٣\١٠\٢٠١٤
هەتاوی
ئازادیی لە کۆبانییە!
ئەم ساتانەی ئێمەی تێدا ئەژین، لەناو جەرگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە چاڵە ڕەشەکە ناوی ئەبەن، شارێک بە ناوی (کۆبانی) هەر ئێستا خەریکە داستانێکی بەرگری لە شکۆمەندیی مرۆڤی ئەم سەردەمە لەپێناو ژیان و بۆ مێژوو تۆمارئەکات! ئەم شارەو دانیشتووانە بەشەرەف و خۆڕاگر و قارەمانەکەی، هەر ئێستا ئەکتەری واقعی نمایشکردنی داستانێکی بێ وێنەن لە دژی تاریکستانی ئیسلامی داعشییەکان، کە بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی خەریکە هەتاوی ئازادیی کە لە شاری کۆبانییەوە هەڵاتووە، خامۆش بکەن! ئەم هەتاوەی لە کۆبانییەوە ئەم چاڵە ڕەشەی خۆرهەڵاتی ناوینی ڕووناککردۆتەوە، نابێت خامۆش بکرێت! ئەتوانین بە درەوشاوەیی بڵندی کەین تا بگاتە هەموو جیهان! ئێمە بە پشتیوانیمان لە کۆبانی، ئەتوانین پرشنگەکانی ئەو هەتاوە بکەینە پەرچەمی ژیانو هەموو ناوچەکەو جیهانیش ڕۆشنبکاتەوە! ڕۆژێکەو ئەمڕۆ هەر مرۆڤێک دڵی بۆ ژیان، بۆ ئاسوودەیی و ئاییندەیەکی گەشاوە لێئەدات، پێویستە لەسەری ڕێگابگرێت لە کوژانەوەی ئەو ڕووناکییەی لە کۆبانییەوە بەرپاکراوە! پێویستە هەموومان ئاگری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە ناخماندا داگیرسێنین بۆ پشتیوانییکرن لە کۆبانی.
دوژمنانی کۆبانی هەر داعشو داعشییەکان نین بەتەنیا! ئەو دەوڵەتانەشن کە خەریکن بەناوی بچووککردنەوەی داعشەوە ئەزموونی کۆبانیی زیندەبەچاڵئەکەن! ئێمە ئەتوانین بەر بەچارەنووسێک بگرین کە دوژمنانی ئازادیی بۆ کۆبانییان داڕشتووە! کۆبانی ئەتوانێت سەرکەوێت! بەپشتیوانی ئێمە ئەتوانێت داستانی جوامێرانەی ئازادیی شارێک مسۆگەر بکات! سەکەوتنی کۆبانی سەرکەوتنی مرۆڤایەتییە! هەتاوی ئازادیی لە کۆبانییە، بۆیە کۆبانی پێویستی بە چەک و تەقەمەنی هەیە!
بۆیە تەنیا کاری ڕاستەقینە گەیاندنی چەک و تەقەمەنییە بە هێزی چەکدار و بەرگریکاری شاری کۆبانی! هەر هەڵوێستێکی دیکەی پێچەوانەی ئەمە لەلایەن ئەو هێزو دەوڵەتو دەسەڵاتو خاوەنبڕیارانە تا دەگاتە حیزبە دەسەڵادارەکانی کوردستانی باشوور، کە توانای گەیاندنی چەکیان هەیە بە کۆبانی، ئەچێتە خانەی پشتگیریی و هاوکارییکردنی هێزە تاریکپەرست و خوێنڕێژەکانی داعشەوە! ئەوەش گەورەترین خیانەتە لە دانیشتوانی شارێک کە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتیش ئەکات لە ئێستادا!
_________________________________ هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە: www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|