په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٦\٢٠١٥

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی دانیمارک.

لاوژە ماهیه     

١٨\٦\٢٠١٥ رۆژی هەڵبژاردنی پەڕلەمان دەبێ لە دانیمارک.

لە سێ هەفتەی بانگێشەی هەڵبژاردندا بە فەرمیی هەموو لایەنە سیاسیەکان خەریکی هۆنینەوەو بەڵێنی گەورە گەورەن و هەندێک جار پر لە درۆ دەبن لەم وڵاتەدا.


بلۆکی شین:
Liberal Alliance, Konservative folkeparti, Venstre, Danske folkeparti,
Kristendemokraterne

 

بلۆکی سور:
Socialistisk folkeparti, Enhedslisten, Sosialdemokraterne, Radikale Venstre


دانیمارک وەک هەر وڵاتێکی تری ئەوروپایی خاوەنی چەندین حیزبی جۆراو جۆرە، کە هەمویان لە دوو بەرە خۆیان دەدۆزنەوە، لەم هەڵبژاردنانەدا 10 حیزب بەشداریدەکات، کە پێنج پێنج دابەشبون بەم جۆرە: بەرەی ڕاست و چەپ، یان شین و سور. بەرەی ڕاست یان شین لە چەند حیزبێکی جۆراو جۆر پێکهاتوە لەوانە، Venstre کە حیزبێکی لیبڕاڵ و بۆرجوازیەو هەمو فۆکۆسی لەسەر بە ئەهلیکردنەوەی دامو دەزگانی دەوڵەت، کەمکردنەوەی باج لەسەر هاوڵاتیان و لێسەندنەوەی دەسکەوت و رفاهیاتە لە کۆمەڵگا، دەیەوێت سیستەمێکی ئەمریکایی بەسەر وڵات بسەپێنن Danske folkeparti, حیزبێکی دژە پەنابەرو خاریجیەو دەیەوێت هەمو نەهامەتیەکانی وڵات بەمل ئەوان ساغکاتەوەو فەلسەفەی بونیان جیاکاریە لەنێوان مرۆڤەکان لەم کۆمەڵگایەدا، بەناوی خاریجی / ئەوروپایی وە پەناهەندەو خەڵکی وڵاتانی ئاسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. Konservative folkeparti کە ئامانجی ئەوانیش بە پریڤاتکردنەوە و لێسەندنەوەی دەسکەوتەکانە، Liberal Alliance، کە حیزبێکی تەواو لیبراڵەو دەیەوێت باجی سەر هاوڵاتیان بەتەواوی کەمبکاتەوەو دەسکەوتەکانی نەمێنن، واتا دەیەوێت سیستەمی دانیمارک ببێتە سیستەمی ئەمریکی. Kristendemokraterne کە حیزبێکی مەسیحین و لە دوو دەورەی ڕابردو نەیانتوانی وەک حیزب ڕێژەی لەسەدا دوی بەربەستی ئینتخابی ببڕن.


باڵی سوور یان چەپ، حیزبی سەرەکیان , Sosialdemokraterne سۆسیال دیموکراتەکانە کە سیاسەتی زیاتر لە ناوەڕاست خۆی دەدۆزێتەوە، Radikale Venstre کە لایەنێکی سوسیال لیبڕالە و بەڵام هەمیشە لە بەرەی سۆسیال دیموراتەکان دەوەستێت، ئامانجی سەرەکی ڕادیکاڵ چەپ بە پێچەوانەی ناوەکەیەوە پاڵپشتی قورس و قایمی بازاڕی ئازاد و ئاوەڵەکردن دەستی کاپیتالیستەکانە بەڵام لەگەڵ ئەوەش خوازیاری ڕەفاهیات و کۆمەڵگایەکی بەرفراوانە کە جێگای هەموکەسێکی تێدا بێت.


