١٣\٥\٢٠١١
گفتوگۆی هەندێک لە
ئەندامانی (ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی)
لەگەڵ سەرۆکی
هەرێمدا، تەنها شکست بوو!!
حەڤدەی شوبات ڕۆژی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە ژیانی سیاسی خەڵکی
کوردستاندا، ڕۆژی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان و بە گژا چونەوەی خەڵکی
کوردستان بوو دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و ناعەدالەت و میلیشیایی بیست
ساڵەی حیزبە کوردیەکانی ( پارتی و یەکیەتی). ڕۆژی هاتنە مەیدان و بە
گەڕخستنی ئیرادەی هاوڵاتیان بوو بۆ بە دیهێنانی ماف و ئازادیەکانیان و
نەمانی نا عەدالەتی ئابوری و سیاسی .. نەمانی نایەکسانی یاسایی و ژیانی
کۆمەڵایەتیان بوو..هتد.
لەم ڕۆژانەدا بزووتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان وەکو هێزێک لە
شەقامدا دەرکەوت و دەسەلات وئۆپۆزسیۆن و هەندێ بەناو نوسەر و ڕۆشنبیر و
موحلەلیلی سیاسی توشی شۆک کرد..! بۆیە سەرەتا ئۆپۆزسۆن خۆپیشاندەرانی
بە ئاژاواگێر ناو بردو دەسەلاتیش وەڵامی بەردی بە فیشەک دایەوە و
هەندێک لە ڕۆشنبیران و نوسەرانیش نەک هەر بەشداریان نەکرد بەڵکو لە
دووریشەوە نەیاندەوێرا گوێ بگرن و سەیر بکەن..! لە ئەنجامدا هەندیک لە
گەنجان و هاوڵاتیانی سەربەخۆ لە خۆپیشاندانەکاندا شەهید و بریندار بون..!
ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ زیاتر توڕە کردنی هاوڵاتیان و ڕەتکردنەوەی
دەسەڵاتی ئێستای کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش سەراو سەکۆ و مەیدانەکانی
ئازادی لێ بەدیهات، بۆ بەڕێوە بردن و ڕێنمایی کردن و ڕیکخستنی ئەم
مەیدانە ئازادیانە، لە نێویشیاندا ئەنجومەنێک لە شاری سلێمانی لە لایەن
هەندێ لە کەسانی ئاگاو هۆشیار و ساسەتمەدار پێکهێنرا و ناوی لێنرا (ئەنجومەنی
کاتی مەیدانی ئازادی ). وە ئەم ئەنجومەنە بۆ نوێنەرایەتی کردنی
داخوازیەکانی شەقام بوو، کە داواکاریەکانی لەم دوو بەشەدا دیاری کردبوو
کە بریتی بوون لە (داواکارییە هەنووکەییەکان) کە یانزدە داواکاری بوون،
وە (داواکارییە بنەڕەتییەکان) کە بیست و شەس داواکاری بوون.
خۆپیشاندەران هەمیشە ئەوەیان ڕادەگەیاند کە ئامادەی هیج جۆرە گفتوگۆیەک
نیین تا داواکارییە هەنوکەیییەکان وەڵام نەدرێنەوە لە لایەن
دەسەڵاتەوە ، بە تایبەت پێداگریان لەسەر ئەوە دادەگرت کە ئامادەی
گفتۆگۆ نیین تا دادگایی کردنی ئەوانەی کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران
کردوە و شەهیدیان کردوون...!
