هایدیگەر، هیتلەری فەلسەفەی ئەڵمانییە؟!
سەلام عەبدوڵا
جۆرج لۆکاش: پێویست بە گوتن ناکات، هایدیگەر نازی بوو. لەم بارەیەوە هیچ گومانێکم نیە،جگە لەمەش، ئەو بەردەوام کەسێکی کۆنەپەرەست بووە .
ئەم رۆژانە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کتێبی (هایدیگەر و شۆڕشی فەلسەفی، د. محەمەد کەمال، 377لاپەڕە)گەیاندە دەستی خوێنەران و لێرەدا شوێنی سەرنج و تێبینی ئەم وتارەیە.
هەر لەم رۆژانە، دوو مێوانی ئەڵمان(رۆژنامەنووس و مێژوونووس د. نیکۆلاوس بڕاونس- هاوکاری ئەندامی پەرلەمانتار ئولە پاڵپکە- و پارێزەر، نووسەر و رۆژنامەنووس خانم بیرگیتە کیشلەر)بۆ سلیمانی هاتن. پێش ئەوەی بگەینە کتێبخانەی هاوڵاتی، پێمگوتن: ئێوە ئەزانن، هەندێ کوردی دژە گۆڕان، شۆڕش و پێشڤەچوونی مرۆیانە، تازە بە تازە بیردۆزانی کۆمەڵکوژی(نیتشە و هایدەگەر)یان دۆزیوەتە؟ ئەوان پێکەنین و پێیان وابوو گەمەیان لەتەک دەکەم، بەڵام هەر کە گەیشتینە کتێبخانەی هاوڵاتی، دەبینین کتێبێک بەناوی(هایدیگەرو شۆڕشی فەلسەفی)بۆ فرۆشتن دانراوە. ئەوجا سەیریان لێ هات و تیان: جا کوردان چ پێویستییەکیان هەیە بە فەیلەسوفی فاشییەت؟. منیش بە پێکەنینەوە وتم: سەبرکەن، ئێستا چەندین کتێبی نیتشەو هیتلەر-ماین کەمف، کە دەیان ساڵە لە ئەڵمانیا قەدەغەیە و کتێبی نهێنییەکانی هیتلەر- یان لەبارەیانەوە پیشاندەدەم.
ئەوان بە سەرسوڕمانەوە وتیان: ئاخر بۆچی.
منیش هەر بۆ شۆخی، پێمگوتن: سمێڵ رەمزی پیاوەتییەو هەندێ کەسی باوکسالار پێیانوایە، پیاو بە سمێڵە و بەڕاستی سمێڵی نیتشە زۆر لە سمێڵی مارکس قەبەو پڕترە...رۆشنبیری کوردی لە پەنجاکانەوە تا ئێستا قەت بەم پلەیەی ئێستا ئاستنزم، بۆگەن و بارلێژ و پێکەنیناوی نەبووە، ئەگەر وا نەبێت، بۆچی رێک لەم سەردەمە کە پەتای جەنگ و تاوانی کۆنەپەرەستی و وەحشییەتی سەرمایە باڵادەستە، ئەو جۆرە کەسانە پەنا بۆ ئەو بیرمەندە دڕندانە دەبەن کە خوێنی ملیونان مرۆڤ لە نوکی قەڵەمەکانیان دەچۆڕێ؟! لەوەش وێرانترو خراپتر و زیانبەخشتر ئەوەیە، ئەو"گیزندلانە" هەڵدەدەن، قەڵەمەکانیان بۆ پشۆرنەوەو بەبێ لەکەی خوێن بە خوێنەری کوردزمان بناسێنن، ئایا بڵاوکردنی ئەم جۆرە نووسراوانە پیشەسازی فکرێکی تایبەت نییە یان من گومڕام و بێ ویژدانانە و لە"ئێرەییەوە"، هێرشی ناڕەوا و بێ بەڵگە دەکەمە سەر هەندێ"رۆشنبیر"؟!
هەرگیز، ئەرکی ئێمە ئەوەیە، پەیوەندی نێوان هوشیاری و بوون کە بنەڕەترین کێشەی فەلسەفەیە بە تێڕوانینێکی مەتریالیستی دیالێکتیکی و مێژوویی راڤەبکەین و هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بیگۆڕین. ئەمەیە ئەرکی فەلسەفە، چونکە>لەسەرەتاوە بەرهەمهێنانی هزر، تەسەورەکان و هوشیاری بەشێوەیەکی راستەوخۆ وتۆکمە، تێکەڵە بەچالاکی مەتریالیستانەوە و پەیوەندی مەتریالیستانە لەنێو مرۆڤەکان، ئەمە زمانی ژیانی واقیعییە. لێرەشدا تەسەورەکان، فکر و مامەڵەکردنی زهنی لەنێو بەشەر بە شێوەیەک دەردەکەوێ کە راستەوخۆ لە هەڵسوکەوتە ماددیەکەیان سەرچاوەی گرتبێ. خودی ئەمە لەسەر بەرهەمهێنانی هزریانە جێبەجێدەکرێ لە زمانی سیاسەت، یاساکان، رەوشت، ئاین و میتافیزیا...هتد لە ناو تەواوی گەلێک. مرۆڤەکان خۆیان سەرچاوەی تەسەور و هزرەکانیانن...هتد(ئیدۆلۆژی ئەڵمانی، لاپەڕەی30)
هایدیگەر لە بیستەکانی سەددەی رابردوو کاری فەلسەفی بڵاوکردووەو لە 1976دا بە بەبێ ئەوەی بچووکترین پەشیمانی یان رەخنە لەخۆ بگرێ، بە شانازییەوە وەک بیرمەندێکی فاشیست، کۆچی کرد، کەچی 30 ساڵ پاشڤە مەرگا وی، بەبێ ئەوەی شایەنی هیچ نووسینێک یان لاکردنەوەیەک بێت لەلایەن روناکبیرانی کوردەوە، تازە بە تازە د. مەحەمەد و-لیستەیەک لەناوی رۆشنبیرانی تاوان-، دەرخواردی خوێنەری کوردی دەدەن و لەگشتی سەیرتر و سەرسوڕهێنتر ئەوەیە، د. محەمەد، هایدەگەر وەک رابەری شۆڕشێکی فەلسەفی پێمانی دەناسێنێ. من پێش هەموو شتێک خوێنەرم و هەندێ جار راستەوخۆ چاوم بە ناوی زلکراو، بەڵام وێران دەکەوێ، بۆ نموونە لە مانگی رابردوو کتێبێکم خوێندەوە بەناوی(نیتشە و فێمینزمی هاوچەرخ)و تێدا ئاماژە بە بۆچونێکی ئەحمەدی بابەک دەکات: (رەخنەی سەرەتایی دریدا لە میتافیزیکی خۆرئاوا ئەوەیە کە بیری فەلسەفی زانستی خۆرئاوا هەمیشە زیندانی فاکتەری دوو جەمسەری بووە کە خۆی درووستی کردوون و پاشان وایزانیوە کە لە راستیدا هەن، بیری میتافیزیک هەرگیز نەیتوانیوە خۆی لە بەندەیی ئەم زیندانە رزگار بکات-لاپەڕەی24)،
بەبێ ئەوەی پێویستیمان بەوە هەبێت، بە هوردی ئەو رستانەی سەرەوە بخوێنین، دەتوانین بە کورتی بە ئەحمەدی بابەک بڵێین: دوو جەمسەری، بەرهەمی بیری فەلسەفی زانستی خۆرئاوا نییە و درووستیان نەکردوە، بەڵکو دوو جەمسەر لە دێڕزەمانەوە، لەو کاتەوە کە مرۆڤ ئەفسانەکان و ئاینە فرەخوداییەکان تا بە داڕشتنی تاک خودایی، ژیان و ململانییەکانی لە دوالیزمی خێر و شەڕ، باش وخراپ، دابەشکردووە.
کاک کەمال لەم بارەیەوە هەمان هەڵەی کردووە و پێی وایە(ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی بیرکردنەوەی فەلسەفی بدەینەوە، دەبینین سەرهەڵدانی میتافیزیکی دوالیستی لە بۆچوونە فەلسەفییەکەی ئەفڵاتۆن دەستپێدەکات و بە نیتشە تەواو دەبێ-لاپەڕە12و13).
مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆ دەبێ لە نووسینەکانی زۆر وردبینانەتر بێت لە خوێنەران، چونکە: بە بۆچوونی مێژووناس(دیوگینس لارتیوس)لە سەدەی دووی زاینیدا، دووپاتیکردووە کە رۆژهەڵاتییەکان و بەتایبەتی مسرییەکان یەکەمن لە فەلسەفەکردن>سەرچاوە: د. عبدالرحمن بدوی، ربیع الفکر الیونانی، قاهرە، 1958، لاپەڕە10<. ئەمە هەمان بۆچوونی زۆر لە بیرمەندان بووە، وەک(فیلون)ی جوو و(کلیمنت)ی ئەلسکەندەری>کریم متی: الفلسفە الیونایە قبل سقرات، پێشەکی، بەغدا، 1967. هەر لە هەمان کتێب(خوای شۆڕش) بەم شێوەیە ئاماژە بۆ بۆچوونی فوئاد زەکەریا دەکات: (... یەکەم فێرگەی هزر لە خودی سەرزەمینی یونان دەرنەکەوت، بەڵکو لە ئۆردوگایەکی ئەیونی...- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە113.)؛ لە شێکردنی سروشتی میتافیزیای یۆنانی-کاکڵەی فەلسەفە لەلای یۆنانییەکان، دەکرێ بگوترێ کە تەنها داڕشتنێکی نوێیە بە شێوەی گوتن و زاراوەیی لەبارەی دیاردەی عەقلانییەت و زانست بۆ بابەتگەلی خودی میتۆدۆلۆژیا کە پێش دەرکەوتنی میتافیزیای یۆنای هەبووە. زۆر لە تازەگەرەکان وەک(ری)و(ب. ئەلکسەندەر)و(دیورانت)و(میلهود)و(سارتون)هەمان بۆچوونیان هەیەو لەهەمان کاتدا (جاردنەر) ئەم ئاراستەیە بە گوتەیەکی بەپیت و روون دەریبڕیوە: ( فەیلەسوفە یۆنانییە یەکەمەکان وەک تالیس و فیتاگۆرس وەک قوتابی لەبەر پێی کاهنە مسرییەکان دادەنیشتن.- Egypt of the pharaohs، p9-) بە بۆچوونی خودی ئەفلاتۆن(یۆنانییەکان منداڵن لەچاو ئەو شارستانییە کۆن و مەزنانە- فوئاد زەکەریا، التفکیر العلمی، لاپەڕەی 129). هەروا: بە بۆچوونی مسرییەکان، قوتابخانەی(مەنف)ییەکان، دنیا لە دوو نەمر پێکهاتووە کە ئاو(نون) و ئاگر(رع)ن- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە116.
بەڵام ئەمە تەنها زانیارییەکی کەمە لەبارەی سەرەتای فەلسەفەکردن کە لەناو منداڵدانی ئەفسانە ، سیحرو ئاین و بەگشتی بیرکردنی مرۆڤ و نائارامی و دڵەڕاوکێی بۆ تێگەیشتن لەخۆی و دەوروبەری لەپێناو گەیشتن، چونکە بێگومان ئەگەر بەدوای زانیارییەکان لەبارەی سەرەتای ناوبراو لە مێژووی ئەکەد، ئاشوور، بابلی، سوبی یان شارستانی چین، فارس، وڵاتانی ئەفریقا و هیندستان بگەڕێین، هەرگیز ناگەینە دیاریکردنی سەرەتایەکی واقعی و سەرڕاستانە بۆ مێژووی فەلسەفەکردن، بۆیە ناعەقلانییەتە، ئەگەر بۆ سەرەتای مێژووی فەلسەفە بگەڕێین! لەوەش گرنگتر: ئەگەر سەرەتای فەلسەفەکردن بۆ نائارامی مرۆڤ لەبارەی بوونی خۆی و ژینگەکەی بگەڕێنینەوە، ئەوا خودی ئەفسانەکان هەزاران پرسیاری فەلسەفی دەورووژێنن لەبارەی ژیان و مردن و سەرگەردانی تا هەنوکەی مرۆڤ لەبارەی سەرچاوەی ژیان(سەرچاوە؟!). ئایا ئەفسانەکان جۆرێک لە فەلسەفەکردن نین؟! ئەی ئەگەر فەلسەفە بۆ پرسیارکردن بگەڕێنینەوە، ئەوا دەتوانین یەکەم مرۆڤی نەناسراوی ناو کۆمۆنە سەرەتاییەکان کە ئاستی هوشیارییەکەی گەیشتە پرسیاری: ((بۆ))لە مێژووی نەنووسراو، یەکەم فەیلەسووف بووە: (مێژوویەکی دیاریکراو بۆ سیاسەت، یاسا، زانست، هونەر و ئاین نییە(مارکس، دەستنووس-ل.فۆیەرباخ، لاپەڕەی657)و دەتوانین فەلسەفەش بخەینە پاڵیانەوە!
کاک کەمال لەسەر ئەو هەڵە قورسەدا، بەشی یەکەمی کتێبەکەی بنیاتناوە.
لێرەوە نامەوێ زیاتر درێژە بەم لایەنە بدەم، چونکە بۆ نووسینی چەندین جلدیش کۆتایی نایەت، ماوە لەگەل مارکسدا بڵێم: (بەپێچەوانەی فەلسەفەی ئەڵمانی کە لە ئاسمانەوە بۆ سەرزەمین دادەبەزێت، لێرەدا-لە کتێبی ئیدۆلۆژی ئەڵمانی- لە سەرزەمینەوە بۆ ئاسمان بەرزدەبین... ئیدۆلۆژی ئەڵمانی-لاپەڕە30).
چەند"سووکە"هەڵەی نووسینی دکتۆر: لەبری مێسکیرش نووسیویەتی مێسکرش- شوێنی لەدایکبوونی هایدیگەر؛ لەبری یورگ، نووسیویەتی یۆرگ- ناوی کوڕِە گەورەکەی هایدیگەرە-).
لەڕاستیدا بێجگە لە سەرقاڵبوونم بۆ جێبەجێکردنی چەند"پڕۆژەیەک"، بڕیاریشم نەداوە سەرتاپای کتێبەکە شەن وکەو بکەم و تەنها کار لەسەر گرنگترین بەشی کتێبەکە دەکەم، واتە: هەڵەی رامیاری هایدیگەر. پێشەکی دەبێ خۆشحاڵی خۆم دەرببڕم لەبارەی ئەوەی د.محمد کەمال ئاشنایە بە کتێبەکەی(ڤیکتۆر ڤاریاس بەناوی- هایدیگەر و ناسیونال سۆسیالیزم)و لە کتێبەکەی ئاماژەی پێکردووە، بەڵام بەداخەوە هیچ سوودی لێوەرنەگرتووە بۆ نزیکبوون لە حەقیقەتی هایدیگەر، بە مانایەکیتر، وەک مامۆستایەکی زانکۆ دەبوو بەباشی لەو هەموو بەڵگەنامە بێشومارانە کە بە پشکنین لەماوەی 11ساڵ لەناو ئەرشیڤی کتێبخانەکانی فرایبۆرگ و بەرلین و ئەوانیتر بەدەستیهێناوە، وردبێتەوە، بەڵام دیارە د.محەمەد پێشوەخت بڕیاری داوە، دوور لە میتۆدی زانستیانە، حزبیانە مامەڵە لەگەل کتێبەکەی ڤاریاس بکات و قەڵەمە سەرتاپا لەناو خوێن نغروبووەکەی هایدیگەرو بەرێگای ئەمەوە تەبابوونی نووسینەکانی نیتشەش لە نازییەت رزگاربکات.
ئەندامبوون لە حزب و دەسەڵاتی فاشیستی بیر یان هەڵەی سیاسی نییە وەک د. محەمەد ناوزەدی دەکات، بەڵکو تاوانە وەک بزووتنەوەی ئەنتی فاشیستەکانی ئەڵمانیا ناوزەدی دەکەن. سەیر ئەوەیە کوردێک بەرێگای هیندستانەوە خۆیی گەیاندوەتە زانکۆی ئوسترالیاو لەوێوە بەپێچەوانەی گشت زانا کۆمونیست و چەپ و مرۆڤدۆستەکانی ئەڵمانیا، تازە بە تازە بیانوو سازدەکات بۆ نازینەبوونی هایدیگەر.
د. محەمەد لە ئوسترالیاوە بیانوویەکی درووستکردووە بۆ هایدیگەر کە خودی هایدیگەریش وای نەگوتووە و قبووڵیشی ناکات: بۆ نموونە لە لاپەڕەی 181-182، دەنووسێ: (بە بیروڕای من هەڵەی هایدیگەر لە هەڵبژاردنەکەیەوە بەسەرۆکی زانکۆ دەستپێدەکات. ئێمە، ئێستا دەتوانین ئەم حوکمە بدەین، چونکە سیاسەتی نا-مرۆڤانەی نازییەکانمان بینی. ئەو کاتە لەسەرەتاوە ئەم سیاسەتە ئاشکرا نەبوو، نازییەکان داوای گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەیان دەکرد. زۆر کەس لەسەرەتاوە دڵیان بەم داواکارییانە خۆش بوو.، بەڵام زوو وەکو هایدیگەر نائومێد بوون و پەشیمان بوونەوە. )
ئایا ئەمە داڕشتنی رستە و بەڵگەهێنانی مامۆستای زانکۆیە؟
نا! ئەی بەڕێز، ئایا هایدیگەر پێشتر سیاسەتی (ئەنتی دیموکراتین ئەنتی کۆمونیستی، ئەنتی جوو، سنتی و رۆما)ی نازییەکانی نەزانی و نەبینی، یان لە سیاسەت و کردەوەکانی حیزبی ناسیونال سۆسیالیزمی کرێکاری ئەڵمانیا ناشارەزا بووە، یان بەڕاستی وەک فەیلەسوفێک، دەیزانی ئەو حیزب و دەسەڵاتە وێرانکارن و جیهان بەرەو زێرانکاری دەبەن و پێی قبووڵ بووە و بە بڕەاوە کاری بۆ کردووە؟! خۆزگا داوا شۆڕشگێڕانەکەی هیتلەرمان بۆ روون بکرداباو ئەگەر هایدیگەر نائومێد ببا، ئەوا بۆ نموونە لە لانی کەمەوە، وەک ئاینشتاین و بریخت و بۆل و هەزاران کۆمونیست، ئەنارشیست، سۆسیال، جوو و سنتی و رۆما، بە کاروانی کۆچکردن بەرەو هەندەران، پەیوەست دەبوو.
د. کەمال دەنووسێ: (بۆ کەمکردنەوەی پاڵەپەستوکەو پاراستنی مامۆستا جووەکان و پەرتووکەکانی پەرتووکخانەی زانکۆ، هایدیگەر بڕیاریدا بچێتە نێو نازییەکانەوە و ئەوەندە دەسەڵاتی هەبێت، زانکۆ و مامۆستاکان لەو گەندەڵییە بپارێزێت. پاش نۆ مانگ هایدیگەر زانی کە کارەکەی بێسودەو ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە ژوور دەسەڵاتی رامیارییەوە دابنێت، وازی لە کارەکەی هێنا. نازییەکانیش سزایان داو رێگەیان پێنەدا لەوانەگوتنەوە بەردەوام بێت و ناردیان بۆ چاڵ هەڵکەندن- لاپەڕەی 182)
کاتێ بەڕێزیان کتێبەکەی(ڤیکتۆر ڤاریاس)یان خوێندووە، دەبوو بەو شێوەیە نەنووسێ، چونکە ڤاریاس بە دوورودرێژی لەبارەی درێژەپێدانی بیرو پەیوەندی هایدیگەر لەگەڵ نازییەکان تا روخانی رژێمی هیتلەر و تا گۆڕبەگۆربوونی، نوسیووە، بۆ نموونە(ناوی بەشی سێهەمی کتێبەکە- هایدیگەر و دەزگای ئیدۆلۆژی دەوڵەت: روم و بەرلین-، لاپەڕەی 343- 356). لەم لاپەڕانەدا، هایدیگەر قسەیەکی پێشینانی کوردانمان بۆ دەسەلمێنێ>پەتی درۆ کورتە<:هایدیگەر لە 1945 ئیدیعای ئەوە دەکات گوایە لە ساڵی1938وە ناوی ناهێنرێت وهەر جۆرە ئاماژەیەک بۆ بەرهەمەکانی، قەدەغەکراوە. لاپەڕەی344>
راستییەکەی:...ڤاریاس بە بەڵگەوە دەڵێ(نەک تەنها وتارو کۆمینتار لەبارەی نووسینەکانی هایدیگەر، بەڵکو لە ئۆرگانە سیاسییەکانیشدا بە بێ کێشە، بڵاودەبوونەوە...بۆ نموونە لە – Blaettern fuer Deutsche philosophie-: دوو بابەت لەبارەی نووسینێکی هایدیگەر(لەبارەی کاکڵەی بنەماکان) و کتێبەکەی لەبارەی هۆڵدەرلین بڵاوکراتەوە. هەردوو رەخنەکە بەشێوەیەکی پۆزەتیف لەلایەن پرۆفیسۆر بڕۆنۆ باوخ بەشێوەیەکی پۆزەتیف نووسرابوو. بەڕێوبەر و خاوەن ئیمتیازی ئەم گۆڤارە(ه. هایمسویت)ە کە کەسێکی خاوەن بڕوای بتەو بووە بە ناسیونال سۆسیالیزم. ڤاریاس بۆ دەستکەوتنی ئەم زانیارییە، سوپاسی ئوڤە هینینگ دەکات کە لە ئینستیتوتی ماکس بلانگ کاردەکات لە بەرلین!). لە بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن هاوکارێکی بەرێوبەرایەتییەکەی رۆزنبێرگ نووسراوە و لە ئەرشیفی (ئینستیتوتی موینشن بۆ مێژووی هاوچەرخ)پارێزراوە، ئاماژە بۆ کارتێکردنی هایدیگەر دەکات لە زانکۆی براغ لەکاتی داگیرکردنیداو بەرێگای سیمنارەکانی پرۆفیسۆر کورت شیلینگ(شیلینگ لە 1/5/1933بووە بە ئەندامی ئێن. ئێس. دی. ئا. پی و پرۆفیسۆری فەلسەفە بووە لە زانکۆی موینشن و لە1939بووە بە مامۆستای فەلسەفە لە براغ). وەک بەڵگەیەکی تر بۆ درۆکردنی شۆرشگێرەکە کاک محەمەد لەبواری فەلسەفە، ڤاریاس ئەم نموونەیە دەهێنێ: بۆ ئەوەی بۆچوونی رژێم و لایەنگرەکانی لەبارەی هایدیگەر ببینین ئەوا دەتوانین پرۆسەی دیاریکردنی مامۆستایەک لە زانکۆۆی موینشن پاش دەگونجێ. پاش مەرگی بویشنەر لە ساڵی1941، زانکۆی موینشن بۆ مامۆستایەک دەگەڕێن، شوێنی بگرێتەوە. (ئەم بەڵگەنامەیە لە ئەرشیفی زانکۆی موینشن پارێزراوە). لە بەڵگەنامەی رۆژی16/یولی/1942، لیستی ناوی مامۆستاکان نووسراوە و پێشکەش بە وەزیری رایخ بۆ زانست، پەروەردە و فێرکاری گەل و کۆمسیونەکە پێکهاتبوو لە بەرێوبەری زانکۆ پرۆفیسۆر ڤالتەر ڤوست(لە سەرکردایەتی رایخی ئێس. ئێس و پرۆفیسۆری -کلتووری ئاری و زانستی زمان-)...وپلەی تریش و رۆدۆلف تیل(نوێنەری رابەرایەتی-ئێن. ئێس-ی مامۆستایانی زانکۆ). ئەم کۆمسیونە ناوی مامۆستاکانیان ریزکردبوو و ناوی هایدیگەر چوارەم ناوە لە لیستەکە....
ڤاریاس قەت ماندوو نەبووە لە گەڕان و دۆزینەوە و پێشکەشکردنی بەڵگەنامە باوەڕپێکراوەکانی ئەرشیفە فەرمییکان بە خوێنەران لەبارەی پەیوەندی هایدیگەر بە رژێمی هیتلەر. لە لایەڕەی 347، هاتووە: لە تێبینییەکدا لە سەنتەری دیکۆمێنتی بەرلین گواهییەک بەدەستمان دەدا کە لە1944دا بەهۆی کەمبوونی کەرەستەی خاو بەگشتی، بڵاوکراوەکان زۆر سنووردار کران یان تەنانەت بڵاوکردنەوە راگیرا، وەزارەت، بەبێ هیچ مەرجێک، وەرەقەی ناردووە بۆ دەزگای چاپەمەنی کلۆستەرمان بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی هایدیگەر چاپ بکەن؛ تێکستەی(Andenken)لە1943بە بۆنەی یادی 100ساڵەی مەرگی هۆڵدەرلین لەچاپدراو لە 1944دووبارە چاپکرایەوە.....هتد >>بەراوردی ئەم بەڵگەنامانە بکەن لەگەل بۆچوونەکەی هایدیگەرو پارێزە کوردەکەی د. کەمال لە لاپەڕەی182-192<< بکەن کە لە و دەیان بەڵگەیتر کە بە پێویستی نازانم ئاماژەیان بۆ بکەم و ئەم ئەرکە دەخەمە ئەستۆی د. محەمەد کەمال، بۆ نموونە پەیوەندی هایدیگەر لەگەل فاشیستەکانی ئیتالیا یان بۆچوونەکانی لەبارەی (Abraham a Sancta Clara)!...
ئازادی بیروڕا دەربڕین لە کوردستان سەرەڕای فاولەکان، دەستکەوتێکە نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام ئازادی بەمانا هیگلییەکەی و پاشان مارکسییەکەی(تێگەیشتنی پێویستییە). ئایا ئێمە پێویستیمان بە کتێبی(نهێنییەکانی هیتلەر، ماین کەمف و هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی و نیتشە هەیە؟!) من پێشنیار دەکەم ئەو بڕە پارەیە کە بۆ بڵاوکردنی کتێب تەرخان دەکرێ، بۆ بڵاوکردنی بەرهەمی مرۆڤدۆستەکان خەرج بکرێت>مەبەستم بەرهەمی فکری کۆمونیستی نییە<، نەک بۆ بیرمەندانی فاشییەت، چونکە تەنها ئەڵمانە نازییەکان و نەتەوەییە توندڕەوەکان بەو جۆرە بەرهەمانە شانازی دەکەن! پرۆفیسۆر ڤێکتۆر فاریاس12ساڵ لە ژیانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی مارتین هایدیگەر تەرخانکردو لە پایزی1987دا وەک کتێبێک لە ژێر ناوی(هایدیگەر و ناسیونال-سۆسیالیزم)بە زمانی فەرەنسی لە پاریس بڵاوکردەوە. بەم بۆنەیەوە، رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی نووسیبووی: (کتێبەکەی فاریاس تەقینەوەیەکە، ئەوەش نا لەبەر هێرشکردنەکەی، بەڵکو لەبەر بەهێزی). ئارنۆڵد شویلزیل لە ووتارێکدا دەنووسێ(هیچ چاپخانەیەکی ئەڵمانیا ئامادە نەبوو ئەو کتێبە لەچاپبدەن-یونگە ڤێڵت،25.5-). بەڵام لەپاش11ساڵ بە زمانی ئەڵمانی بڵاودەکرێتەوە. بەداخەوە پێشەکی چاپە ئەڵمانییەکەی لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی بەناوبانگ(یورگن هەبەماس)ەوە نووسراوە، چونکە، بە بۆچوونێکی، هەموو رەنجی(فاریاس)ی بەبا داوە! هەبەماس دەنووسێ: (بەرهەمەکانی هایدیگەر دەمێکە خۆیان لە کەسایەتییەکەی جوداکردووە.-ل.12-)! ئایا بەراست مرۆڤ لە بەرهەمەکەی جوێ دەکرێتەوە؟! بەرای من، چەندە محەمەد لە قورئان و دامەزراندنی دەوڵەتەکەی جوێدەکرێتەوە؛ سەددام لە بیری نەتەوەیی عەرەبی یان تاوانی ئەنفال؛ سەرمایەداری لە سیاسەتی داگیرکردن؛ بریشت لە بیرو مێژووی کۆمونیستەکان جوێدەکرێنەوە؛ هەر ئەوەندەش دەکرێ، بەرهەم و کەسایەتی هایدیگەر لە بیرو دەسەڵاتی ناسیونال-سۆسیالیزمی ئەڵمانیا، جودا بکرێ.
(فاریاس) لە سەرتاسەری کتێبەکەی و لە دارشتنی پوختەی تێزە سەرەکییەکەیدا، زۆر بە وردی لە بارەی بیروبۆچوونی پێشینەی هایدیگەر دەنووسێ و ئاماژە بۆ شێوەی بیرکردنی ئۆتۆرتێت، ئەنتی سمیت و ناسیونالیستی توندرەوەکەی دەکا کە پیرۆزی بە وڵات دەدا-تێکستەکانی لە ساڵی1910-یان ئاماژەکردن بە ئەندامبوونی هایدیگەر لە ریزی(حیزبی ناسیونال-سۆسیالیستی کرێکاری ئەڵمانی)دا، دەربڕینێکی پێشنەبینی ئۆپۆرتۆنیستی یان بەناچاری تەکتیکی، نەبووە، بەڵکو پێشتر، واتە پێش ئەوەی سەرۆکایەتی کۆڕی زانکۆی فرایبۆرگ بەدەستەوە بگرێ و لە پاشاندا بە تەواوەتی سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەندامبوونی لە حیزب، هەستاوە بە هاندانی سیاسی- پراکتیکی بە مانای ناسیونال سۆسیالیستەکاندا؛ رەنج و کۆشیشی داوە بۆ ریفۆرمکردنی ناسیونال سۆسیالیستی زانکۆ(ل40)؛ پێکەوە لەگەل(روزنبێرگ)و پایەبەرزانی تری ناسیونال سۆسیالیزم و هانز فرانک(کۆمیساری دادپەروەری رایخ)کاریکردووە بۆ گۆڕینی(یاسای رومی) بە(یاسایەکی جەرمانی)؛ پێکەوە لە گەل گۆبلز، رۆدولف هێس و ئەلفرید رۆزنبێرگ لە(خوێندنی باڵای سیاسەت لە بەرلین)بەشداری لە سمینارەکان کردووەو لە لانی کەمەوە تا ساڵی1935درێژەی پێداوە.
هایدیگەر تا ساڵی1953دا نەک تەنها بەرپەرچی پێداچوونەوە لە بڕوای بە>>ناوەکی حەقیقەت و گەورەیی<<ناسیونال سۆسیالیزم نەداوەتەوە، بەڵکو هەروا ئامادەنەبووە بە روونی و بە دووبارەوە رەفزیکردووە لە تاوانە گەورەو بەتێروتەسەلە لەبەرچاوەکانی رژێمی هیتلەر، پاشگەزببێتەوە.(ل44). شایان باسە هایدەگەر تا مردنیشیدا ئامادە نەبووە، تاوانی جینۆسایدی جووەکان(هۆلۆکۆست)مەحکوم بکا. لە گفتوگۆ بەناوبانگەکەی لەگەل گۆڤاری(دێر شپیگل)ی ساڵی1966دا، سەرلەنوێ نازیزم بە"یەکەم هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە پەیوەندی مرۆڤ لەگەل تەکنەلۆژیا)بەرزنرخاندووە. لە ساڵی 1934دا، راگەیاندنێک کە لەلایەن هایدیگەریشەوە ئیمزاکرابوو لە رۆژنامەی(فۆڵکشە بیئۆبئاختە)و رۆژنامە گەورەکانیتر بڵاوکرایەوەو تێدا هاتبوو: (زاناکانی ئەڵمانیا پشتیوانی ئیدوەڵف هیتلەر دەکەن)-ل.261-)
پۆستمۆدێڕنە فەرەنسییەکان کە شاگردی(هایدیگەر)ن و لەپێشەوەیاندا(دریدا، لویتارد و فۆکۆ)، بەشداری مامۆستاکەیان لە دەسەڵات و تاوانەکانی نازیزم، بە ماوەیەکی زۆر کورت، هەڵسەنگاندووە، بەڵام ڤیکتۆر فاریاس بە درێژایی439لاپەڕەی سەرتاپا بەڵگەنامەی باوەڕپێکراوی ناو کتێبخانەکانی ئەڵمانیا، سەلماندوویەتی کە ئەو ماوەیە(1927-1976)هەرگیز ماوەیەکی کورت نەبووەو نییە!!
فاریاس دەنووسێ: (لە سێنتەری دیکۆمێنت لە بەرلین)، بەڵگەنامەیەکی زۆرو نەبینراو لەبارەی هایدیگەر دەستدەکەوێت؛ لەوێدا شناسنامە حیزبیەکەی بەرچاودکەوێت و تێدا نووسراوە، کە(( لە1/5/1933لە ژێر ژمارەی 3125894(گاو بادن)بووە بە ئەندام لە حیزبی ناسیونال سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا و تێداهاتووە:من بە رەگەز ئەڵمانیم و ئازادم لە رەگەزی جوو یا رەشپێست...). شایانی باسە کە هایدیگەر تا1945دا وەک ئەندامی حیزبی ناوبراو ماوەتەوە...هتد(لا.137). هایدێگەر لە دیسەمبەری1944، واتە لەکاتی هەڵهاتنی لە فرایبۆرگی بۆردومانکراوو هەڕەشەلێکراوەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بۆ ماڵی برادەرێکی بەناوی(گیورگ پیچت) دەڕوات ولە دەفتەری یادوەرییەکەیدا، دەنووسێ: (ئاوابوون جیاوازە لە کۆتاییهاتن. هەر ئاوابوونیک، لەناو هەڵهاتندا بە لەدایکبوون دەمینێتەوە-ل.370)
یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی هایدێگەر لەبارەی فەرەنسییەکان، ئەوەیە کە لە گفتوگۆکەی(دێر شبیگل)، وتویەتی:(کاتێ فەرەنسییەک بەڕاستی دەست بە بیرکردنەوە دەکا، بە ئەڵمانی دەپەیڤێ-ل.44-)!. ئێستا، لە پاش پتر لە نیو سەدە دەبێ بڵێن، ئەو بۆچوونە بەئاشکرا زادەی بیری راسیستیی هایدێگەرەو وسوکایەتی بە کەسایەتی مرۆڤی فەڕەنسی کردووە، هەر وەک"سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان وایە کە لەو باوەڕەدا بوون، مارکس/ئەنگلس گوتەنی:(نەتەوەی ئەڵمان نموونەی تایبەتی هەموو نەتەوەکانە، خوێڕییەکی ئەڵمانی ئینسانێکی بێوێنەیە-مانیفێستی کۆمونیستی،ل.67-).
لەبەر ئەوەی مامۆستا محەمەد، هایدیگەر بە ئوستادی خۆی دەزانێ، پێش ئەم کتێبە، گفتوگۆکەی دێر شپیگل لەگەل هایدیگەر، لە ئەنگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوەو لە زنجیرەی کتێبی گیرفان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ژمارە71، 2005، لەژێر ناوی(گفتوگۆیەک لە گەل هایدیگەر)، بڵاوکراوەتەوە. لەو گفتوگۆیە، هایدیگەر بەڕاشکاوی هەڵویستی خۆی دەردەخات و لە پرسیارە گرنگەکاندا، ئوستادانە خۆی دەدزێتەوە، بۆ نموونە:
(دێر شپیگل: ئایا دەزانیت پەیوەندی تۆ لەگەل ناسیونال سۆشیالیستدا جۆرە شەرمەزارییەکەو تاکو ئەمڕۆ لەلایەن تۆوە رەتنەکراوەتەوە. تۆ تاوانبارکراوی بەوەی بەشداری سوتاندنی پەرتووکت لەلایەن خوێندکاران و لاوانی هیتلەرەوە کردووە.
هایدیگەر: من رێگام بە خوێندکاران نەدا لە زانکۆدا پەرتووک بسوتێنن.- لاپەڕەی 29)
وەک دەبینن، بەشی یەکەمی پرسیارەکە، وەڵام ناداتەوە، بەڵام ئەمەش دادی فەیلەسوفی نووسەرە (گیزندلە) کوردەکان، نادات، چونکە لەدرێژایی گفتوگۆکەو لەناو وەڵامەکانی، بە راشکاوی بۆچوونە فاشیستەکەی، بڕگە بڕگە بەدەستەوە دەدا و لە دوا وەڵام، وێنەی فەیلەسوفێکی فاشیستمان بۆ رووندەبێتەوە، بۆ نموونە:
دێر شپیگل: باشە، لە گوتاری بوون بە سەرۆکی زانکۆ بە جۆرێکی نوێتر باستکردووە. چوار مانگ پاش دامەزراندنی هیتلەر بە سەرۆکی رایخ، دەڵێیت: (گەورەیی و مەزنی ئەم بەرەبەیانە نوێنە).
هایدیگەر: بەڵێ باوەڕم وا بوو.
دێر شبیگڵ: ئایا دەتوانیت زیاتر روونی بکەیتەوە؟
هایدیگەر: لەو کاتەدا بەدیلی سیاسیم نەدەبینی. لەنێو سەرلێشێواوی بیروباوەڕکانداو 22 پارتی سیاسی، پێویست بوو بیروباوەڕێکی ناسیونالیستانەو لەسەرو ئەمەشەوە سۆشیالیستانە بدۆزرێتەوە.
دێر شپیگل: ...تۆ دەڵێیت: هەستم دەکرد شتێکی نوێ لە ئارادایە، بەرەبەیانێکی نوێ.
هایدیگەر: دروستە، من ئەوەم دەبینی.
دێر شپیگل: ئایا تاک دەتوانێ کاریگەرێتی خۆی بەسەردا بسەپێنێ؟ فەلسەفە بەو کارە هەستێت یان فەلسەفە و تاک پێکەوە کاریگەرێتی خۆیان تۆمار بکەن؟
هایدیگەر: بە کورتی وەڵامت دەدەمەوە کە پاش بیرکردنەوەیەکی دوورو درێژ لە لام پەیدا بووە. فەلسەفە راستەوخۆ ناتوانێت بارودۆخی جیهان بگۆڕێت. ئەمەش بەتەنیا بۆ فەلسەفە نیەو شێوەکانی دیکەی بیرکردنەوەش دەگرێتەوە. تەنیا خوایەک ئێمە رزگار دەکات. رێگەچارەی ئێمە خۆ ئامادەکردنە بە بیرو شیعرەوە بۆ هاتنی خوایەک یام نەبوونی خوایەک لەم سەردەمە کە سەردەمی رووخانە.
دێر شپیگل: ئایا پەیوەندییەک لەنێوان بیرکردنەوەی تۆو هاتنی خودایەک هەیە؟ ئایا دەتوانین لە ناوەوەی خۆماندا بیر لەو خوایە بکەینەوە؟
هایدیگەر: ئێمە نایهێنینە ئێرە. بەڵام خۆمان ئامادەی هاتنەکەی دەکەین....بۆ من(هۆڵدەرلن)ئەو شاعیرەیە کە خۆی بە داهاتوو دەگەیەنێت، چاوەڕوانی هاتنی خوایەکەو بە تەنیا شاعیرێکی بەر توێژینەوەی ئەدەبی نیە.....
دیارە، مەبەست لە شتێکی نوێ، حزب و دەسەڵاتەکەی هیتلەرە؛ مەبەستی لە هاتنی خوایەک، خواکانی ئاینە ئەڵمانییە کۆنەکانەو لە هەر هەموو روونتر و ترسناکتر ئەم بۆچوونەیە لاپەڕە61: ئەو ناکۆکیە ناسراوو بەربڵاوەی لە نێوان(دیۆنۆسیس)و(ئەپۆڵۆ)دا یان لە نێوان سۆزی پیرۆز و نێنەری بە ئاگادا هەیە، یاسایەکی شاراوەو نادیاری مێژووی چارەنووسی ئەڵمانەکانە. پێویستە خۆمان بۆ ئەو رۆژە ئامادە بکەین، خۆمانی تێدا دروست دەکەین. لە گەل ناکۆکییەکدا(نیتشە و هۆڵدەرلن)هێمای پرسیار لە بەردەم رۆڵی ئەڵمانیەکان لە هەڵسوڕانی مێژوودا دادەنێین. ئایا ئێمە لەو هێمایە تێدەگەین؟ ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە ئەگەر تێنەگەین، مێژوو تۆڵەمان لێدەستێنێت). ئەم دەقە دێر شپیگل بۆ هایدەگەر دەیخوێنێتەوە و هایدیگەر لە وەڵامدا دەڵێ: ئەمەی خوێندتەوە بەشێکە لە وانەکەم بەناوی(The will to pawer as Art)دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1936-1937، لەوانەش دوای ئەو ساڵە نووسرابێت.
ئەرێ! بە بۆچوونی هایدیگەر دەبێ مرۆڤایەتی خۆی بۆ ئەو رۆژە ئامادە و درووست بکات کە نەتەوەی ئەڵمان رۆڵی مێژوویی خۆی دەبینێ و لەناو نەریتی ئۆروپا سەرهەڵدەدات.
کاتێ دێر شپیگل پرسیار دەکات: تۆ ئەم رۆڵە بە ئەڵمانیەکان دەدەیت؟
هایدیگەر بە پڕوییەکەوە دەڵێ: بەڵێ، لەم رووەوە من لەگەل(هۆڵدەرن) دایەلۆک دەکەم.
دوور نییە د. کەمال هەر بەم ماناو تێگەیشتن و مەبەستە، بانگەوازی کوردان بکات بۆ ناسیونال سۆسیالیزمی کوردی، چونکە ئێستا نەک تەنها22پارت، بەڵکو زیاتر لە22حزب، گروپ، رێکخراو وکۆمەڵەی جۆراوجۆر لە کۆڕەپانی کوردستانی باشوور چالاکن و بۆ ئەوەی کوردان لەم"سەرلێشێواوییە" دەربچن و بەدەوری" نوخبە رۆشنبیرە سەربەخۆکان"وەک د. کەمال، هەندرین، بەکر عەلی، رێبین هەردی، بەختیار عەلی، جەمال پیرە، فاروق رەفیق(بسمارکی کورد کە بێگومان وەک بیسمارک، هاوبیرە کوردەکانی لیبخنت و بیبڵ و مارکس، بە تومەتی خیانەتی گەورە، زیندانی دەکا و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان دەدا، ئەگەر بێتو سەردانی کوردستان بکەن!-نامەکانی مارکس و ئەنگلس، لاپەڕە300، 317. ئەو بیسمارکە کە مارکس پیدەڵێ: وەک ناپلیون، دڕندەیەکی رسوایە)، مەریوان قانع، شوان ئەحمەد و"کۆمپەنێکە"...هتد کۆببنەوە!
فەیلەسوفی مارکسی جۆرج لۆکاش لە گفتوگۆیەکدا دەڵێ : پێویست بە گوتن ناکات، هایدیگەر نازی بوو. لەم بارەیەوە هیچ گومانێکم نیە، جگە لەمەش، ئەو بەردەوام کەسێکی کۆنەپەرەست بووە. (فەلسەفە و میتۆد، لاپەڕەی 112، وەرگێڕ هادی محەمەدی،2006، چاپخانەی بینایی)
کاتێ ڤاریاس هەوڵدەدا بۆ نووسینی شاکارەکەی، دەستنووسی ئەو گفتوگۆیە دەست بکەوێ، ئیدارەی گۆڤارەکە رێگریان لێکرد!
لە وتارێکی(دەستپێشخەری سۆسیالیستەکان لە فرایبۆرگ-ISW-) بە ناوی(ئیدۆلۆژیای دیسکۆرس) دەنووسن:(هایدێگەر فەیلەسوفی کۆمەڵکوشتنە، وەک چۆن کاڕل شمت یاساناسی بووە، ئیدوەڵف هیتلەریش رێکخەری.)
کێن ئەوانەی وا نیتشە، مارتین هایدێگەرو ئەوانیتر بەرز هەڵدەسەنگێنن؟ دەیانەوێ چی بڵێن و بە چی بگەن؟ بۆچی سەرلەنوێ لە کون و قوژبنی زانکۆکانی ئەڵمانیا، ئێران، وڵاتە عەرەبییەکان، ئوسترالیاو لەلایەن چەند کوردێکی"سەربەخۆ و بێ ئایدلۆژیا"، لێکۆڵینەوەو مشتومڕو بڵاوکراوە لە بارەیانەوە گەرم دەکەن؟
بە دەگمەن زانای زانکۆ یا نووسەرو سیاسەتمەدار هەیە، باس لە هایدیگەر بکەن، بەبێ ئەوەی بتوانن باز بەسەر کتێبەکەی فاریاس بدەن:
لە25/یونی/1933، بەیادی ئاهەنگێڕانی(Sonnwendfeier) کە لەپاش جەنگی جیهانی یەکەم، کارەکتەری شێوە پڕۆتێستێکی بینی لە دژ رێککەوتننامەکەی فەرسای، هایدیگەر، وەک سەرۆکی زانکۆ، لە وتەکەیدا لەبەردەم هەزاران قوتابی و ئاگرێگی گەورە، وتی: (ئەی بڵێسە، ئاگادارمان بکە، رووناکیمان پێبدە، ئەو رێگایە پیشانبدە، کە گەڕانەوەی تێدا نییە!- هەمان سەرچاوە،ل175)
لە نامیلکەی(هیراکلیت)دا گیانی نەتەوە، ئەنتی ئەمریکانیزم-بەو مانایەی ئێستاش- دەردەبڕێ و هێشتا هەر ئومێدی بە سەرکەوتنی هیتلەر دەبێ، هەروا بوونی ئەڵمان بە ئامادەبوونیان بۆ خۆبەکوشتدان لە جەنگی جیهانی دووهەم و لەپێناو سەرکەوتنی فاشییەت هەڵدەسەنگێنێ و دەنووسێ: (ئێمە ئیمڕۆ دەزانین کە جیهانی ئەنکلۆسەکسۆنی ئەمریکانیزم بڕیاریداوە، ئۆروپا، واتە وڵات و واتە سەرەتای رۆژئاوا لەناوببەن...هێشتا تاقیکردنەوەی حەقیقی و گەورەی ئەڵمانەکان لەپێشدایە، رەنگە پێی نەزانن کەوا لە دژی ئیرادەیاندا تاقیدەکرێنەوە، داخۆ تەبا و رێکن لە تەک حەقیقەتی بوون، ئایا ئامادەبوونیان بۆ مەرگ بە قەت پێویست، بەهێزە....).
دەمێکە، پێشی دەسەڵاتوەرگرتنی نازییەت،(ئەنتی سمیتیزم) لەلای هایدیگەر ریشەی هەبووەو لە نامیلکەی (دەروازەیەک بۆ ناو میتافیزیک، لا28، 1953)دەریبڕیوە؛ بۆ نموونە، جوو بە: (جنۆکە)ناودەبا، یا بەم شێوەیە:(رێکخراوە بێ زەمینەکانی مرۆڤە ئاساییەکان لە رووسیا و ئەمریکا، گەلی ئەڵمانیان گەماروداوە). جگە لەو بۆچوونانە، هایدیگەر بە شێوەیەکی دڕندانە، وەک بڵێی بەخۆی بڕیاری سووتاندن و کوشتنی جووەکانی دابێ، لە1949، لە وتارێکیدا لە شاری بریمن، دەڵێ: (ئێستا کشتوکاڵی بووە بە پیشەسازی خۆراکی مۆتۆریزەکراو، لە جەوهەردا، وەک فابریکاتسیونی لاشەکان لە ژووری بە گازکوشتن و ئۆردوگاکانی لەناوبردن، هەمان شتە، وەک ئابلۆقەدان و برسیکردنی وڵاتان و هەمان شتە وەک فابریکاتسیونی بۆمباکانی ماددەی ئاووی.-هەمان سەرچاوە، ل386))
لە خۆڕا نییە، پرۆفیسۆر(مارتین پوپەر)خەڵاتوەرگری کتێبخانەی ئەڵمانیا لە1953گوتویەتی: (هایدیگەر: هیتلەری هزرە)!؛ یوئاخیم بروین ناوی وتارێکی دەنێ: (فەلسەفە بۆ لەکەدارکردنی گوڕستان-مەبەستی ئەوەیە، نازییەکان گۆڕی جووەکان بە رەنگ، سمبول و وتەی خۆیان، لەکەدار یان وێران دەکەن)
لە 28ی ئۆگۆست/1947، هیربەرت مارکۆزە نامەیەک بۆ هایدیگەر دەنووسێ و داوای لێدەکا پاشکەزی خۆی رابگەیەنێ لە نازییەت یان لە کوشتنی ملیونان جوو، ئەویش بەم شێوەیە لە 20/1/1948 وڵامی دەداتەوە: (...چەند سەختە گفتوگرکردن لە گەل مرۆڤێکدا کە لە1933وەوە لە ئەڵمانیا نەبووەو سەبارەت بە سەرەتاو کۆتایی بزووتنەوەی ناسیونال سۆسیالیست حوکمدەدا. هەروا سەبارەت بە پابەندبوون بە رژێمی نازی دەنووسێ:>>لەبارەی خاڵی سەرەکی نامەکەتان دەمەوێ ئەمانەی خوارەوە بڵێم: لەبارەی1933: من چاوەڕوانی ئەوە بووم لە ناسیونال سۆسیالیزم نۆژەنی رۆحی بکا بۆ هەموو ژیان، ئاشتبوونەوەی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی رۆژئاوا لە مەترسی کۆمونیزم رزگاربکا. من ئەم بیروباوەڕە لە گوتارەکەمدا بە بۆنەی بوونم بە سەرۆک زانکۆ، دەربڕیوە(هەمووتان خوێندووەتەوە؟) و لە وتاری(جەوهەری زانست)رامگەیاندووە-ل372-374).
لە پاش روخاندنی دەسەڵاتی نازی لە 1945، ماڵی هایدیگەر لەلایەن سوپای فەرەنسانەوە، داگیردەکرێ و خۆیشی لە زانکۆ دەردەکرێ.
وڵامەکەی هایدیگەر بە نامەکەی هێربەرت مارکۆزەو بۆچوونەکەی لە نامیلکەی(هیراکلیت)ئەوەیە، لەلایەکەوە، چارەنووسی جووەکان پێشی1945لەگەل ئەلمانیای رۆژهەڵات لەپاش1945دەشوبهێنی وبە یەکچاو تەماشادەکات. بەم شێوەیە بەربەرییەتی نازیزم وەک بەرپەرچێکی سرووشتی دەنرخێنێ! ئەم هەڵویستە، لایەنێکە لە تیئۆری بیرمەندانی تیئۆری تۆتالیتاریزم کە دەڵێن:(لەجەوهەردا، فاشیزم و دەسەڵاتی سۆڤێتی لێکدەچن-ئۆتۆ ویلز، کارل یوئاخیم-؛ فاشیزم و بەلشەفیزم چومکن- ئۆتۆ ویلز-)؛ لەلایەکیترەوە، هایدەگەر بە زەقی خۆیی رسواکردووە، چونکە لە وڵامی نامەکەی مارکۆزە دەنووسێ:(..ئەوەی لە1945وە روودەدا، لەلایەن رای گشتی جیهانەوە شاراوە نییە، لەکاتێکدا، تیرۆری خوێناوی نازیزم، بە راستی لە بەردەم گەلی ئەڵمانیدا، بە نهێنی راگیرا.)
ئەم بیانووە لەبارەی تاوانە دڕندەکانی نازییەکان، لە دەم زۆر ئەڵمانیدا گوێمان لێ دەبێ. بەڵێ تاقە وڵام ئەمەیە: نەمانزانی! نەیانزانی لەسەر دیوارو رۆژنامەو گوتارو رادیوی نازییەت بانگەوازی(هیچ لە جوو مەکڕە) بڵاودەکرایەوە؛ نەیانزانی ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان ودانە بە دانە جووەکانیان دەستگیر دەکرد؛ نەیانزانی کێ لەناو ئۆردوگای قەڵاچۆکردنەکان بەندکراوە...هتد!
ئا بەو شێوەیە، هایدیگەر دەیەوێ بە هەموو ئەقڵییەوە، خۆی و گەلی ئەڵمانی لە تاوانەکانی نازییەت ئازاد بکات!
ئایا ئەنتی سمتیزم، ئەنتی کۆمونیزم، ئەنتی ئەمریکانیزم ، ئەنتی دیموکراسی و نازیبوونی هایدیگەر، هۆی سەرەکی ئەوە نییە(بۆ نموونە)زاناکانی ئیران وەک عەبدوڵڵا سروش و رەزا داوەری ئەرکانی-سەرۆکی ئەکادیمیای زانستەکانەو بەلایەنگیری"پۆستمۆدێرنە"حیساب دەکرێ-، ئەو بایەخە گەورەیە پێدەدەن؟ ؛ کتێبی(فەلسەفەی هاوچەرخ لە ئۆروپا) لە نووسینی ا.م. بوشنسکی، بە تاقە ووشەیەکیش ئاماژە بۆ نازییەتی هایدیگەر نەکردووە، بە پێچەوانەوە، بەم شێوەیە وەسپی دەکا (بیرمەندێکی زۆر رەسەنە، بۆیە پرسیارکردن لەبارەی کارتێکردنی ئەوانیتر بەسەریدا، بایەخێکی گەورەی نییە.-ل271).
بەڵام یەکێک وەک بیرمەندی گەورەی ئەڵمان تیودۆر ئەدۆرنۆ لە کتێبی(jagon der Eigentlichkeit)رەخنەی کەمەرشکێنانە ئاراستەی هایدیگەر دەکا و فەلسەفەکەی بە فەلسەفەی نازی، دیاریدەکات. بە بۆچوونی ئەدۆرنۆ، ئەوەی لەلایەن هایدیگەرەوە بە(Seyan) ناودەبرێ، بۆ نازییەت(گەل)و چارەنووسی کۆمەڵە.
فاریاس لە وتارێکدا لە ساڵی1999، بەم شێوەیەی خوارەوە، سەرکەوتنێکی تر بۆ خۆی تۆماردەکا: (سکەنداڵەکە ئەوە نییە کە تا ئیمڕۆ هیچ"زانایەکی رێزدار"لە ئەڵمانیا و ئۆروپا نییە، خۆیی ماندوو کردبێ، لەبارەی زانیارییەکانی ناو ئەو هەموو دوکومێنتە رێگەپێدراوانە بە شێوەیەکی شیاو لێکۆڵینەوە بکەن؛ سکەنداڵەکە ئەوە نییە کە پەیمانگە، کۆنگرەو سمینارەکان لەبارەی ئەو بابەتانە کە بەهۆی کتێبەکەی منەوە ئەکتوێل بووە، بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکردنەکاندا بەشدارینەکەم، بودجەکەیان خەرجدەکەن، و هەروا سکەنداڵەکە ئەوە نییە کە رۆژنامەیەکی"لیبڕاڵ"وەک فرانکفۆرتە ئەلگماین و رۆژنامەی(نۆیە تسویرش) ئەو مافەم پێ رەوا نابینن، وەڵامی رەخنەگرەکانم بدەمەوە، تەنانەت دەزگای بڵاوکردنەوەی(ئەڵمانی، ئیسپانی و مەکسیکی)یش رەفزدەکەن، کارەکەم بڵاوبکەنەوە...نەخێر، سکەنداڵەکە ئەوەیە، یاخییەکی"جیهانی سێ"(گی ڤاتیمۆ)، ئارەزوومەندانە بڵاوکردنی"بابەتی سەرەنجڕاکێش"؛ (ئیرنس نۆلتە): متمانەی بەخۆی هەیە تف بکاتە ناو شلەی کلتوری ئەڵمانیا و فەرەنسا؛ ئی مارتیناو: بەبێ ئەوەی سەعاتێکیش هایدیگەری خوێندبێتەوە(دریدا)؛ خۆشبەختانە بیرو بۆچوونیتری هەیە کە نەختێک شتی هۆشمەندانە لەبارەی بابەتەکەوە گوتووە...هتد) –Bahamas30،1999-.
