په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٥

ھەواڵێکی مەترسیدار.

لاوژە ماهیە      

 

بە پێی ھەواڵێک کە لە سایتی خەندان بڵاوبۆتەوە لە چوار ساڵی ڕابردودا لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تا پۆلی نۆی بنەڕەتی ٥٠ ھەزار و ٥٦٧ منداڵ وازیان لە خوێندن ھێناوە. بە پێی داتایەکی دیکە کە لە وەزارەتی ئەوقاف وەرگریراوە تەنیا ھاوینی ٢٠١٣ (٤٠) ھەزار و ھاوینی ٢٠١٤ (٦٠) ھەزار منداڵ لە مزگەوتەکان خوێندوویانە. دیارە ئەم داتایانە لە لایەن بەڕێوەبەری ئەنستتیوتی پەروەردە و گەشەپێدان لە کوردستان ڕاگەیاندراوە.


ئەم ھەواڵە لە چەند لاوە زۆر مەترسیدارەو قابیلی ئاوڕدانەوەیە.


لێرە دەمەوێت ئەم پرسیارە بکەم، ئایا تێگەیشتنی دەسەڵاتی کوردی لە خوێندن و پەروەردە، پەیوەندی منداڵان و گەنجان لەگەڵ خوێندن و پەروەردە وە ھەروەھا پەیوەندی منداڵان و داھاتووی کۆمەڵگا چیە؟ ئایا خوێندن لە کوردستاندا ئیجباریەو ھەموو منداڵێک دەبێت بخوێنێت؟ ئەگەر ئیجباریە ئایا دەرفەت دروستکراوە و ھەلومەرج ڕەخساوە بۆ ھەموو منداڵان لە ڕێگایەکی ھەموارەوە بە یەکسان بەھرەمەندبن لە پرۆسەی خوێندن، ئەگەر وایە ئەی بۆ ئەم ژمارە زۆرە وازیان لە خوێندن ھێناوە بەبی ئەوەی ھیچ کەسێک لێپرسینەوەو بەدواداچونێکی جیدی نەکردووە؟ حکومەت ئاگای لەوە ھەیە بەجیا لەم ژمارەیە تا ئێستاش لە شوێنە دورەکان کچانیان بەھیچ شێوەیەک نانێرن بۆ خوێندن بەتایبەتی ئەو دێیانەی کە خوێندنگایان تێدا نیەو ئاسانکاری بۆ خەڵکەکە نەکراوە تا دەستیان بە خوێندن ڕابگات.


لە وڵاتێکدا ئەگەر خوێندن بۆ ھەموان بێت، لێپرسینەوەو چاودێریش ھەیە وە لە ھەمانکاتدا ئاسانکاری و دابینکردنی ژیان بۆ منداڵان ھەیەو دەسەڵات لانی کەم بەشێک لە بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆ بۆ دەستڕاگەیشتنی ھەمووان بە خوێندن و خوێندنگەی گونجاو بە شێوەی یەکسان، بۆنمونە بوونی موچەی مانگانەی تایبەت بۆ منداڵ و بونی سۆسیال و موچە بۆ ئەم خێزانانەی کە ناتوانن ژیانی خۆیان دابین بکەن، ئەمەش تەنھا مافێکی سەرەتایە بۆ ھاووڵاتی لە کۆمەڵگای ھاوچەرخ. بەشێک لەم خێزانانەی کە منداڵەکانیان بەناچاری لە خوێندن دوردەخەنەوە لەوانەیە زۆر ھۆکاری ھەبێت و لەھەموی گرنگتر ھەژاری فەرھەنگی بێت کە ئەمەشیان ھەر کاری دەسەڵاتە کە بەرەنگاری ببێتەوەو لەڕێگای بەرنامەی تایبەتی پەرەپێدان ئەم دیاریدەیە کەم بکاتەوە، لەبیرمان نەچێت لە ئاکامی نەخوێندنی منداڵان جیل لەدووای جیل ئەم ھەژاری فەرھەنگیە بەرھەم دێنێتەوە.


بەشێک لەو گرفتانەی کە منداڵانیان دوورخستوەتەوە لە خوێندنگا:


١- بەتایبەتی کوڕ ھێزی کاری ھەرزانە لە وڵاتی ئێمە، لەبەر ھەژاری و نەداری خێزانەکان منداڵەکانیان لە خویندن دوردەخەنەوە و ژیانی منداڵیان لیدەسەننەوەو دەیانخەنە ئەم بازاڕە بێرەحمەی کارەوە و ڕوبەڕوی دەیان ھەڕەشە دەبنەوە. ٢/ دەستکورتی لە دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندن لەلایەن خێزانەکانەوە ھۆکارێکی ترە. ٣/ لاوازبوونی پێگەی کچ لە عەقڵیەتی بەشێکی بەرچاو لە خەڵک کە پێیانوایە خوێندن بۆ کچ زەرورنیە. ٤/ کێشەیەکی تر ئەوەیە کە خۆێندن و پەروەردەی وەڵاتی ئێمە خاڵیە لە پەروەردە و خوێندن تەنھا بۆ شەھادەیە، لە زروفێکی وەک ئەمڕۆ دا کە دامەزراندن و تەعینات وەستاوە، تموح و مەیلی خوێندن کەم دەبێتەوە. ٥/ ھەمیشە لەکاتی شەڕو نائارامی و ئاوارەیی خوێندن دەکەوێتە پەراوێزەوە.