Socialistisk Folkeparti حیزبی سۆسیالیستی خەڵکە، کە بە چەپترین حیزبی دانیمارک لەڕوی فکریەوە هەژماردەکرێت، بەرەی یەکگرتوی, Enhedslisten کە ئەوان چەپن، زۆر لێبڕاوانە بەرگری لە مافی خەڵک و ڕیفاهیاتی زیاتر دەکەن بۆ کۆمەڵگاو دەیانەوێت ئەم سیستەمی هاوپشتی و هاوکاریە لە وڵاتدا بمێنێت و ئامانجیان کەمکردنەوەی کەلێنی چینایەتیە لە ڕێگای بەرزکردنەوەی باچ لەسەر سەرمایەدارەکان وە هەروەها خوازیاری کۆمەڵگایەکن کە کۆتایی بە جیاوازی ڕەگەزی و ئەوروپی و غەیرە ئەوروپی بێنێت. وە پارتێکی تری تازەش بەشداریدەکات بەناوی Altrnativ ئەلترناتیو کە دڵنیا نین لەوەی بتوانێت بەربەستی لەسەدا دوو بشکێنێت.


باڵی ڕاست، لەساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١ لە دانیمارک دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، ڤێنسترەو کۆنسەرڤاتیف حکومەتیان کردوەو حیزبی خەڵکی دانیمارکیش پاڵپشتی پەرلەمانیان بووە، بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسایەک بەخاتری بەدەستهێنانی زۆرینە، شەرتی موتلەقیان داناوە و مافی ڤیتۆی هەبووە، هەمو مەرجەکانیش یاسای دژی پەنابەری خستوەتە سەر مێزی دەوڵەتەوە، لەو ١٠ ساڵەدا نامرۆییترین و دژە پەنابەرترین یاسا لەم وڵاتە بەڕێوە چووە. سۆسیالی پەنابەرانی تازە هاتوو بە نسبەتێکی یەکجار زۆر کەمکرایەوە، بارودۆخی پەنابەر لە کەمپەکان ڕۆژ بەدوای ڕۆژ بەرەو خراپتر ڕۆیشتوە، ئیقامە نەدراوە، یاسای ئیقامەی دائیمی و جنسیە زۆر توندکراوەتەوە، یاسای جەمع و شەمل و زەواج و هێنانی ئەندامانی خێزان بۆ دانیمارک زۆر توندکراوەتەوەو ئاستەنگی زۆریان بە یاسا دژی پەنابەر جێکەوتە کرد.


لە چوار ساڵی ڕابردودا باڵی سوور یان چەپ دەسەڵاتیان هەبووە. بەر لەوەی بگەنە کورسی دەسەڵات بەڵێنی یەکجار زۆریان بەخەڵک دا، دەربارەی دەستگرتن بە دەسکەوتەکان، کەم نەکردنەوەی ماوەی موچەی بێکاری و سندوقی بێکاری کە لە دەورەی پیشوتردا لەلایەن باڵی ڕاستەوە کاتەکەی نیوە کرابۆوە لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ. بەڵام بەهۆی کاریگەری ڕادیکاڵ ڤێنسترە کە هاوپەیمانە لەگەڵ باڵی چەپ بەڵام سیاسەت و بەرنامەی زیاتر بە لای ڕاستدا دەچێت تەنها تواندرا ماوەکە شەش مانگ دریژ بکرێتەوەو بکرێت بە دوو ساڵ و نیو. هەرچەند سۆسیالیست فۆلکە پارتی بەشێک بوو لەم حکومەتە، بەڵام نەیدەتوانی کاریگەری سیاسەتی ڕاست لەسەر حکومەتی چەپ کەم بکاتەوە. حکومەتی چوار ساڵی ڕابردو بە سەرۆکایەتی سۆسیال دیموکرات، بەڵێنەکانی خۆۆی نەبردە سەر، ئەوانیش تا بۆیان کرا دەسکەوتیان لە خەڵک سەندەوەو باڵی سەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشیان گرانتر کرد، ئەمەش بووە هۆی توڕەیەکی یەکجار زۆر لەلای خەڵک و خەڵکانێکی زۆر گەیشتبونە ئەم باوەرەی کە جیاوازی نێوان ڕاست و چەپ نییە لەم وڵاتەدا. پارتی سۆسیالیستی خەڵک، بەمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نارەزایەتی زیاتری تێدەکەوت، لە ناوخۆی ئەم حیزبەدا هەرا زیاتر دەبوو، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا دوو جار سەرۆکی حیزبەکەیان گۆڕی، باڵی پیداگرتن لەسەر کۆمەلگای یەکسان لە هەردوو هەڵبژاردنەکە سەرۆکایەتی ئەم حیزبەیان گرتەوە دەست، لە دەرئەنجامی ئەمەش چەندین کادیری بەرچاوو ئەندام پەڕلەمان لەم حیزبە دەستیان کێشایەوەو بە سۆسیال دیموکرات وە ڕادیکال ڤێنسترە پەیوەست بوو. وە دەرئەنجام دوو ساڵ پێش ئێستا دەستیان لە حکومەت کێشایەوەو تەنها وەک پشتگیری حکومەت مانەوە.


