٧\١٠\٢٠١٤
ئیسلام، داعش،
کورد.
ئاوڕێك لە رابردوو، خوێندنەوەیەك بۆ ئێستا و داهاتوو.

تەها وەهاب
ئێمە وەك نەتەوەی کورد لە کوردستان لە ئێستادا لە هەموو سەردەمەکانی
ڕابوردوو زیاتر پێویستمان بە لێکۆڵینەوە لە لایەنەکانی هاوکێشەی
(ئیسلام، داعش، کورد) هەیە بۆ ئەوەی بیانناسین و وەك خۆیان لێیان
تێبگەین. هەتا ئەو کاتەی خوێندنەوە و تێگەیشتنی دروستمان لەسەر ئەو سێ
لایەنە و ڕەهەندەکانیان لە لا دروست نەبێت، نە ڕابوردوو نە ئێستای
خۆمان دەناسین و نە دەتوانین وەك نەتەوە بەرنامەیەکی دروست بۆ نەوەکانی
داهاتوومان دابڕێژین.
لێرەدا ئەوەندەی ئەم وتارە بوار بدات هەوڵ دەدەم لەسەر لایەنەکانی ئەو
هاوکێشەیەی سەرەوە و پەیوەندی و کارلێکەکانیان بدوێم.
ئیسلام:
ئاینی ئیسلام نزیکەی (١٤٥٠) ساڵ پێش ئێستا بە ڕابەری محەمەد لە شاری
مەککە لە نیمچەدوورگەی عەرەبستان وەك بزوتنەوەیەك بۆ گۆڕانکاری ئاینی،
کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی و فەرهەنگی، لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی ئارام
و دوور لە توندوتیژی هاتە مەیدان. بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە محەمەد خۆی
وەك پێغەمبەری نێردراوی خودا ڕاگەیاند و بە بڵاوکردنەوەی ئایەتەکانی
قورئان لەو قۆناغەدا (کە بە ئایەتەکانی مەککی ناسراون) بە شێوەی
ئامۆژگاری و نەرمونیان بۆ خوداپەرستی و کۆکردنەوەی خەڵك لە دەوری
بیروباوەڕەکەی دەستیپێکرد. لە (١٠) ساڵی سەرەتادا بەم شێوە خەباتە
ئارامە لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئاینەکەیدا بوو. بەڵام دەسەڵاتی قورەیش
لە مەککە ڕێگایان پێ نەدان و فشاری زۆریان خستە سەریان و ئازاریان
دەدان. لەم هەلومەرجەدا ژمارەیان ئەوەندە گەشەی نەکرد تا توانای
گۆڕانکارییان هەبێت و کاریگەری ئەوتۆشیان بۆ سەر دەسەڵاتی قورەیش نەبوو.
بۆیە محەمەد بە ناچاری پلانی کۆچکردنی بۆ شاری مەدینە دانا.. لە مەدینە
لە ماوەی ساڵێکدا لە هەلومەرجێکی لەبارتردا بە ڕادەیەك گەشەیانکرد کە
لە بەڕێوەبردنی شاری مەدینەدا دەسەڵاتیان وەرگرت و محەمەد خۆی کرا بە
فەرمانڕەوای شار. ئیدی بە هۆی ئەم دەسەڵاتەوە بەرنامەی ململانێی توندی
لەگەڵ دەسەڵاتی قورەیش دانا و بۆ ئەو مەبەستەش سوپایەکی سەربازی
دامەزراند و پلانی هێرش و پەلاماری دانا و لەناوبردنی دەسەڵاتەکەیانی
کردە ئامانجێکی بزوتنەوەکە. پێبەپێی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و
بەرەوپێشەوەچوونی ئەم پلانە ئایەتەکانی قورئانیش لەم قۆناغە نوێیەدا (
کە بە ئایەتەکانی مەدەنی ناسراون ) گۆڕانیان بەسەردا هات و بوون بە
بەرنامەیەکی تژی لە توندوتیژی و هاندەر بۆ هێرش و پەلامار و شەڕوکوشتار
و لەناوبردن لە دژی دەسەڵاتی قورەیش و دواتر لە دژی ئاینەکانی جوولەکە
و مەسیحی لە هەموو نیمچەدوورگەی عەرەبستاندا.
