٩\٥\٢٠١٣
فڕاندن و تیرۆری
رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان
بە بەرچاوی
خەڵکەوە نیشانەی بێ منەتیی دەسەڵاتە!

ئەکرەم عەبدوڵا
خەڵکی کوردستان سالانێکی زۆر لە پێناو ئازادی و بە دەست ھێنانی ژیانێکی
ئاسودە و شەرافەتمەندا تێکۆشاون و لەو پێناوەشدا ھەزارەھا کەسی ئازیزی
خۆیان لە دەست داوە. کۆمەڵگای کوردی ساڵانێکی دورو درێژ بە ھیوای لە
ناوچون و سەرنگونی دەسەڵاتی حیزبی بەعس بوون ، تا لە پلە دوویی و
سەرکوتی سیاسی و فڕاندنی ڕۆڵەکانیان ڕزگاریان بێت. ئەمە ئاواتی بەشی
ھەرەزۆری خەڵکی کوردستان بوو. بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵی دەسەڵاتدارییەتی
بزوتنەوەی کوردایەتی ئەم ئاواتەی خەڵکی کوردستان جارێکی تر گۆر بەگۆر
کرا و خرایە چاڵەوە. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستی یەی حاکمیەتی دەسەڵاتی
کوردی ھیلاکی یەکی زۆری ناوێت و بە چاوخشانێکی کورت ئەتوانیت نمونەی
زۆرو بەرجەستە ببینیت، کە بە ئاشکراو بە بەرچاوی خەڵکی کوردستانەوە
ئەنجام دراون. فڕاندن و تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوس بە بەرچاوی خەڵکەوە
نیشانەی بێ منەتی دەسەڵاتە لە بەرمبەر خەڵکی کوردستان بۆ درێژەدانی
حاکمی یەتی خۆی لە کۆمەڵگادا.
حیزبی بەعس بەو ھەموو دڕەندەییەی خۆیەوە
کاتێک کە کەسێکی ئەکوشت نەیئەشاردەوە و تەنانەت زۆر جار پارەی
فیشەکەکەی لێ ئەسەندی و دواتر لاشەکەی ئەدایتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی
کوردستان بە گشتی و پارتی بە تایبەتی تەنانەت ئەم شەھامەتەشیان نەبوو
کە بتوانن ئەو ڕاستی یە بدرکێنن لە ئەنجامدانی ئەم کارە.
دەسەڵاتی کوردی بۆ پتەوکردنی پایەکانی دەسەلاتی خۆی دەیەھا خەتی سوری
لە کۆمەلگادا کێشاوە تا تاکی کوردی نەتوانێت خۆیان لێ نزیک بکاتەوە.
سەرکردەو رابەرو بنەمالەکانیان وا
نیشان ئەدرێن موقەدەسن باس کردن لەمانە ھێلی سوور بێت ،سەردەشت عوسمان
بروای بەم گاڵتەجاری یە نەبوو ، بروای بەو ھێڵە سورانە نەبوو کە
دەسەلاتی بنەماڵە لە کوردستان کێشابووی ھەر بۆیە پارتی دەستی برد بۆ
تیرۆرکردنی.
سەردەشت عوسمان ئەیویست باس لە خەونەکانی گەنجانی ئەم ووڵاتە بکات ،
ئەویویست ئەو پەیامە بدات بەگەنجان کە ئێمە ئەتوانین لە کۆەمڵگایەکدا
کە پرە لە سەروەت و سامان بە ئاواتەکانی خۆمان بگەین ،بەڵام ئەوە
دەسەڵاتدارانی کوردستانن بێ باکن بەرامبەر ئەم کۆمەڵگایەو سەروەت و
سامەنەکەیان فەرھود کردووەوخستویانەتە ژێر رکێفی خۆیانەوە.
ئەم دەسەڵاتە پێمان ئەڵێ کە ئەوە ئێمەین بۆ دیفاع لە دەسەڵاتەکەمان سڵ
لە ھیچ شتێک ناکەینەوە و ھەمو ڕێگایەک ئەگرینە بەر بۆ سەرکوت و
سەرنگونی ئەوانەی کە لە بەرامبەرمان ئەوەستن ، ئامادەش نین ھیچ
پرنسیپیک لەم کۆمەڵگایەدا ڕەچاو بکەین کە ئەبێتە لاوازی دەسەڵاتەکانمان.
تیرۆر و سەرنگون کردنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان نەوەک ھەر ناھەقی
یەکی گەورە بوو کە بەرامبەر کەسێتی سەردەشت و خێزانەکەی کرا، بەڵکو
تاوانێکی گەورە بوو بەرامبەر کۆمەڵگای کوردستان. بەڵام ھەر زوو بە دوای
ئەو کارەساتەدا خەڵک ھاتنە مەیدان و شەقامەکانیان ھەژاند. نەک ھەر ئەمە
بگرە یادی ئەم تاوانە ئەکاتەوە و کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا وەلامێکە بۆ
دەسەڵاتدارانی کوردستان کە چی تر بێ دەنگ نابین لە بەرامبەر ملھوری
یەکانتان. حیزبی بەعس ئەنفالی جەستەیی لە کوردستاندا کرد بەڵام
دەسەڵاتی کوردی ئەنفالی مەعریفە و شەخسیەتی تاکی کوردی لەو کۆمەڵگایەدا
پیادە کرد. ئەم دەسەڵاتە کەسێتی یەکی بێئومێد و چاو لەدەستی ئەوێت،
کەسێکی ئەوێت کە ئیرادە و شەخسیەتی وورد کرابێت، خاوەنی خۆی و بڕیاری
خۆی نەبێت، ھەر بۆیەشە لەماوەی دەسەلاتدارێتیاندا ھەوڵیان داوە لەم
جۆرە کەسێتی یە لە کوردستاندا بەرھەم بھێنن، تا بەرنامە و سیاسەتێک کە
ھەیانە پیادەی بکەن. سەردەشت عوسمان ئەو کەسە نەبوو کە دەسەڵات ئەیویست
ھەر بۆیە دەستی برد بۆ تیررۆ کردنی. خۆپیشاندان و یادکرنەوەی ئەم
تاوانە لە کوردستان و دەرەوە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان لەم
تاوانە خۆشنابن و ھەر ڕۆژێک بۆیان بکرێت بکوژانی ڕۆژنامەنووس سەردەشت
عوسمان و سۆران مامە حەمە ئەدەنە دادگا تا سزای خۆیان وەربگرن.
ماڵپەڕی ئەکرەم عەبدوڵا
|