په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٥\٢٠١٣

گێچەڵکردنی سێکسیی بە ژنانی کرێکار لە شوێنی کار جۆرێک لە دڕندایەتییە!


لاوژە ماهیە     


بەپێی هەواڵێکی دەزگای وارڤین ئەمڕۆ کارگێڕی راگەیاندنی سەندیکای کرێکاران (ئاڵا کەمال) بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکارەوە باسی لە کۆمەڵێک کێشەی کرێکارانی ژن کرد لە شوێنی کاریاندا.


ئاڵا کمال دەڵێت: "ژنان لە کارگەکاندا و لە شوێنی کارکردنیاندا وێڕای زیان لێکەوتنیان بە ماددە کیمیاییەکان، وەک رەگەزی ژن کۆمەڵێک کێشەی دیکەیان بۆ دێتە پێش".


لە بارەی ئەو کێشانەوە، (ئاڵا کەمال)، روونیکردەوە، ژنانێک کە لە میوانخانەکان کاری پاککردنەوە و شووشتن دەکەن لە سەعات هەشتی بەیانییەوە تا چواری ئێوارە کاریان پێدەکرێت و تەنیا یەک کاتژمێر مۆڵەتی پشوودانیان دەدرێت و هەندێک لەو ژنانە بە هۆی ماددە کیمیاییەکانی پاککردنەوەوە رووبەڕووی گرفتی تەندروستی وەک نەخۆشی رەبۆ و هەستیاری پێست بوونەتەوە.

هەروەها گوتی: "بۆ ژنان ئەرکەکە قورسترە، چونکە زۆرجار ژنان گێچەڵیان پێدەکرێت و ناتوانن باسیشی بکەن و بەرگری لە خۆیان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر گێچەڵ بە ژنێک کرا و رازی بوو، ئەوا لە خاوەنکارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەستدرێژیکردنە سەری بەردەوام دەبێت و سەرەنجام ژنەکە تووشی کێشەی لەشفرۆشی دەکەن”.

ئەوەشی گوت: "ئەگەر ژنێک رازی نەبێت و بەرەنگاری خاوەنکارەکەی ببێتەوە؛ ئەوا راستەوخۆ سزادەدرێت و لە کارەکەی دەردەکرێت، ئەگەر لە ماڵەوەش باسی بکات، دیسان رووبەڕووی کێشەی خێزانی دەبێتەوە و متمانەی نامێنێت و رێگری لە کارکردنی دەکرێت".


لەم ساڵانەی دوواییدا بەهۆی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان و پاشان کرانەوەو جموجۆڵی بازار و ناوەندەکانی کار، ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان هاتنە مەیدانی کارەوە لە کەرتە تایبەتەکان، دیاردەی هاتنە بازاڕی کار بۆ ژنان خۆی لەخۆیدا شتێکی زۆر باش و پۆزوتیڤە، نیشانەی ئەوەیە ژنانێش کۆت و زنجیری ماڵەوە دەپچڕێنن و ئیش دەکەن وە هەر وەها دەبنە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان و لە ژێردەستەیی ئابوری رزگاریان دەبێت و چیتر ملکەچی ئابوری پیاو نابن، سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان بنەمایەکی گرنگە کە دەتوانێت کەسایەتی و بوونی ژن بپارێزێت لە هەموو دۆخێکدا، لە پرۆسەی زەواج، ژیانی خێزانی و تادەگاتە دۆخی جیابوونەوە.


بەداخەوە واقعیەتی کۆمەڵگای کوردستان ئەوەیە کە سێ مادەی ژەهراوی و دژە ژنە وەک تاری جاڵجاڵوکە پەلوپۆی کۆمەڵگایان گرتوە:

 

١- کۆنەپەرەستی مەزهەبی.

٢- دابو نەریتی پەرپووت.

٣- دەسەڵاتی مافیا و بێ قانونی دەرئەنجامی کۆی ئەم سێ مادەیە پیاوسالاریی بێ جلەوە دژی ژنان.


مادەی یەکەم و دووەم نیشانی دەدەن کە ژن خاوەن کەسایەتی نزمە، بێ دەسەڵاتە، زەعیفەیە، سەربەخۆ نیە، لە پیاو کەمترە، نابێت روبەڕو ببێتەوەو ئابڕوی خێزان بە باد نەدات و ..هتد. لە ژێر حاکمیەتی عەشیرەتی کوردیشدا هیچ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەکی ئوسوڵی و زانستیانە نیە.


