په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

هەڕەشە و ملهوڕی ڕاگرن!


عه‌بدوڵا مەحمود

 

پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنی ڕۆژی 8-10 دا، دووبارە بریاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدەرەوەی ولاتەکەی و لەشکرکێشی بۆسەر هەرێمی کوردستان، درێژکردەوە کە 17 ی تشرینی ساڵی ڕابردوو پەرلەمان پەسەندی کردبوو.


بڕیاری درێژکردنەوەی لەشکرکێشی سەربازی بۆ ناو هەرێمی کوردستانی عێراق، بەو بیانوەوە دەستی بۆبرا! کە یەکێک لە بارەگاکانی سوپای تورکیا( بارەگای ناق توتون) چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە ناوچەی هەکاری کەوتە بەرهێرشی چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەربازانی کوژران.


دیسان و وەکو هەموو جارەکانی پێشوو پاساو بۆ پەسەندکردنی بریاری لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستان و ملهوری نواندی رژیمی ناسیونال فاشستی تورکیا، جموجۆل و چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکەیە.


ئەوەی لە ئەلف و بێی سیاسیەت و واقعیەتە سیاسیەکانی ئێستای عێراق و کوردستان و وەزعی تورکیا ئاگادار بێت، بەسادەیی دەزانێت کە پەکەکە تەنها بیانوێکە بۆ ئامانجە سیاسیەکانی تری ئەم ڕژێمە.


چونکە ئەگەر پەکەکە بیانوێکە بەدەست رژێمی تورکیاوە و لەڕاستیشدا فایلیک و کێشەیەکە بۆ تورکیا، بەڵام گومان لەوەدانییە، کە دەستێوەردان لەوەزعی سیاسی کوردستان و باڵادەستی پەیاکردن لە واقعیەتی سیاسی عیراق و بەتایبەتیش کوردستاندا و کەمکردنەوەی نفوزی ناسیونالیزمی کورد و خۆبەخاوەنزانینی کەرکوک و ڕێگە گرتن لەوەی دەست بۆهیچ رێگاچارەیەک ببرێت کە لەدەرەوەی بەرژوەندیەکانی خۆی بێت، هۆکاری سەرەکی هەڕەشەو لەشکرکێشیەکانی ڕژێمی تورکیایە.


تەنانەت بەپرسە سیاسی و سەربازیەکانی تورکیا نایشارنەوە و نەیان شاردۆتەوە کە بەدوای ئامانجی ترەوەن، هەر چەند رۆژ پێش ئێستا بوو ووتیان توانیمان ڕێگە بگرین لەوەی یاسای 140 جێبەجێ بکرێت.


بۆیە هیچ لەوە ڕۆشنتر نییە کە کێشەی دەوڵەتی تورکیاو ئامانجیک کە لەهەڕەشەو لەشکرکێشی سەرابازی هەیەتی نە پەکەکەیە بەتەنهاو نە بۆ ڕاگرتنی چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکەش کۆتایی پێدێت.


واقعیەت ئەوەیە کەڕژێمی تورکیا ئەمجارە دەیەوێت لەدڵی شکستی پرۆژەی بێناوەڕۆکی فیدرالیزم و لەناوجەرگەی دارمانی ئیتفاقات و ڕێکەوتانەکانی نێوان هێزو کتلە سیاسیەکانی عێراقدا، و تێکچونی بالانسی هیزەکان و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکانیدا، هەنگاوێکی خۆی بنێت و بەهرەبەرداری لەم واقعیەت و سیناریۆ تازەیە بکات کە لە 22 تەموزەوە دریژەی هەیە.


ئەگەر سالانی ڕابردوو لەشکرکێشی سەبازی و دەستێوەردانی هەموو ڕۆژەی تورکیا، هەموو جارێک بۆماوەیەک درێژەی دەکێشاو پاشان دەکشایەوە، ئەگەر ئەوکات ئیدارەی کوردی هەڕەشەی بەرەنگاربونەوەی دەکرد، و ئەمریکا ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە ڕژێمی تورکیا دەکرد، ئەوا ئێستا بەپێی وەزعیەتی تازە، توکیا زیاتر لەوە دەیەوێ پێی لێدرێژبکات و لەژێرناوی بەرگرتن بە چالاکی پەکەکەو بەرگرتن بە دزەکردن هێزەکانیان پشتێنەی ئەمنی دروست بکات بۆئەوەی بەڕەسمی حزوری هەمیشەیی سیاسی و سەبازی خۆی لە ناو کوردستانی عیراقدا زامن بکات و هەرکاتێک ویستی هێزی ئامادەباش بخاتە گەر . ئیدارەو دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستانیش نەک دەنگیان لەدژی تورکیا لێوەنایەت بەڵکە بەپرسە بالاکانیان هەڕەشەی توند لە هێزەکانی پەکەکە دەکەن و بەسەرچاوەی کێشەو لەشکرکێشی بۆتورکیا و بۆ شێواندنی وەزعی کوردستانی عێراقی دەزانن. لەوەش واوەتر نیگەرانن لەوەی کە تورکیا لەگەڵیان دانانیشێت تابزانن لەوە زیاتر چییان لێان دەوێت. ئەمریکاش بە ئاشکراو ڕاستەوخۆ ء ڕەسمی پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دەکات و لەژێر ناوی ئەوەی کە پەکەکە تیرۆریستە!!و دەبێ لەناوببرێت....تاد.


