گیرفانی پڕ و مێشکی به‌تاڵ...!
دارا مه‌حمود
هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که هه‌ژاری یه‌ک له‌گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی پێشکه‌وتنی هه‌رکۆمه‌ڵگایه‌که. و هیچکات تۆوی ئازادی و دیمو‌کراسی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌گشتی خۆشبه‌ختی و خۆشگوزه‌رانی له کێڵگه‌یه‌کدا شین نابن که هه‌ژاری له‌وێدا گه‌رای کردبێت...
به‌ڵام به‌ڕاستی خۆشبه‌ختی و پێشکه‌وتن چین و چۆن پێناسه‌یه‌کییان ده‌توانین بۆ بکه‌ین..؟ ئایا خۆشبه‌ختی چه‌مکێکی ڕه‌ش یان سپییه‌و هه‌ر جۆره سامانداریی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونێکیش سیمای پێشکه‌وتنه..؟
له جیهاندا که‌م نین ئه‌و مرۆڤانه‌ی گورگ ئاسا کاتێک که‌ڵبه‌ی له قوڕقوڕاگه‌ی نێچیری خۆی گیرده‌کات، هه‌ست به لوتکه‌ی خۆشبه‌ختی ده‌کات. بانده‌کانی مافیا‌و قاچاغ، دزو گه‌نده‌ڵکاران، ده‌رون پیس و مێشک ڕزیوانی کوێرو که‌ڕی نه‌ریت و ئایدیۆلۆژیای جه‌هاله‌ت، و ئه‌و ئه‌وینداره ساختانه‌ی که مرۆڤی هاوڕه‌گه‌ز ده‌که‌نه په‌یژه‌و له پێناو گه‌یشتن به لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵات و ناوبانگ و سامان به‌سه‌ریدا سه‌رده‌که‌ون ... له‌و گورگه دڕنده‌و هه‌رگیز تێرنه‌بووانه‌ن.
که‌واته لێره‌دا ڕووبه‌ڕووی دووجۆری خۆشبه‌ختی ڕه‌واو ناڕه‌وا ده‌بینه‌وه.
ئه‌وه‌تا وڵاتانی که‌نداو له پاره‌و سامانی نه‌وتدا خه‌ریکه نقوم ده‌بن. کۆشک و ته‌لارو هوتێل و فڕۆکه نه‌فه‌ربه‌ره‌کان و ساڵۆنه‌کانی جه‌ژن و سه‌ماو سوڕدان، و ڕستوران و شوێنه‌کانی تری حه‌وانه‌وه‌و حه‌سانه‌وه‌و کات به‌سه‌ربردن له شاره‌کانی وه‌ک دوبه‌ی و ئه‌بوزه‌بی و دۆحه... جێگای سه‌رنجی گه‌شتیارانی جیهانییه‌و هه‌موان ئیره‌یی به ئاستی ژیان و گوزه‌رانی ئه‌وێ ده‌به‌ن..! له‌کوردستانی خۆشمانه‌وه، جێ نه‌زرگه‌ی گه‌لێک له بازرگان و ساماندارانی لیک لێچۆڕاوی وێڵی ڕابواردنی سووک و زیندووکردنه‌وه‌ی حه‌ره‌مسه‌راو کۆیله‌داریین.
ئه‌وه‌تا ڕۆژنامه‌ی فلامی به‌لژیکی De standaard له ژماره‌ی 2/7/2008 ی خۆیدا بڵاوی ده‌کاته‌وه که پۆلیسی ئه‌و وڵاته له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی چه‌ند ڕۆژ پێش به‌ده‌ستیان خستووه به‌سه‌ر هوتێلی گرانبه‌های کۆنراد له‌برۆکسلدا ده‌ده‌ن. و بۆیان ده‌رده‌که‌وێت که خانه‌واده‌ی یه‌کێک له شێخه‌کانی ئه‌ماراتی عه‌ره‌بی چه‌ند مانگێکه له‌و هوتێله شیک و گرانبه‌هایه‌دا ده‌ژی و قاتێکی سه‌رتاپای ئه‌و هوتێله‌ی به 53 ژوورییه‌وه به‌کرێ گرتووه که پاره‌ی یه‌ک شه‌وی هه‌زاران یۆرۆیه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌هه‌مووی سه‌رنج ڕاکێشتره‌و پێده‌چی هۆکاری ئه‌و په‌لاماره‌ی پۆلیسی برۆکسل بێت ئه‌وه‌یه که ئه‌و خانه‌واده‌یه چوارده کچی وه‌ک کۆیله بۆ خزمه‌ت و ڕابواردن ڕاگرتووه. که‌لێره‌دا چه‌مکی کۆیله بۆ وێکچواندنێک یان زیاده‌ڕه‌وی له‌نیشاندانێکی حاڵه‌تێکی ناشیرین نییه به‌ڵکو کۆیله به‌ته‌واوی واتایه‌ک که هه‌ڵده‌گرێت. و ئه‌و ناوزه‌دکرنه‌ش یاسایی و زانستییه نه‌ک هه‌روا به‌هه‌وای شان..!