بە پێی ئەم فاکتەرانەی سەرەوە ئاساییە خاوەنکار ماف بە خۆی بدات کرێکاری ژن بە کۆیلەی خۆی بزانێت و هەرجۆرێک پێی خۆشبێت بەکاری بهێنێت، ناوی بگۆڕێت، مەزهەبی بەسەردا بسەپێنێت، خاوەنکار لە نیزامی گەندەڵی سەرمایەداری سەردەمدا، تەنها قازانجو بەرژەوەندیەکانی خۆی لامەبەستە. هەستی ئینسانی، وویژدان، سۆزی ئینسانبوون هیچ بایەخی نیە. خەسڵەتو و تایبەتمەندی سەرماێەدار ڕەگەزو سنوور ناناسێت، لە هەرکوێ بن خەسڵەتیان هاوبەشە، ئەویش قازانجی زیاترە.


ئەوە کۆمەڵگایە دەبێت بەربەست و جلەویان بۆ دانێت و ملکەچی یاسایان بکات. لە ووڵاتێک کە یاسانەبێت سەرمایەداری چاوچنۆک ئاسەواری مەدەنیەت بنەبڕدەکات. لیبراڵیزمی نوێ ئەمرۆ لە ئوروپاش کەوتەتە بنەبڕ کردنی رەفاهیاتی کۆمەڵگاو ئاسەواری مەدەنیەت. بۆ لیبراڵیزم ئاساییە هەلپەرەستانە بە کەیفی خۆی کرێکار بچەوسێنێتەوەو جێگەورێگەی کرێکار ئیستغلال بکات و کرێکار دابەش بکات بە پێی جنس، مەزهەب وە یان خۆماڵی و دەرەکی تەنها لە بەر قازانجی زیاتر.


دۆخی ژنان بە گشتی و ژنانی کرێکار بەتایبەت و ژنانی هاتوو یان دەرەکی تایبەتی تر هەر چۆنێک بێت دەسەڵات بەر پرسە، دەوڵەت دەبێت یاسای گونجاوی هەبێت و زەمانەتی چێبەجێ کردنیشی بکات. دەسەڵاتداران کاتێک دەتوانن یاسای گونجا چێبەچی بکەن کە خۆیان برا بەشی شەریکەکان نەبن.


هاتنە مەیدانی کار بۆ ژنان تەنها بە قازانجی خۆدی ژنان نیە بەڵکو کۆمەڵگا بە هاتنە مەیدانی ژنان دەبوژێتەوەو پوتانسێلێکی یەجگار زۆر لە هێزی کار ئازاد دەبێت.


ئەمەش ژنانی ڕوبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی تازە کردۆتەوە. بۆ نمونە ئەو ژنانەی کە کاری پاککردنەوە لە کۆمپانیاو هۆتێلەکان دەکەن، ڕۆژانە لەگەڵ موادی کیمیاوی جۆراو جۆر ڕوبەڕون بەبێ ئەوەی هیچ سەلامەتیەک یاخود پارێزگاریەکیان هەبێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هۆڕمۆنەکانی ئینسان هەیە. زۆر جار بەکارهێنانی ئەم مەوادانە دەبێتە هۆکاری توشبونی نەخۆشی سەرەتان، یاخود ڕێگە لە دوو گیان بوون دەگرێت، وە بۆ ژنانی دوو گیانیش کاریگەری لەسەر سەلامەتی منداڵەکە دادەنێت، بەجیا لەمانە کاریگەری لەسەر گەرو سی هەیەو لەهەمانکاتدا هۆکاری چەندین نەخۆشی جۆراو جۆری ترە.


بەپێی لێدوانەکەی ئاڵا کمال ژنان ڕوبەڕوی گێچەڵ دەبنەوە لەلایەن خاوەنکارو کەسانیتر، زۆر جار ژنان بەهۆی خراپی باری ئابوری و گوزەرانیانەوە ناچارن قبوڵی بکەنو ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بکەونە بازاڕی لەشفرۆشیەوە.


وەئەگەر ئەو کرێکارانە نەچنە ژێر باری گێچەڵی خاوەنکارەکانیان ئەوە لەسەر کار دەردەکرێن و دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەیان لەلایەن خێزانەکانیانەوەو ڕێگای کارکردنیان لێدەگیرێت.


بەجیا لەمانە زۆر جار بینیومانەو بیستومانە هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی باس لە یەکسان نەبونی کرێ دەکەن لەنێوان ژنان و پیاوان، ئەوە ئەمە دەگەیەنێت کە کرێی کاری یەکسان لەنێوان کرێکاری پیاوو ژن نیە!


کێشەیەکی تر کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە کێشەی کرێکاری هاتوە کە بەشێکیان ژنن و بۆ خزمەتکردنی ماڵان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هێندراونەتە کوردستان. بەپێی ڕاپۆرتێکم دەربارەی کرێکاری هاتوو بۆ دەزگای هاوپشتی، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ئەوان ڕوبەڕوی کێشەی زۆر گەورەن وەکو دەستدرێژی، گێچەڵ، بەکارهێنانیان بۆ کاری لەشفرۆشی، بەزۆر کردنیان بە موسڵمانو حیجاب پێکردنیان، سوکایەتی پێکردنیان لەلایەن هەندێک لە ماڵەکانو چەندین کێشەی تر.


بەپێی ئەمانەی کە لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان جیا لەو خەباتەی کە ئێستا دەیکات دەبێت خەباتیان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی کرێکاران دەستپێبکەن. دەبێت ڕوی سازمەندەییان بکەن لە کارگەکانو شوێنەکانی تری کار، لەناو کرێکاراندا ڕابەرانی ڕاستەقینەی خۆیان بدۆزنەوەو لەدەوری مافە ڕەواکانیان سازمانیان بدەن.


دەبێت فشار بۆ حکومەتو وەزارەتی کار بهێنن کە شەخسیەتو کەرامەتی کرێکارانی ژن پارێزراو بێتو بەیاسا ئەمنیەتی کار بۆ ژنان دابینبکرێت، وە هەر خاوەن کارێک سەرپێچی بکات دەبێت ڕوبەڕوی سزای توند بێتەوە.


لە هەمانکاتدا لیژنەی تایبەت هەبێت سەردانی ئەو ژنانە بکات کە لە ماڵان یان لە هۆتێلەکان کار دەکەن و عقدێک بە ئامادەبونی نوێنەری ڕێکخراوی ڕاستەقینەی ژنان و کرێکاران بە خاوەن ماڵو شوێنی کارەکان ئیمزا بکرێت کە مەترسی هیچ جۆرە فشارو گێچەڵێک لە ژێر ناوی نەتەوە، مەزهەبو یان هەر شتێکی تر بۆ ئەو ژنانە لەئارادا نەبێت، وە چاودێری ئەو کرێکارانەو بارو دۆخیان بکات بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە بارودۆخیان باشەو لە ژێر هیچ جۆرە فشارێک نین.


مێژووی ململانێی خەباتی چینایەتی دەمێکە ئەوەی سەلماندوە کە ئەمنیەتو ئاسایشی شوێنی کار، حورمەتو کەڕامەتی کرێکار، مافە ڕەواو ئینسانیەکانی کرێکار هیچ کاتێک خێرو سەدەقەی سەرمایەداری چاوچنۆک یان دەوڵەتەکانیان نەبووە. ڕونو ئاشکرایە کە کرێکارو سەرمایەدار بەدرێژایی مێژو دوو جەمسەری کێشمەکێشێکی بەردەوام بوونە. یاسا کاری گونجاو کە بتوانێت زامنی پاراستنی مافە ڕەواکانی کرێکاران بە ژنو پیاوەوە بکات لە گرەوی هاوسەنگی هێزی چینی کرێکاردایە لە بەرامبەر سەرمایەداریدا. بە هێزبونی کرێکاریش تەنها بە ڕێکخراوبون و پتەوکردنی هاوپشتی چینایەتی وە کۆبونەوە لەدەوری ڕێکخراوی ڕاستەقینەو سەربەخۆی خۆیان کە بتوانێت بەبێ هیچ مساوەمەیەک نوێنەرایەتی داخوازیەکانیان بکات.

 

 

lawzha@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک