١٠\١٠\٢٠١٤
هەڵوێستێکی
خەجاڵەتکێشانەی پەرلەمانی کوردستان.

مەهدی خالید خەمبار
ماوەیەکە شەڕوپێکدانێکی پلانبۆداڕێژراوی خوێناوی هەم یەخەی باشوری
کوردستان و هەمیش ڕۆژئاوا بە گشتی و کۆبانی بەتایبەتی کە نوسین و
مەبەستەکەمی لەسەر چڕدەکەمەوە گرتوە و دوژمنان لەبەرپاکردنی ئەم جەنگە
نەخوازراوەدا خوازیاری ئەوەن لە لایەکەوە شەڕڤانانی یەکینەکانی
پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژئاوا کە بە دوو هێزی
نیشتیمانپەروەری نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان پکک دێنە هەژمارکردن
لاواز بکەن و لەپەلوپۆیان بخەن ،لە لایەکیش گورزێکی کەمەرشکێن بسرەونە
ئەو کانتۆنانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتونەتە دامەزراندن کە هێشتا
بەهۆی ململانێ تەسکە حیزبیەوە هەریمیش نەیتوانیوە وەک حکومەتی هەرێم
دانی پێدا بنێت و هەڵسوکەوتیان لەتەکدا بکات.
هەر هەوڵێکی نەزۆکانە کە ئامانج بەچۆکداهێنانی شەڕوانانی یەکینەکانی
پاراستنی گەل یەپەگە و یەپەژە و تەفروتوناکردنی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا
بێت بەدڵنیاییەوە لەگۆڕ دەنرێت و نابێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ دوژمنان و
نەیاران و هەرگیز مژدەی لەبەینبردنی ئەو لەمپەرانەیان پێنابەخشێت کە
هەمیشە لەبەردەم هێنانەدی خەونەکانیان و فراوانکردنی قەڵەمڕەوی
دەسەڵاتەکانیان وەک چیایەکی پۆڵاین وەستاونەتەوە.
خۆشبەختانە لەبەرامبەر هەمو ئەم نەفەسە کورتە شەڕنگێزیانەدا بەردەوام
بەرەی گەل و ئازادیخوازانی بە ورەیەکی کەموێنەو و گیانێکی
لەخۆبوردوانەوە ڕوبەڕوی هەموو ئەم هەوڵە نەزۆکانەیەی کۆنەپەرستانی
ناوچەکە وەستاونەتەوە و دەوەستنەوە کە ویستویانە و دەیانهەوێت لە ڕێگەی
ئەم ڤایرۆسە دەستکەلا گوماناویەی گروپی تیرۆریستی داعشەوە بەرپای بکەن
و گەلی کورد لە باشور و ڕۆژئاوا دوچاری لاوازی و داهەژان بکەن.
بەرخۆدانی خوێناوی ٢٤ ڕۆژەی شەرڤانانی یەپەگە بەو چەک و تەقەمەنیە کەم
و کلاسیکەوە کە کە توانیویانە پێش بە هێرشێکی بەرفراوانی داعشەکان بۆ
سەر کۆبانی بگرن و خەباتێکی و خوێناوی نەبڕاوانە بمەشێنن ببن بە
سومبوڵی بەرخۆدان و ئازایەتی و مایەی سەرفرازی هەموان.
وونبون و لاوازی ڕۆڵی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان لە
سەروشیانەوە پەڕلەمانی کوردستان پەرچەکردار و نیگەرانیەکی زۆری لای
تاکی کورد بە گشتی و ڕۆشنفیکران و سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ و کۆمەڵە و
ڕێکخراوە جەماوەریەکان بە تایبەتی دروستکردوە .
هەڵوێستەکەی دوا چرکەساتەکانی چڕبونەوەی ئابڵوقە مەترسیدارەکەی داعش لە
سەر کۆبانی لە لایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە بە ناردنی لیژنەیەکی
لێکۆڵینەوە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی بیرۆکراتیانەی بێواتا لەمەڕ
کانتۆنی کۆبانی بە هەڵوێستێکی شەرمنانە و خەجاڵەتکێشانە ناودەبرێت
چونکە ( لە پاش باران کەپەنک دروستکردنە ) هەرچەندە تا ئێستا دیوە
شاراوەکەی پشت ئەم سیناریۆیە شاراوەیە ، بەڵام لەبونی هۆکار و فاکتەری
سیاسی تەسک خاڵی نیە.
ئەگەرچی زۆر جار پەڕلەمانی کوردستان خۆی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و خۆی لە
لەدەستدانی متمانەی جەماوەری کوردستان نزیک کردۆتەوە ، بەڵام هیچ
کامیان بە ئەندازەی ئەم هەڵوێستە زەلیلانەیە سەرۆکایەتی پەڕلەمانی
نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە .
خەریکە شتێک نەمێنێتەوە بۆ ئەوەی باس لە سەربەخۆیی بڕیاردانی پەرلەمان
بکەین ! چونکە ئێمە پێویستمان بە پەڕلەمانێکە کە سەربەخۆ و بەرچاو ڕون
و دوربین و ڕاستگۆ و بوێر و نیشتیمانیبێت لە بڕیاردان و بەرپرسیاریەت.
ئەو پۆزشانەی کە سەرۆکایەتی پەڕلەمان بۆ ئەم ڕەفتارەی دەیهێنێتەوە کە
گوایە یەپەگە داوای هاوکاری و بەهاناوەچونی لێیان نەکردوە ! خۆزگە
پەڕلەمان خۆی لەم پۆزشە لاوازە دەبوارد ! دەبو ئەوە بزانن کە میللەتێک
لە ڕۆژئاوا خەریکە ڕوبەڕوی جینوساید و ئەنفالێکی تری شەنگال ئاسا
خەریکە ڕودەدات ، ئەرێ سەرۆکایەتی پەڕلەمان کام لەو لاشاوە عەرەبەی
کەڕوی لە کوردستان کردوە پرسی بە ئێوە کرد کە ناچاریش کران هەم
بیانحەوێننەوە و هەمیش هەموو ئەی شتێکیان بۆ دابین بکەن و ئیتر ئەوانیش
( خۆیان و شیریان ) !!؟؟ ئەی بۆ دەبێت کۆبانیەکان پاسەپۆرتی هاتنە
ناوەوەی ماڵ خۆیان دەبێت پێبیت و دەبێت هاوار بکەن و بڵێن مردین
لەبرسا.
بۆ ئەوەی پەڕلەمان و سەرۆکایەتیەکەی بتوانن جارێکیتر خۆیان بکەنەوە جێ
متمانەی ڕۆڵەکانی گەل ، پێویستە دان بەم هەڵەیەدا بنێت کە دەریبڕی ،
پێویستە ئەمە بکاتە دوا ویستگە بۆ ئەوەی تێیدا بەخۆداچونەوە بکات و خۆی
لە هەموو بەرگێکی دەستەمۆیی و بەرژەوەندپەرستی حیزبی دابماڵێت چونکە
کۆبانی دوا مەینەتی نەتەوەکەمان نیە و نابێت.
m.zerdeshti@gmail.com
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|