٢- کە جێگای تێڕامانە بۆمن مەسەلەی خوێندنی منداڵانە لە مزگەوتو حوجرەکان!


دیارە لەم ڕاپۆرتەدا بەڕێز دکتۆر سەروەر عبدالرحمن بەڕێوەبەری ئینستوتی پەروەردە دەڵێت دین شتێکی شەخسیە! زور ڕاسە، بەڵام بۆ کێ؟ دین دەبێت شتێکی تایبەت و شەخسی ئینسانەکان بێت، بەڵام نەک ڕاپێچکردنی منداڵان بۆ مزگەوت! فێرکردن و دەرسپیدانی منداڵان لە مزگەوتەکان دورە لە بنەما پرەنسیبەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێشکەوتوخوازە، من پێوایە یەکێک لە شتە گرنگەکانی کۆمەڵگا ئەوەیە کە دین بەھەموو شێوەکانی لە پەروەردەو خوێندن جیابکرێتەوە وە منداڵان دوربخرێنەوە لە فێرکردنی ھەر جۆرە ئایدۆلۆجیایەک وەک و دین نەتەوە....... تێکەڵکردنی منداڵانی ژێر تەمەن ساڵ بە جەھەندەم و جنۆکە و شەیتان دەستدرێژی فکریە بۆسەریان و شۆردنەوەی مێشکیانە بەتایبەتی دینی ئیسلام کە پڕە لە توندو تیژی و ترس و تۆقاندن. لەبەر ئەوەی منداڵان لەباری سایکۆلۆجی و فسیۆلۆجیەوە تەکامولیان پەیدا نەکردوەو ناتوانن لەژێر تەمەنی ١٦ ساڵ ھەڵبژاردنی عاقلانەی خۆیان بکەن و ئاسان دەتواندرێت کاریگەری بخرێتە سەریان. کەواتە سەپاندنی ئاین بەسەر منداڵاندا کارێکی شەخسی نیە.


بەرھەمی گۆڕینی جێگای خوێندنگا بە مزگەوت، واتە ترساندنی منداڵان بە ئاگر و ئاسن و جنۆکە و شەیتان لەجیاتی فێربوونی فیزیا و ماتماتیک، تەنھا گێژکردن و دەستەمۆکردنی منداڵانە بۆ وەرگرتنی خورافات و لەدەستدانی متمانە و بڕوابە خۆبوون و ھەڕاج کردنیان لە بازاڕی ئیسلامی سیاسی. بە دڵنیایەوە بەشی زۆری ئەو منداڵانە دەبنە خۆراکی ئیسلامی سیاسی، ھەر ئێستا داعەشیزم، بیری کۆنەپەرستی ئاینی بەشی زۆری دامو دەزگا گرنگەکانی دەوڵەتیشی داگرتوەو ئیسلامی لە ھاوشێوەی داعش لە ھەمو شوێنێکی ئەم کوردستانە بوونی ھەیە.


مزگەوتەکان بەئاشکرا مێشکی منداڵەکان دەشۆنەوەو دەیانکەنە سەربازی داعەش و پەرە بە داعەشیزم دەدەن، ئێمەش بوینە تەماشاچی و سەیردەکەین و لە باشترین حالەتدا بە کاری تایبەتی ئینسانەکانی دەزانین!


وازھێنانی بەشێکی بەرچاو لە منداڵان لە خوێندن، دەتوانێت ھۆکاریش بێت بۆ دروست بوونی ھەژاری و قوڵتر بوونەوەی زیاتری کەلێنی چینایەتی لە داھاتودا.
ئەگەر ئەو ھەموو سەروەت و سامانەی کە لە مزگەوتەکان و حوجرەکان بۆ پوکاندنەوەی مێشکی منداڵان بە فێڕۆ دەدرێت، بخرێتە سەر بوجەی خوێندنگا و زانکۆکان، سەرجەم منداڵانی کوردستان دەتوانن خوێندن تەواو بکەن.


ئەو دوو خاڵەی کە لەم ھەواڵەدا ھاتووە زۆر مەترسیدارەو پێویستی بە ھەڵوێستی جیدی ھەیە، پێویستی بە ھاتنە وەڵامی بەرەی ئازادیخوازو پێشکەوتوخوازی کۆمەڵگا ھەیە.


٩\٢\٢٠١٥

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک