حیزبه ئیسلامییه‌که‌ی ئه‌ردۆگان و ڕاسته‌کانی تورکیا فاشیزمیان لێده‌چۆڕێت.
عامر سابیر
پ١/ کێشه‌ی کورد ئه‌و کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌یه که بۆته قه‌یرانێکی سیاسی گه‌وره بۆ تورکیا، تاوه‌کو ئێستا باڵی سه‌ربازی تورکیا و شۆڤێنییه‌کان که خاوه‌ن کاریگه‌ری گه‌وره‌ن له سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته کێشه‌ی کورد به تیرۆر ده‌ناسێت، له‌به‌رامبه‌ر دا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان که پارتێکی ئیسلامییه ئێستا سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و حکومه‌ت ده‌که‌ن باس له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد ده‌که‌ن به ڕێگاچاره‌ی دبلۆماسی و ئاشتییانه. پرسیارێک که لێره‌دا دێته پێش ئه‌وه‌یه ئایا پارتی داد و گه‌شه پێدان توانای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردی هه‌یه له کاتێکدا باڵی سه‌ربازی و پارته توندڕه‌وه‌کانی تری تورکیا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌ر جۆره چاره‌سه‌رێکی کێشه‌ی کورد ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه؟
عامر سابیر: سه‌ره‌تا ڕاستکردنه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر پرسیاره‌که‌تان، جه‌نه‌راڵه‌کان و باڵی ڕاست و شۆڤێنیستی تورکیا، ئه‌وه‌ی به تیرۆریستی ناو ده‌بات حیزبێکی سیاسی ناسیۆنالیستی کورده (پ‌ک‌ک) نه‌ک کێشه‌ی کورد، ئه‌وان هه‌ر ئینکاری له هه‌بوونی کورد و کێشه‌یه‌ک به‌وناوه‌وه ده‌که‌ن له تورکیادا. هاوشانی ئه‌مانه ئیسلامی سیاسی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له ڕێگه‌ی حیزبێکی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامییه‌وه (داد و گه‌شه‌پێدان) که حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکی وڵاتی به‌ده‌سته، هیچ به‌رنامه و ڕێگه‌چاره‌یه‌کی نییه بۆ ئه‌م کێشه‌یه، له لای ئه‌وانیش سه‌پاندنی شه‌ریعه‌تی کۆنه‌په‌رستی ئیسلام باشترین حه‌له بۆ هه‌موو کێشه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ی که گوایه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی ئیسلامه. تا ئێستا ئه‌و چه‌ند دانپیادانان و ڕیفۆرمه زۆر زۆر ڕوکه‌شییه‌ی که حکومه‌ته‌که‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان کردوویه‌تی، هه‌ر هه‌مووی له ژێر فشاری ده‌ره‌کی و به‌تایبه‌ت یه‌کێتیی ئه‌وروپا و به‌نیازی چونه ناو ئه‌و یه‌کێتییه‌وه کردوویه‌تی، نه‌ک له ڕوانگه‌ی باوه‌ڕی ئه‌م حیزبه ئیسلامییه بۆ به‌ڕه‌سمی ناسینی مافه ڕه‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان. به بڕوای من هه‌ردوو باڵی ڕاست و حکومڕانی له تورکیادا به ناسیۆنالیست و ئیسلامییه‌وه، فاشیزمیان لێده‌چۆڕێت و نه‌ک دژی یه‌ک نیین به‌ڵکو ته‌واوکه‌ری یه‌کترن، تاکه جیاوازیه‌ک ڕه‌نگه ته‌نها ئه‌وه بێت که حیزبی داد و گه‌شه‌پێدان ئه‌گه‌ر بۆی بلوێت هه‌وڵ ئه‌دات کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی به‌ته‌واوی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا و ڕوناکی بکوژێنێته‌وه و ژنان بپێچێته‌وه.
