په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هێلارى کلینتۆن و پارێزکارە تازەکان .

 

ن/ ئێدوارد کرین*

و/ محەمەدى مشیر

'' ئایا دەزانى کاتێک پرسیار لە خەڵک دەکەم  لە بارەى ئامانجەکانى

ئەمڕۆى ئەمریکا هیچ بیرۆکەیەکیان لەلا نابینمەوە سەبارەت بەو بابەتە؟

نازانم دەمانەوێ چى بهێنینەدى ؟ من لەو باوەڕەدام چ لە ژیانى کەسێتیدا

 چ لە کاروبارى نیشتمانیدا پێویستە هەندێ ئامانجمان هەبێت  ''.       

 

 ئەمەى سەرەوە بەشێکى ئەو لێدوانەى سیناتۆر هێلارى کلینتۆن – ە، لەگەڵ کەناڵى MSNBC لە١١ى ئایارى٢٠٠٧دا راى هێلارى لە گەڵ راى دامەزرێنەرانى ئەمریکا ناکۆکە ، چونکە بیرۆکەى ئەوەى کە ئوممەتى ئەمریکا هەروەکو تاکەکان((ئامانج))ى هەبێت بیرۆکەیەکى سەرتاپا سەیرە بەلاى ئەواندا. لەلاى ئەوان حکومەت پابەندە بەوەى مافە سەرەتاییەکانیان لە ژیان و ئازادى و هەوڵدان بۆ بەختەوەرى بپارێزێت .

 

ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر وەپێشدانى تاک گەوهەرى دروستى بە جیاهەڵکەوتوویى ئەمریکایە. ئامانجە نەتەوەییەکان رێگا خۆشکردنێکن بۆ گوزارەکردن لە دەسەڵاتى نیشتمانى سیاسییانەى چڕکراوە. جیهانى دێرین تژى بوو لە ئامانجى نەتەوایەتى، زۆربەى ئامانجەکانیش ناپاک بوون و چەمکى ئامانجە نەتەوایەتییەکانیش لەدەرەوەى ئەمریکادا جیاوازى نییە لەگەڵ ئەوەى بەم دواییە لە ناوەوەى ئەمریکا پێشنیارکرا، بەڵام خاتوو کلینتۆن سوورە لە سەر برەودان بەم چەمکە و لە وتارى هەڵمەتەکەى هەڵبژاردنیدا لە (نیوهامبشیر) رایگەیاند کە(( ئەمە کۆمەڵگەیەکە هەموومان تێیدا بەشدارین)) پتر لە(( کۆمەڵگەیەکى موڵکداریەتى)) و، چەندین جاریش ئاماژەى بەو بیرۆکەیە کردووە کە ئەمریکاییەکان دەیانەوێ (( ببنە بەشێک لە شتێکى گەورەتر لە خۆیان)). هێلارى هاوپەیمانێکى دیکەى نائاسایى هەیە کە بەشدارە لەو شکستەى هەستى پێدەکات لەبارەى نەبوونى ئامانجى نەتەوایەتى ئەویش بزوتنەوەى پارێزکارە تازەکانە، یان با ناوى لێبنێین بزوتنەوەى(( مەزنایەتى نەتەوەیى)) کە ئەمڕۆکە بەهێزترین گرووپى سیاسییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا.تیۆرزانانى ئەو گرووپە (وەکو بیل کریستۆل و رۆبەرت کیگن) داوایان کرد ئارەزووى جۆرج بۆش بهێننەدى بەوەى کە (( لەهەرشوێنێکى جیهاندا پێویست بکات بجەنگێن)) وەک دانپێدانانێک بە(( بەشێکى بنەڕەتى لە مەزنایەتى نەتەوەیى)) .

 

 دێڤید بروس کە گۆشە نووسە لە رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمز یەکێکە لە گەورەترین و پڕچەنەترین لایەنگرانى پارێزکارە تازەکان. ئەو لە وتارێکیدا لە(( ویکلی ستاندارد)) دەستى خۆى دەگوشێ و دەڵێ (( ئەمریکاییەکان لە هەموو لایەنەکانەوە دەسبەردارى هەوڵەکانیان بوون بۆ مەزنایەتى نەتەوەیى ))، سەیرکەن چۆن ئەو ئامانجە وەسف دەکات کاتێک دەڵێ: (( حەزى تاکەکەس و هێزى ئیرادە پرسى مەزنایەتى نەتەوەیى سەقامگیردەکەن و، لە رێگەى مەزن کردنى ئوممەتیشەوە تاکەکان دەتوانن شتە بچووکوکانی خۆیان ئاوێتەى پڕۆژەى نەتەوەیى گەورەتربکەن))، دواتر درێژەى دەداتێ و دەڵێ:

 

((رەنگە لە کۆتاییدا ئامانجى ئەمریکى دەنگى خۆى تەنها لە واشەنتۆن دا بدۆزێتەوە)). پێدەچێ خاتوو کلینتۆن لە کەسایەتى (بروس) دا هاوڕێى گیانى خۆى دۆزیبێتەوە،کێ ناڵێ هاوڕێى پاڵیوراو نابێت بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتوو.پەیوەندییەکى فراوان لە نێوان خاتوو. کلینتۆن و پارێزکارە تازەکاندا هەیە و لە تایبەتمەندیەکى دیکەشدا لە گەڵیاندا هاوبەشە کە بریتییە لە تێکەڵاوکردنى بەکارهێنانى حکومەتى فیدڕاڵ _ وەک ئەوەى هیچ کۆتێکى دەستوورى لەسەر دەسەڵاتى فیدڕاڵدا نەبێت،ئەوەى لەبارەى پارێزکارە تازەکاندا زانراوە ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان بەرەو جەنگى عێراق هاندەدەن بەڵام زۆرجاران چاوپۆشى لە مەوداى سیاسەتە ناوخۆییەکانیان دەکەن کە تاچەند دەستپێشخەرى فیدڕاڵیانەى چالاک لە خۆوە دەگرێت. کۆنتڕۆڵکردنى فێربوون لە ژێر دروشمى(( هیچ منداڵێک فەرامۆش ناکرێت)) لە لایەن حکومەتى فیدڕاڵ و، هەروەها ئەو دەستپێشخەرییەى متمانە دەکاتە سەر ئەو (باوەڕ)ەى پاڵپشتى رێکخراوە ئایینییەکانى ناوخۆیە، دوو پڕۆژەى پارێزکارە تازەکانن .

 

 بروس لەم دواییەدا بانگەشەى کرد لێژنەى (خێزانە بووژاوەکان) پێکبهێنرێت، ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت:((ئابووریناسان و چالاکڤانە ئایینییەکان و زانایانى دەروونى لە ژوورێکدا رێککەوتن تا باسى چۆنیەتى هەڵسانى حکومەت بە سوککردنەوەى گوشارى سەر خێزانە تێکۆشەرەکان بکەن)) ... لە کتابەکەیدا(( پێویستیمان بە گوندێک هەیە)) (مەبەست لەگوند لێرەدا حکومەتى فیدڕاڵە) خاتوو کلینتۆن پێشنیاردەکات  حکومەت پارەتەرخان بکات بۆ ئەو کاسێتە ڤیدیۆییانەى باس لە بایەخدان بەمنداڵ دەکەن و  لەمبارەیەوە دەڵێ: ((دەکرێ ئەو کاسێتانە بەردەوام لە نووسینگەى پزیشکان و کلینیکەکان و نەخۆشخانەکان و نووسینگەى ئۆتۆمۆبیلەکان یان هەر شوێنێکى دیکە کە خەڵک تێیاندا کۆدەبێتەوە و چاوەڕوانە وەکاربخرێن)) حکومەتى بەرفراوان پڕۆژەیەکى هەمیشەییە بۆ ئەوانەى کەسان دەخەنە ژێربارى ئامانجە نەتەوەییە دەستەجەمعییەکان.دامەزرێنەرانى ئەمریکا بەباشى درکیان بەم مەترسییە دەکرد بۆیە دەستوورێکى فرە دەسەڵاتیان داڕشت، کەواتە ئەم دەسەڵاتە سنووردارە و هەروەک تۆماس جیفرسۆن دەڵێ:

 

((دەستوور لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە کە هەموو ئەو دەسەڵاتانەى نایداتە "ویلایەتە یەکگرتووەکان" لە دەرەنجامدا لە ویلایەتەکانى قەدەغە ناکات،چونکە ئەو دەسەڵاتانە بۆ ویلایەتەکان یاخود گەل پارێزراون و هەر هەنگاوێکیش لەدەرەوەى ئەو سنوورە دیاریکراوانەدا لە بارەى دەسەڵاتەکانى کۆنگرێس دەستگرتنە بەسەر بوارێکى دیاری نەکراوى دەسەڵات و بەهیچ شێوەیەک پێناسە ناکرێت)).پێدەچێ خاتوو کلینتۆن بەمەترسییەوە رێگاى شومى پارێزکارە تازەکانى گرتبێتە بەر و ئامانجیشى ئەوەبێ دەست بگرێت بەسەر ئەو بوارە دیارى نەکراو .

_____________________

* سەرۆکى ئەنستیتیوى کیتو لە واشەنتۆن.