ڕژێمی تورکیاو بەرپرسانیان بۆ ئەوەی پاساوی لەشکرکێشیەکشیان بکەن لە زمانی گەورە بەرپرسانی توکیاوە دەوترێت ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەدژی خەڵکی کورد نییە و تەنها لەدژی تیرۆرو!! پەکەکەیە.


هەڕەشەو لەشکرکێشی تورکیا، هێنانی بیرۆکەی دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی، لەدڵی وەزعی تازەی عێراقدا، بەشێکە لە ئاکامی تێکچونی تەوازنی هێز و داروخانی ئیئتیلافەکانی نێوان لایەن سیاسیەکانی عیراق.


دیارە ئەم هەڕەشانەو لەشکرکێشی زەمینیش کە پێشبینی دەکرێت دیسان ڕووبدات تا دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی.. ئەمانە بەر لەهەموو هێزێک و لایەنێک هەڕەشەو لەشکرکێشیە بۆسەر خەڵکی کوردستانء ئاینندەی سیاسیەکەی.


کێشەی خەڵکی کوردستانی توکیا لە ناو توکیادایە، ئەگەر تورکیا دەڵێت ئێمە لەدژی خەڵکی کورد نین و لەدژی پەکەکەین، کێ دەستی گرتووە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەڕەسمی بناسێت و واز لە ملیتاریزەکردن و سەرکوت و هەڵگرێت و وەکو هاوڵاتی بەمافی یەکسانەوە مامەڵەیان بکات. ئەگەر بڕیارە پەکەکەش تێکبشکێنرێت ئەوە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەشکرکێشی بەشوێنێک ناگات، بە چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لەتورکیا، ئەمیش بە کۆتا دەگات.


تورکیا بە زوڵمەی لە خەڵکی کوردستانی تورکیای دەکات، زەمینەی بۆ سەرهەڵدان و پێکهاتنی چەندی هێزی سیاسی و سەربازی ئامادەکردووە، لەجێگای وەڵامدانەوەی سیاسیش بە کێشەی خەڵکی کوردستان، ڕێگای سەرکوت و بێمافی و ئینکارکردنی بوونی خەڵکی کورد لە ناوخۆی تورکیا دەکات. بۆ شێواندی ڕای گشتی دنیاو درێژەدان بە ئینکارکردنی خەڵکی کورد لەتورکیادا، لەدەرەوەی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەرێدەخات و دەیەوێ ناوچەی ئەمنی دروست بکات بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆی و ئەمنیەتی ناوچەکە.


خودی توکیا کە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی لە ڕێگای دەستێوەردانی سیاسی و بەکرێگراوەکانی و هەڕەشەو لەشکرکێشیەوە کوردستانی عێراقی لە نا ئارامیدا ڕاگرتووە. لە 18 ساڵی ڕابردوودا بە هەزاران جار سنورەکان و قوڵایی کوردستانیان بۆمبارباران کردووە، بەدەیان جار لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنیان کردووە، دەیان بنکەو بارەگایان چ لەژێرناوی خزمەتگوزاری و چ لەرێگای حزبیەکانی سەربەخۆیانەوە، قوتکردۆتەوە. کەچی بێشەمانە باسی پاراستنی ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت شەڕی ئێمە لەدژی پەکەکەیە.


خەڵکی کوردستانی عێراق، وەکو هەمیشە ئەرکیانە لەمەیداندا بن و لە ئێستاوە لەدژی لەشکرکێشی و پیلانی چەپەڵی دانانی ناوچەی ئەمنی بوەستنەوەو ئاکامە زیانبارەکانی ملهوری نواندنی تورکیا لەسەر خۆیان بناسن.


ڕژێمی تورکیا بەکردەوە فاکتەری سەرەکی نائارامی کوردستانە، بەکردەوە هێزکی سەکوتگەرو دژی ئازادی و مافەکانی ئینسانە، بەکردەوە دژی ئیرادەو خواستی ڕەوای خەڵکی کوردستانە بۆسەربەخۆیی، بەکردەوە خاوەن هێزکی تیرۆرست و هەوسارپچراوی دەوڵەتییە. خەڵکی کوردستان ئەگەر لە ئێستاوە لەبەرامبەر هەڕەشەو لەشکرکێشیەکانیدا یەکگرتوو ڕێکخراو ئامادەو سەراسەری نەیەنە مەیدان، ئەوا وەکو هەمیشە ڕژێمی تورکیاو هێزەکانی ڕێگەدەگرن لە هەر هەنگاوێکی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆیان بەدەستی خۆیان. خەڵکی کوردستان هاوکات پێویستە پشتیوانی بێدرێغ لە هەڵسوڕان و چالاکی ئۆپۆزیسۆنی وڵاتەکانی ناوچکە بکەن و ڕێگە نەدەن لەژێر هیچ بیانویەکداا ڕێگەی هەڵسوڕانیان لێبگیرێت یان بەرتەسک بکرێتەوە.
 


abdulla.mahmud@gmail.com