په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٥

گیان لەدەستدانی فەریناز نابێ بە ئاسانیی تێپەڕێ!

لاوژە ماهیه     


فەرینازی خوسرەوانی کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵ لە شاری مھابادی کوردستانی ئێران کە وەک پێشوازیکەری مێوان لە وتێل تارای شاری مەھاباد کاری دەکرد، لە نھۆمی چوارەمی ئەم وتێلەوە خۆی فڕیدەداتە خوارەوەو بەم شێوەیە گیان لەدەست دەدات.

بەداخەوە ڕۆژی دوشەمە ڕێکەوتی ٤/٥/٢٠١٥ فەریناز ھاوچەشنی ئەو ژنە کرێکارانەی لە سەرتاسەری جیھان و بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی کە ڕۆژانە لە شوێنی کاردا شاھیدی تەحەڕوش و دەستدرێژی سێکسین، ڕوبەڕوی کارەسات دەبێتەوە.


بە پێی پلانی لە پێش داڕێژراو بەرپرسێکی ئیتلاعات بە ھاوکاری خاوەن وتێلەکە دەیانەوێت دەستدرێژی سێکسی بکەنە سەر ئەو کچە و بەم مەبەستە لە ژورێکی وتێلەکە لە نھۆمی چوارەم دەرگای بەسەر دادەخرێت، دیارە فەریناز لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ھانا دەبات بۆ ھاوڕێیەکی، بەڵام پێش ئەوەی کەس فریای بکەوێت، کچێکی گەنج و بێ فەریادرەس چارەیەکی نامێنێت ئەوە نەبێت کە لە پەنجەرەی نھۆمی چوارەمەوە ھەوڵی گەیشتن بە نھۆمی سێھەم بدات، بەڵام ھەوڵەکەی سەرناگرێت و دەکەوێتە خوارەوەو گیان لەدەست دەدات. لەبەرامبەر ئەم تاوانە گەورەدا سەرانی ڕژێم ھەرەشە لە خانەوادەی فەریناز دەکەن کە دەمی خۆیان داخەن و ھیچ جۆرە لێدوانێک نەدەن بۆ ڕاگەیاندنەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەرەوەی وڵات.


ڕژێمی جمھوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران، ماوەی ٣٥ ساڵە بە زەبری ئاگرو ئاسن لەم وڵاتە حوکم دەکات، داپۆشینی ئیسلامی لەم وڵاتە کردۆتە ئیجباری بەسەر ژنان دا، لە بەرامبەردا ژنان و کچانی ئەم وڵاتە بە تەحەمول کردن کۆشتن و زیندان، سوکایەتی تێزاب پاشین بە سەر وچاو و ئەندامانی تری جەستەیان، نەچونەتە ژێر باری ئەم حوکمەوە. ئەم ڕژێمە ٣٥ ساڵە کۆمیتەی "امر بە معروف و نھی از منکر" ئەشکەنجەی خەڵک دەدەن، بەدڕەوشترین دڕەندەکانی مێژوو کاربەدەستی ئەم ڕژێمەن و دەخالەت لە ژیانی تایبەتی خەڵک دەکەن، داوای ناسنامە لە ھەر کچ و کوڕێک دەکەن کە بەیەکەوە لە پارک و شوێنە گشتیەکان دەبیندرێن. ئەشکەنجەی ئەوانە دەدەن کە بە دڵی ئەوان حیجابی ئیسلامیان ڕیعایەت نەکردوە. لەملاشەوە ئەشکەنجەی ژنان دەدەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر، تا ئێستا چەندین کەیسی سێدارەی ژنان لەم وڵاتە ھەبووە بەھۆی ئەوەی کە پارێزگاریان لە گیانی خۆیان کردوە و مەئمورانی ئیتلاعاتیان کوشتوە. بەڵێ ڕژێمی کەسیفی دژە ژنی ئیسلامی تا ئەم ساڵانەی دوایش بەناوی بەدڕەوشتیەوە بە ئاشکراو لەبەرچاوی خەڵک ژنانی بەردە باراندەکرد، تا ئیستاش گەنجان و ھەلسوڕاوانی سیاسی ئەم وڵاتە تۆمەت دەخاتە پاڵ و لە مەیدانە گشتیەکان ھەڵدەواسێت بەناوی دەستدرێژیکردنە سەر خەڵک، بەڵام خۆیان بەئاشکرا ھەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی گەنج دەدەن. ئەوان ژنان شەلاق لیدەدەن بەناوی فەسادەوە بەڵام خۆیان بەئاشکرا چەندین نووسینگەی ڕەسمی لەشفرۆشی شەرعیان کردۆتەوەو سیغەی تێدا ئەنجام دەدەن.


بەدوای ناچاربوونی فەریناز بە خۆکوشتن کە ھیچ ڕێگایەکی تری نەبوو لە قبوڵکردنی دەستدرێژی یان خۆکوشتن بەملاوە، جارێکی تر ڕژێمی دژە ژن لەم وڵاتە کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی خەڵک بەتایبەتی لە شاری مھاباد وە شارەکانی تری ئێرانیش. وەرن با پشتگیریان بین.


ئێمە ژنانی وڵاتانی کەلتور داسەپاوی ئیسلامی ھەمومان توشی ئەم دەردو ئازارە دەبینەوە ھەر ئێستا ژنانی کرێکار لە کوردستانی عیراق لەگەڵ ھەمان کێشەی گێچەڵ و دەستدرێژی بەرەو ڕوون. من پێموایە خەڵکی ناڕازی لە مھاباد و شارو شارۆچکەکانی تر زۆر جەسورانەو ڕێکخراو بێنە مەیدان و داوای لێکۆڵینەوە بکەن لەم کەیسە، داوای پێکھێنانی لیجنەیەکی بێلایەن بکەن کە خۆیان ئەندام بن تییداو تاوانباری سەرەکی ئەم تاوانە بدۆزرێتەوەو بە سزا بگەیندرێت. بۆ ئەمەش ھەموو ئازادیخوازو یەکسانیخوازان ئەوانەی بەخەم ئینسان و ئینسانیەتن، بەخەم گەڕانەوەی بەھای ئینسانین بۆ ئینسان، بێنە مەیدان و ناڕەزایەتی دەرببڕن، لە شارەکانی کوردستان ھەر ئێستا کە ماوەیە بەردەوام سەران جمھوری ئیسلامی دێن و کۆبونەوە دەکەن بەتایبەتی لە شاری سلێمانی بەردەمی ئەم شوێنانە بگرین و خۆپیشاندان بکەین بەردەمی نوسینگەو کۆنسولخانەکانی ئێران بگرین، دەبێت ڕژێمی دەستدرێژی و سوکایەتی بە ژنان و کچان ناچار بە پاشەکشە بکەین، نەھێڵین فەرینازەکان لەنیوان مەرگ و دەستدرێژی ناچاربکرێن یەکیان ھەڵبژێرن. ئەم کەیسە تەنھا کەیسی مھاباد، کوردستانی ئێران و ئێران نییە کەیسی ھەموومانە.


دەبێت تەپڵی مەرگی ئەو کەلتور و عەقڵیەتە لێدەین کە ژنان تەنھا وەک ئامرازی سێکس بۆ پڕکردنەوەی ئارەزوی پیاو پێناسە دەکات.


٦\٥\٢٠١٥

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک