په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

گرنگیى وەرگر لەلاى پیتەر بروک.

 

ئامادەکردنى/ کاردۆ


(بروک) لەمیانى کارەکانیدا هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە( ماددەى هومانستى) پێشکەشى وەرگر بکات ، بەو جۆرەى کە ببێتە ئەو ماددە سەرەکییەى بەر لە هەر میکانزمێکى کارکردنى شانۆیى دەستى بۆ بەرین ،چونکە بە بۆچونى ئەو (شانۆ ژیانە .. هاوکات ناکرێت بلێین لەنێوان شانۆ و ژیاندا جیاوازیى نییە .. گەر لە هەر شوێنێکدا بین دەتوانین لە بوارى شانۆدا کاربکەین ، شانۆ لەهەمو شوێنێکدایە ، هەر یەکێک لە ئێمە ئەکتەرێکە بۆخۆى ، کەوایە دەکرێت هەمو شتێک ئەنجامبدەین و لە بەردەم هەر کێیەکدابێت ، ئا ئەمەیە شانۆ ) جێى سەرنجە بروک هەمیشە لە هەوڵى ئەوەدایە دوچارى بێزاریى نەبێت و هاوکات ئەو بێزارییە کارنەکاتە سەر سایکۆلۆژیاى وەرگر چونکە دەبێتە مایەى دابڕانى وەرگر لەریتمى پرۆسیسەکە ، هەربۆیە دەڵێت : ئەوەى کە لەکاتى کارکردنمدا زۆرترین بایەخى پێدەدەم بێزارییە ، چونکە بێزاریى وەک شەیتانێکى ئێجگار فێڵباز بۆى هەیە لەهەر ساتێکدا بێت سەر هەڵبدات ، لە هەمو شتێک خێراترە و بازت بەسەردا دەدات ، چڵێسە و لە چاوەڕوانیدایە ، هەمیشە لە ئامادە باشیدایە بۆ ئەوەى دزەبکاتە نێو کردەیەک یان ئاماژە و رستەیەکەوە، دیارە کە یەکێک لەو هۆکارانەى واى لە (بروک) کرد شۆێنى جیاواز هەڵبژێرێت لە پێناوى ئەوەدا بوو لەو بێزارییە دوورە پەرێز بێت و هاوکات پێیوایە ئەو شوێنانە گوڕیى دەبەخشنە نمایشتى شانۆیى بەجۆرێک کە وەرگر لە چەند لایەکەوە دەورى لێدەدات، ئەمەیش لەگەڵ نمایشتى نێو هۆڵى شانۆ جیاوازە .


لاى بروک لەگەڵ یەکەم نیگادا بۆ نمایشتەکە ژێرخانێکى ئیقاعى درووستدەبێت و هەر یەک لە بەشداربووانى نمایشتەکە و تەواوى ئامادەبووان رۆڵى ئەکتیڤیان دەبێت لە ئەنجامدانى پرۆسیسەکە و تێکڕا بەشداردەبن لە کردەى یەکگرتووى نێو نمایشتەکەدا.


بروک لە زۆربەى ئەزموونەکانى خۆیدا هەوڵیداوە پەیوەندیى نێوان شانۆ و جەماوەر تۆکمەتر بکات ، بۆیە هەمیشە لە گەڕاندا بووە بۆ دۆزینەوەى رێگە چارەى کارا بۆ لەیەک نزیککردنەوەى شانۆ و ژیان .


لەم رووەوە شێوازێکى نوێى داهێنا بۆ نمایشتکردنى (مەهاباهارتا) کاتێک دابەشیکردە سەر (3) بەش و لە سێ ئێوارەدا نمایشتەکەى پێشکەشکرد ، لە راستیدا توانى ئەو خەونە بهێنێتە دى کە دەرهێنەرکانى پێشوتر نەیانتوانیبوو بیهێننە دى ئەویش ئاوێتەکردنى شانۆ و ژیان بوو، تا ئەو رادەیەى شانۆ بووە بەشێک لە ژیان، لەم ئەزموونەیدا پاش ئەوەى (وەرگر) بەیانى لە خەو هەڵدەستا و دەچووە سەر کارەکەى ئێوارە رویدەکردە شانۆ و پاشان بۆ نووستن دەگەڕایەوە ماڵەکەى خۆى ، بۆ سبەى جارێکى تر دەچووە سەر کارەکەى خۆى ئێوارەش سەر لەنوآ ئامادەى بینینى نمایشتەکە دەبوو ، دواتر دەگەڕایەوە بۆ ماڵ و لە رۆژى سێهەمیشدا هەمان حاڵەت دووبارە دەبووەوە .


بروک پێیوایە ( چاوى وەرگر فاکتەرێکى گرنگە بۆ چاودێریکردنى نمایشتەکە کە پێویستە لە هەمو ساتێکدا ئامادەبوونى هەبێت و لەو روانگەیەوە بێت کە هیچ شتێک بەبآ هۆ ئەنجامنادرێت و هیچ شتێکیش لە دەرئەنجامى هەنگاوى ناڕێکدا نایاتە دى) ، لێرەوە بە بۆچوونى بروک وەرگر رۆڵى پۆزەتیڤى دەبێت ،بەم پێیەش دەکرێت بڵێین وەرگر لاى بروک لایەنى سێهەم و سەرەکییە لە درووستکردنى پەیوەندییەکانى نێو نمایشت کە بریتییە لە (کردە،سوژە،وەرگر).


