١٩\٣\٢٠١١
هاوارێک..!

کامەران عەزیز
هەڵوێستی پێنجەم:
ڕاوەستانی خۆپیشاندەران..ئەنجامەکەی بێئومێد
کردن و خۆکوژی گەنجانە..!
گەنجان لە هەر توێژێکی دیی کۆمەڵایەتی زیاتر خاوەنی ئەو هەیاجان و ووزە
و ئێنەرژیەن کە دەتوانێت ببنە پاڵنەری خێراترکردنی گۆڕانکاری و
رووداوەکان..ببنە خێراترکردنی هەنگاو و داهێنانەکان، وە ئەم ووزەیە
دەتوانێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ توانای زیاتریان تا بتوانن بە
زوویی دیوار و سنورەکانی ئەودیوی ژیانی خۆیان بەبێ ماندوو بوون ببڕن،
بۆ کەشفکردن و ئاشکراکردنی هەموو نهێنییەکانی دیی ژیانیان، تا ژیانی
گەنجیەتی خۆیان بەرەو ئاییندەیەکی باشتر بگوێزنەوە..وە بەراووردکردن
دەتوانن کەمی ئاستی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بدۆزنەوە، وە ئەم ئاستە
کەمە لە گوزەرانیان بکەنە بنەمای هەستان و خرۆشانەکانیان..وە هەر ئەم
ئاستە کەمەی ژیانیان بکەنە چرای روونکردنەوەی ویست و
پێداویستەکانیان،..تا بەبێ ترس و بەبێ گوێگرتن ڕووبەڕووی هەر بەڵێنێکی
درۆینەی دەستەڵاتداران ببنەوە، بێدەنگ نەبن و ڕانەوەستن..!
وە گەنجیەتی بۆ گەنجان مانای سەلماندن و ناساندنی بون و
کەسایەتیانە..مانای بەکارهێنانی توانای جەستەیی و ئازایەتی خۆیانە
بەرامبەر بە کۆمەڵگا و دەستەڵات، بۆ ئاییندەیەکی ڕوون و پێشکەوتو..بۆ
ئاییندەیەکی پڕ لە داهێنان و گەشە کردو..!
گەنجان ئەو توێژەن کە خاوەنی دەروونێکی ئۆقرە نەگرتوو و نا
ئارامن..هەموو شتێک بەلای گەنجانەوە زوو کۆن دەبێت و باوی
نامێنێت..بۆیە هەمیشە بیر دەکەنەوە لە وێنەو ستایلێکی نوێ بۆ ژیانی
ئێستا و داهاتویان..وە بیر دەکەنەوە بۆ گٶڕینی هەر دەستەڵاتێکی
چەقبەستوو ونەگۆر و ڕۆتین و دووبارە لە ژیانی ئێستایاندا، تا هەمان
ستایل و چۆنیەتی دەستەڵات لە ئاییندەیاندا دووبارە نەبێتەوە و دیسان
ئاییندەیان بە مۆدێل و باوەڕی کۆن داگیر نەکرێتەوە..! گەنجان بۆ ئەم
ئامانج و مەبەستە هەمووکات بەبێ ترس ئامادەن بێنە مەیدان و سەر شەقام،
تا ئازایانە ڕووی بە ڕووی دەستەڵاتداران ببنەوە، بە ئومێدی بەدیهێنان و
سەرکەوتن..!
وە لە بەر بوونی ئەم ووزە و ئێنەرژیەیە کە هەموو حیزب و دەستەڵاتێک،
پێوەری توانا و هێزی خۆی بە بونی زۆرینەی ڕێژەی گەنجان لە حیزب و
دەستەڵاتیاندا بپێون..وە حیزب و دەستەڵاتە کۆنسەرڤاتیڤ و سەربازیەکان
شا گەشکە دەبن بە بونی ڕێژەی زۆری گەنجان لە ڕیزی هێزەکانیاندا. وە بە
پێچەوانەشەوە بە زوویی توشی لەرزین دەبن و هەست بە مەرگ دەکەن، کاتێک
تووشی ڕوو بە ڕوو بونەوە بون لەگەڵ هێزی نا ڕازی گەنجاندا..کاتێک
بینیان زۆرینەی ڕێژەی گەنجان دژ بە خۆیان وەستاوەتەوە..کاتێک کە
نەیانتوانی هێزی گەنجان دەستەمۆ بکەن و چەواشەیان بکەن..!
بەڵام، بۆ نمونە؛ لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا ئەگەر هاتوو گەنجان بە
هەر هۆیەک توشی شکست و پاشەکشە بوون، لە گۆڕانکاریەکانی ژیانیاندا و
نەیانتوانی خواستەکانی ڕۆژانەیان بەدیبهێنن، ئەوا خەمۆکی و بێزاری دڵ و
دەروونی گەنجان داگیر دەکات..! ئەم خەمۆکیەش گەنجان بەرەو چەند
حالەتێکی ترسناک دەبات؛ لە حاڵەتی یەکەمدا، گەنجان تووشی بێومێدی و
نامۆیی دەکات، وە دەبێتە پاڵنەری گەنجان بەرەو هەڵبژاردنی کاری خۆکوژی
و مەرگ..! وە لە حاڵەتی دووەمدا گەنجان تووشی توڕەبون و بەگژاچوون و
توندوتیژی هیستریایی دەکاتەوە و لە هەموو شوێنێکدا ئامادە دەبن بۆ کاری
توندتیژی و ئاژاوە و تێکدان و وێرانکاری و ئازاردانی هەر مرۆیەک کە
بەرەو ڕوویان ببێتەوە..! لە حاڵەتی سێیەمدا توشی هەڵوێستەیەکی سەیر
دەبن..توشی دڵشکان و تۆران و بێزاریەکی گەورە دەبن..! هەموو بەهایەکی
نیشتمانیان لە لا قێزەون دەبێت و هەموو دەستەڵاتێکی نێو نیشتمان بە
دوژمنی خۆیان دەزانن..! بۆیە ناوەستن و بڕیاری خێراو توند دەدەن لە
بەرامبەر شوێنەکانی ژیان و پەروەردەبونیاندا، بڕیاری بەجێهێشتنی
نیشتمان..بڕیاری ماڵ ئاوایی لە بیرەوەریەکانی منداڵی و گەنجیەتی
بریندار و شکاو دەدەن..کە کۆچی ساڵانی نەوەدەکان بەڵگەیەکی زیندووی ئەم
بڕیارانەن..!
بۆیە هاوار دەکەم و دەڵێم ئەوانەی دەیانەوێت خەون و ژیانێکی نوێ لە
ژیانیانیاندا ببینن..ئەوانەی دەیانەوێت ئاییندەی ڕوون و باشتر بۆ
نەوەکانیان بەدیبێنن.. ئەوا با هەموو پێکەوە بە هەموو
جیاوازیەکانمانەوە نەهێلین ئەم هەستان و خرۆشانەی گەنجان و لاوانی
کوردستان، بۆ گۆڕانکاری و ئیدارە و دەستەڵاتێکی نوێ..بۆ بەدیهێنانی
داواکاری و داخوازیەکانمان..بۆ چاکسازی و درووستبونەیەکی نوێ ڕابوەستێت.
من لێرەوە بە هەموو هاوڵاتیەکی هوشیار و خەمخۆر..بە هەموو کەسێکی سیاسی
ناڕازی..بە هەموو ڕٶشنبیر و نوسەر و هونەرمەندێکی ڕەخنەگر ڕادەگەیەنم
کە ئەمڕۆ ڕۆژی گەیاندنی پەیامەکانتانە..ئەمڕۆ ڕۆژی بە کردەوە کردنەوەی
ڕەخنەکانتانە..ئەمڕۆ ڕۆژی بە زینووڕاگرتنی ووشە و ووتەکانتانە..ئەمڕۆ
ڕۆژی دەرهێنان و بەکارهێنای قەڵەمەکانتانە..ئەمڕٶ ڕٶژی ڕێنمایی کردنی
هاوڵاتیانە..ڕۆژی بەرز کردنەوە و پیشاندانی مانیفێستەکانتانە ..ئەمڕۆ
ڕۆژی دەستگرتنی هەمووانە دژ بە دەستەڵاتدارنی گەندەڵ و مشەخۆر و نا
عەدالەت و سەرکوتگەری کوردستان..!
15.03.2011
ماڵپهڕی کامهران عهزیز
|