په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)؟!


گۆران دوکانى  


لەناو هەموو ئەو کۆمەڵگایانەى کە بەفیعلى کۆى چەمکەکانى دیموکراسی پەیرەودەکەن وئەمڕۆ دەسەڵاتى کوردى بەناو تەقلیدیان دەکاتەوە شتێکى لەو جۆرە مومکین نیە کە حیزبێک تا ئەوڕۆژەى پارەى دەنگ کڕین و دەسەڵاتى دەرکردن ونانبڕینى مەئمورەکانى ناوحیزب و حکومەتی هەبێت هەتاسەر لە ڕەهاترین لوتکەى حوکمڕانیکردندابمێنێتەوە.


بەدەر لەمانەش هاوکات لەبەر ئەوەى هیچکات ئەوانەى بەر لە ئێمە ناتوانن لەوە تێبگەن کە نەوەى دوای ئێمە چی دەوێت کەواتە پێویستمان بە دەستاو دەست کردنى دەسەڵاتە لە باوکەوە بۆ نەوەى نوێ و لە شۆڕش گێڕانەوە بۆ نەوەى دواى شۆڕش گێڕان چونکە شۆڕش گێڕ لە سەردەمێکدا دژی دەسەڵاتێکى پێش وەختەى خۆی شۆرشی کردووە و دەبێت لەوە تێبگات کە تیۆری شۆڕشەکەى تاسەر بڕناکات و دەبێت لێگەڕێت بۆ تیۆری نوێ و هەستی بەڕێوەبردنی نوێتر و بەم جۆرە پێشکەوتنە فەرهەنگیەکان دەست بە دەست دەچنە پێشەوە و بەڕێ دەکرێن ،بەڵام ئەم دەستاو دەستکردنەى دەسەڵاتى کوردى کەدواى 18ساڵ بەدەست یەکێتى وپارتیوە دەیبینین لە ڕاستیا ئاوەژوکردنەوەى ئەو دیموکراسیزمەیە کە خۆیان ووتەنى باسى لێوەدەکەن بەڵکو فەرمانڕەوایکردنێکى دەرەبەگایەتى خێڵەکیە کە بەدرێژاى دەستکەوتەکانى ئەو ئەزمونەى کەهاتۆتەبوون هەمووسەروەرى وداهات وقودسیەتەکانى قۆرخ کراوە لەلایەن دوو حیزبى دەسەڵاتدارەوە،"بەڵگەش بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیە دەیان ڕاپۆرتى ڕێکخراو ڕۆژنامەو گۆڤارە بەناوبانگە بیانیەکانن".


هەندێ جار لێرەو لەوێ گوێبیستى ووتافاتى ووشک و بێبنەماى زۆرێک لەبەرپرسانى دووحیزبى دەسەڵاتدار دەبین کەباس لە مەسەلەى دیموکراسیزم وچۆنیەتى پەیڕەوکردنى ئەم چەمکە هەستیارە دەکەن لەکۆمەڵگەى کوردیدا گوایەئەمانیش هەمان تەبع و هەمان ستایل وهەمان ئەزموونى ئازادیان هەیەو بگرە بەپێچەوانەوە هەندێکجار خۆشیان بەپێشەنگى زۆرێک لە کۆمەڵگەکانى ناوچەکە دیموکراسیتر نیشان دەدەن ،بەڵام کێ لەئێمە بینیویەتى وبیستویەتى دەسەڵاتێک بەو چەشنە مومارەسەى ڕەهاترین دیموکراسی بکات کەچى لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا دووحیزب لەڕیزى پێشەوەى کۆى هەموو قەوارەسیاسیەکانیتردابن لەڕووى هێز و دارایی و تەنانەت لەڕوى (جەماوەریشەوە وەک خۆیان باسی لێوەدەکەن)،کەچى ئەم دوو حیزبە بەیەک لیست بەشدارى لەهەڵبژاردندا بکەن؟! ،یاخود دەبوایە بەوپەڕى شانازی و بێگوێدانە تەواوى حیزبە ڕکابەراکانیان بەتەحەداوە بەدوو لیستى جودا بهاتنایە مەیدانى هەڵبژاردن و هەریەک چاوەڕێى قورساى جەماوەرى خۆیان بکردایە؟! ،لێ ئەم جۆرە بەشدارى کردنەى ئەمڕۆى یەکێتى وپارتى بەیەک لیست ترسە لەهەڵبژاردن یان بانگەشەیەکى دیکەیە بۆ(هەڵبژاردنەوە)و دووبارە قۆرخکردنەوەى دەسەڵات؟.


دەسەڵاتێک لەماوەى 18ساڵ حکومڕانیکردندا کارى بڵاوکردنەوەى سیستەمى گێلکارى (دیماگۆجیەت) بێت بەناو کۆمەڵگەى کوردیدا هەرلەنەبوونى عەدالەتى سیاسی وئابورى وکۆمەڵایەتى ،نەبوونى شەفافیەت لەدابەشکردنى بودجەو بزربوونى داهاتى گومرگ و باجو خەراجەکانى هەرێم ،ناشەفافى گرێبەستە نەوتیەکان ،کۆى کۆبونەوە نهێنیەکانى حیزب وحکومەت ،سەفەرە دیبلۆماسی وسیاسیە نهێنیەکانى سەرۆک وسەرکردەو وەزیر وگوزیرەکان ،داڵدەدانى تاوانبارانى ئەنفال وبزرکردنى شەیتانەکانى کیمیابارانکردنى هەڵەبجەو ستایشکردنى بەرپرسە ژن کوژەکان ،ئاوەژووکردنەوەى کۆى چەمکەکانى دیموکراسی ،دروستکردنى پەڕلەمانێک کەبەهەر(111) ئەندامەکەیەوە سوڵتەى لق ومەڵبەندێکى نەبێت و دەرچوونى زۆرینەى یاساکانى ڕوو لەدەسەڵات وپشت لەجەماوەربێت ،زاڵبوونى هەیمەنەى حیزب بەسەر هەستیارترین دەسەڵاتى کۆمەڵگەدا کەدەسەڵاتى دادوەریە و ڕێگەگرتن لەسەربەخۆبونى دادگاکان ،چەندین بڕیارو کار و کردارى عەجائیب وسەیر وسەمەرەى دیکە،دواجار هەموو ئەم ناشرینیانەى دەسەڵاتێک کەپێکهاتەى دووحیزبى ناشافاف وتۆتالیتاریزمى تەنها بە ڕوکەش دیموکراسیزم بێت وئەمڕۆش هەمان ئەو دوو حیزبە بەیەک لیست بەشدارى لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن ئایا ئەمە بانگەشەکردنە بۆهەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)ى هەمان سیستمى سیاسی چەقبەستوى ڕابردوو؟!.

دەسەڵاتێک بانگەشەى کۆى چەمکەکانى دیموکراسیەت لەم هەرێمەدا بکات وئەمڕش وەک دەبینین کەوتۆتە بڕینى نان وموچەو بژێوى هەمووئەو کەسانەى کەهاوبیریان نین و بڕوایان بە لیستێک نەبێت کەدواى 18ساڵ نەیتوانیبێت سەرەتاترین مافى ژیان بۆتاکەکانى هەرێمەکەى دابین بکات و ئەمڕۆش کەوتۆتە سواڵى دەنگ بۆ دووبارە گرتنەوە دەستى سوڵتەو دووبارەکردنەوەى هەمان قۆرخکارى ،ئایا ئەمە بانگەشەکردنە بۆ هەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)؟!.


یەکێک لەحیزبە دیارەکانى دەسەڵاتێک کەئەندامى سۆسیال ئەنتەر ناسیۆنالى جیهانى بێت وسکرتێرەکەشى جێگرى سەرۆکى هەمان ڕێکخراوبێت و لەسەروبەندى نزیکبونەوەى هەڵبژاردندا دەمانچە بەسەر کادرو هەوادارانى خۆیدا ببەشێتەوە ،ئایا ئەمە بانگەشەکردنە بۆ هەڵبژاردن ،یان هەڵبژاردنەوەیەک کەئەوسەرى دیارنەبێت لەوەهمى ئەو بۆنى خوێنەى کەئەمڕۆ مێشکى هەمووتاکێکى ئەم هەرێمەى پڕکردوە؟!.


یەکێک لەحیزبە هەرە خاوەن دەسەڵاتەکانى ئەم هەرێمە کەدەمى هەرئەندامێکیان بکەیتەوە سەرى زمان وبنى زمانى ووشەى دیموکراسى وئازادیە ،بەڵام لەهەندێک ناوچەى وەک (بلەوبارزان و بادینان و مەسیف وسەرى ڕەش وچەند ناوچەیەکى دیکە) دا نەک ئازادى لەمرۆڤەکان زەوتکردوە بەڵکو بۆى بکرێت ئازادى فڕین وهەڵسوکەوتى تەواوى ئاژەڵ وپەلەوەرەکانیش دەخاتە ژێرکۆنتڕۆڵى خۆیەوە ،کەچى ئەمڕۆ لەگەڵ هەمان ئەوحیزبەى کەڕۆژانێک بوو هەمووئازارى میللەتەکەیان لەچوارچێوەى بەرژەوەندیە تایبەتەکانى خۆیاندا کۆکردبۆوە وبەهەزاران کوڕى کوردیان بۆسەرمەستى شەوە سوورەکانیان کردەقوربانى،بەڵام ئەمڕۆ زەمینەیەک هاتۆتە پێش کەدەتوانن هەموو خەونەکانى گیرفانپڕکردنیان بێ یەکتر کوشتن وقڕکردنى یەکترى لەتەنها شەوڕۆژێکدا بهێننەدى بەدابەشکردنى سەروەت وسامانى خەڵکى ئەم هەرێمە وخۆیان بەشیربراى یەکتر نیشان دەدەن و دەبێژن هاوپەیمانى ویەکڕیزی میللەتمان گەرەکە ،ئایائەمە بانگەشەکردنە بۆهەڵبژاردن یان (هەڵبژاردنەوە)؟!.

 


Goran.dukani@yahoo.com