Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

گەندەڵیەک لەوەزارەتی ڕۆشنبیریەوە .

 


کاوە عه‌بدوڵڕه‌حمان



ماوەى چەند ساڵێکە لەوەزارەتی ڕۆشنبیریەوە بڕێک پارە تەرخان کراوە بۆیارمەتی میدیاى ئازاد لەکوردستاندا ، دیارە بڕیارو هەنگاوی لەم جۆرە بۆخۆى شتێکی زۆر باشە ، بەڵام ئەم پارە چۆن سەرف ئەکرێـت و بەچ جۆرە میدیایەک ئەدرێـت و لەسەر چ بنەمایەک ئەدرێـت ، ئەمە بۆخۆی هەزارو یەک پرسیارو گومانی دروستکردووە لەلاى ڕۆژنامە نوسانی کورد ، هەر لەسەرەتاوە دەبیـَت ئەوە بەخوێنەران بڵێین تائێستا هیچ میدیایەکی ئازاد لەکوردستاندا سودمەند نەبووە لەم پارەیە ، نە ڕۆژنامەکانی وەکو هاوڵاتی ، ئاوێنە ، میدیا ، نێوەند ، ئیمڕۆ ... و نەسایتەکانی وەکو کوردستان نێت و کوردستان ۆنلاین و دەنگەکان و کوردستانپۆست و ...هتد ، بەڵکو هاوشێوەى ئەو ڕۆژنامە گەندەڵانە کەڵکیان لێوەرگرتووە کە لێرەدا نمونەى یەکێکیان دەخەینە ڕو ، ئەویش ڕۆژنامەى (گەرمیانی ئەمڕۆیە ) .
ئەم ڕۆژنامەیە مانگانە 800000 دینارى عیراقی وەرئەگرێـت لەو پارەى بۆمیدیاى ئازاد تەرخانکراوە . مانگی یەک ژمارەى لی َدەرئەچێت بەتیراژی 250 دانە ، تەواوى خەرج و تێچوەکەى ناگاتە 200000 دینار ، ئەو باقی پارەکەى لەنێوان خاوەن ئمتیازی ڕۆژنامەکە ( شێخ سعید شاکەلى ) و سەرنوسەرەکەى ( لاوەند ئەحمەد) سەرنگون ئەکرێـت و کەس نازانێت چی لێ بەسەر دێت ، دیارە لەبەر ئەوەى خاوەن ئمتیازی ڕۆژنامەکە یەکێکە لەبەڕێوبەرەگشتیەکانی وزارەتی ڕءَشنبیرى و لێپرسراوی کتێبخانە گشتیەکانی هەرێمی کوردستانە مانگانە ئەم پارە هەروا وەرئەگرن بێ ئەوەى کەس پێیان بڵێت چی لێ ئەکەن وچۆن سەرفی ئەکەن ؟ نزیکەى دووساڵە 24 جار ئەم بڕە پارەیان وەرگرتووە کەدەکاتە 19200000 کە بەگوێرەى تێچو و خەرجی ڕۆژنامەکە هەموو خەرجی ئەم دووساڵەیان دەکاتە 4800000 ، کەواتە دەبێت ئێستا 14400000چواردە ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار پارەى زیادەو مدەوریان هەبێـت ، بەڵام خاوەن ئمتیازو سەرنوسەرەکەى ڕۆژنامەى گەرمیانی ئەمڕۆ لەنێوان خۆیاندا ئەم پارەیان ونکردووە و هەمیشە باس لەکەمی بڕەکەى ئەکەن ، ئەو چەند کەسە کەمەیش کە لەدەورى ڕۆژنامە کە کۆبونەتەوە هیچ ئاگایان لەم پارەیە نیە ، کە تەنها ئەم بڕە ونبووەى دەکاتە موچەى 120 خێزانی شەهید و ئەنفالەکان ، شێخ سعید شاکەلى و لاوەند ئەحمەد تائێستا ڕۆژنامەکەیان مانگانەیەو هەندێک جار 45 ڕۆژ جارێک دەر ئەچێت کەچى بەوپەڕی ئاسودەییى ویژدانەوە هەر بەردەوامن لەوەرگرتی پارەکەى وەزارەتی ڕۆشنبیرى . ئەگەر بەڕاستى لەکوردستاندا دەزگاى رەقابەى مالیە هەیە کوا ئەم دوو ساڵە لەکوێ بووە و بۆ لەڕۆژنامەیەکی وەک گەرمیانی ئەمڕۆ ى نەپرسیوەتەوە .
شایەنی باسە ئەم ڕۆژنامەیە کۆى فرۆشى لەکتێبخانەکانی کەلاردا ناگاتە 10 دانە بەڵام خاوەن ئمتیاز هەر سورە لەسەردەرکردنی کە ئەمە بۆخۆى جێى پرسیارە ، ئەوەى تێبینی ئەکرێت تەنها کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتمانی واى کردووە ئەم ڕۆژنامەیە بەردەوام بێـت لەدەرچوون ، چونکە هەندێک جار لەکێشەو ناکۆکی نێوان تەکەتولەکانی یەکێتیدا هەوڵیداوە پشکێکی بەرکەوێـت ، بۆمونە لە ژمارە 13 ڕۆژنامەکەدا دووهەواڵی درۆو بوختانی لەسەر دووان لەبەرپرسە ئیداریەکانی شارى کەلار( کە لەباڵى ڕیفۆرم بوون ) بڵاو کردوە کە بریتی بون لە ( بەڕێوبەرى مافی مرۆڤ و بەڕێوبەرى پۆلیسی هاتوچۆى گەرمیان ، کە دواتر دەرکەوت ئەوەى بڵاوی کردۆتەوە درۆیە ، ئەوە بوو بە بڕیارى دادگاى کەلار ( لاوەند احمەد )ى سەرنوسەر سێ ڕۆژ زیندان کرا لەسەر بڵاو کردنەوەى هەواڵە ناڕاستەکە ، دیارە ئەو لێشاوە پارەى ڕۆژنامەى هاوشێوەى گەرمیانی ئەمڕۆ و گۆڤارى گوڵان و ئەو بڵاو کراوانەى تر مانگانە وەری ئەگرن و خەرجی ئەکەن ، بۆخۆى تاوانێکی ترە لەپاڵ ئەو تاڵانیە بی َئامانەى ڕۆژانە لەکوردستاندا و بەرامبەر سەروەتی خەڵکی کوردستان ئەکرێـت ، ئێمە لەداهاتودا هەوڵ ئەدەین بیانکەینە بابەتی لێکۆڵینەوەو ڕاپۆرتەکانی ترمان ، هەروەها بەڵگەو وەسایقی پێویستمان لایە لەسە رچۆنێتى خەرج کردنی ئەم پارە و ئەو وەسڵە تەزویرانەى دروست ئەکرێـت بۆحەپەلوشکردنی ، ئێستا هەر ئەوەندە بەسە نمونەیەکی بچوکی ئەو پارە خواردن و گەندەڵیە نیشان دەین کە بەناوی ڕۆژنامەى ئازادەوە لاى ڕۆژنامەیەکی وەک گەرمیانی ئەمڕۆ دەخورێت .
 

kawe80@yahoo.com