٢٤\٥\٢٠١٣
هەڵسەنگاندن و
ئاوڕدانەوەیەک لە یادی سێ ساڵەی تیرۆری رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان،
گفتوگۆ لەگەڵ نادر
عەبدولحەمید.

سازدانی: لاوژە جەواد
لاوژە ماهیە:
تۆ یەکێک بووی لە بەشداربوانی یادی سێ ساڵەی تیرۆری سەردەشت لە شاری
یۆتۆبۆری سوێد، و وتارت پێشکەش کرد. ھەڵسەنگاندنت چیە بۆ ئەم یادە
بەگشتی و بەتایبەتیش لە مساڵدا؟
نادر
عەبدولحەمید: یادی ترۆری سەردەشت عوسمان تەنھا یادی تاوانێک و
قوربانیەکی بێگوناح نییە، بەڵکو یادی خاڵێکی وەرچەرخانی سیاسیە لە
مێژووی کۆمەڵگەی کوردستانی عێراقدا. ئەمە پیا ھەڵخواندن و زیادەڕۆی
نییە بەڵکو لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی و واقعیە لە خەبات و ململانێی
سیاسی لە ھەرێمی کوردستانی عێڕاقدا.
گەرچی یەکەمین جار نەبوو کە لە مێژووی ھاوچەرخی ئەم ھەرێمەدا
بزووتنەوەیەکی جەماوەری ناڕەزایەتی شکڵ بگرێت لەدەرەوەی بزووتنەوەی
ناسیونالیستی کورد، وە لە بنچینەشدا بەدژی دەسەڵاتی حیزبە زلھێزەکانی
ئەو بزووتنەوەیە و وەک بزووتنەوەی سەردەشت عوسمان بناسرێت. بەڵکو
پێشوتر لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣، بە کۆمەگی ھەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستی
ئەو کاتە، بزووتنەوەی بێکارانی کوردستان و دواتریش بزووتنەوەی
ئاوارەکانی کوردستان سەریان ھەڵداوە، کە ئەو دوو بزووتنەوەش لە دەرەوەی
بزووتنەوەی کوردایەتی و بە دژی دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی ئەوکاتە بوون.
بەڵام ئەم بزوتنەوانە نەک ھەر نەیانتوانی بەردەوام بن بەڵکو نەشیان
توانی وەک ھەوێنێک بەشدار بن لە شکڵگیری بزووتنەوەی ناڕەزایەتی
جەماوەری گەورەتر و بەرفراوانتر لەدوای خۆیان.
ئەمە جگە لە شەپۆلێکی پچڕ پچڕ لە خۆپێشاندان کە شکڵێکی ئەنارشیستی
بەخۆیەوە گرت لە ساڵی ٢٠٠٦ دا، دژی نەبونی خزمەتگوزاریەکان و گەندەڵی و
فەرھودی سامانی گشتی کۆمەڵ لەلایەن ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە.
ئەوەی کە لە ھەڵسەنگاندنی یادی بزووتنەوەکەی سەردەشت عوسماندا پێویستە
پێی لەسەر دابگرین، (ھەروەک لە وتارەکەی خۆمدا لە شاری یۆتۆبۆری سوێد
لەو یادەدا ئاماژەم پێدا)، ئەوەیە کە بزووتنەوەی سەردەشت عوسمان وەک
ھەوێنێک بەشدار بوو لە شکڵگیری بزووتنەوەیەکی بەرینتر و بەرفراوانتر
لەدوای خۆی ئەویش بزووتنەوەی ناڕەزایەتی حەڤدە (١٧)ی شوباتی ٢٠١١ بوو.
بزووتنەوەی سەردەشت عوسمان گەرچی تەمەنی کورت بوو بەڵام ناوەڕۆک و
جەوھەری پەیامەکەی خۆی گواستەوە بۆ بزووتنەوەیەکی بەرفراوانتر و
بەھێزتر، بەم مانایە مەسەلەی سەردەشت عوسمان بە زیندوویی مایەوە.
نامەوێت لێرەدا پەردەپۆشی زەمینە مادیەکانی سەرھەڵدان و تەقینەوەی
جەماوەری حەڤدەی شوبات بەڕوی دەسەڵاتدارەتی ناسیونالیزمی کورد و
بەتایبەتیش "پارتی"دا بکەم، ھەروەھا نامەوێت چاو لە ئاست
کاریگەریکەکانی شەپۆلی شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا و وڵاتانی ناوچەی
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بنوقێنم لە سەرھەڵدان و شکڵگیریەکەیدا. بەڵکو
ئەوەی کە دەمەوێت لێڕەدا بەرجەستەی بکەمەوە بەشداری بزووتنەوەکەی
سەردەشت عوسمان بوو لە شکڵگیر بزووتنەوەکەی حەڤدەی شوباتدا. ئەمە
بەشێوەیەکی گشتی ھەڵسەنگاندنمە بۆ مەسەلەی ترۆری سەردەشت عوسمان و
یادەکەی.
بەڵام ئەوەی کە تایبەتمەندیەک بەو یادە دەبەخشێت لە سێھەمین ساڵیدا،
ئاڵوگۆڕییەکە لە تەرازوی نەک ھەر ھێزە سیاسی و حیزبیەکان بڵکو لە
تەرازوی ھێزی نێوان ناڕەزایەتی جەماوەری لە دەڤەری بادینان و ناوچەکانی
ژێر دەسەڵاتدارەتی "پارتی" لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە. بەڕادەیەک کە
لەماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە دوانزە حاڵەتی ناڕەزایەتی
دەربڕینی جەماوەری لە ئاستی جۆراوجۆردا سەری ھەڵداوە، کە لە میدیاکاندا
بڵاوکرانەوە و ڕاگەێندراون. لە کەش و ئاوھەوایەکی سیاسی ئاوادایە کە
دەسەڵات ناچارە بووە مل بدات بە بەڕەسمی ناسینی یادکردنەوەکە لە ھەولێر.
کە لە دوو شوێن ھەم لەسەر گۆڕەکەی و ھەم لە بەردەم زانکۆ ئەو شوێنەی کە
لێی فڕێندرابوو یادەکەی شکۆمەندانە کرایەوە. ئەڵبەتە لە ھەندێک شار و
شارۆچکەکانی تری کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ئەم یادە کرایەوە کە ئەمەی
شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوێد یەکێک لەوانە بوو.
لاوژە ماهیە:
لە وتارەکەتاندا ئیشارەتان بەوە کرد کە لەچەند ساڵی ڕابردودا
دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر لە کوردستاندا خەریکی شکڵگرتنە و ھەتا ھەڵبژاردنی
پەرلەمانیش بەشێکە لەو پڕۆسەیەی شکڵگیری ئیستیبدادی سیاسی، تیرۆری
سەردەشت و وەستانەوەی ئازادیخوازان بەرامبەری شەقازیلەیەک بوو بەڕوی
دەسەڵاتدا، واتا وەک ھێزی بەرەنگاریبونەوە، مەبەستان لەمە چی بوو؟
نادر عەبدولحەمید: بیست و چەند ساڵی
ڕابردووی کوردستانی عێراق قۆناغێکی تازەیە لە مێژووی ئەم کۆمەڵگەیە،
فاکتۆری ئەسڵی لە پێکھاتەی ئەم قۆناغەدا ڕەوینەوەی مۆتەکەی دەسەڵاتی
ئیستبدادی دەوڵەتی مەرکەزی عێڕاقە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، چ
بەکشانەوەی ھێزەکانی رژێمی بەعس بەدوای جەنگی کەنداوی یەکەمدا (١٩٩١) و
چ بە دوای ڕوخانی خودی ئەو ڕژێمە بەدوای جەنگی کەنداوی دووەمدا (٢٠٠٣).
