیەکی زۆریان دا بە من بۆ " مێریک " . بەو پارەیە ئێمە توانیمان ماڵ و جێگایەکی بۆ دابین بکەین لە نەخۆشخانەی " لەندەن " . کە یەکەمین ماڵی خنجیلانەی ئەو بوو . بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو شادومان و بەختەوەرانە لێرەدا ژیا . دکتۆر و برینپێچەکان یارمەتیان دەدا . زۆر کەسی گرنگ و بەناوبانگ سەردانیان کرد ، زۆر کتێبی خوێندەوە ، ڕۆیشتە شانۆ ، لە هاوین دا بۆ ماوەی شەش حەوتە لەلادێ مایەوە . بەهۆی ئەو پارەیەی خوێنەرانی ڕۆژنامەی ئێوە ، ئێمە توانیمان ژیانێکی خۆشبەختانەی پێ ببەخشین . دوێنێ شەو " جوزێف مێریک " لە سەر جێگاکەی خۆیدا بە ئارامی مردبوو . پیاوێک بوو زۆر شێوەیەکی ناشیرینی هەبوو . بەڵام پیاوێکی بە بەزەیی و میهرەبان بوو . زۆر برادەری هەبوو . ئێمە هەموومان حەزمان دەکرد بیدوێنین . ئێستا بە مردنی ئەم مرۆڤە هەموومان پەرۆش و خەمناکین . بۆ ماوەیەکی درێژ لە نێو خەیاڵ و بیری زۆر خەڵک دەمێنێتەوە . لە کۆتاییدا هەندێک پارە ماوەتەوە منیش بە نەخۆشخانەی دەبەخشم . سوپاس بۆ یارمەتی تۆی بەڕێز .. .
دڵسۆزت
ف . سی . " کار گۆم "
سەرۆکی نەخۆشخانەی " لەندەن " .


- تەواو -



- لە بەرگی پشتەوەی کتێبەکە نووسراوە :


مرۆڤێکی شۆخ و جوان نەبوو .. دایکی نەیویست بەخێوی بکات و لە گەڵیدا بژیێ . منداڵان بە دوای دەکەوتن . خەڵک پێی پێدەکەنین و بە " فیلە پیاو " بانگیان دەکرد . تا ئەوکاتەی یەکێک قسەی لەگەڵدا کرد و گوێی لێ ڕاگرت . لە تەمەنی 27 ساڵیدا " جوزێف مێریک " بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا برادەری پەیدا کرد .
ئەمە چیرۆکێکی ڕاستەقینەی خەمناک و تراژیدییە .. لە هەمان کات فلیمێکی بەناوبانگیشە .

__________________
سەرچاوە :
The Elephant Man
By : Tim Vicary
Puplisher: Cornelsen& Univeresity
Press (Mach1،200)