٢٣\٩\٢٠١٥
ھەڵبژێردراوانی
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" دیارکران.
مەنسوور
جیهانی
ھەڵبژێردراوانی
بەشە جۆراوجۆرەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"
دیاریکران و تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و خەڵاتی نەقدی بەسەریاندا
دابەشکرا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" Duhok
سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا، بە ئامادەبوونی ئەندامامی
لێژنەی دادوەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی
"سینەمای جیھان" و بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی"، سینەماکارانی
بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و ھۆگرانی ھونەری سینەما لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی
زانکۆی دھۆک لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و
ھەڵبژێردراوانی بەشە ئەم فیستیڤاڵە دیاریکران و خەڵاتی تەندیسی زێڕینی
فیستیڤاڵ و ھەروەھا خەڵاتی نەقدی بەسەریاندا دابەشکرا.
لە سەرەتای دەسپێکی ئەم ڕێوڕەسمەدا میوانانی بەشداربووی فیستیڤاڵ
لەبەرچاوی کامێڕاکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەسەر مافوورەی سووری ئەم
فیستیڤاڵەدا تێپەڕین و پاشان تیپی ھونەری میللی دھۆک بە پێرفۆرمانسێکی
ڕێکووپێک و بە جلووبەرگی کوردییەوە تابڵۆی پێشمەگەیان بە جوانی پێشکەش
کرد و سەرنجی ئامادەبووانیان بۆلای خۆیان ڕاکێشا و لە درێژەدا لە "عەلی
بەگ سەلیمی" ئەکتەری سەرەکی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" ڕێز گیرا
کە ساڵی ٢٠١٣ وەکوو پەنابەر لە وڵاتی نۆڕوێژ کۆچی دوایی کرد و پاشان بە
پێشکەش کاری "ساڵح عارف" ڕێوڕەسمی دابەشکردنیی خەڵاتەکانی ئەم
فیستیڤاڵەدا بەڕێوەچوو.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کە بریتی بوون لە: سەرۆکی
لێژنەی ناوبژیوان "ئان دێمی گێرۆ" Anne Démy-Geroe مامۆستای زانکۆ،
شارەزا لە بواری سینەما و بەرپرسی ھونەریی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا
پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA و چەندین
فیستیڤاڵی سینەمایی دیکە لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا، "مارینا کابا ڕاڵ"
Marina Caba Rall دەرھێنەر و ڕۆژنامەنووس لە ئیسپانیا، سینەماکاری
ناوداری کورد "عەلی بەدرخان" دەرھێنەر لە وڵاتی میسر، "گیبلیا دووبرێ"
Giulia Dobre ڕەخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا و
ھەروەھا نووسەر و ڕۆمانووسی کورد "عەتا نەھایی" لە وڵاتی ئێران
دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری بۆ
باشترین دەرھێنەریی
کورد بە "شەوکەت ئەمین کورکی" بۆ دەرھێنانی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد"
Memories On Ston بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٤ ھەزار دولاری بۆ
باشترین سیناریۆی کوردیی بە "ھیشام زەمان" و "مەمەد ئەکتاش" بۆ نوسینی
سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" Letter to the King بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ١٠ ھەزار دولاری بۆ
باشترین فیلمی کوردیی بە فیلمی سینەمایی "ماڵئاوا دیجیتاڵ" Farewell
Analog لە دەرھێنانی "ھیوا ئەمین نژاد" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری تایبەتی
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵ بە فیلمی سینەمایی "ھەبوو تۆ
نێبوو" Once Upon a Time لە دەرھێنانی "کازم ئۆز" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٣ ھەزار دولاری بۆ
باشترین ئەکتەری ئافرەت بە ھاوبەشی بە "فەریدە گێزەر" و "مەلەک ئولگێر"
ئەکتەری فیلمی سینەمایی "وەرە دەنگی من" Come to My Voice لە دەرھێنانی
"حوسێن کارابای" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٣ ھەزار دولاری بۆ
باشترین ئەکتەری پیاو بە "فەیاز دۆمان" ئەکتەری فیلمی سینەمایی "وشەی
دایکی من" Song of my Mother لە دەرھێنانی "ئێرۆل مینتاس" بەخشرا، کە
ئەم ئەکتەر کوردە خەڵاتەکەی خۆی پێشکەش کرد بە منداڵانی ئاوارەی
ڕۆژئاوای کوردستان کە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێین.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ١٠ ھەزار دولاری
پارێزگاریی دھۆک بۆ باشترین فیلمی بڵندیی سینەمایی کە لە دەڤەری
بادینان وێنەگیراوە بە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە
دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٤ ھەزار دولاری
ئەنجوومەنی نووسەرانی کورد بۆ باشترین فیلمی کوردیی کە لە دەرەوەی وڵات
سازکراوە بە فیلمی سینەمایی "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرھێنانی "ھیشام
زەمان" بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"ی ئەم
فیستیڤاڵەش کە بریتی بوون لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "وێرنێر رۆزیکا"
Werner Ruzicka بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دۆیسبۆرگ"
Duisburg و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا، "فرێدی ئۆلسۆن" Freddy
Olson بەرھەمھێنەر و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵەکان لە سوید، "عایشە پۆلات"
Ayse Polat نووسەر و دەرھێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، "جانی بوردایس" Jany
Bourdais بەرپرسی ئەنستیتۆی فەڕەنسی لە ھەولێر لە وڵاتی فەڕەنسا و "سوپۆم
سوھن" Soopum Sohn دەرھێنەر
و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە
ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی "یەڵماز گونای" و بڕیی پارەی ١٠ ھەزار دولاری
بۆ باشترین فیلمی بڵندیی سینەمایی نێودەوڵەتیی بە فیلمی سینەمایی "سیواس"
Sivas لە دەرھێنانی "کان مۆژدێجی" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری بۆ بەھرەمەندیی
نوێی فیستیڤاڵ بەخشرا بە فیلمی سینەمایی "وانە" The Lesson لە
دەرھێنانی ھاوبەشی "کریستیانا گرۆزێڤا" و "پیتێر ڤالچانۆڤ" بەخشرا.
ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کە پێکھاتبوون لە:
سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "پیتێر ئوت" Peter Ott نووسەر و دەرھێنەر لە
وڵاتی ئەڵمانیا، "پیتێر بۆی" Peter Boe بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە
نۆڕوێژ، "سەھیم عومەر خەلیفە" Sahim Omar Kalifa نووسەر و دەرھێنەر لە
ھەرێمی کوردستان و وڵاتی بەلژیکا، "بنویسە بریڤان" Binevsa Berivan
دەرھێنەر لە وڵاتی بەلژیکا و "دیمیتری گلۆبنیچی" Dmitriy Golubnichiy
بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ڕووسیا دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ـ خەڵاتی تەندیسی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری بۆ باشترین
کورتە فیلمی نێودەوڵەتی بە کورتە فیلمی "مریشک" The Chicken لە
دەرھێنانی "ئۆنا گۆنجاک" بەخشرا.
ـ خەڵاتی ئەنستیتۆی فەڕەنسی و بڕیی پارەی ٥ ھەزار دولاری بۆ باشترین
فیلمی دیکۆمێنتاریی نێودەوڵەتیی بە "ئانا ڕۆسیلۆن" بۆ دەرھێنانی فیلمی
دیکۆمێنتی "من خەڵکم" I am the people بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ١٥٠٠ دولاری تایبەتی ئەندامانی
لێژنەی دادوەران بە کورتە فیلمی "خێنووس" Xenos لە دەرھێنانی "مێھدی
فێلافێل" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ٣ ھەزار دولاری
ئەنستیتۆی گۆتەی Goethe ئەڵمانی بۆ باشترین کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی
بە فیلمی دیکۆمێنتاریی "٧٣#" لە دەرھێنانی "ڕێکێش شەھباز" سەبارەت بە
کارەساتی شنگاڵ و مانەوەی خەڵکی ئەم شارە و دەورووبەری لە چیاکانی
شنگاڵ بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی فیستیڤاڵ و بڕیی پارەی ١٥٠٠ دولاری تایبەتی ئەندامانی
لێژنەی دادوەرانی باشترین کورتە فیلمی فیستیڤاڵ بە کورتە فیلمی "شەوێکی
درێژ" A Long Night لە دەرھێنانی "کامەڕان بێتاسی" بەخشرا.
ـ خەڵاتی تەندیسی فیستیڤاڵ و و بڕیی پارەی ٨٥٠٠ دولاری بەڕێوەبەرایەتی
گشتیی ھونەریی
سینەمای دھۆک بۆ باشترین کورتە فیلمی فیستیڤاڵ بە کورتە فیلمی "ماست"
Yogurt لە دەرھێنانی "تەحسین ئۆزمێن" بەخشرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنیی خەڵاتەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک، "ئەیووب ڕەمەزان" سەرۆکی ئەم فیستیڤاڵە و
بەڕێوەبەریی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەریی پارێزگاریی دھۆک لە وتەیەکدا
سوپاسی تەواوی ئەو کەسانەی کرد کە لە بەڕێوەبردنیی ئەم فیستیڤاڵەدا
یارمەتیی بەڕێوەبەرانی فیستیڤاڵیانداوە بەتایبەت سەرۆکی حکوومەتی
ھەرێمی کوردستان "نێچیرڤان بارزانی" و پارێزگاریی دھۆک کە بە شێوەی
ڕاستەوخۆ لە لایەنی ماددی و مەعنەویدا بەردەوام یارمەتیانداون و
ھەروەھا ئەنستیتۆی فەڕەنسی و ئەنستیتۆی گۆتەی ئەڵمانی کە خەڵاتیان بۆ
ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشان کردووە.
سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" لە درێژەی
قسەکانیدا سوپاسی تەواوی ئەو ڕێکخراوە، داموودەزگا، کەسایەتیانە و
ھەروەھا دەزگاکانی ڕاگەیاندیی کرد کە یارمەتی و ھاریکاریی فیستیڤاڵیان
کردووە و سوپاسی تەواوی ئەو بنەماڵانەی شاری دھۆکی کرد کە بە ناردنیی
منداڵانی خۆیان و ھاندانی ئەوان لە
بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵەدا ڕۆڵێکی گرینگیان بینیوە.
گوتیشی: بەرنامەکانی فیستیڤاڵە بە سەرکەوتووانە کۆتایی پێھات و بە
تایبەت باژاریی دھۆک کە ٨٠٠ ھەزار ئاوارەی لە خۆگرتووە و زۆرترین
ھاوکاریی لەگەڵ شەڕ دژی داعش ھەیە و تا ئێستا ٤٤٥ شەھید و قوربانی داوە
و منداڵانی ئەم شارە لە بەرەکانی جەنگدان و ئێستاکە ئێمە بە ئازادیی و
سەرفەرازیی لەم پارێزگایە و لە ھەرێمی کوردستاندا دەژین. لە ماوەی ١٠
ڕۆژدا سینەماکارانی ٤٧ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان سەردانی کوردستانیان کرد
و ئەو ١٠ ڕۆژە دەکەینە دیاری بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و خێزانی
سەربڵیندی شەھیدەکانمان، لەبەر ئەوەی کە ئەوە بەرھەمی ئازایەتیی و
شەڕکردنیی ئەوان و پێکەوە ژیانی مرۆڤایەتیی و ئاشتییە لە کوردستاندا.
"ئەیووب ڕەمەزان" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە دەمانەوێت
ئێوەی میوان وەکوو باڵیۆزیی ئاشتیی دەنگی ئێمە و پەیامی ڕاستەی ئەم
میللەتە بە خەڵکانی وڵاتانی خۆتان بگەیەنن و لە ھەموو سینەماکارانیی
کورد داخوازین کە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات یارمەتی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بدەن و ئەم فیستیڤاڵە بە فیستیڤاڵی خۆیان
بزانن.
سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" لە درێژەی
قسەکانیدا ڕایگەیاند: لێرەدا دەبێت سوپاسی تایبەتی دوو کەسایەتیی
پارێزگاریی دھۆک بکەم کە لە سەرەتاوە یارمەتی پڕۆژە سینەماییەکانی ئەم
دەڤەرەیان داوە و وەکوو یەکەمین کاریی بەرھەمھێنانی فیلم، پاڵپشتیی و
ھاوکاریی سینەماکارانی ئەم شارەیان کردووە، ئەو کەسایەتیانەش بریتین لە:
"محەمەد موحسین" و "یۆسف حوسێن". بەراستی ئەم کەسانە دەستپێشخەریی
یەکەمین بوونە لە پارێزگای دھۆک و ھەوڵی بەرھەمھێنانی فیلمیانداوە.
بێگومان نەبوونی بەرھەمھێنەریی سینەمایی یانی نەبوونی بەڕێوەچوونی
فیستیڤاڵ و لێرەدا ڕێزیی تایبەتی ئەم دوو کەسایەتییە دڵسۆزەی بواریی
سینەمای کوردیی دەگرین.
بەڕێوەبەریی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەریی پارێزگاریی دھۆک لە کۆتایی
قسەکانیدا گوتی: ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" لە ١٥ کەسایەتیی و لە سێ بەشی پێشبڕکێی
پێکھاتبوون کە بە بڕوای ئێمە مرۆڤ گەلێگی ئازان کە لەم ھەلوومەرجەدا
ھاتنە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا پارێزگای دھۆک و بێگومان ناوی ئەوان
لە بیرەوەریی و مێژووی ئەم فیستیڤاڵەدا دەمێنێتەوە و زۆر سوپاسیان
دەکەین کە بە ھاتنیان و بەشداریی کردنیان
پشتیوانیان لەم فیستیڤاڵە کرد.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بە سەرۆکایەتیی "ئەیووب
ڕەمەزان" و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەریی سینەمای دھۆک سەر بە
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە نمایشی ١٣٧
فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئەڵمانیا،
فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا،
ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و
ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای
باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا
ھەرێمی کوردستان و لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە:
بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" کە
یریتین لە بەشەکانی "پێشبڕکێی فیلمە سینەماییەکان"، "پێشبڕکێی کورتە
فیلمەکان"، نمایشی "بەرھەمی کلاسیک و مۆدێڕنی سینەمای فەڕەنسا"، بەشی "نمایشی
تایبەت"، بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان"، بەشی "نمایشی فیلمە بڵندەکان"،
بەشی تایبەتی "لە ژێر سێبەریی مێژوو"دا ئەو فیلمانە لە خۆدەگرێت کە لە
ماوەی ساڵانی ١٩٩٠ ـ ١٩٢٠ لە لایەن سینەماکارانی کورد و بیانی سەبارەت
بە کورد و کوردستان سازکراون، بەشەی "نمایشی فیلمە دیکۆمێنتییەکان"،
ڤۆرکشۆپی فێرکاریی و پسپۆڕانەی ھونەری سینەما و ھەروەھا چەندین بەشی
دیکە لە ڕۆژانی ٩ تا ١٦ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە ھۆڵی کۆنگرێسی
زانکۆی شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|