هەر بۆیە پەیوەندى (بروک) لەگەڵ وەرگردا تابەتمەندیى خۆى هەیە ، گەڕانى بەردەوامى ئەو بەدواى شوێنى جیاوازدا پەیوەستە بە دۆزینەوەى پەیوەندییەکى نۆى لەگەڵ وەرگردا و دەڵێت ( گەر شانۆییەکە هاوسەنگییمان تێکنەدات ئەوا دریژایى ئێوارەى نمایشەکە ناهاوسەنگیى تێدەکەوێت)ئەم ووتەیە ئاماژەیەکە بۆ گاریگەریى نمایشت کە لەمیانى هەست و هزر و ستاتیکاوە لەسەر وەرگرى جێدەهێلێت .


بروک پێیوایە وەرگر کەسى سێهەمى نێو نمایشەکەیە کە چاودێریى کردە شانۆییەکانى نێوان دوو کەسى دیکە دەکات . لەکتێبى (پانتایى بۆش) دا بروک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەى کردەى شانۆیى دەیخوازێت گوزەرکردن کەسێکە لە نێو پانتاییەکەدا و لەبەرامبەردا کەسێکى تر چاودێریى بکات . ئەوەشمان بیرنەچێ کە بروک بایەخى بە (مۆنۆدراما) نەداوە ،چونکە لە (مۆنۆدراما) دا کەسى دووهەم کە بەرامبەر بە کەسى یەککەم گەشە بە کردە دراماتیکییەکان دەدات هیچ بونێکى نییە ، ئەمەیش وادەکات کەسى سێهەم (وەرگر) هیچ رۆڵێکى نەبێت.


بروک بایەخى تەواو بە ( وەرگر) دەدات تەنانەت پێیباشە ئامادەى راهێنانەکان بێت ، چونکە لە دەرئەنجامدا دەبێتە مایەى ئەکتیڤکردنى پەیوەندیى نێوان ئەکتەرەکان و باشترکردنى شێوازى پرۆڤەکانیان .


هزرى بروک لە شانۆدا وابەستەى تیۆرییەکى دیارکراو نییە ،بەڵکو هەمیشە بەندە بەوەى کە پەیوەندییەکانى نێوان شانۆ و جەماوەر پتەوتر دەکات ئیدى گرنگ نییە گەر لەهەر پنتێکى ئەم دنیایەدا بێت ،هەربۆیە چەندین گەشتى جۆراوجۆرى ئەنجامداوە و هەمیشە لەگەڕاندابووە بەدواى شوێنى جیاوازدا ئەمەیش بووەتە فاکتەرێک بۆ پەرەپێدانى ئەزمونەکانى ، لەهەر گەشتێکیدا هەوڵیداوە بەهاگەلێکى هومانیستى هاوبەش بەدەست بهێنێت .


لە چوارچێوەى گەشتەکانیدا سوودێکى زۆرى لە تیۆرییە شانۆییەکانى (ئارتۆ) بینیوە بەتایبەت لە مانیفێستەکانیدا سەبارەت بە ( شانۆى توندوتیژیى) ئەمەیش واى لە(بروک) کرد بگەڕێتەوە بۆ زمانى مرۆڤى سەرەتایى و گرنگیى تەواو  بە (دەنگ) و (جەستە) ى ئەکتەر بدات.


هەروەها شانۆى (برێخت)یش کاریگەریى لەسەر ئەزموونەکانى (بروک) دا جێهێشتووە بە تایبەتى لە رووى گرنگیدانى تیۆرى شانۆى(داستانیى) بە دیالکتیکى پەیوەندیى نێوان شانۆ و وەرگر ،بروک پێیوایە : بیرۆکەى (نامۆبوون) لەو رێزەوە سەرچاوە دەگرآ کە هانى وەرگر دەدات بۆ هەڵوەستە لەسەر کردن و بەشداربوون .


دیارە گرۆتۆڤسکیش یەکێکە لەو دەرهێنەرانەى کە بووەتە جێى بایەخى بروک .بەو پێیەى (گرۆتۆڤسکى) توانیویەتى کردەى دراماتیکى بخوڵقێنێت بۆ ئەوەى وەرگر تەڤلى سرووتێکى شانۆیى موقەددەس بکات ئەمە جگە لەوەى هەمیشە لەگەڕاندابووە بەدواى بڵەخش(جوهر) ى شانۆدا و پێیوابووە (دەشێ بەبآ ئارایشت و جل و بەرگ و رووناهى و مۆسیقا ئنجامبدرآ، بەڵام بەبآ بوونى ئەو پەیوەندییە زیندووەى نێوان ئەکتەر و وەرگر هەرگیز نایەتەدى)
جێى ئاماژەپێکردنە (بروک) بایەخێکى زۆرى داوە بە ریتواڵە ئەفریکاییەکان و نەریتى خۆرهەڵاتییەکان هەر لەم بارەیەوە ووتوویەتى:خۆرهەڵات خودى داناییە ، خۆرهەڵات لە خۆرئاوا کۆنترە خۆرهەڵات لە رووى کلتور و مێژووەوە لە خۆر ئاوا دەوڵەمەندتر و دێرینترە ،خۆرهەڵات هەژارە؟!


من ئەم قسەیەم بەلاوە گرنگ نییە ..من دەزانم کە خۆرهەڵات زۆر دەوڵەمەندە ،و (ئەوروپا) یش هەژارە ..مرۆڤ هەر مرۆڤە ،بەڵام خۆرهەڵات دەوڵەمەندە و خۆر ئاوا هەژارە.
__________________________________
ژێدەر: د.محه‌مه‌د حسێن حه‌بیب - (الادیب / العدد110) 2006