پ٢/ له سه‌رهه‌ڵدانی گرژییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان تورکیا و کوردستان، سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی کوردستان له لێدوانه‌کانیاندا گه‌شبین بوون به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا به سه‌رۆکایه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ژیرانه مامه‌ڵه ده‌کات له گه‌ڵ ڕوداوه‌کان به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێستا ڕووده‌دات پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گه‌شبینییه بوو، پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه گه‌شبینی به‌رپرسانی هه‌رێم به پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له کوێوه سه‌ر چاوه‌ی گرتووه؟
عامر سابیر: هێنده‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ستایشی ئه‌ردۆگان و حیزنه کۆنه‌په‌رسته‌که‌ی ئه‌کات و ئه‌ڵێت به ڕێگه‌ی سیاسی و دیموکراتی کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ئه‌که‌ن و نه‌سیحه‌تی پ‌ک‌ک ئه‌کات چه‌کدابنێنن، ئه‌ردۆگان له دوو هه‌ڵبژاردنی به دوای یه‌کدا که حیزبه‌که‌ی بردیه‌وه له تورکیا، ئه‌وه‌نده‌ی به شان و باڵی خۆیدا هه‌ڵنه‌داوه و ئه‌وه‌نده ئیدیعای گه‌وره‌ی نه‌کردووه، تاڵه‌بانی له مه‌تاری سلێمانی به زمانێکی زۆر بازاڕی به ڕۆژنامه‌نوسانی وت هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا هه‌ر هاژوهووژه، ئێستا ده‌رکه‌وت که لێکدانه‌وه‌کانی خۆی هاژوهووژ بوو، مه‌سعود بارزانی له 6/3/2007 له گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی ABC ئوسترالی وتی ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بهێنێ هه‌موو کوردستان و تورکیای لێده‌که‌ین به ئاگر، به‌ڵام له پاش هێرشه‌کانی تورکیا فسبۆوه و قسه زله‌کانی بوو به‌وه‌ی داوا له پارێزگاری هه‌ولێر و سلێمانی بکات بچن به هانای ئاواره‌کانه‌وه. هه‌ڕه‌شه و هێڕشه‌کانی تورکیا سه‌رئه‌نجامی دۆڕان و به بنبه‌ستگه‌یشتنی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکایه له عێراق، قه‌پێک که تورکیا ئه‌یهاوێ له لێدانی پ‌ک‌ک و که‌رکوک و شاره‌کانی تری کوردستان واوه‌تر ئه‌ڕوات، ئه‌مریکا که ئاوا تێکشکاوه له عێراقدا، پێویستی به تورکیا هه‌یه که ده‌وری پۆلیسی بۆ ببینێت و له به‌رانبه‌ر هه‌ژمونی ئێران له عێراقدا ڕایبگرێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ئێستا به‌شێکن له‌و هاوکێشه و ڕێکه‌وتنانه‌ی که ئه‌م هێرش و ملهوڕیانه‌ی تورکیای به‌رهه‌م هێناوه بۆ سه‌ر کوردستان. ئه‌مانه هه‌ر بیر له ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ش و جه‌رده‌یی و زه‌وتکردنی داهاتی خه‌ڵک ئه‌که‌نه‌وه، نه ئه‌توانن وه نه ئه‌یانه‌وێت که خزمه‌تی خه‌ڵک بکه‌ن و کێشه‌ی سیاسی خه‌ڵکی کوردستان چاره‌سه‌ر و یه‌کلایی بکه‌نه‌وه.
پ٣/ به‌سه‌رکه‌وتنه‌وه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا که ڕێژه‌یه‌کی زۆر کورد له‌و وڵاته ده‌نگی بۆ داون و نزیک به 75 کورسی له په‌رله‌مانی تورکیا له سه‌ر لیستی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له کورده‌کان پێکهاتووه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستی سیاسی کوردستانی دابه‌شکودووه، سه‌رکردایه‌تی کوردستان له باشوور پێیانوایه پارتی داد پرۆژه‌ی پێیه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له تورکیا، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رکرده‌کانی کوردی باکور له پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی که خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی کێشه‌که‌ن له گه‌ڵ تورکیا ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه که پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هیچ پرۆژه‌یه‌کی پێبێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد. ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته سیاسییه چۆن ده‌خوێنیته‌وه؟
عامر سابیر: خه‌ڵکی تورکیا پاش چه‌ندین ده‌یه له حوکمڕانی باڵی ڕاستی ناسیۆنالیستی له تورکیادا بینیان که تا دێت ژیانیان سه‌ختتر و کێشه‌کانیان زۆرتر ئه‌بێت، گرانی و گه‌نده‌ڵی زۆرتر ئه‌بێت، قه‌رزه‌کانی سه‌ر ده‌وڵه‌ت که‌ڵه‌گه‌تتر ئه‌بن، سه‌رکوت و نه‌بوونی ئازادی زۆرتر ئه‌بێت، هه‌لومه‌رجی کارکردن و په‌یداکردنی کار دژوارتر ئه‌بێت، بۆیه حه‌ز له گۆڕان ئه‌که‌ن، سه‌رکه‌وتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به‌رهه‌می ئه‌م تینوێتییه‌ی خه‌ڵکه، خه‌ڵکی کوردستانی تورکیاش به هه‌مان چه‌شن به هیوای به‌هره‌مه‌ند بوون له ئازادی و مافی زیاتر ده‌نگیان داوه به گۆڕان، به‌ڵام ئێستا به عه‌مه‌لی ده‌رکه‌وتووه که ئیسلام و ناسیۆنالیزم دوو دیوی جیاوازی یه‌ک دراون. سه‌باره‌ت به پ‌ک‌ک و پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک، به بڕوای من دوو حیزبی ناسیۆنالیستی کوردن که نوێنه‌رایه‌تی بۆرژوازی کورد له کوردستانی تورکیا ده‌که‌ن، هه‌لومه‌رجی ژیانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی عێراق له سایه‌ی پارتی و یه‌کێتیی و ئیسلامییه‌کاندا چۆنه له‌و باوه‌ڕه‌دام که هی کوردستانی تورکیا له سایه‌ی (پ‌ک‌ک و ده‌ته‌په) دا باشتر نابێت.
