فریدریک ئەنگلس
٢٨\١١\١٨٢٠
- ٥\٨\١٨٩٥
ئامادەکردنى: نیا کامیل
زۆر
بەدەگمەن ڕێدەکەوێت دوو فەیلەسوف و زانا و کۆمەڵناس وەک یەک بەیەک
گڕوتین کۆک بن لەسەر تەواوى فەلسەفەیەک بێ جیاوازى، ئەمە ڕێک بۆ ئەنگڵس
و مارکسى هاوڕێى وایە ، کە جێگەى لێوردبونەوە و تێڕامانە . لە ڕاستیدا
نووسینى هەر ژیاننامە (بایۆگرافیا)یەکى تایبەت بە ئەنگڵس .ڕەنگە
بکاتەوە هەمان ئەو بایۆگرافیایەى کە بۆ مارکسى هاوڕێى ئامادەکراوە بە
کەمێک جیاوازیەوە ، مارکس و ئەنگڵس دوانەیەکن ئەنجامدان و نووسینى هەر
ووتار و لێکۆڵینەوەیەکى تایبەت بەژیان و کار و چالاکیەکانى هەریەکێکیان
، ناتەواو دەبێت بەتەنها و بەبێ ناوهێنان و باسکردنى ئەویتر ، چوونکە
ژیان و ئاکارى ئەم دوانە بەشێوەیەک پێکەوە بەستراوە ئاسان نیە بەڵکە
ناتەواویش دەبێت ئەگەر جیا بکرێتەوە بۆیە هیچ یەکێکیان لێکۆڵینەوەیەکى
تایبەت هەڵناگرن هەردەبێت ناوى یەکەم بەتەنیشت دووەمەوە هەبێت
.بەوپێیەى زۆربەى تەمەنیان ، کاریان، فکریان ،ژیانیان، نووسینیان ،
هەڵسوڕانى سیاسى و ڕۆژنامەگەریان ، کارو چالاکى شۆڕشگێڕانەیان ، پێکەوە
بەسەربردووە .ئەنگڵس هاوڕێ و هاوکار و هاوفکر و تەواکەر و درێژە پێدەرى
فکر و ڕێبازى مارکس و مارکسیزمە . ئەنگڵس تەنها 24 ساڵى سەرەتاى تەمەنى
بەبێ مارکس گوزەراندوە . هەرچەندە لەم ماوەیەى تەمەنیدا ، بەشی هەرە
گەورەى تەمەنی ژیانێکى ناکامڵى فیزیکى و عەقڵى غەیرە متەکامل
تێپەڕاندووە . واتە لە منداڵیەوە تاتەمەنى 24 ساڵى . کاتێک ئەنگڵس لە
ساڵى 1842 دا لە بارەگاى ڕۆژنامەى ڕاینش زایتونگ بۆ یەکەم جار مارکسى
بینى ، خۆشی وویست سەرسام بوو بەفکر و ئاکارى ئەو پیاوە مەزنە ، پاشان
لە ساڵى 1844 لە پاریس یەکەم دیدەنى مارکسى کرد وە بۆ هەتاهەتایە لەگەڵ
ئەودا بوو بە هاوڕێی گیانى و ڕۆحى . تامەرگى مارکس ، ئەنگڵس 39 ساڵى
پڕلە چالاکى ، هەڵسوڕانى سیاسى ، ڕۆژنامەگەرى ، کارى شۆڕشگێڕى ،نووسین
و کارى فکرى و فەلسەفى ، نەفیکردن ، دەربەدەرى ، ڕاوەدونان و گرتنى
هەڵبژارد ،لەگەڵ هاوڕێکەى ، لە پێناو ئازادى بەشەردا .کە ڕەنگە ئەگەر
ئەم ڕێگەیەى هەڵنەبژاردایە بەهۆى ئەو سەرمایەیەى کە باوکى خاوەنى بوو
ڕەوتى ژیانێکى ئاسودە و ئارام و تەواو بۆژوازیانەى بردایەتەسەر ، بەڵام
ئەم واى نەکرد لە کاتێکدا ئەمەیان ئاسانتربوو .
ژیانى تایبەتى ئەنگڵس بەم شێوەیە دەست پێدەکات :
فریدریک ئەنگڵس Friedrich Engels (28 تشرینى دووەم 1820) لە شارى
بارمن(Barmen) ى سەربە پارێزگاى ڕاین ( Rhine) لە وویلایەتى سەر بە
پاشایەتى پڕۆسیا (Prussia) (واتا ئەڵمانیاى ئێستا ، هەمان ئەو ناوچەیەى
کە چەندین بیرمەندى گەورەى پێشکەش بە مرۆڤایەتى کردوە ، وەک هیگل و
مارکس و نیچە و ئەنگلس و هابرماس) لە دایک بووە ، هەر لە لاوێتیەوە
تێکۆشاوە بۆ دامەزراندنى پەیوەندیەکى کۆمەڵایەتى جێگیر و ئینسانى ،
باوکى خاوەنى سەرمایەیەکى گەورە بووە ، وە کارگەیەکى گەورەى هەبووە .
