گهندهڵیی.
چونکە گهندهڵیی یان گەندەڵ یان گەنەڵ لە زمانى کوردیدا سیفەتە یان ئاوەڵناوە . بە دارێک دەوترێت کە پێشتر دارێکى سالم و تەندروست و ڕاوەستاوى سەوز و پڕ ناوەرک بووە ، لەوانەیە بەرداریش بوبێت . بەڵام ئێستا ئیتر خاوەنى ئەو سیفەتانە نیە یان لەدەستى داوە ، کە پێشتر هەرگیز بەو شێوەیە نەبووە . ئەمەش پێچەوانە دەوەستێتەوە لەگەڵ ئەسڵ و ناوەرۆکى ئەو دارەدا . لە ئەنجامى ئەوەى کە لەناوەوە کرمن بوە و ئەو کرمانە کەوتونەتە خواردنى ناوەرۆکەکەى ، ئەمەش پەیوەندى بە هەلومەرجە دەرەکیەکانەوەنیە . بۆیە سەرەنجام دەبێتە خاوەنى ئەو سیفەتەى کە گەندەڵ بووە ، یانى خراپ بووە . تا ئاکام ڕەشەبا و بەفرى زستانێک دەیڕوخێنێت . بەڵام دەسەڵاتى کوردى نە ئێستا و نە پێشتر ناوەرۆکێکى باشترى نەبووە خاوەنى سیفات گەلێکى تەندروست نەبووە ، بگرە ئەم حاڵەى ئێستا لە راِبردوى خراپتر نیە بەڵکە گەلێک باشترە . سەرەتاى هاتنیان بۆ سەر کورسى حوکم خاوەنى وجود و فەلسەفەیەکى باشتر نەبوون ، ئاسۆیەکى ڕونیان بە کۆمەڵگا نیشان نەدا .
هێشتا سەرەتابوو یەکسەر ئەوەى بەعس بەهى خەڵکى دەزانى و بەجێى هێشتبوو بۆیان . ئەمان ئاودیوى سنورەکانى ئێرانیان کرد !. کاتێکیش سەروەتى کۆمەڵگایان دەست بەسەراگرت ئیتر بوو بەشەڕیان لەسەرى ، یەک دینار و یەک پارو نانیان بەیەک لیس مەرج و قەرار بەخەڵکى ئەدا ، بەشێوەیەک مووچەى مامۆستایەک کە لە سەد دینار تێنەدەپەڕى نەیاندهدا ، بەڵام ( بی کەی سی )ەکیان بە پانزە هەزار دینار دەکڕى ، تا یەکترى پێبکوژن . کاتێکیش هێزى خۆیان تاقیکردەوە و بۆ چەندین جار دوژمنانى خەڵکى کوردستانیان بانگهێشتى سەر سفرەى خەڵکى بەشمەینەتکرد . ئیتر بە ئاڵۆزبوونى هاوکێشە سیاسیەکان دنیا و ناوچەکە ، کۆڵیان لە شەڕدا و هەرکەس گیرفانى خۆى و سفرەى خۆى جیاکردەوە .تا دەرگاى خەزێنە گەورەکە شکا . ئینجا قاچیان لێ درێژکرد بەئارەزى خۆیان ، بە چەشنى ئەو ڤایرۆسەى لەسەر کەڵچەرێک دەیچێنى ، کەوتنە تەنینەوەى تا سەرجەم کەڵچەرەکە بکەنە ڤایرۆس .
ئیتر ناگەڕێینەوە بۆ ساڵانى پێشتر و قۆناغە جۆراوجۆرەکانى گەشەکردنیان چونکە لە دەسەڵاتدا نەبوون . ئەوشتەى ئەوان بە گهندهڵیی ناوى دەبەن یانى بێبەشکردن و لوشدان و دزینى سەروەت و سامانى خەڵکى و پاروى سەر سفرەى هەژاران ، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندى نییه بە دووژمنانى کورد و دەستى بێگانەوە . بەڵکە دەقاودوق بەرخورد و کارکردى خودى دەسەڵاتە لە کوردستاندا . بۆیە بەردەوام بێدابڕان بە هەمان پەیژەدا سەردەکەون ، کە ئاکام هەر بەو چەشنەى لێبەسەر دێت ، کە ڕەشەبایەکى تووڕە بیڕوخێنێت . ئیتر من نازانم چۆن و بەچى شێوەیەک دەسەڵات دەچێتە ئەو جەنگەوە ، کە جەنگێکى ڕواڵەتى و بێ ناوەرۆکە . بۆیە دەسەڵاتى کوردى گەندەڵ نییه و دەکرێت بەشێوەیەکى تر پێناسە و لێکدانەوە بۆ بکەین . چونکە وەک باسمانکرد ناتوانین بیچوێنین بەو دارەى ئێستا گەندەڵ بووە ، ئەمەى ئێستا خەریکى چەکوشکارین تیایدا خەسیسه و تایبەتمەندى سەردەمى لەدایک بوونیانە .
بۆیە ووشەى گهندهڵیی ووشەیەکى ناتەواوە بۆ وەسف کردنى ئەم دۆخەى ئێستاى دەسەڵاتى کوردى . ناشکرێت بیکەینە خاوەنى ئەو سیفەتە ، چونکە لانى کەم خاوەنى ئەو سیفەتە لەراِبردوویەکى باشەوە بووە بەخاوەنى ئەم سیفەتە خراپە . بەڵام دەسەڵاتى کوردى لە ئەزەلیەوە هەروابووە .
|