سەرئەنجام دوای سیانزە ساڵ ململانێی توندوتیژ و دەیان شەڕی خوێناوی،
واتا بە گشتی لە ماوەی (٢٣) ساڵی خەبات و ڕابەرایەتی محەمەددا توانیان
بزوتنەوەی ئیسلام بە سەرکەوتن بگەیەنن و دەسەڵاتی یەکلایەنەی ئیسلامیان
دامەزراند. دەسەڵاتی ئیسلام بە ڕابەری محەمەد هەرچی ئاین و بیروباوەڕی
جیاواز هەبوو پاکتاوی کردن، هەموو خێڵە عەرەبەکانی نیمچەدوورگەش بە زۆر
یان بە خۆشی خۆیان هێنرانە ژێر بار و بەم شێوەیە یەکێتیەکی عەرەبی لە
ژێر ئاڵای ئیسلام بە ڕابەری محەمەد دامەزرا.
ئەوەی گرنگە لێرەدا لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە لە سەردەمی ژیانی محەمەد
خۆیدا بە هۆی دوو قۆناغی جیاوازی بزوتنەوەی ئیسلام، واتا قۆناغی پێش
دەسەڵات و قۆناغی دەسەڵات، دوو جۆر ئیسلام بوونیان هەبوو، ئیسلامێکی
نەرمونیان لە قۆناغی پێش وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و هەروەها ئیسلامێکی
توندوتیژ لە سەردەمی دەسەڵاتی سیاسیدا. قورئانیش وەك بەرنامەی بزوتنەوە
و ئاینەکە ئایەتەکانی ڕەنگدانەوەی هەردوو قۆناغەکەی بەر لە دەسەڵات و
سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامە. وەك پێشتریش وتمان بە گوێرەی ئەو دوو قۆناغە
بە ئایەتەکانی مەککی و مەدەنی ناسراون. بە دوو شێوە داڕشتنی جیاواز و
ناکۆك و دژ بە یەك، لە لایەك نەرمونیان لە لایەکیش توندوتیژ و توندڕەو.
ئەم جیاوازی و ناکۆکیەی ناو قورئان و ئەم دوولایەنیەی ئایەتەکان بۆتە
هۆی ئەوەی بە درێژایی مێژووی ئیسلام دوو خوێندنەوەی جیاوازی
لێهەڵبهێنجرێت، کە لە پیادەکردنیشدا دەبنە دوو هەڵوێستی جیاواز و تەواو
دژ بە یەك. لە لایەك بە هۆی پەیڕەوکردنی ئایەتە ئارام و ئامۆژگاریە
کۆمەڵایەتیەکانەوە دەکرێت بکرێتە ئاینێکی ئاسایی بۆ خوداپەرستی و
پێکەوەژیان، لە لایەکی دیکەش بەهۆی ئایەتە توندوتیژەکانەوە دەکرێت
بکرێتە سەرچاوە و ئیلهامبەخشی شەڕوکوشتار و تیرۆر و لەناوبردن و
سڕینەوەی بەرانبەر.
گرفتی گەورە و مێژوویی ئاینی ئیسلام هەتا ئێستاش ئەوەیە بیرمەندان و
پیاوانی ئاین نەیانتوانیوە یاخود نەیانویستووە ئەو جیاوازی و ناکۆکیەی
کە لە دەقی ئایەتەکاندایە ببەستنەوە بەو دوو هەلومەرجە جیاوازەی
سەردەمی خەباتی محەمەد خۆیەوە، تا لە خوێندنەوەیەکی ئەقڵانیدا بگەنە
ئەو ئەنجامەی کە ئیدی دوای بەرقەرار بوونی ئاینەکە کار بە ئایەتە
توندوتیژەکان نەکرێن و ئەو مێژووە تێپەڕیوە و بەسەرچووە. نەیانتوانیوە
ئاینەکە بەگوێرەی سەردەمە جیاوازەکان بخوێننەوە و چاکسازی تێدا بکەن و
بیگونجێنن. بەڵکو بە پێچەوانەوە بیرمەندان و ڕاڤەکاران و پیاوانی ئاینی
ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی گرێدراوی دەسەڵاتی خەلیفەکان و سوڵتانەکان و
سیاسەتمەداران بوون و ئاینەکەیان خستۆتە خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی
و بەرژەوەندی هاوبەشیانەوە. بە درێژایی مێژووی ئاینی ئیسلام ڕەوتی دژی
چاکسازی باڵی باڵادەستی ئاینەکە بووە و دژی هەر دەنگ و هەوڵێکی
خوێندنەوەی جیاواز و ئەقڵانی بوون و لەناویان بردوون. ئاینی ئیسلام
لەمێژە لە قەیرانی قووڵی ئەنجامنەدانی چاکسازیدا دەژی و بۆتە یەکێك لە
سەرچاوەکانی دواکەوتوویی و هەژاری و بێ مافی لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا
و سەرچاوەی تیرۆر لە سەر ئاستی جیهان.
لەم سەردەمی جیهانگیری وکرانەوە و نزیکبوونەوەی گەلانی دنیا بە ڕووی
یەکتردا، چەندین گروپی سەلەفی و جیهادی و حیزبی توندڕەوی ئیسلامی لە
نموونەی ئیخوان موسلیمین و جەماعەی ئیسلامی میسری و ئەحرارئەلشام و
جەبهەی نوسرە و قاعیدە و داعش و...هتد لەسەر ئاستی جیهان سەرقاڵی
شەڕوکوشتار و پەلاماری تیرۆریستین. ئەمانە بەو شێوەیە ئاینەکەیان
لێکدەدەنەوە کە تووشی چەندین لادان و بیدعەی وەك فرەئاینی و پێکەوەژیان
و دیموکراتی و... هتد بووە، بۆیە ئەرکی ئەوان ئەوەیە ئیسلام و کۆمەڵگا
بگەڕێننەوە بۆ ڕەسەنایەتیەکەی سەردەمی سەرەتا. بیروباوەڕیان وایە
ئیسلام بە تاکە چارەسەر دەزانن.
ئاینی ئیسلام بە درێژایی مێژووی خۆی لە قەیرانی قووڵدا بووە و پێویستی
بە گۆڕانکاری و چاکسازی هەبووە. لە ئێستاشدا جگە لە ئەنجامدانی چاکسازی
ئاینی و خوێندنەوەی سەردەمیانە و خۆگونجاندن هیچ ڕێگایەکی دیکە
لەبەردەم ئاینی ئیسلامدا نیە. ئەمە ئەرکێکی مێژوویی کۆن و نوێی
بیرمەندانی ئاینی ئیسلامە.
داعش:
داعش ڕێکخراوێکی ئیسلامی جیهانی سەلەفی جیهادی تیرۆریستی چەکدارن، سەر
بە مەزهەبی سوننەن، لە ئێستادا زۆربەی هێزەکانی خۆیان لە سوریا و ئێراق
کۆکردۆتەوە. ئەندام و چەکدارەکانیان سەر بە نەتەوەگەلێکی جیاجیان، وەك
( عەرەب، تورك، ئەفغانی، پاکستانی، چیچانی، کورد، ئەوروپی و... هتد)
واتا ڕێکخراوێکن لەسەر ئاستی ئوممەی ئیسلامی. پێیان وایە تەنها خۆیان
ئیسلامی ڕاستەقینەن و هەموو موسوڵمانانی دنیا لە ئاینەکەیان لایانداوە!
بۆیە ئەرکی خۆیان بە گەڕانەوە بۆ ئیسلامی ڕەسەن و سەرەتایی (سەردەمی
محەمەد و سەلەفی ساڵح) بە ڕێگای توندوتیژی دیاریکردووە. بۆ گەیشتن بەم
ئامانجەشیان بەرنامەیان ئەوەیە سەرەتا دەسەڵاتە سیاسیە لادەرە کافرەکان
لە وڵاتە موسوڵمانەکان بڕوخێنن و خۆیان دەسەڵاتی ڕەهای ئیسلامی بە
ڕابەری خەلیفەی موسوڵمانان دابمەزرێنن و ژیانی کۆمەڵایەتی بە گوێرەی
دەقی ئایەتەکانی قورئان و سوننەت بەڕێوەبەرن. ئەوان دژی یەزیدی و
مەسیحی و کاکەیی و شەبەك و هەموو ئاین و بیروباوەڕێکی ناموسوڵمانن، لە
ناو ئیسلام خۆیشیدا دژی مەزهەبی شیعە و ڕێبازە سوننەکانی دیکەی جیا لە
خۆیانن، تەنانەت دژی گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیە سوننەکانی دیکەن. بە
کورتی هەر مرۆڤێك وەك خۆیان بیر نەکاتەوە بە کافری دەدەنە قەڵەم و
کافریش دەبێ لەناوببرێت!!
داعش بەم بەرنامە و بیروباوەڕەوە هیزێکی لە ئیسلام بەدەر نیە، ئەوانیش
وەك هەموو ڕەوت و گروپ و مەزهەبە جیاجیاکانی دیکەی ئیسلام خۆیان بە
ئیسلام دەزانن، هەموو ئەرك و فەرزەکانی ئاینی ئیسلام بە گوێرەی قورئان
و سوننەت جێبەجێ دەکەن و ژیانی خۆشیان لە پێناویدا دەکەنە قوربانی.
ئەوان داهێنانێکی نوێیان نەکردووە، بەرنامەکەیان و ئەوەی کردوویانە بە
ئیسلام نامۆ نییە، بەڵکو درێژەدەر و تەواوکەری توندڕەویەکانی مێژووی
ئاینی ئیسلام و جێبەجێکەری دەقە توندوتیژەکانی قورئانن. قورئان کتێبی
پیرۆزیانە، بەڵام لە خوێندنەوەیاندا بۆ قورئان ئایەتە توندوتیژەکانیان
لا پەسەندە، ئیلهامی لێ وەردەگرن و وەکو خۆیان جێبەجێیان دەکەن.
بیروباوەڕی ئاینی ئیسلام و بەرنامەکەی (قورئان) یەکێکە لە فاکتەرە
گرنگەکانی دروستبوون و سەرهەڵدانی گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی لە
نموونەی داعش، ئنجا بە دوای ئەو فاکتەرەدا هەژاری و بێکاری و
دواکەوتوویی و جیاوازی و نایەکسانی و گەندەڵی و... هتد لە ناو کۆمەڵگا
موسوڵمانەکان و لە جیهاندا هۆکاری دیکەن. داعش پێیان وایە جیهاد دەکەن
بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لە سایەی جێبەجێکردنی قورئاندا هەموو تەنگژە و
کوێرەوەریەکان تێپەڕێنێت! لەو پێناوەدا دەکوژن و خۆیان بەکوشت دەدەن،
هەر بە نیازی ئەو بەڵێنانەش کە ئایەتەکانی قورئان چ لەم دنیا و چ لەو
دنیا پێیداون مەرگیان خۆشدەوێت!!
کورد:
پێش هاتنی ئاینی ئیسلام کورد لە سەرزەمینی باب و باپیرانی خۆیدا ژیاون
و خاوەنی مێژوو کولتور و زمان و ئاینی خۆیان بوون. زۆرینەی کوردان
پەیڕەوییان لە ئاینی زەردەشتی دەکرد، پێغەمبەرەکەیان (زەردەشت) کورد
بووە و (ئاڤێستا )ش کە کتێبی پیرۆزیان بووە هەر بە زمانی کوردی ئەو
سەردەمە نووسراوە. جگە لە ئاینی زەردەشتی ئاینەکانی جوولەکە و مەسیحی و
یەزیدی و کاکەیی و شەبەك و عەلەوی هەبوون و هەموو پێکەوە لە کوردستاندا
ژیاون.
ساڵی (١٨)ی کۆچی لە سەردەمی خەلیفەی موسوڵمانان عومەری کوڕی خەتاب دا
هێرشی لەشکری ئیسلام بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید ڕوو لە کوردستان
دەکات بە نیازی داگیرکردنی خاکەکەی و بە ئیسلامکردنی خەڵکەکەی. (گەلی
کورد لە سەرەتای پەلاماردانی لەشکرەکانی عەرەبی موسوڵماندا بەربەرەکانی
کردوون و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. لە زۆر کتێب و نووسراوەدا هێرشی
موسوڵمانان بۆ سەر کوردستان بە "داگیرکەر" ناوبراوە. وە لە هەندێ
سەرچاوەی تری کوردیدا هەواڵ ودەنگوباسی چەندین شەڕوشۆڕی خوێناوی
دڵتەزێن لە نێوان سوپای پەلاماردەر و دانیشتووانی ناوچەکانی کوردستان
نووسراوە و پارێزراوە. لە کوردستان زۆر گۆڕستان تا ئێستاش بە ناوی
گۆڕستانی ئەسحابان هەر ماون)*.
پاش ساڵانێك شەڕ و کوشتار هەندێك لە هۆزە کوردەکان ناچار بە ئاینی
ئیسلام قایل بوون و هەندێك لە هۆزەکانیش بە دانی جزیە لەسەر ئاینی
زەردەشتی دەمێننەوە، لە درێژماوەشدا زۆرینەی کوردان موسوڵمان دەبن و
ئیسلام دەبێتە بیروباوەڕیان. بەو شێوەیە دەسبەرداری ئاینی ڕەسەنی خۆیان
دەبن و ئاینی ئیسلام جێگای ئاینی زەردەشتی دەگرێتەوە! ئیدی لەو
سەردەمەوە زۆرینەی کوردان پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەکەن و دڵسۆزانەش
خزمەتی پێدەکەن. لە ناو کوردا گەلێك بیرمەندی پایەبەرز هەڵکەوتوون کە
بە پەرۆشەوە خزمەتیان بە ئیسلام و زمانی عەرەبی کردووە بەبێ ئەوەی
چاویان لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و چارەنووسی کوردەوە بووبێت!. لە
بەرانبەریشدا ئیسلام خاکی داگیر کردوون و خوێنی ڕشتوون و ئەنفالی
کردوون و ژن و کچ و ماڵی بە تاڵان بردوون و لە سەر خاکی خۆی چەندان جار
ئاوارە کراوە! ئەم زوڵموزۆرە بە درێژایی مێژووی خەلافەتی ئیسلام لە
سەردەمەکانی (ڕاشدین، ئەمەوی، عەباسی، عوسمانی) و هەتا ئێستاش هەر
بەردەوامە.
لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستیە بڵێین! بەڵێ کورد خۆی فاکتەری سەرەکی بووە
لە نەبوونی یەکێتیەکی نەتەوەییدا. بۆ نموونە لە سەردەمی خەلافەتی
عوسمانیدا لە کاتێکدا خاکی کوردان ببووە گۆڕەپانی شەڕ و یەکلاکردنەوەی
ململانێکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، خێڵ و
میرنشینە کوردیەکان لە جیاتی ئەوەی لە هەوڵی یەکگرتن و بەهێزکردنی
دەسەڵاتێکی کوردیدا بن بەردەوام پەرتەوازە و ناکۆك و دژی یەکتر بوون!
زۆربەی هێزە کوردیەکان بەردەوام و ئێستاشی لەسەر بێت کاریان بۆ یەکڕیزی
نەتەوەیی نەکردووە، بەڵکو بیر و بەرژەوەندی خێڵەکی و ناوچەیی لە
ناویاندا زاڵ بووە. سەرباری ئەوەش ئاینی ئیسلام فاکتەرێکی گرنگ بووە لە
بەدواکەوتوویی مانەوە و سەرهەڵنەدانی بیر و هوشیاری نەتەوەیی و ڕێگرێك
بووە لە بەدیهێنانی ئامانجی گەلی کورد بۆ مافی چارەنووسی خۆی.
دوای ڕووخانی دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا
کوردستان کرا بە چوار پارچەوە و بەسەر وڵاتانی تورکیا و ئێران و ئێراق
و سوریادا دابەشکرا. دوای دابەشکردنی کوردستان میرنشینە کوردیەکانیش
لەناوچوون و ئیدی گەلی کورد کەوتە بەر پەلامار و هێرشی ڕەگەزپەرستی و
شۆڤێنی نەتەوە سەردەستەکانی عەرەب و فارس و تورك و بەردەوام لە هەوڵی
سڕینەوە و لەناوبردنیدا بوون. گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ
مانەوە و بەرگریکردن لە خۆی و لە پێناوی ڕزگاریدا گەلێك شۆڕش و
ڕاپەڕینی ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەو شۆڕش و ڕاپەرینانە
سەرکردایەتیەکانیان خێڵەکی و بەرژەوەندخواز بوون، خاوەنی بەرنامە و
ستراتیژی نەتەوەیی نەبوون، سەرکەوتنی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە.
لەسەر بنەمای ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە
گرنگییان بۆ ئێستا و داهاتوومان هەیە:
١- ئاینی ئیسلام و بەرنامەکەی (قورئان) ڕەنگدانەوەی مێژووی دیاریکراوی
(١٤٥٠) ساڵ پێش ئێستای کۆمەڵگای نیمچەدوورگەی عەرەبستانە. ئەم ئاینە
بەهۆی ئەوەی چاکسازی لە خۆیدا نەکردووە بە داخراوی ماوەتەوە و بڕیار و
حوکمەکانی لەگەڵ ئەم سەردەمە کە سەردەمی زانست و کرانەوەی گەلانی
دنیایە بە ڕووی یەکتردا، نایەنەوە. پێویستە بیرمەندانی ئاینی لە
کوردستان هەروەها حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان لە بەرانبەر ئەم پرسەدا
بۆ نوێکردنەوە و گونجاندنی ئاینەکە بیروبۆچوون و هەڵوێستی خۆیان هەبێت.
٢- ئەرکی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە زەمینەخۆشکەر و
یارمەتیدەری هەر هەوڵێکی چاکسازی ئاینی بێت. پێویستە حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە ئێستادا هەنگاو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی
پەروەردەدا هەڵگرێت، بە تایبەت لە جیاتی وانەی ئاینی ئیسلام وانەی
ئاینناسی لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت. دەبێت سیستەمی خوێندن بە جۆرێك
بێت کە لەگەڵ ژیان و زانستی ئەم سەردەمەدا بێتەوە.
٣- حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان دەکرێت و دەبێت سوود و ئیلهام لە ڕووە
نەرمونیانەکەی ئاینی ئیسلام وەرگرن و بە کردەوە ئیسلامێکی مەدەنی بن کە
بتوانن لە پرۆسەی دیموکراتیدا وەك هەر هێزێکی دیکەی کۆمەڵایەتی بەقەدەر
قەبارەی خۆیان لە کۆمەڵگادا ڕۆڵیان هەبێت. نابێت ڕێگایان پێ بدرێت بە
ناوی هەموو کۆمەڵگاوە بدوێن و وتار بدەن.
٤- ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هوشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوت و
حیزبە ئیسلامیەکان بکات. پێویستە بە هەموو شێوەیەك ڕێگای توندڕەوی و
پەروەردەی توندوتیژییان لێ بگرێت. ئەوان ئازادن حیزبی ئیسلامی خۆیان
هەبێت، بەڵام نابێت ئازاد بن حیزبی توندڕەویان هەبێت و بەرهەمهێنەری
توندوتیژی و تیرۆر بن.
٥- تاقیکردنەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورد هەروەها ماوەی بیست و
سێ ساڵ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم ئەوەیان سەلماندووە کە بەو شێوە پێکهاتە
خێڵەکیە و بەو بەرنامە تەقلیدیەی حوکمڕانیەوە نە دەتوانن وەك پێویست
خزمەت بە هاووڵاتیانی کوردستان بکەن و نە دەتوانن هەنگاوی دروست بەرەو
ڕزگاری یەکجاری و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی مۆدێرنی کوردی هەڵگرن.
٦- پێویستە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان حیزبی مۆدێرن و خزمەتگوزار بن،
مافی چارەی خۆنووسین و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی مۆدێرنی کوردی بکەن
بە ئامانجی ستراتیژی خۆیان و بە کردەوە توانا و خەباتی خۆیان بۆ
بەدیهێنانی بخەنە گەڕ.
٧- پێویستە حیزبە کوردستانیەکان دیاردەی پەرتەوازەیی تێپەڕێنن و لە
جێگایدا یەکڕیزی نیشتیمانی پێکبهێنن. لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش
هاوپەیمانێتیەکی نەتەوەیی بۆ پرسە نەتەوەییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی و
مەترسیە نەتەوەییەکان (لە نموونەی پەلاماری داعش) دابمەزرێنن و هاوکاری
یەکتر بن. ئەم پرسە ئەرکی دەسبەجێی سەرجەم حیزبەکانە و شایانی دواخستن
نیە.
٨- پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی دیموکراتی و سەردەمیانەی
هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بێت بەبێ جیاوازی، بە ناوچە
دابڕێنراوەکانیشەوە. تەنها لە مامەڵەیەکی دروست و دیموکراتیانەدا و بە
خزمەتکردنی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بەبێ جیاوازی، متمانە دەبەخشن و
دەنگ بە گەڕانەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەدەن.
٩- پێویستە هێزی پێشمەرگەی سەر بە حیزبەکان هەڵوەشێنرێتەوە و بکرێتە
هێزێکی نیشتیمانی و پرۆفیشناڵ بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی کوردستان
بە ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە.
١٠- هاووڵاتیانی کوردستان دەبێت بە ئەرك و مافەکانی خۆیان هوشیار
بکرێنەوە. ئەوان بە هوشیاری خۆیان و بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای
مەدەنی دەتوانن بەردەوام چاودێر و فشار بن لەسەر حکومەتی هەرێمی
کوردستان بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم مافەکانی خۆیان و بەدیهێنانی ئەو
خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا.
__________________________
*
د. جەمال نەبەز / کوردانی سەرگەردان و
برا موسوڵمانەکانیان. ل ١١.
taha.wahab@hotmail.com
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|