په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٥

فیلمێکی منداڵانی کۆبانێ و شنگال بینەرانی فیستیڤاڵی پووسانی گریاند.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بینەرانی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشووری گریاند.


فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازا کاتژمێر ٨ی شەوی دوێنێ ھەینی ٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین دەرھێنەری کۆریای باشوور لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.


پێشوازیی بینەران لە "ژیان لە سنوور" بە شێوەیەک بوو کە بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" ناچاربوون کە سانسی نمایشی زیاتر بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە چیرۆکییه تەرخان بکەن و بڕیاروایە بێجگە لە نمایشەکانی ئەم فیلمە، واتە: کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ٥ی تشرینی یەکەم و ھەرەەھا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە چەندین سانسی دیکەشدا ئەم فیلمە کوردییە بۆ بینەران نمایش بکرێ.


"بەھمەن قوبادی" وەکوو بەرھەمھێنەری فیلمی "ژیان لە سنوور" لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی "پووسان"دا ئامادەبوو و ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال کە دەرھێنانی ئەم فیلمەیان لە ئەستۆدا بوو بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵەکەدا به‌شداریی بکه‌ن.


قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان"دا گوتی: ئەگەر ئەم منداڵانە ئیمکانی باشتریان لە بەردەستدا بێت بێگومان لەوە باشتر فیلم سازدەکەن.


گوتیشی: ئەمڕۆکە ھەمووی کوردەکان زمانێکی ھاوبەشیان دەوێت کە ئێستاکە نیانە و دەبێ لە ڕێگای زمان و ھەروەھا لە ڕێگای فەرھەنگەوە کوردەکان لە یەکتریی نزیک ببنەوە.


ئەم سینەماکارە کورە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: ئەگەر کوردستانێک لە عێراق دروست بکرێت چیدی کوردەکان پێویست ناکات کە سەردانی دەرەوەی وڵات و ئەورووپا بکەن.


"بەھمەن قوبادی" لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: کورد دەبێت ئەمڕۆکە وڵاتی خۆی ھەبێت، ئەگەر کۆمەلگای جیھانی یارمەتی ئەم داواکارییەی کوردەکان نەدەن دیسانەوە کارەساتێکی دڵتەزێنتر لە چاوەڕوانی کوردەکاندایە و ئەوان دەبێت وڵامدەرەوەی ئەم ڕووداوە ببن.


فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوو" لە دوایین نمایشی خۆیدا ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی تەمموزی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤدا لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.biff.kr/eng/html/program/prog_view.asp?idx=18401&c_idx=278&sp_idx=407&QueryStep=2 
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک