په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هەبوونى یاسا هەموو کاتێک مافەکان ناپارێزێ.

 


محەمەدى مشیر   


لەم ماوەیەى دواییدا پەلەرمانى کوردستان خەریکە لە رێگەى هەمووارکردنى یاسا کۆنەکان و دەرکردنى یاساى تازەوە کۆمەڵێک بوارى گرنگى ژیانى کۆمەڵگەى کوردستان رێک و بەرزەفت دەکاتەوە، رێکخستنەوەى پەیوەندى نێوان چین و توێژە جیاجیاکانى کۆمەڵگە و پاراستنى بەرژەوەندەکانیان بەهۆى قانوونەوە هەنگاوێکى گرنگە لە پێناو داڕشتنەوەى شێوازى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى نێوان خودى هاووڵاتیان و پارسەنگ راگرتنى ئەو پەیوەندییانە، لەهەمانکاتیشدا هۆکارێکى پڕبایەخە بۆ داڕشنەوەى شێوازى پەیوەندى نێوان دەسەڵات و هاووڵاتى بەمەرجێک یاساکان تابکرێ پێشکەوتووخوازانە و سەردەمیانە بن، بەڵام قانوونناسان لەو باوەڕەدان کە یاساکان بەتەنها ناتوانن داکۆکى لەمافەکان بکەن ئەگەر دەسەڵاتى جێبەجێکردن رێوشوێن و میکانیزمى پێویست بۆ پڕاکتیزەکردنى یاساکان دانەڕێژێ و بەبێ جیاکارى رێگە لە پێشێلکارییەکان نەگرێ. کەواتە ئەو کاتە یاسا کاریگەرى بەسەر رێکخستنەوەى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەکانى نێو کۆمەڵگەدا دەبێ کە دەسەڵاتى جێبەجێکردن(حکومەت) یاساکان کارا بکات و لەدەقى نووسراوى مردووەوە بیانکاتە کردارو پڕاکتیک. ئەمەش تەنها لەو کاتەدا دەبێ کە ئەو حکومەتە بەبێ جیاکارى یاساکان بەسەر تەواوى هاووڵاتیاندا بسەپێنێ و یاسا تەنها بۆ ئەو کەسانە نەبێت کە لە چین و توێژەکانى خوارەوەى کۆمەڵگەن و ئەوانەى سەرەوەش وەک بەرزەکى بانان بۆى دەرچن.ئەگەر وابێ یاساکان بێ گیان دەمێننەوە و مافەکانیش هەمیشە بە ئاسانى پێشێلدەکرێن، بەشێکى زۆرى پێشێلکارییەکانیش کاردانەوەیەکى راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆى ئەو جیاکارییەن کە وەک پەرچەکردارێکى ئەنقەسد زۆر جاران لە لایەن هاووڵاتیانى چینەکانى ناوەند و خوارەوەى کۆمەڵگە ئەنجامدەدرێن. کەواتە جیاکارى لە سەپاندنى یاسا و پشتیوانى نەکردنى یاساکان بەهەمان ئەندازە یاساکان دەکەنە ناوێکى بێ ناوەڕۆک. بە قسەیەکى دیکە ئەگەر یاساکان تەنها بۆ ئەوەبن کە ئازادى چەوساندنەوە بۆ چینە باڵادەستەکانى کۆمەڵگە بەرفراوان ودابین بکەن و لە بەرامبەریشدا ئازادى هەڵبژاردنى ئارەزوومەندانەى بەکۆیلەبوون و گوێڕایەڵى کوێرانە بۆ چینەکانى خوارەوە بخوازن، ئەوا نەبوونى ئەو جۆرە یاسایانە بەلاى خەڵکانێکى زۆرەوە زۆر باشترە لە نەبوونیان ئەگەرچى هەندێ یاساناسیش لەو باوەڕەدابن کە بۆ رێگرتن لە بەڕەڵڵایى و پاشاگەردانى هەبوونى یاسایەکى ستەمکار باشترە لە بێ یاسایى، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا مافى سەرجەم چین وتوێژەکانى خواروو پێشێلدەکرێ و یاساش ئەو هێزە بەرزەفتکارە نابێ تا مافى تاکەکانى کۆمەڵگە مسۆگەر بکاو متمانەى پێبکەن.