پ٤/ ڕه‌خنه‌گران و مێژوونووسان له‌زۆرێک له نوسینه‌کانیاندا باس له‌وه ده‌که‌ن فاکتۆری به‌کارهێنانی ئاینی ئیسلام له لایه‌ن نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانه‌وه ڕێگریی پێکهێناوه له‌به‌رده‌م درووستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی، هه‌ربۆیه کورد له‌ژێر چه‌تری ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کاندا له‌هه‌موو مافه‌کانی بێبه‌شکراوه. ئایا له‌ساته‌وه‌ختی فه‌رمانڕه‌وایی پارتی دادوگه‌شه‌پێدانیشدا که پارتێکی ئیسلامییه ده‌تواندرێت کێشه‌ی کورد له‌و وڵاته چاره‌سه‌ر بکرێت یاخود به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م پارته‌ش درێژه به‌و سیاسه‌ته ده‌دات که عوسمانییه‌کان په‌یڕه‌ویان ده‌کرد؟
عامر سابیر: له وه‌ڵام به‌م پرسیاره‌دا حه‌زئه‌که‌م سه‌ره‌تا دوو نموونه بهێنمه‌وه، یه‌که‌م، که له 19/1/2007 سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئه‌گۆس Agos (هرانت دینک) که ئازادیخوازێکی ئه‌رمه‌نی بوو، وه به ده‌ستی لاوێکی ١٧ ساڵی توندڕه‌وی فاشیست تیرۆر کرا له ئه‌سته‌مبوڵ له‌به‌رده‌م ئۆفیسی ڕۆژنامه‌که‌ی. له مه‌راسیمی ناشتنیدا ده‌یان هه‌زار که‌س به‌شدار بوون، له‌و خۆپیشاندانه‌دا هه‌موو به یه‌ک ده‌نگ هاواریان ئه‌کرد (ئێمه هه‌موو ئه‌رمه‌نیین، ئێمه هه‌موو دینکین). دووه‌م، له کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان خۆپیشاندانیان قه‌ده‌غه ڕاگه‌یاند بوو له دژی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا، له 3/11/2007 له ئه‌نکه‌ره‌ی پایته‌ختی تورکیا بیست و پێنج هه‌زار(25000 ) که‌س خۆپیشاندانیان کرد له دژی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان و داوایان ئه‌کرد که ئه‌بێت کێشه‌ی کورد به ڕێگه‌ی سیاسی چاره‌سه‌ر بکرێت نه‌ک به سه‌رکوت و شه‌ڕ و تیرۆر. به بڕوای من هێز و بزوتنه‌وه‌یه‌ک که ئه‌و دوو خۆپیشاندانه‌ی ڕێکخستووه، وه ئه‌و ئینسانه ئازادیخواز و ئینسان دۆستانه‌ی تیایدا به‌شداربوون و هاوشێوه‌کانی ئه‌وانه له کۆمه‌ڵگای تورکیادا، پشتیوانی کێشه‌ی سیاسی خه‌ڵکی کوردستانن و ئه‌توانن له چاره‌سه‌رکردن و نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیدا له سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانی تورکیا ڕۆڵی سه‌ره‌کی ببینن. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه نزیک به ده‌یه‌یه‌که ئه‌ردۆگان و حیزبه ئیسلامیه فاشیست و کۆنه‌په‌رسته‌که‌ی، هه‌ر به چه‌شنی ناسیۆنالیسته فاشیسته‌کانی تری تورکیا، ئه‌یه‌وێت به سه‌رکوت و ئاگر و تیرۆر خه‌ڵکی کوردستان داپڵۆسێ و له بێمافیدا ڕایانبگرێت. بینیمان که چۆن له سایه‌ی ئه‌ردۆگان و حیزبه کۆنه‌په‌رسته ئیسلامییه‌که‌یدا بیست په‌رله‌مانتاره‌که‌ی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک (ده‌ته‌په) ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو که به زمانی کوردی سوێنده‌که‌یان بخۆن.
تێبینی: ئه‌م وه‌ڵامانه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی گۆڤاری (نێوه‌ند)ه که بڵاوینه‌کرده‌وه.
28/1/08
|