لێره‌دا به‌ده‌ست خۆم نییه، یه‌کسه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندو ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی کوردستانم بیرده‌که‌وێته‌وه، که به‌لاساییکردنه‌وه له شێخ و پاره‌دارانی دوبه‌ی بێ شه‌رمانه به‌سمێڵه ڕيشکراوه‌کانیانه‌وه، به خڕکردنه‌وه‌ی که‌نیزه‌کی فلیپینی و تایلاندی و به‌نگلادێشی، سیسته‌می کۆیلایه‌تی له‌کوردستانی به‌ناو ئازادا ده‌ژیێننه‌وه.
سیسته‌می ڕاگرتنی خزمه‌تکار له‌ماڵدا له‌هه‌رشوێنێکی جیهاندا به ڕۆژئاواشه‌وه هه‌یه. به‌ڵام له‌ڕۆژئاوا بۆ ئه‌وه نییه که ده‌ست و پلی ژنانی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌قڵیشێت و بۆیه‌ی نینۆکه‌کانیان هه‌ڵنه‌وه‌رێ و هه‌روا بۆ ئه‌وه‌ش نییه که مێشک به‌تاڵه خۆپێکه‌مه‌کان نانه‌جیبی خۆیانی پێ بشارنه‌وه‌و دیسان بۆ ئه‌وه‌ش نییه که کچانی تازه پێگه‌یشتووی خزمه‌تکار حه‌زی له‌سنووربه‌ده‌ری پیاوانی هه‌وه‌سبازو ته‌مبه‌ڵ دامرکێننه‌وه. به‌ڵکو یارمه‌تییه‌که بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی له‌به‌ر کارکردن، کات و ده‌رفه‌تیان بۆ ئیشی ناو ماڵ نامێنێته‌وه‌و یانیش بۆ یارمه‌تیدانی پیرو نه‌خۆش و په‌ککه‌وتانه.
ئه‌م ڕووداوه‌ی برۆکسل تاک نییه‌و دیارده‌یه‌کی حه‌تمییه که ساماندارییه‌ک له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێت، که‌له‌ئه‌نجامی بیر‌و مه‌عریفه‌و داهێنان و خوڵقاندنه‌وه به‌ده‌ست نه‌هاتبێت.
ئه‌م دیارده‌یه‌ش ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێ که له‌سایه‌ی سه‌ری ئاینی ئیسلامه‌وه هێشتا ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی ئه‌و ئاینه تێیدا سه‌رده‌ست و زاڵه قۆناغی جه‌هاله‌تی ده‌رباز نه‌کردووه‌و به‌چاو نووقانی ڕێبه‌رانی ئیسلام هێشتا سیسته‌می کۆیلایه‌تی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. و جێگای خۆیه‌تی بپرسین: کوان واعیزان و فتواده‌رانی چاو باشقه‌ڵی ئیسلام که‌جیهانی سکولار‌و ئازاد‌و دیمو‌کراسی به بێ ئه‌خلاق و به‌ره‌ڵلا ناوده‌به‌ن و کوان لایه‌نگرانی نیقابپۆشی و ئه‌سپ زینکراوانی به‌هه‌شت، که‌ناتوانن سه‌بربگرن تا ئه‌و حه‌فتاوحه‌وت حۆرییانه‌ی به‌هه‌شت به‌ده‌ست ده‌خه‌ن .
مرۆڤی ئازاد هیچکات ناتوانێت ئازادی که‌سێکی تر زه‌وتکات و نه‌فره‌ت له‌و خۆشبه‌ختییه‌ش بێت که به به‌ختڕه‌شی و به‌کۆیله‌کردنی خه‌ڵکانی تر به‌ده‌ست بێت.
4/7/2008
|