هەر لەهەمان ئەو وتارە، ئاماژە کراوە بە رەخنەی چەند نووسەرێک کراوە، بۆ نموونە، ئۆتۆ پوگلەرـ دەنووسێ: ئەو کتێبە، رق وکینەی کابرایەکی تشیلییە کە بیرو بۆچوونی ئەڵمانی و یونانی لەمەڕ فەلسەفە، قبووڵ نییە...هتد).
رەچەڵەکی بیروبۆچوونەکانی فەیلەسوفانی"پۆستمۆدێرن"بە پلەی یەکەم، بریتین لە بیرو بۆچوونەکانی نیتشە و هایدیگەر، بە تایبەتی لە پەیوەەست بە پەرتووکە هەرە گرنگەکەی یەکەمیان( Zu Genealogie Der Moral لەبارەی ریشەی رەوشت -کە درێژەپێدانی کتێبی(Jenseits von Gut und Boese))یە.
لەراستیدا، لەناو جیهانی ئاڵۆز وچڕوپڕی فەلسەفدا، لە گۆڤارو رۆژنامە کوردییەکان، باس و رەخنەو لایەنگیری لە مۆدێرنیتە و پۆستمۆدێڕنە دەکرێ، بەڵام بەداخەوە، بەبێ ئەوەی چوار کتێب و سەرچاوەی فەلسەفی بەزمانی کوردی شک ببەین؛ ئێمە باس لە زاراوەی پێشکەوتن و مێژوو دەکەین بە بێ ئەوەی بڵێین بە دیدی کامە رەوت و چین و لە چ قۆناغ و بارودۆخێدا!
هایدیگەر-باوکی"پۆستمۆدێرنەکان"- دەڵێ: ئەمێستا ئەرکی ئەقڵ لەوەدا دەبینم، لە سنوورەکەیدا هاریکارییەک بکا کە مرۆڤ، بەگشتی، یەکەمجار بگات بەپەیوەندییەکی زۆر بەرفراوان لەگەل جەوهەری تەکنیک. ناسیونال سۆسیالیزم بەراستی بەو ئاراستەیە رۆیشت، بەڵام ئەوانە لە بیرکردندا، زۆر نەزان بوون، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی روون و ئاشکرا لەگەل ئەودا دەستکەوێ کە ئەمڕۆ روودەداو300ساڵە بە رێگاوەیە. شبیگل، گفتوگۆ، ل 105).... بۆ ئەوەی ئیتر دوا گومان لەبارەی فەیلەسوفی دڕندایەتی لە گۆڕ بنێم، ئەم پرسیارە دەکەم: بۆچی هایدیگەر لە دوا ساڵەکانی ژیانی، دووبارە پەنا بۆ ئەو نووسینە دەبات کە لەسەرەتای نووسینیدا، بڵاوی کردووەتەوە، واتە:(Abraham a Sancta Clara)و لە شارەکەی خۆی(مێسکیرش) سیمینارێک رێکدەخات؟ ئەم کەسایەتییە کێیە کە هایدیگەر بە پزیشکێک>روحی گەل<بەرزنرخاند؟ هایدیگەر لە سیمینارەکەی، دەڵێ:
(لەنێوەی دووهەمی سەددەی17 و ئاشتی ڤێستڤال لە1648، بەهیچ شێوەیەک کاتی ئاشتەوایی نەما. سەرەڕای جەنگ گەورە، وێرانکاری و برسێتییەکی زۆر بەدوای خۆی بەجێهێشت، جەنگ و هەڕەشەو برسێتی و نەهامەتی نوێ رووی تێکردن. لەشکری بێگانە وەڵاتەکەیان داگیرکرد. پەتای تاعون لە ڤییەنا بڵاوببوەوەو تورکان بەردەم دیواری شارەکەیان گرتبوو. جەنگ و ئاشتی، ترسناکی مەرگ و ئارەزووی ژیان بەتوندی لەتەنیشت یەکتر راوەستابوون.
ئایا مەبەستی ئەبستراکتی هایدیگەر لەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەردەمە، سەردەمی روخاندنی دەسەڵاتەکەی نییە؟.
ئەبرەهام، بڵاوبوونی بەتای تاعون خستە ئەستۆی جووەکان و تورکان بە نموونەی بەربەرییەت و شەڕەنگیزی بیانی دەزانی. ئەو رستەیە کە هایدیگەر لەمەیانی قسەکانی درێژەی پێدا، ئەوەندەی تر شتەکەی ئاڵۆزکرد: (بۆیە ئەبرەهام ئەی سانستا کلارا لەم کاتەدا گوتی: مرۆڤ دەتوانێ لەلای ئێمە بزانێ بۆچی، هەژاری و دڵۆڤانی خودا لە یەک رۆژداو ئاشتیمان ئەوەندە لە جەنگ دوورە، وەک دووری ساکسن هاوزن لە فرانکفۆرت)
لە 1964هەموو ئەڵمانییەک دەیزانی کە ساکسن هاوزن، بەشێکە لە شاری فرانکفۆرت و لەهەمان کاتدا ناوی زیندانێکی کۆمەڵکوژی رایخی سێهەم بوو لە نزیک بەرلین و بە هەمان شێوە هەموو کەسێک دەیزانی کە پرۆسەی دادگاییکردنی(ئاوسشڤیتس) لە فرانکفۆرت بەڕێوەدەچێت و هەموو رای گشتی ئەڵمانیای دەهەژاند.
ڤاریاس پرسیار دەکات: ئایا ئەو دەربڕینە رێکەوتە؟
هایدیگەر، مەرگەو (Der tot ist ein Meister aus deutschlsnd- مەرگ، مایستەرێکی ئەڵمانە!) ، بۆیە کتێبی"هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی" خزمەت بە پێشکەوتن و رۆشنبیری هاوچەرخی مرۆیانەی ژێردەستەکانی کوردستان ناکات، هیوادارم دەزگاکانی چاپکردن، کەسانی بەڕاست پسپۆڕ دامەزرێنن بۆ رێگەکرتن لە بڵاوکردنی هزری تاوانکاری- نەک وەک پسپۆڕانی ئەو دەزگایە کە چیرۆکێکی زۆر بۆ منداڵان بڵاوکردەوە، بەڵام سەرتاپایان پڕن لە هەڵەی چاپ و رێزمان و داڕشتن-. خوزگا د. محمد کەمال کە ئێستا لە ئوسترالیا دەژێ، خەریکی لێکۆڵینەوە ببێت لەبارەی ژیان و پەروەردەو ژینگەی گەنگەرو کە لەوانەیە لەرادەبەدەر سوودمەند بێت بۆ ئێستا و داهاتووی هەژارانی کوردستان، چونکە:
1- لە قورئاندا، گۆشتەکەی"حەرام نەکراوە"، بەلەزەت و هەرزانە. 2- بەچکەی روح سووکی دەبێ.
ئایا ئێمە دەتوانین لە کوردستان لەبری بڵاوکردنی بیری فاشییەت، کەنگەرو بەخێوبکەین؟!
9-16/10/2007 dwaroj@yahoo.de 07701929872
|