ساڵى 1838 بەرلەوەى ناوەندى تەواو بکات ناچاربوو لەبەر هەندێک هۆى
خێزانى لە دامەزراوەیەکى بازرگانیدا کاربکات لە بارمن . بەڵام کارى
بازرگانى نەبووە ڕێگر لەبەردەم کارى سیاسى و ڕۆشنبیرى ئەودا ، لە
هاوینى 1841 بوو بە سەرباز لە بەرلین ، ئەوکاتانەى کە کاتى زیادەى
هەبوو لە زانکۆى بەرلین ئامادەى لێکچەرەکانى زانکۆ دەبوو ،پاشان ئەنگڵس
پەیوەندى کرد بە باڵى چەپى هیگڵیە لاوەکانەوە . لەوکاتەدا فەلسەفەى
هیگل ( Hegel ) دەستى بەسەر فەلسەفەى ئەڵمانیدا گرتبوو ، سەرەڕاى ئەوەى
هیگل لایەنگرى حکومەتى پڕوسیاى دەکرد ، کەچى ئەنگڵس بوو بە شوێن کەوتوى
هیگڵ، سەرەڕاى جیاوازى بیرو ڕایان لەگەل هیگل و هیگڵیە لاوەکان مارکس و
ئەنگڵس سەربە ڕێبازى مادى بوون ،هیگڵیە لاوەکان ژمارەیەک خوێندکار و
مامۆستاى لاوى زانکۆى بەرلین بوون لە پاش مەرگى جۆرج هیگل بوون بە
لایەنگرى فەلسەفەى هیگل. لەوکاتەدا ئەنگڵس ڕەخنەیەکى لێهاتوانەى قوڵى
لە بیروڕاکانى شلینگ گرت لە کتێبێکدا بەناوى ( شیلینگ و دنیابینى ) لە
ساڵى1842 دا .
ئەنگڵس بە خواستى باوکى چوو بۆ ئینگلتەرا بۆ ئەوەى بازرگانى بخوێنێت ،
ئەنگڵس لە مانچستەر لە کارگەکەى باوکیدا کاریدەکرد وەک بەڕێوبەرى
ئیدارە ، ئەوکات ئینگلتەرا پێشکەوتوترین ووڵاتى سەرمایەدارى بوو
مانچستەریش ناوەندى پیشەسازى ئینگلتەرابوو. ئەنگڵس لە ئۆفیسى کارگەکەدا
دا نەدەنیشت دەچوو بۆ گەڕەکە هەژار نشینەکان کە زۆربەى دانیشتوانەکەى
کرێکاربوون ، وە بەچاوى خۆى بارى ژیانى هەژارى و نابەرابەرى ئەوانى دى
، واتا لەوآ چینى کرێکارى ناسى ئەمە وایکرد بە قوڵى بیر لە هۆکارەکانى
هەلو مەرجى ژیانى ئابورى پڕۆلیتاریا بکاتەوە ، کەزۆر نابەرابەرە لە
لەگەلڕ ژیانیاندا ، وە دابڕانیان لە ژیان و مافى سیاسى ، ئەنگڵس تەنها
بەتۆمارکردنى تێبینیەکانى خۆى دەستى هەڵنەگرت ، بەڵکە هەرچى دەست
پێڕاگەیشت لە تۆمارى فەرمى کۆیکردەوە ، ئەنجامى ئەم لێکۆڵینەوەیە
کتێبێک بوو( هاوبەشیەک لە ڕەخنەى ئابورى سیاسیدا ) 1844 کە مارکس ئەم
کتێبەى بە پاڵپشتێکى گەورەى لە ڕەخنەى بەڵێندەرایەتى ئابوریدا وەسف
دەکرد . لە ساڵى 1845 دا لێکۆڵینەوەیەکى ترى تۆمارکرد لەسەر ژیانى
کرێکاران بەناوى ( بارى چینى کرێکار لە ئینگلتەرا ) لەم دوو کتێبەیدا
ئەو داهاتوە گەورەیەى کە چینى کرێکار چاوەڕێیەتى پیشاندابوو ، ئەنگڵس
لە مانچستەر بووبە سۆسیالت ( ئیشتراکى ) وە پەیوەندى دامەزراند لەگەلڕ
ئەوکەسانەى کەهەڵسەڕا و کارابوون لە بزوتنەوەى کرێکاری ئینگلتەرادا .
وە لەو کاتانەدا لە بڵاوکراوەکانى سۆسیالستیەکانى ئەوێدا دەینووسى ، وە
بە خێراى ئەو ووڵاتەى بە جێهێشت . لەگەڕانەوەیدا بۆ ئەڵمانیا لەڕێگەیدا
لە پاریس چاوى بە مارکس کەوت ساڵى 1844 ، ئەم یەکتر بینینەو بەیەک
گەیشتنە سەرەتاى هاوڕێیەتیەکى قوڵى نێوانیان بوو کەلە سەربنەماى فکرى
هاوبەش و تێکۆشانى هاوبەش بۆ ڕزگارى پڕۆلیتاریا لە کۆیلەیەتى
سەرمایەدارى دامەزرا . لەژێر کاریگەرى سۆسیالستەکانى فەڕەنسادا ، وە
ژیانى فەڕەنسیەکاندا مارکس و ئەنگڵس بوون بە سۆسیالست ، ئەوەکاتێ بوو
کە مارکس دەستى کردبوو بە نووسینى ( خێزانى پیرۆز ) کەپاشتر بوەکارێکى
هاوبەشى هەردوکیان ، وە ئەنگڵس بەژدارى لە نوسینیدا کرد . ئەمە یەکەم
کتێبیان بوو پێکەوە بینوسن ، کتێبەکە دژى هیگڵیە لاوەکان بوو ، ئیتر
هەرلەو ساتەوە بوونە هاوڕێى هاودەمى یەکدى و تامردن لە یەکدى جیا
نەبونەوە ، مارکس بوو بە لایەنگرو شوین کەوتوى ڕێبازى ماتەریالستى
،پێکەوە لە ساڵى 1842 – 1846 کتێبى ( خێزانى پیرۆز ) و ( ئایدۆلۆژیاى
ئەڵمانى) یان نووسى ، ساڵى 1846 مارکس ئەنگڵس لە نوسینى کتێبى (
ئایدۆلۆژیاى ئەڵمانى ) بوونەوە کە لە دیدى فەلسەفیەوە بە بنەماى
جەوهەرى کۆمۆنیزمى زانستى دادەنرێت ، ئامانجى ئەم دووکتێبە دەر خستنى
تیورەى پێشکەوتوى تازەیە بۆ بیر و باوەڕە فەلسەفیە باوەکانى هیگڵ و
فیورباخ و شیوێنکەوتوەکانیان .بەشى گەورەى کەمارکس نوسیبووى ،
پێکهاتبوو لە باسى دامەزراوەى سۆسیالزمى مادى شۆڕشگێڕ. بەر لە
لەچاپدانى خێزانى پیرۆز لە بڵاوکراوەکەى مارکسدا (ساڵنامەى ئەڵمانى
–فەڕەنسى) ئەنگڵس چەند لێکۆڵینەوەیەکى ڕەخنەیى لەسەر ئابورى سیاسى
بڵاوکردەوە ، کەتیایدا ڕوانگەى سۆسیالسى بۆ سیستمى ئابورى سەردەم کە
دەرەنجامى خاوەندارێتى تایبەتە پیشاندابوو ، لەساڵانى 1845 تا 1847
ئەنگڵس لە پاریس و بڕۆکسل ژیا ، کە لێکۆڵینەوە و چاودێریەکى زانستى کرد
لەسەر چالاکیە کردەییەکانى کرێکارانى ئەڵمان لەو دوو شارەدا ،
لەوماوەیەدا پەیوەندیان لەگەڵ ڕێخراوێکى ئەڵمانى نهێنی بەست بەناوى
کۆمەڵەى سۆسیالستەکان ، مارکس و ئەنگڵس بنەماکانى دیالەکتیکى
ماتەریالیزمى مێژوویان تەواو کرد ، پاشان بەڕاستى کارى عەمەلیان کرد بۆ
رێخستنى کۆمەڵەى کۆمۆنیستەکان کە پاشتر گەشەى کرد بوو بە پارتێکى
شۆڕشگێڕى پڕۆلیتاریا . لە ساڵى 1847 دەستنووسى بەرنامەى کۆمەڵیان نوسى
( بنەماکانى کۆمۆنیزم) لەسەر بنەماى ئەم دەستنووسە مارکس و ئەنگڵس
(مانڤێستى پارتى کۆمۆنیزم ) یان نوسى لە ساڵى 1848 دا کە ئایدۆلۆژیاى
زانستى چینى کرێکارە ، هەڵسوڕانە ڕۆنامەوانیەکانى ئەنگڵس دەورى گرنگى