دوای ئەوەی لە دوو مانگ زیاتر خۆپیشاندانی مەدەنیانە درێژەی کێشا،
دەسەڵات نەک هەر وەڵامی داواکاری خەڵکی نەدایەوە بەڵکو، چەندەها
سیناریۆی بۆ بەلاڕیدا بردن و ناشیرینکردنی خۆپیشاندانەکان درووست کرد،
بەڵام پاش بێ هیوایی بونی دەسەڵات لەم سیناریۆیانە، ئەمجا ڕێگای
بەکارهێنانی چەک و وهێرشی سەربازی گرتە بەر بۆ وەستان و سەرکوتکردن و
کۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەکانی سەراو مەیدانەکانی ئازادی،ئەوە بوو بە
زۆری لولەی تفەنگەکانیان..بە گرتن و ئازار و ئەشکەنجەدانی گەنجان و
هاوڵاتیان، لە سەرلەبەیانی ڕۆژی19.04.2011 دا دەسەڵات توانی پاشەکشە بە
خۆپیشاندەران بکات و لە هەمان کاتیشدا هێرشی ڕاوەدونانی ڕۆشنبیران و
ئازادیخوازانی دەست پێکرد و تا ئێستاش دەسەڵات لە هەڕەشە و هێرشەکانی
بەردەوامە..! بەڵێ دەسەڵات شاری پڕ کرد لە جەلاد و سەربازی کوێر و بێ
ئاگا و بەم هێزە کەسیەتی گەنجان و ڕۆشنیران و هاوڵاتیانی شکاند و شاری
هەم لە ڕووی دەروونی و هەم لە ڕووی جەستەیییەوە بریندار کرد...!
لە گەڵ ئەم شێوەکار و بەرخودە سەربازیەی دەسەڵاتدا ژمارەیەک لە
ئەندامانی ئەنجومەنی کاتی پێشوو بەبێ گەڕانەوە بۆ خواستی
خۆپیشاندەران..بەبێ لەبەرچاو گرتن و هەڵسەناگندنی ئاستی پەیوەندی نێوان
دەسەڵات و هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر لە ئێستادا..بەبێ گەڕانەوە بۆ غەرەز و
مەهامی دەسەڵات..بەبێ گەڕانەوە بۆ هەبون و نەبونی مافیان لە
بەکارهێنانی ناوی ( ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی )..وە بەبێ سەپاندنی
هیچ پێشمەرجێک، ئەم برادەرانە لە گەل سەرۆکی هەرێمدا کۆ بونەوە..!! کە
بەم کارەیان هەم بێ ئاگایی و خۆشخەیاڵی خۆشیان لە بەرامبەر ئەم
دەسەڵاتە بە ئاگا گەندەڵ و نا عەدالەتەدا بۆ خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی
ناڕازی و ڕەخنەگر سەلماند و پیشاندا، هەم هەڵەیەکی مێژوویی ناشیرینیان
بۆ خۆیان تۆمار کرد، بەم دەلیلانەی خوارەوە:
1. پارتی و سەرۆکی هەرێم ئامادە نەبوون بە ڕەسمی داوای دانیشتن بکەن،
بەڵام ئەمان هەر رازی بون بەو دانیشتنە، کەوابێت ئەم برادەرانە جگە
لەوەی هیچ پێشمەرجیکیان نەبوە بۆ گفتۆ گۆ بەڵکو پێشەمەرجیشیان قبوڵ
کردوە، کە لەم کاتەدا ئەم برادەرانە بیر لەوە ناکەنەوە کە خۆپیشاندەران
توشی پاشەکشە بون و خۆشیان لە گەنجان زیاتر توشی لەرز و ترس هاتون و
ناتوانن هەنگاوێک بڕۆن کار بکەن بۆ بەرپا کردنەوەی خۆپیشاندان، ئەی
پێمان ناڵێن بە چ هێز و پشتیوانیەک چوون بۆ ئەم کۆبونەوە و گفتو گۆیە..؟!
لە گرتنی مەیدانی ئازادیدا کە دەسەڵات خۆی بە زەبری چەک و هێزی سەربازی
هیچ بوارێکی بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ نەهێشتەوە، ئەگەر هاوڵاتیانیش وەک
دەسەڵات بڕوایان بە شەڕ و توندوتیژی هەبوایە، ئەوا هاوڵاتیانیش دەستیان
بۆ چەک دەبرد نەک گفتو گۆ و دیالۆگ، چونکە کاتێک کە چەک هاتە نێوان
ململانێکانەوە، گفتۆگۆ و دیالۆگ مانای نامێنێت و دەکوژرێت..کەواتە پێش
هەرگفتوگۆیەک دەبوایە داوای گەڕانەوەی هێزە چەکدارەکانیان بکردایە بۆ
مۆڵگاکانی خۆیان..!
