![]()
|
١٥\٢\٢٠١١ ئیدی بەسە ئەم ستەمکردنە لە کەرکوک.
لەدوای هەشت ساڵ لە کەرکوکدا دوو هەڵبژاردنی پوخت و بێگەرد بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەکراوە، سەرەڕای دەرکردنی ماددەی (58)و دواتر دووبارەکردنەوەی لە ماددەی (140)ی دەستووردا، هێشتا لە کەرکوکدا، نە بارودۆخ ئاسایی کراوەتەوە، نە گوندەکان ئاوەدانکراونەتەوەو نە زەویوزارە داگیرکراوەکانی جووتیارانیش بۆ خاوەنەکانیان گەڕێندراونەتەوە، نە قەزاو ناحیە دابڕێنراوەکان گەڕێندراونەتەوە، نە سەرژمێری و نە راپرسیش، ئیدی کاتی ئەوە نییە، یان دەستبەجێ بەندی (140) بەهەموو بڕگەکانییەوە جێبەجێ بکرێت، یان بەدیلێکی باشتر بۆ گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگەڕێین؟. کاتی ئەوە نییە بۆ رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤی کورد، عەرەبەکانی تەعریب بنێرنەوە بۆ شوێنی خۆیان، کوردە دەرکراو و راونراو و ئاوارەکان بە رێزو حورمەتەوە بهێننەوە بۆ شارەکەو رێزیان لێبگیرێت؟. کاتی ئەوە نییە جەلاد لە جەلادی بخرێت و قوربانی بگەڕێننەوە ریزی ئینسان؟، ئەگەرنا تاکەی لەم قەفەسی عێراقی بوونەدا سووکایەتیمان بۆ بکرێت؟، کاتی ئەوەیە ئیدی کەرکوکییەکان قەبولی نەکەن لەنێوان بەغداو هەولێردا رۆژانە دەستی دەستییان پێبکرێت، کاتی ئەوەیە کەرکوکییەکان لە نەوتی خۆیان داوای مافی خۆیان بکەن، کاتی ئەوەیە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت و خوێنی تازە بکرێتەوە بەبەر بەڕێوەبردنی شاردا، کاتی ئەوەیە کە کەرکوکییەکان یەکڕیزو یەک هەڵوێست داوا بکەن، شارەکەیان هەمان مافی شارەکانی دیکەی هەبێت، دانیشتوانی شارو پارێزگاکەیان، هەمان ئەو مافانەیان هەبێت کە دانیشتوانی پارێزگاکانی دیکە هەیانە، بۆ ئەو مەبەستە داواتان لێدەکەین پشتگیریی ئەم خواست و داوایانەمان بکەن و پشتگیریی خۆتان لەم بانگەوازە بکەن کە دیارە بەدوایدا کارو چالاکیی دیکەش دێت و ئیدی لەو ستەمکارییەی لێمان دەکرێت بێدەنگ نابین.
|