په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانەو پێویستیان بەدەنگدانە!

 

جه‌مال


ئەم هێزو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لەکوردستاندا وەک بەڵای سیاسی شانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی گرتووە ناویان لەخۆیان ناوە حیزب، گوایە داواکاری مافەڕەواکانمانن، پارێزەری زمانی کوردی، کلتورو فەرهەنگ، شەرەفی نەتەوەیمانن، وەک حکومەت خۆیان نیشان دەدەن گوایە ڕێکخەری ئیشوکاری ڕۆژانەمانن.


ساڵانی ڕابردوو دوو شانۆیی کۆمێدی ئامێزیان نمایش کرد بەناوی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان کەچەند ئەکتەرێکی بێئەزموون‌و چەند ڕوویەکی قایم‌و تاسەرئێسقان ناشیرین بوون بەنوینەری گەل، واخۆیان نمایش کردو سوێندی یاساییان خوارد کەدەتوانن گەورەترین بەرپرس بانگ بکەن‌و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن، پارێزەری ماڵ‌وگیانی میللەتن، بەڵام وانەبوو جگە لەپارێزەرێکی بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب هیچی ترمان لێیان نەبینی.


لەو دوو هەڵبژاردنەی ڕابردووی هەرێم، ئەودوو هێزە باڵادەستەی کوردستان بۆ بەدەست هێنانی زیاتری دەنگەکان هەرچی ڕێگای ناشیاو و دوور لەیاسای هەڵبژاردن بوو گرتیانە بەر هەڕەشەی کوشتنیان کرد، بارەگایان سووتاند، زەویان دابەخەڵک بۆ کڕینی دەنگیان، کوردیان لەپارچەکانی تری کوردستانەوە هانی، ئەودەنگانەیان دڕاند کە بۆئەوان نەبوو زۆر زۆر کاروکردەوەی ناشیرینتریان کرد، لەو هەڵبژاردنەی ڕابردوو لەدەرئەنجامی ئەو هەموو فێڵبازیەی کەکردیان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کەوتنە ناولیستی ڕەشەوە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە .پاش درووست کردنی پەڕلەمانی کوردستان و دامەزراندنی سەرۆک‌و جێگرەکەی‌و دامەزراندنی ئەندام پەڕلەمانەکان لەناو پەڕلەماندا سوێندی یاساییان خوارد کەپارێزەری بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بن بەبێ جیاوازی، بەڵام هیچیان وا نەبوون جگە لەپارێزەری بەرژەوەندیەکانی حیزب‌و سەرکردەکانیان، چاوشۆڕو دەم بەستراوی بەردەم سەرکردەکانیان بوون‌و ئەژنۆشکاوی ئەو مووچەیەی کەوەریان دەگرت لەلایەن حیزب‌و حکومەتەوە، چەند بڕیارێکیان دەرکردو کردیان بەیاسا بەڵام بەهێندەی نووکی دەرزیەک سودی نەبوو بۆ خەڵکی کوردستان، چونکە خەڵک لەویاسایانە لەپێشتری هەبوو کە بۆی دابین بکرێ، قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لەشوێنە گشتیەکان، بەڵام قۆرخ کردنی شوێنە گشتیەکان بۆ بەرپرسەکان ئازاد کرا، دەرکردنی یاسایی باری کەسێتی لەبەرئەوەی سەرکردەکەمان خۆی دوو ژنی هەیەو ناتوانێ دەست بەرداریان ببێ.


لەپێش هەڵبژاردن بەخەڵکیان ووت گەرنەچن بۆ دەنگدان خائینن‌و داردەستی تیرۆرستانن، گەرداوای باشکردنی گوزەرانتان بکەن ئەوەئاژاوەگێڕن، بەتێکۆشان‌و خەباتی براکانمان لەپارچەکانی تری کوردستان وتراتیرۆرستن، بەدرووست بوونی دەوڵەتی کوردی وترا خەونی شاعیران، بەکەسی بەرهەڵستکاروترا دەرچوو لەیاسا، بەڕۆژنامەنووسان وترا سەگن‌و بەمانگەشەو دەوەڕن، کەرکوک نەک نەگەڕایەوە سەرهەرێمی کوردستان بەڵکو زۆر نزیکە لەدەستدانی، مەخموروشێخان، خانەقین‌و مەندەلی، ئێستا کورد تێیاندا کەمینەیەو بەگومانەوە دەڕواننە کوردستانی بوونی، لەسایەی سەرۆکی هەڵبژێردراوەوە کێشەی خاکی کوردستان درایە دەست خەڵکانێک کە نەلەنزیک‌و نەلەدوورەوە هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە نیە.


دیسانەوە هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی کوردستان!


لەگەڵ ئەوەی ئاسۆی گۆڕانکاریەکان زۆر ڕوون نیە، حیزبایەتی سەرچاوەی بژێوی زۆر لەخەڵکی کوردستانە مانایی توانای هەڵبژاردنی لیستی ڕاست کەمە، دەست نیشان کردنی کەسی شیاو بۆ جێگەی شیاو تەنها لەچاوی حیزبەوە سەیردەکرێ، نان بڕینی کەسێک یان خێزانێک لەئەمڕۆی کوردستان کارێکی ستەمەو مرۆڤ چاو لەبەر دەکات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانە ئەشێ‌و ئەبێت گۆڕانکاری بکرێ لەکوردستاندا، وەک ژیانی سیاسی‌و ئابووری‌و کلتوری، دەبێت کوردستان وەک دەوڵەتێکی دامەزراوەیی ‌و یاسا بەجیهان بناسێنریت، ئەم داواکاریانە لەم حیزبانەی کوردستان چاوەڕوان ناکریت، یەک لەبەرئەوەی نازانن گۆڕانکاری بکەن، دوو نایانەوێ گۆڕانکاری بکەن چونکە حیزبایەتی تەسک ڕێگایان پێنادات، بەڵام زۆر بێشەرمانەو چاوقایمانە داوا لەخەڵکی دەکەن بچن بۆدەنگدان‌و دەنگیان پێبدەن، بەمەرجێ خەڵکی کوردستان نازانن دەنگ بەکێ دەدەن لەبەرئەوەی بەلیستی داخراو هەڵبژاردنی کوردستان دەکرێ، ئەودوو حیزبە باڵادەستەی کوردستان کەسی شیاویان نیە کەدووربێت لەدەمارگرژی حیزبایەتی تەسک‌و بتوانێت خزمەت بەخەڵکی کوردستان بکات، کەواتە هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستان هیچ جیاوازیەکی نابێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان، لەبەرئەوەی هەمان ئەندام پەڕلەمان دادەمەزرێ‌و خەڵکی کوردستان هیچ ئاگای لەم دامەزراندنە نیەو بەتۆپزی دەکرێت بەنوێنەری خەڵکی کوردستان بەمەرجێک تەنها نوێنەری خەڵک نیە بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها فەرمانبەرێکی حیزبەو مل کەچی سیاسەتی حیزبەکەیەتی.


چیبکەین باشە!


زۆر گرنگە ئامادەبوون بۆ هەڵبژاردن‌و دەنگدان بۆ کەسی شیاو یان لیستی شیاو لەبەرئەوەی بەو دەنگەت مانایی بوونی خۆت دەسەلمێنی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها زۆرگرنگە حیزبایەتی تەسک بیروهۆشمان داگیرنەکات تاکو بتوانین بەشێوەیەکی مۆدرێن دەنگمان بگەیەنین‌و خۆمان ئاسودەبکەین، دەبێت ئێمەی کوردستانی گۆڕانکاری بکەین لەبیرکردنەوەماندا حیزبایەتی تەسک ڕێگامان لێوون نەکات بەهەموو هەڵەیەکی حیزب نەڵێن ڕاست،زۆر گرنگە هەمیشە کوردستانمان لەلا پیرۆزتربێت لەحیزب کوردستانمان لەلا جوانتربێت لەسەرکردە، زۆر گرنگە ئێمەی کوردستانی بەڵێنەکانی ئەو حیزبانەمان بیر نەچێتەوە کەلەهەڵبژاردنەکانی پێشوو وەک بەڵێن دایان بەگوێمانداو بەڵام زۆریان نەهێنایەدی، زۆر گرنگە پێش ئەوەی بڕۆین بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان شەقام‌و کۆڵانەکانمان لەبەرچاو بێت کەهیچ خزمەتگوزاریەکی پێوەدیار نیە، بائەو هەموو خێزانە هەژارانەمان بێتەوە بەرچاو کەبژێوی ژیانیان نیەو لەبەرامبەریشدا ئەو هەموو بەرپرسانە ببینین کەلەسایەی حیزبەوە بوون بەملوێنەرو زۆری زەوی کوردستانیان لەسەر خۆیان‌و کەسوکاریان تاپۆکرد.


بادەنگ نەدەین بەسەرکردەی حیزبێک درووست بوونی دەوڵەتی کوردی بەخەونی شاعیران بزانێت، بادەنگ نەدەین بەسەرکردەیەک ئاواتی بێت لەتورکیا یادەوەریەکانی بنووسێتەوە، بادەنگ نەدەین بەسەرکردەی حیزبێک کەتێکۆشانی براکانمان لەپارچەکانی تری کوردستان بەتیرۆرو ئاژاوەگێر ناوببات، بادەنگ نەدەین بەحیزبێک‌و سەرکردەکەی کەزیاترلە چوار ساڵە بەڵێنی گەڕانەوەی کەرکوک دەدات‌و بەڵام لەتوانایدا نیە، بادەنگ نەدەین بەسەرکردەیەک کە بەڵێنی دابوو هەولێرمان بۆ بکات بەدووبەی بەڵام ئێستاش چەندین خێزان هەیە لەهەولێری پایتەختدا لەکەلاوەدا دەژین، بادەنگ نەدەین بەسەرکردەیەک جیاوازی دەکات لەنێوان شەهیدەکانی کوردستاندا، زۆر ئاسودە دەبین ئەگەر وەک ئەوروپا بیر بکەینەوە لەکاتی هەڵبژاردن‌و خۆئامادەکردنمان بۆ هەڵبژاردنەکان، گرنگە ئێمەی کوردستانی داوا بکەین لەولایەنە سیاسیانەی کەبەشداری هەڵبژاردن دەکەن تاکو بەرنامەی ئیشکردنیان ئاشکرابکەن ئێمەش بەرنامەی گونجاو بۆ خزمەتی کوردستان هەڵبژێرین‌و دەنگی خۆمانی بۆ مسۆگەر بکەین.


پێویستە ئێمەی کوردستانی بەزوڕنای زوڕناژەنەکانی حیزب هەڵنەپەڕین، ئەوکەسانە کۆنترۆڵ کراون تەنها ئەوەندە دەڵێن کەلەلایەن حیزبەوە پیانوتراوە، تەنها تارمایی سەرکردەی باڵایان لەبەرچاوە نەک خەڵک بەڵکو کوردستانیش دەکەن بەقوربانی ساتێک خۆشی سەرکردەکەیان، دەبێت ئەو کەسانەبناسرێت هەلپەرستیان لەبەرچاوبگیرێ‌و بەگومانەوە بڕوانینە ئەوهەموو تاوانەی دەیخەنە پاڵ بەرهەڵستکارانیانەوە، نابێت وەک فریادڕەس سەیری سەرکردەکانیان بکەین چونکە کەس پیرۆز نیە هەرکەسێک پیرۆزبکرێت دکتاتۆرێکی لێدروست دەکرێت، ئەوکەسە دڵسۆزە کەخزمەت دەکات هەرئەویش شایستەی دەنگ پێدان‌و هەڵبژاردنە.
 

ئەوروپیەکان حیزبایەتی ناکەن تەنها لەوکاتەدا حیزبین کەدەیانەوێ لیستێک هەڵبژێرن ئەوەش دوای ئەوەی گەشتۆتە ئەو باوەڕەی ئەو حیزبە یان ئەو لیستەی دەنگی پێدەدات دەتوانێ خزمەت بەخەڵکی بکات، هەروەها پێشتر بەرنامەی کاری ئەولایەنەی خوێندۆتەوە کەدەنگی بۆ دەدات، زۆر بەشانازیەوە دەڵین بۆیە دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی خزمەتمان بکەن یان ئیشوکاری ڕۆژانەمان بۆ ڕێکبخەن گەروانەکەن یان لەدەسەڵات لایان دەدەن یان لەهەڵبژاردنی ئایندە دەنگیان نادەنێ‌و تۆڵەی بەڵێنی درۆیان لێدەسێننەوە.

 

 

jamalrangin@yahoo.se