بەمەش بۆشاییەکی سیاسی یان فەزایەکی ئاوەڵای سیاسی و فکری ھاتە ئاراوە
بۆ ململانێ و کێشمەکێشی ڕەوت و باڵە جۆراوجۆرەکانی چوار بزووتنەوەی
کۆمەڵایەتی سیاسی: ڕەوتی ناسیونالیستی سوننەتی (کلاسیک) کە جگە لە
دووباڵی "پارتی" و"یەکیەتی" کۆمەڵێک لە وردە حیزب و گروپی تریش
دەگرێتەوە. ناسیوناڵ-لیبراڵ کە ڕەوتێکی لیبراڵی تازەی ناسیونالیزمە و
ھێشتا پڕۆسەی شکڵگیریەکەی کامڵ نەبووە، وە دەیان ناوەند و مەڵبەندی
فکری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و سیاسی ھەیە. ھەرچی بزووتنەوەی "گۆران"یشە
ئەلقەیەکی پەیوەندیە کە ئەم ڕەوتە ناسیوناڵ- لیبراڵە پەیوەست دەکاتەوە
بە ناسیونالیزمی سوننەتیەوە، جگە لەم دووباڵەی بزووتنەوەی ناسیونالیستی
"کلاسیک" و ناسیونالیستی "مۆدێرن"؛ دوو بزووتنەوەی تریش لە کوردستاندا
ھەن، بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان.
ئەوەی کە جێگەی مەبەستی من بووە ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە
سیاسیانە بەتایبەت ناسیونالیزمی سوننەتی و بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی،
لەڕێگەی ڕەوتە حیزبی و میلیشیا چەکدارەکانیانەوە، ویستویانە ئەم
بۆشاییە سیاسیە بە ملھوڕی و داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵکی
کوردستاندا پڕبکەنەوە جا چ بەشەڕ و پێکدادانی نێوانیان بوبێت یان بە
ھاوپەیمانیەتی. ئەمە پڕۆسەیەکە لە شکڵگیری دەسەڵاتێکی ئیستیبدادی سیاسی
لە کوردستاندا. ترۆری سەردەشت عوسمان و پێش ئەویش کەسانی تر ڕوداوێکی
دابڕاو نەبوون لەگۆشەیەکی کۆمەڵگەدا ڕویاندا بێت بەڵکو ئەڵقەیەک و
بەشێک لە پڕۆسەیەکن بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتێکی ئیستیبدادی سیاسی لەڕێگەی
سەرکوتی ئازادی و دەم کوتی ئازادیخوازان.
بەڵام بارودۆخی سیاسی کوردستان تەنھا پڕۆسەیەکی یەکلایەنەی شکڵگیری
ئیستیبدادی سیاسی نەگرتۆتە خۆی بەڵکو ھەمیشە ناڕەزایەتی و بەرگری
لەبەرامبەر زوڵم و زۆر و دەستدرێژیەکانی دەسەڵات لە ئارادابوە. بەڵێ
دەسەڵات بە ترۆری ھاوڕێ سەردەشت مەبەسستی بوو جەماوەری ئازادیخواز
چاوترسێن بکات و ھەرچی زیاتر دەسەڵاتی سەرکوتگەری خۆی جێگیربکات لە
کوردستاندا، بەڵام شکڵگرتنی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوان ئەوەی کە دەسەڵات
(لێرەدا مەبەست "پارتی"ە) مەبەستی بوو نەک ھەر لێی کردە خەون بەڵکو
لێشی کردۆتە کابوسێک. بەم مانایە شکڵگیری ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە
کوتەتێک بوو سرەوێندرایە ئەم دەسەڵاتە.
لاوژە ماهیە:
پێتوانییە دەبێت داواکاریەکانمان سەبارەت بە تیرۆری سەردەشت لەم
بازنەیە بێتە دەرەوە، دەبێت بەشکلێکی تر بەرەنگاری دەسەڵات ببینەوە و
سەقفی داواکاریەکانمان ببەینە سەرەوە؟
نادر عەبدولحەمید: کێسی سەردەشت دولایەنە،
لایەنێکی شەخسی وەک ھاوڵاتیەک و ڕۆڵەی خانەوادەیەکی زەحمەتکێش کە تیرۆر
کراوە، لایەنی دوەمیشی مەسەلەیەکی سیاسیە کە سەردەشت لەسەری ترۆر کراوە
و بە بۆنەی ترۆرەکەیشیەوە و بەدەوریا بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی شکڵی
گرت، گەرچی ئێستا ئەم بزووتنەوەیە لە حاڵەتێکی خامۆشیدایە بەڵام لەھەر
فرسەتێکی گونجاودا ئەگەری سەرھەڵدانەوەی ھەیە. ئەم دوو لایەنە
لێکھەڵپێکراون لە پەیکەرەیەکدا و لێک جیا ناکرێنەوە.
ھەر مەسەلەیکی دیاری کراو، خواستی تایبەت بەخۆی ھەیە، کە ھەم
ھەقانیەتەکەی دەسەلمێنێ و ھەم ھێز و تواناش بەدەوریدا کۆدەکاتەوە تا
بتوانێت پەرەدار و بەرفراوانی بکات. ئەگەر چاوێک بە خواستە ئەسڵی و
سەرەتاییەکانی دۆسیەی سەردەشت عوسماندا بخشێنین دەبینی خواستی ئاشکرا
کردنی بکوژان و دادگایی کردنان، خواستی پێکھێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ
لەدەرەوەی دەسەڵات بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە، بە تواناو ھێزی خۆیانەوە
لە مەیداندا ماونەتەوە. وە ھەر ئەم خواست و داواکاریانەش بوو کە بوونە
بنەمای شکڵگیری بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و سەرھەڵدانی چەندین
خۆپێشاندان، وە بوە فشارێکی سیاسی بۆ سەر دەسەڵات و بەدیاریکراویش
بۆسەر "پارتی".
خواست و دروشم و پەرچەم و سمبولەکانی ھەر مەسەلەیەک یا ھەر
بزووتنەوەیەک ڕۆڵی کاریەگەر دەبینن لە پتەوکردن، بەرفراوانکردن و
بەرەوپێش بردنیدا. بەڵام بەر لە دروشم و داواکاریەکان ئەوە میکانیزمی
پەرەسەندنی ناوخۆیی ھەر بزووتنەوەیەک و چۆنیەتی یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکیە
دەرونییەکانی ھەر بزووتنەوەیەکە کە ڕێگە خۆشکەری پەرەسەندن و پتەوکردن
و بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەکەیە. زیاد و کەمی خواست و داواکاری
بەو ئەندازەیەی کە لە ڕەوەندی یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکیە دەرونییەکاندا
ڕۆڵی خۆی دەبینێ بایەخی ھەیە.
بزووتنەوەکەی سەردەشت عوسمان، وەک بزووتنەوەیەکی ئازدیخواز پێکھاتەیەک
بوو لە یەکانگیربوونی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێر، واتا
دیموکراسییەتێکی شۆڕشگێر لەگەڵ ڕەخنەیەکی ناسیوناڵ-لیبرالی ڕۆشنبیرانی
کوردستان، کە خوازیاری ئازادی بیروڕا و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و
دامەزراوەیی دەوڵەتی دیموکراتین. بە مانایەک بزووتنەوەکەی سەردەشت
عوسمان ھاوپەیمانەتی دیموکراسی شۆڕشگێر و دیموکراسی لیبراڵ بوو لەساتە
وەختێکی مێژووی کوردستاندا، بەدژی دەسەڵاتێک کە ھەوڵی داسەپاندن و
جێگیر کردنی ئیسستیبدادی فکری و سیاسی دەدات لە کوردستاندا لەڕێگەی
سەرکوت و دەم کوت و ترۆرەوە. وەتا ئێستاش بزووتنەوەکەی سەردەشت عوسمان
ئەم پێکھاتە و ئەم ھاوپەیمانیەتەی بەدوو ئاسۆی فکری و سیاسی جیاوازەوە
لەھەناوی خۆیدا حەشارداوە.
ئەڵبەتە یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە دەرونییەکانی ھەر بزووتنەوەیەک کارێکی
ئیرادەگەریانە نییە، بەڵکو ئەمە ڕەوەندی گەشەکردن و بەرفراوانبونی ئەم
بزووتنەوەیە بەدژی دەسەڵات کە زەمینەکەی دەخوڵقێنێت، وەھەر ئەمەشە کە
ئاستی خواست و داواکاریەکان بەرزدەکاتەوە. جیا لەو ڕەوەندە واقیعیە،
زیاد و کەمی خواست و داواکاری و بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان گلانە ناو
ئیرادەگەرایەتی لێ پاشەکەوت دەبێت.
ماڵپهڕی
نادر عەبدولحەمید
|