په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

گوتارى کوردى

لە نێوان کوردبوون و کوردستانى بوون دا.

محەمەدى مشیر   

 

دۆزى سەرجەم گەلانى مافخوراو و ستەمدیدە دۆزێکى رەوایە، نەتەوەبوون مافێکى سروشتى هەر ئیتنیکێکە کە خودان زمان و کلتور و مێژوو و فەرهەنگ و جوگرافیایەکى تایبەت بە خۆیەتى. کورد یەکێکە لەو نەتەوە گەورانەى تا ئێستا بە سەرجەم مافە رەواکانى نەگەیشتووە. کوردبوون مافێکى تایبەتە بەو کەسانەى لە پانتاییەکى جوگرافیدا بە هەمان زمان دەئاخڤن و هەمان دیرۆک و کەلتورو فەرهەنگیان هەیە. وەک چۆن کورد حەز بە تەعریب و تەفریس و تەتریک ناکەن، کە خواستێکى رەوایە، ئاواش نەتەوە بە ژمارە بچووکەکانى کوردستان وسەرجەم جیهان حەز بەو کارە ناکەن، تەنانەت ئایین و مەزهەبەکانیش لەم خواستەدا هاوبەشن و بە ئاسانى واز لە داب و نەریتە تایبەتەکانى خۆیان ناهێنن. بە گوتەیەکى دى هەوڵى کوردبوون لەسەر بنەماى بیرى تەسکى نەتەوایەتى، بە تایبەتیش لە سەردەمى گڵۆبالیزێیشندا، هیچ وەختێ خزمەت بە دۆزى رەواى نەتەوەبوونى کورد ناگەیەنێ، بەڵکو زەمینە هێندە لەبارە کە سەرجەم شۆڤینستە دژڕاکانى نەتەوەى سەردەستی وڵاتانی ده‌وروبه‌رو ناوچه‌که‌ بە باشترین شێوە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و مکوڕتربن لە سەر دەمارگرژییەکەى جارانیان.

 

 بە هەر حاڵ وەک چۆن کوردبوون خواستى رەواى کوردانە، تورک بوون و کلدۆئاشوورى بوون و ئێزیدى بوون و کریستیان بوونیش خواستێکى رەواى تەواى ئەو نەتەوە وئایینانەیە کە پابەندى زمان و کلتور و مێژوو و فەرهەنگ و ئایینى خۆیانن. کەواتە دەشێ بڵێین کوردبوون چوارچێوەیەکى ئارەزوومەندانەى زۆر تایبەتە و مەرج نییە تەواوى پێکهاتە ئیتنیی وئایینییەکانى هەمان ئەو پانتاییە جوگرافییە بێنە نێو هەمان ئەم چوارچێوەیە یان میتۆدى ئەم چوارچێوەیان قەبوڵ بێت. بە وتەیەکى دی دەشێ تاکێکى غەیرە کورد و ئایین جیاوازى ئەو پانتاییە جوگرافییە، کە پێى دەگوترێ نیشتمان، مافى کوردستانى بوونى پارێزراو بێ و هاونیشتمانى و هاوشارى و هاوگوندى کوردان بێ، بەڵام مەرج نییە هەموو هاونیشتمانی و هاوشارى و هاوگوندییەکان کورد بن یا موسڵمان.

 

 ئەگەر لە روانگەى چەمکى نیشتمانیبوونەوە تەماشاى کێشەى برایانى غەیرە کورد و غەیرە موسڵمان بکەین لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا، ئەوا باشترە بەر لە هەر شتێ چاوێک بە گوتارى سیاسی و یاسایى و رۆشنبیریى کوردان بخشێنینەوە و لەوێڕا تەماشاى خواستە رەواکانى کوردبوون بکەین.

 

 کوردستانى بوون چوارچێوەیەکى فراوانترە و پانتایى جووڵە و بزاوتى تێدا بەرفرەترە و مافى کوردبوونیش لە کورد ناستێنێ و زەفتى ناکات، بەڵکو پتەوتر و تۆکمەترى دەکات. بە پاراستنى مافە رەواکانى تەواوى پێکهاتە ئیتنى و ئایینییەکانى هەرێمى کوردستان دەتوانین باوەڕى زێترى ئەوان بە دەستبهێنین و پێکەوەژیانى ئاشتییانە فەراهەمتربکەین، دەرەنجام خۆمان لە گەلێ کێشەى ئایندەیى چاوەڕوانکراویش رزگاردەکەین.

 

کارکردن لەم پێناوەدا سەرەتا بە گۆڕینى ئەو میتۆدە دەست پێدەکا کە گوتارى سیاسی و رۆشنبیرى و یاسایى و کۆمەڵایەتییمان ئاراستەى دەرەوە دەکا و لە نێوخۆشدا پێویستى بە هەنگاوى بەپەلە و رێوشوێنى دیموکراسیانەى دوور لە دەمارگرژى نەتەوەیى هەیە.

 

بەرجەستەکردن و بەرهەستکردنى ئەم گوتارە کراوە تازەیەى لە سەر بنەماى کوردستانى بوونە و دوورە لە هزرى بەرتەنگى نەتەوایەتى لە کۆى پڕۆژە یاساکانى هەرێم و هەنگاوە کردەییەکانى حکومەتى هەرێم و، تەنانەت خودى پڕۆژە دەستوورى هەرێمى کوردستان، دەست پێدەکات،کە هێشتا کاتى هەموارکردن و پڕکردنەوەى کەلێنەکانى تایبەت بەم گوتارەى بەسەرنەچووە!

 

ناکرێ گوتارێک لە یەک کاتدا دوو میتۆدى بیرکردنەوەى جیاوازیی لە پشتەوە بێت.

 

نزیکەى 17 ساڵە لە ناوەخۆى کوردستان گوتارێکمان هەیە و لە دەرەوەى کوردستانیش گوتارێکى دى. باشتریش وایە گوتارى تازەمان، لەبەر رۆشنایى تەنگژەکانى ئەم دواییە لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ وگەشتربوونەوەى پەنگرى ژێرەوەى خۆڵەمێشى کێشە دەستوورى وسیاسییەکان بە فیتى شۆڤینستەکانى نەتەوەى سەردەست، بە شێوەیەکى شەفافتر پشت بە چەمکى کوردستانى بوون ببەستێ و واز لەم دوو فاقییەى پێشتر بهێنێ. ئەگەر سەرکردایەتى سیاسی کوردستان تا ئێستاش بەوە رازیبووە لە چوارچێوەى عێراقێکى دیموکراسی فیدڕاڵى فرەییدا بمێنێتەوە، کە هەموو ئاماژەکانیش تا ئێستا بەو ئاراستەیەن، دەبێ لە نێو هەرێمى کوردستانیش بە پێى هەمان لۆژیک رەفتار لە گەڵ هاونیشتمانییە کوردستانییە غەیرە کوردەکان بکات. سەرکردایەتى سیاسی کوردستان لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ، لە سەنتەردا، ئارەزوومەندانە سیمایەکى عێراقی بە گوتارى سیاسی خۆى بەخشیوە و لە سایەى ئەم گوتارەشدا هاوپەیمانى لە گەڵ هێزەکانى دیکەى عێراق بەستووە و لە پڕۆسەى بنایاتنانەوەى عێراقى نوێدا بەشداربووە.

 

 کەواتە خودى ئەو گوتارەى بۆ پەیوەندى کورد لە گەڵ سەنتەردا داڕێژراوە نابێ لەو گوتارەى کورد بۆ هاو نیشتمانییە کوردستانییەکانى هەرێم هەیەتى جیاوازبێت.

 

بەر لەوەى ئەوان وەبیرمان بێننەوە کە مافەکانیان وەکو پێویست دابین نەکراوە با دەستپێشخەرییەکە لە خۆمانەوە بێت، سەرەتا و کۆتاییش ئەمە مافێکى رەواى ئەوانە و ئەو هێندەى کوردستانى بوون  کوردبوون دەپارێزێ، کوردبوون به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ناتوانێ ئەو هێندە کوردستان بپارێزێ!!