لایەکی تری پشتگیری حکومەت ئینهێد لیستن بوو، کە ئەم لایەنە هەر لەسەرەتاوە هەرچەندە پشتگیری پەڕلەمانی بوو بەڵام دژی هەموو ئەم سیاسەتانەی لێگرتنەوەو سک گوشینی ئەم وڵاتە بوو، زۆربەی جار حکومەت بە پشتگیری باڵی ڕاست زۆرینەی دەنگی بۆ بڕیارەکانی فەراهم دەکرد. لە چوار ساڵەدا ئەم لایەنە پەیگیر بوو لەسەر هاوپشتی نێوان خەڵک و مانەوەی باج و رفاهیات لە کۆمەلگادا، ئەگەر هەر شتێک دەسکەوتێکی بۆ خەڵک نەبوبێت ئەوە ئامادە نەبووە لەگەڵی بێت. وە هەروەها لەگەڵ ماف و یاسای یەکسان بووە لەنێوان پەنابەرو دانیمارکی و بەدوای دامەزراندنی حکومەت یەکەم مەرجی ئەوان جیبەجێکرا ئەویش موچەی سۆسیال بوو کە لەلایەن حکومەتی ڕاستەوە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە بەڕێژەی لەسەدا پەنجا کەمکرابۆوە بۆ ئەم پەنابەرە تازانەی کە سۆسیالیان وەردەگرت و ئەمەش ببوە هۆکاری هەژاری و نەداری لەناو خەلکدا. وە بارودخو ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی کەمپەکان کرا، وەرگرتنی ناسنامەی ئەم وڵاتەو بوون بە هاوڵاتی ئاسانکاری زیاتری بۆکرا، هێنانی ئەندامانی تری خێزان ئاسان کرایەوە.. کە هەموو ئەمانە دیاری باڵی ڕاست بوو بۆ خەڵکی دەرەوەی ئەوروپاو پەنابەران.


لەسەرەتای دەستپێکی بانگێشەی هەڵبژاردنەکان وا چاوەڕوان دەکرا کە باڵی ڕاست بیباتەوە، هەموو ڕاپرسیە پێشوەختەکان بەم ئاقارە دەڕۆیشتن، بەلام لەگەڵ قوڵبونەوەی ململانێکن و نزیکبونەوەی هەڵبژاردن ئیستا ڕاپرسیەکان و دەرئەنجامەکانی زۆر نزیک لەیەکتری نیشاندەدەن، ئەم هەڵبژاردنە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە، لە ساڵانی نەوەتەکانەوە کە نازاندرێت دەرئەنجامی چیدەبێت، وە لەوە دەچێت ئەم پارتە نوێیە، ئەلتەرناتیف بتوانێت بەربەستی لەسەدا دوو بشکێنێت و ئەمەش بە قازانجی باڵی سوورە.


هەرچەندە لە چاوی منی کۆمۆنیستەوە ئەم هەڵبژاردنانە لە چوارچێوەی یاسای پرلمانی بۆرژوازیدا تەنها ئامرازێکە بۆ درێژکردنەوەی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتە بۆرجوازیەکەیان و هێچ گۆڕانکاریەکی گەورەی لێدروست نابێت و پاش ئەوەی دەنگەکەیان لە خەڵک وەرگرت بە دەستی بەتاڵ بۆ چوار ساڵ ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەن، بەڵام لەملاشەوە ناتوانم بێدەنگ بم کە تەنها ئەم ڕێگایە هەیە کە بتوانین داکۆکی لە کۆمەڵگا و دەسکەوتەکانی بکەین، لەبەر ئەوە نابێت بێلایەن بین، لەکاتێکدا لەم وڵاتە دەژیەم و پەیوەندی بە خوێندنگای منداڵەکانم و بە سیستەمی تەندروستی ئەم وڵاتەوە هەیە، ناتوانم بێدەنگ بم بەرامبەر ئەم خانەی پیرانەی کە لەداهاتودا لەوانەیە جێگام بێت. بۆ منێکی کرێکار ناتوانم بیدەنگ بم و بێهەڵوێست بم بۆ ئەم هەوڵانەی کە جەناحی ڕاست دەیدات بۆ بە ئەهلیکردنەوەو بە ئەمریکاییکردنی وڵات، کە خوێندن، تەندروستی و هەموو ئیمکاناتی کۆمەڵگا تەنها لەبەردەستی داراو سەرمایەدارەکان بێت. بۆ منێکی کۆمۆنیست و سۆسیالیست، ناتوانم پشتگیری ئەم لایەن و هەنگاوانە نەکەم کە پێدادەگرێت لەسەر کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی و هاوپشتی و هاوکاری لەنێوان مرۆڤەکان.


چوار سالی ڕابردو ئینهیدس لیستە ئیسپاتی کرد کە لەبەرەی خەڵکەو دەست بەم خەبات و دەسکەوتانە دەگرێت کە چینی کرێکار، کە جەپ و کۆمۆنیستەکان بەدەستیان هێناو نایەوێت لەدەست بچن و لانی کەم دەیەوێت ئەگەر زیادیش نەکرێت دەستیان پێوە بگرێت. نایەوێت جیاکاری یاسایی لەنێوان سەر ڕەش و سەر زەردێک هەبێت لەم وڵاتەداو دەیەوێت هەمو ئیمکاناتەکان لەبەردەستی ئەوانیش بێت و وەک مرۆڤ لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکرێت، زۆر بەئاسکرا دژی ڕەگەزپەرستی وەستاوەتەوە. بۆیە من پشتگیری ئەم لایەنە دەکەم، وە داواکارم هەموو ئەوانەی کە کورد زمانن و دەنگیان پێبدەن لەبەرئەوەی پەیوەندی بە ئێستای منداڵەکانما و داهاتویان هەیە، ڕاستەوخۆ کاریگەرە لە سەر دۆخ و بەهای مرۆیی ئێمە لەم وڵاتەدا.


ڕاپرسی و هەڵبژاردنەکانی پیش و ئەوەیان دەرخستوە کە ڕێژەی دەنگدان لەناو خەڵکانی پەنابەرو هاتو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتیبەتی ئیسلامی لەسەدا ٣٠ کەمترە. تکایە وازبهێنن لە گوێگرتن لە لایەنە ئیسلامی و تیرۆریستەکان و ئەم هێڵەی گەنجان و خەڵک مێشک دەشواتەوە بۆ تیرۆر و دەیاننێرێت بۆ جیهاد، کە بانگەواز دەکەن دەنگدان دژی شەریعەتەو گوناحە، ئەوان ژیانکردنی مرۆڤەکان بەلایەنەو گوناح و حەرامەو دژی هەموو جوانیەکن، وەرن دەنگبدەن بە ئیندهیس لیستەو داهاتوی منداڵەکانمان ڕۆشنتر و ئاسودەتربکەن.
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک