گۆڕان و نائومێدیی.
شوان حه‌سه‌ن ئه‌و کاتانه‌ی که نائومێدیی ده‌مکاته دوو که‌س، له ووتووێژێکی شێتانه شانۆیه‌ک دروستده‌که‌م:
که‌سی یه‌که‌م: ده‌پرسێ ئایه مێژوو خۆی مێژوویێکی نائومێدییه؟
که‌سی دووه‌م: چۆن؟
که‌سی یه‌که‌م: ئه‌ی ئه‌وه نییه هێزی گۆڕان له هه‌موو کۆمه‌لگه‌کانی جیهان جه‌نگ دروستی ده‌کا. ئایه ئه‌وه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵه‌خۆی ده‌یهێنێ و ده‌یبا پێناسه‌ی ده‌وێ؟
که‌سی دووه‌م: به‌ڵام مێژوو باسی سه‌دان خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ئاشتیخوازانه ده‌کا.
که‌سی یه‌که‌م: وایه به‌ڵام ده‌زانی ترسناکترین جه‌نگ که که‌مترین ئاماژه‌ی پێده‌کرێت شه‌ڕی ئایدیۆلۆژییه که گه‌وره‌ترین زیانی به پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه گه‌یاندووه.
ببوورن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سی یه‌که‌م و دووه‌م یه‌کتر چاک ده‌ناسن بۆیه ووتوێژه‌که زوو کۆتایی دێ.
هه‌موو حاله‌ت و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئه‌وه دێنن مرۆڤ له‌سه‌ریان بوه‌ستێ و هه‌ڵوێستی خۆی تا ئه‌و شوێنه‌ی پێیده‌کرێ نیشانبدا، له‌وه‌ش دڵنیام هه‌ندێک بنه‌ما هه‌ن زۆر سه‌ره‌تان بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌خته‌وه‌ر و ساغ كه له ئه‌وروپا زۆر باوه:( تێکۆشان بۆ دووا ڕۆژێكی گه‌ش گه‌ر خۆشــم نه‌یبینم ئه‌وه نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌یبینێ).
ئایه بێ ئومێدبوون له گۆڕان . ناونیشانی کامه هه‌ڵدێره که چاره‌نووسی ئێمه‌ی لێ نووسراوه.
ئایه ده‌سه‌ڵاتی گۆڕان له نیشتمانی ئێـمه به‌ده‌ست کێیه.
ده‌سه‌ڵاتی گۆڕان له ووڵاتی ئێمه‌دا به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتی ووڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه واته یاسا و دامه‌زراوه گشتیه‌کان و قوتابخانه و کارگه و ڕێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان و راگه‌یاندن و ..و..و.. هه‌تا دوایی به‌ده‌ست خۆیانه.
ئه‌وان هاتوون شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ووڵاتیان وا لێ كردووه که له بازنه‌ی هزر و لێكدانه‌وه‌کانیان دوور نه‌که‌وێته‌وه.
بۆ نموونه له‌جیاتی یاسای ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه حکومیه‌کان یاسایی دابونه‌ریت و دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێڵه‌کییه‌کان کاری خۆیان ده‌که‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌یه‌کی زۆریان هه‌یه هه‌رچی بیانه‌وێ هه‌ر به پاره چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئاماده نییه خۆی تووشی گۆڕانێک بکا که ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا نه‌شکێ و کارێک ده‌کا به‌ساده‌یی لێی ده‌رچێ.
دروستکردنی مرۆڤ و هه‌ستکردنی به هاووڵاتیبوون و خۆشه‌ویستی بۆ خاک و نیشتمانه‌که‌ی بۆ ئه‌و سه‌ر ئێشه‌یه.. دێ باڵه‌خانه و ئاپارتمان دروستده‌کا که لێیان ناترسێ و خۆشی خاوه‌نیانه و ناویشی لێده‌نێ گۆڕان.
کۆمه‌ڵگایه‌کی پڕ له بڕوانامه‌دار دروست ده‌کا، به زانستی سه‌ره‌تایی ڕێژه‌ی ده‌رچوونیش ده‌کا به پێوه‌ر بۆ پێشکه‌وتن، چۆنیشی بووێ ئاوا دایانده‌مه‌زرێنێ نه‌ک به‌وه‌ی که چ بڕوانامه‌یه‌کت هه‌یه و ده‌بێت له‌و شوێنه کاربکه‌ی که ره‌نجت بۆی داوه.
ئێمه له گه‌رمه‌ی گه‌مه‌یه‌کداین که پرسیاره گه‌وره‌کان بزر ده‌بن و پرسیاره بچوکه‌کانیش ده‌بن به پێشه‌نگی باسه‌کان و ده‌که‌وینه ده‌ست سه‌رلێشێوانێک که بێهوده‌یی نه‌بێ که‌س داڵده‌مان نادا.
له کاتێکدا فایلدار و مرۆڤ‌کوژ و نه‌خوێنده‌واریی و کوشتنی ئافره‌تان و خواردنی ئێکسپایه‌ر و بێ ئاویی و بێ کاره‌بایی و ده‌یان دیارده‌ی قێزه‌وه‌نی تر ووڵاتی رووتکردۆته‌وه و له جوانی، فره‌ژنییش ده‌بێته سیناریۆیه‌کی تر، که من وای بۆ ده‌چم که‌مترین قسه‌هه‌ڵگرێت نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی حاله‌ته نه‌ک دیارده.