2. ئەم دانیشتن و گفتوگۆیە بەبێ گەڕانەوە بۆ خەڵک و خۆپیشاندەران و
دوور لە ئیعلام ئەنجامدرا، دوور لە ڕەئی ئەو گەنجانەی کە ڕۆژانە
دەستەویەخە بوون لە گەل چەکدارانی دەسەڵات. بۆیە لە کاتێکدا کە ناتوانن
بگەڕێنەوە بۆ ئەم خەڵکە و تەنانەت پێش گفتوگۆ ڕاگەیاندنێکی بۆ ناکەن،
ئەوا تاوانە گەر بە ناوی خەڵکەوە هەر لیدوانێک بدەن..! بەو مانایەی نا
کە بڕوامان بە گفتوگۆ و دیالۆگ نەبێت بەڵکو بەو مانای کە نابێت لە
هەلومەرجێکدا قسە بکەین کە پەیوەندی و سنورەکان بوبن بە بەرد بەڵو
دەبێت لەو هەلومەرجەدا قسە بکەین کە هێزێک هەیە دەتوانێت پەیوەندییە
بەردینەکان بهاڕێت و چاومان لە چاوی یەکدی بێت و بەبێ شاردنەوەی
ڕوخساری یەکدی ڕوو بەڕوو قسە بکەین، بەڵام برادەرینە ئێوە چوون قسەی
خۆتان بە دیوارە بەردینەکاندا کێشا و قسەکان بە هەمان ئاراستە بۆ خۆتان
گەڕایەوە..!
3. لە کاتێکدا هەزاران کەس لە سەرای ئازادی ڕۆژانە بە شێوەیەکی زۆر
مەدەنیانە داواکاریەکانیان دووبارە دەکردەوە، وە دەیانگوت پێشمەرجمان
بۆ هەموو شتیک ، دادگایی کردنی ئەوانەیە کە تەقەیان لە خۆپیشانداران
کردووە خەڵکیان شەهید و بریندار کردوە، بەلام دەسەڵات وەڵامی نەدایەوە
و دەیگوت دەبێت ئەوانەی بەردیان هاویشتوە ئەوانیش بدرێنە داداگا، وە
لیژنەی لێکۆڵینەوەش ئەوەی سەلماند کە نەک نایانەوێت تاوانباران بدەن بە
دادگا بەڵکو خۆپیشاندەرانیان تاوانبار کرد و تاوانبارانیان بە بیانوی
نەناسینەوەی روخساریان، دەرباز کرد...! کەچی تازە بە تازە ئەم
برادەرانە دەچن بۆ لای سەرۆک و هەمان داواکاری بە ئاوازێکی کز و
لاوازەوە دەڵێنەوە، وەکو شتێکی زۆر تازەیان داهێنابێت...! وایان دەزانی
دەتوانن بەرد بکەن بە ئاو و بە ئاسانی تێیدا ئەم دیواو دیو بکەن..!
وایانزانی دەنگی ئەمان زوڵاڵتر و بەهێزترە، لە دەنگی ئەو هەزاران کەسەی
کە لە مەیدانی ئازادی و زانکۆدا پێکەوە هاواریان دەکرد..!!
4. ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی(ئەنجومەنێکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی
کاتی) بوو نەک ڕێخراوێکی سیاسی، لە گەل نەمانی خۆپیشاندەران لە سەرای
ئازادی وەکو ئەنجومەن بەو فۆرمەی هەیبوو کۆتایی هات، خۆی ناوی کاتی بۆ
دانرا بوو نەدەکرا هەمیشەیی بێت، ئەم ئەنجومەنە بۆ ڕێکخستن و ڕینومایی
ناڕەزایەتی و داواکانی خۆپیشاندەران بوو، ئێستا خۆپیشاندەران لە شەقام
و سەرا نیین، هەرچەندیش خۆپیشاندەران چەند ڕٶژێک بەبێ حزوری ئەو
برادەرانە بەرەنگیاریان کرد..!
وە ئەنجومەنی کاتی تێکەڵەیەک بوو لە قەومیەکان وئیسلامیەکان و
کۆمۆنیستەکان و ڕۆشنبیران..هتد
کەلە سەرادا بۆ داواکاریە هاوبەشەکان هەندێک کاری هاوبەشیان دەکرد
بەڵام کە سەرا نەما ئیتر ئەم بۆ چونانە چونەوە شوێنی خۆیان، وە بەبێ
بوونی ئەم هەلومەرجە ئازادە بۆچونەکان و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی دەسەڵات
ناتوانن پێکەوە کاری سیاسی و ئایدۆلۆژی بکەن، بۆیە ئەنجومەن کاری وەکو
ئەنجومەنی کاتی بە بنبەست گەیشتو بە زۆرینەی دەنگ هەڵپەسێرا و بە
ئیمزای کۆ و گشتی ڕایانگەیاند کە هیج کەس بۆی نییە بە ناوی
ئەنجومەنەوە قسە بکات بۆیە نەدەبو خۆتان بکەنە میراتگری شەقام و
خۆپیشاندەران، بەڵام ئەو برادەرانە ئازاد بوون بە فۆرمێکی ترەوە کاری
سیاسی خۆیان هەڵبژاردایە و بەکاربهێنایە.
5. ناو و نیشانی ( ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی ) و مەیدانەکانی ئازادی
شار وشارۆچکەکان هیچ کەس وگروپێکی دیکە هەم لە ڕووی ئەخلاقەوە هەم لە
رووی پاراستنی یاسایی مافی کەسیەتی ناو ونیشانی گروپ و ڕێکخراوەکان،
حەقی ئەوەیان نییە ئەم ناوە بەکار بهێنن و سو ئیسفادە بەم ناوەوە بکەن.
وە ئەم یاسا مەدەنییە لە چوارچێوەی هەموو گروپ و ڕیکخراوێکی مەدەنی و
سیستەمێکی دیمکراتی و یاساییدا بۆ پاراستنی کەسیەتی ناو و نیشانەکان
ئیشی پێ دەکرێت.
6. لە کاتێکدا کە ئۆپۆزسیۆن داوای هەلوەشاندنەوەی حکومەتی دەکرد ئێوە
وەکو ئەنجومەنێکی کاتی لەو کاتەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ
سەرۆکایەتییەکەی پەڕلەمان و حکومەت و هەرێمتان دەکرد، هیوادارم
جورئەتی ئەوەتان کردبیت و بۆ ئەوە چوبێتن و بە سەرۆکی هەرێمتان ووتبێت
تۆمان بە سەرۆک قبوڵ نییە، ئەویش لە وەڵامدا دەیگوت ( جا ئەگەر وایە
ئەی بۆچی هاتوون..؟!) خۆ ئێمە بە نوێنەرایەتی یەکیەتی لە ١٩ی ئەپرلەوە
وەڵامی خۆمان داوەتەوە..!
سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە گفتۆ وگۆ و دیالۆگ ڕەت ناکەینەوە، بەڵام بەو
هۆکارانەی سەرەوە ئەو گفتوگۆیەی ئێوە ئەنجامداندا، هیج ئەنجامێکی
پۆزەتیڤی لێ پەیدا نەبوو، بێجگە لە شکستی سیاسی خۆتان..!
1. موحەمەد ئەحمەد
حەسەن(حەمە قەدۆ)
2. کامەران عەزیز
12\5\2011
ماڵپهڕی کامهران عهزیز
|