گێڕا لە بڵاوکردنەوەى تیورەى شۆڕِشگێڕى و تێکۆشانى پڕۆلیتاریا و
پاڵپشتى کردنى دیموکراسى دا پاش ڕودانى شۆڕش لەفەڕەنسا و درێژبونەوەى
بۆ ووڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژئاوا ، ئەنگڵس گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیا لە گەڵ
مارکس ، ئەنگڵس بەشدارى لە سێ جەنگدا کرد 0 ئەنگڵس لە ئاگرى جەنگدا
توایەوە کاتێک لە ڕێزى هێزە ئەڵمانیەکاندا وەستا لە ماوەى ڕوداوەکاتى
1848-1849 ، پاش شکستى شۆڕش ئەڵمانیاى بەجێهێشت و لە ڕێگەى سویسراوە
گەیشتە لەندەن . کەساڵانى پاشتر ئەزموونەکانى شۆڕشى لە ئەڵمانیاى لە
کتێبێکدا نووسى ( جەنگى جووتیاران لە ئەڵمانیا ) وە ( شۆڕش و شۆڕشى
هەڵگەڕاوە لە ئەڵمانیا ) لەم دووکتێبەیدا ئەنگڵس دەورى جوتیارانى
خستبووە ڕوو ، بەو پێیەى هاوکارو هاوپەیمانى پڕۆلیتاریایە ، وە خیانەتى
بۆرژوازى خستبوە ڕوو.
کاتێک ئەنگڵس چوو بۆ ئینگلتەرا مارکسیش لەوێ دەژیا لە شارى لەندەن ،
بەڵام ئەنگڵس بە هۆى ئەو کارگەیەوە کەسەرپەرشتى دەکرد لە مانچستەر
دەژیا ، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لە بەردەم گۆڕینەوەى بیرو ڕاو
ئەفکارەکانیان بەشێوەیەکى ڕۆژانە هەتا ساڵى 1870 ئەنگڵس گوێزایەوە بۆ
لەندەن ، ئەنگڵس و مارکس پەیوەندیان کرد بە بزوتنەوەى کرێکارانەوە ، وە
کاریان کرد بۆ دروست کردنى ئەنتەرناسیۆنالى یەکەم ، وە تێکۆشان لە دژى
بیرو ڕاکانى ووردە بۆرژواى هەڵپەرست و ئاژاوەگێڕ. ئەنگڵس ( لۆدڤیگ
فیورباخ و کۆتاى فەلسەفەى کلاسیکى ئەڵمانى ) ى نوسى لەگەڵ چەند ئاستەنگ
لەلایەن پلیخانۆڤ ( Plekhanov) وە وەر گێڕدرایەسەر ڕووسى ساڵى 1892 .
(خێزان و بنەماى خاوەندارێتى تایبەت) ى نووسى لە ساڵى 1895 وەرگێڕدرا
بۆ ڕوسى لە سات پەترۆسبێرگ ( St Petersburg )
ووتارێک لەسەر سیاسەتى دەرەوەی حکومەتى ڕووسى وەرگێڕدرا بۆ ڕووسى لە
جنێف .
ووتارێک لەسەر گەشەى ئابوورى ڕووسى (فریدریک ئەنگڵس لە ڕووسیا )
لەلایەن زازۆلیچ (Zasulich ) وەرگێڕدرا بۆ ڕووسى 1894 لە جنێف .
پاش مەرگى مارکس دەستنوسەکانى لەلایەن ئەنگڵسەوە تەواوکرا وەک بەرگى
دووەم و سێهەمى سەرمایە بڵاوکرایەوە لە 1885 بەرگى دووەم لە 1894 بەرگى
سێهەم ، مەرگ بوارى نەدا بەرگى چوارەم ئامادە بکات .
پاش مەرگى مارکس ئەنگڵس وەک ڕاوێژکار و ڕابەرى سۆسیالیستەکانى ئەوروپا
ئامۆژگارى و ڕێنیشاندەریان بوو بە تایبەت بۆ ئەڵمانیەکان .
لە 5ى مانگى ئابى ساڵى 1895 ئەنگڵس لە لەندەن کۆچى دوایکرد .
ئەرشیفى مارکسیستەکان لەسەر ئینتەرنێت (عەرەبى)
ماڵپهڕى ویکیپیدیا
ژیاننامەى مارکس - نووسینى لینین
nyakamil@hotmail.com
|