با وای دانێین که دوو هێز هه‌یه له ووڵاتی ئێمه‌دا یه‌کێکیان هێزێکی دینییه و ئه‌وی تریان هێزێکی عه‌لمانییه هێزه دینیه‌که ناتوانێت له‌وه لادات ئه‌وه‌ی که له قورئان نووسراوه، به‌ڵام چه‌ندیان ده‌یکه‌ن یا نایکه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر بڕیاری که‌سیی - که ده‌کرێت دوایی که‌مێک باسی بکه‌ین - به‌ڵام بڕوایه‌که‌ی مه‌رجی بۆ داده‌نێ به‌س ڕێگر نییه.
هێزی دووه‌م که‌پێیان ده‌گوترێت عه‌لمانی .(سه‌ره‌تا مرۆڤ ده‌بێ ئه‌وه بڵێ که ئه‌و حاله‌ته له ناو وان زه‌قتره).
ئه‌وه‌یان له‌بیر چۆته‌وه که هاوسه‌رگه‌ریی کارێکی تایبه‌ته به مرۆڤ خۆی چ پێویستی به یاسا نییه. تۆ ده‌بێت هۆشیارییه‌ک دروست بکه‌ی که زیاتر ڕێز له ئازادیی تاک بگیرێ، هه‌رچه‌نده باسکردن له هاوسه‌رگه‌ریی باسێکی دوورودرێژه به‌ڵام گه‌ر وه‌ک به‌شێک له ئازادیی تاکه‌که‌س سه‌یری بکه‌ی ئه‌وه ئاینده‌که‌ی پابه‌نده به خودی که‌سه‌کان و له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا تاکه‌کان ده‌یکه‌ن به به‌شێك له تاقیکردنه‌وه‌ی ژیانی خۆیان و چیتر پارچه کاغه‌زێک چاره‌نووسی مرۆڤ دیاری ناکا.
هه‌ر کارێک بکه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی ئاکامێکی باشی هه‌بێت ده‌بێ زه‌مینه‌ی بۆ خۆش بکه‌ی. هه‌ندێك حاله‌ت و دیارده هه‌ن له ووڵاتی دیموکراسی و پێشکه‌وتنخوازیش به زۆرینه و که‌مینه یه‌کلایی ناکرێته‌وه.
تۆ تا ئێستاش له کوردستان زۆرینه‌ی دیارده کۆمه‌لایه‌تیه‌کان بده‌یه ده‌نگدان ئه‌وه ئه‌و به‌ره‌یه‌ی که گۆڕان قه‌بووڵ ناکا یاساکه به‌لای خۆی داده‌شکێنێ (هه‌ر له لێدانی منداڵ له قوتابخانه‌ڕا بگره تا کوشتنی ژن جا به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێ).
به‌ڕێزان ئه‌ی ئه‌وه کۆمه‌ڵگای ئێمه نییه کچی خوێنده‌وار ماره‌ییه‌که‌ی زۆرتره له کچی ماڵ. چی ده‌ده‌یه ده‌نگدان؟
بێ گومان ئه‌و هێزه‌ی که له نێو ده‌سه‌ڵات زیاتر ده‌رفه‌تی جووله‌ی هه‌یه و خۆی به عه‌لمانیی و پێشکه‌وتوو نیشان ده‌دا له‌وه شه‌رم ناکا و ده‌زانێت که ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی شه‌ڕی حیزبی ئیسلامیی پێده‌کا نه‌ک ئیسلام، چونکه ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئاماده نییه خه‌ڵکه دینداره‌که بڕه‌نجێنێ. ئه‌و چاک ده‌زانێ ئه‌وه‌ی که تۆزێک ڕێگای پێ بدرێ ده‌سه‌ڵاتی لێوه‌رده‌گرێ ئه‌وه هێزی ئیسلامییه بۆیه ده‌بینی له کاردانه‌وه‌دان، هه‌موو کات ده‌یانه‌وێ له‌ئیسلامییه‌کان ئیسلامییتر بن.
ئه‌گینا هه‌موو که‌س ده‌زانێ حاله‌تی فره‌ژنیی به‌ره‌و که‌مبوون ده‌چێ و ئه‌وه‌ی (شێخ محه‌مه‌د عه‌بده) به‌ر له‌سه‌ده‌یه‌ک له میسر که دژی فره‌ژنیی وه‌ستا و له هه‌مان کاتدا له‌گه‌ڵ مه‌رجدارکردنی بوو پێویست ناکا لێمان نوێ بکه‌نه‌وه.
دڵنیام ئێوه زیاتر به‌چاوی (د.نه‌وال سه‌عداوی) کوردستان ده‌خوێنه‌وه نه‌ک به هی خۆتان.
لای من وه‌ڵامه‌که نێگه‌تیڤه، تاکه هۆش گه‌ر بمه‌وێ کورتی بکه‌مه‌وه ئه‌ویش وونبوونی نوێنه‌ری دڵسۆز و شیاوه.
shwanhassan@hotmail.com
|