٢٢\٢\٢٠١٣
ژارگۆن.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا
(٢)
لە نێو ئەدەبی کوردی کۆمەڵێک مانیفێستی شیعری نووسراوە، بەڵام وەک
پێویست نەیانتوانیوە ڕەنگدانەوە و جێکەوتەی ئەدەبیانەی خۆیان بنوێنن؟!
بە بڕوای من بەشێک لە شکستەکانیان ڕاستەوخۆ بە بنەمای فیکری و
تیۆریزەکردنەوەی مەعریفییەوە بەندە، بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە خولیای
ئەدەبییەوە هەیە! ئەگەر خولیای ئەدەبی گوزارشت لە کەشفکردن و خەون و
دنیابینی بکات، ئەوە بنەمای فیکری پشت بە کۆی ئەو باکگراوەندە ڕۆشنبیری
و ئاگاییە هونەرییە دەبەستێت، کە فۆڕمەکانی مەعریفەی ئەدەبی بونیاد
دەنێ.
هەمیشە خولیای ئەدەبی چێژ و حەز و شەیدایی بەڕێوەی دەبات، فۆڕمەکانی
مەعریفەی ئەدەبی شارەزایی و ڕاڤەکردن، یەکەمیان لە بەردەوامی خۆی
دەدۆزێتەوە، دووەمیان لە جووڵەی جیاواز، دەشێ بەردەوامی و جووڵەی
جیاواز چارەسەرێکی مامناوەندی ئەو نێودژییە بێ کە زمانی ئەدەبی لە
پرسەکانی سەردەمەوە وێنای دەکات.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەزموونی سوارەی ئیلخانیزادە و هەندێ لە
هەوڵەکانی جەلالی مەلەکشا، ژیلا حوسێنی و کامبیزی کەریمی و ڕەزا
عەلیپور و فەرەیدوون ئەرشەدی فەزایەکی دیکەیان لە شیعر هێنا ناوەوە.
جەلالی مەلەکشا وزەی شیعریی لە جوانکردنی کێشی بڕگەیی و گەیاندنی
پەیامدا کورت کردەوە، بەڵام شاعیرانی دواتر بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتیان
لە کێشی بڕگەیی و پەیامی شیعری کرد و فەزایەکی دیکەیان لە مەنەلۆگ و
فرەدەنگی و فرەڕیتمی و ئایرۆنی و بیرکردنەوەی شاعیرانە دروست کرد!
بە بڕوای من فەزای شیعریی دەرئەنجامی یارییەکی جیاواز و ئازادانەی
زمانە! کەواتە ئەگەر پارێزگاریکردنی جەلالی مەلەکشا لە کێشی بڕگەیی و
پەیامی شیعریی، پەیوەندی بە دیدێکی گشتی و بەڵگەنەویستی زمان و ڕیتمی
شیعریی و هەڵویست و ئیلتیزامەوە هەبێ و ئەو دیدە بشێ هاوگونجانێکی
شۆڕشگێرانە لە نێوان شاعیر و جەماوەر دروست بکات! ئەوە لادان لەو دیدە،
دەکەوێتە دووتوێی خزینی زمان و تەجاوزکردنەوە. تەجاوزکردنی
پیرۆزییەکانی زمان هەمیشە لەسەر خوازەی زمانی دایک دێتە ئاراوە.
دەشێ بڵێم ئەو تەجاوزکردنە لە کەشوهەواو زمانێکی جیاواز و فرەڕەهەندی
بەیەکەوەلکاو سەری هەڵداوە، ئەو زمانە نوێنەرایەتی ڕەهەندێکی جیاوازی
شیعریی و هونەری دەکات و جیاوازییەکانی لە دووتوێی جەرەیانی زیهنی و
وەستانی لەپڕ و کورتبڕی و ئایرۆنییەت و شڵەژان دەردەکەوێت، هەڵبەتە
ئەوەیش وەک جۆرێک لە ململانێ لەگەڵ "کۆن" یا تەجاوزکردنی شێوەکانی، لە
هەمان کاتیشدا وەک جۆرێک لە تێکەڵبوون لەگەڵ تازەگەری دەرەوە ـ شیعری
فارسی، خۆی دەنوێنێ.
ئەگەر هەر یەک لەو شاعیرانەی لە دوای مەلەکشا ناوم بردن، لە ئاستێکدا
وەستابن و توانای قووڵبوونەوە و ڕەکاژۆکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی
هونەری و ئیستێتیکای زمانیان لە سنوورێکی دیاریکراو گیری خواردبێت!
ئەوە هەر یەک لە پەرویز زەبیح غوڵامی و یوونسی ڕەزایی و کەمالی ئەمینی
و ئەیاز خوونسیاوەشان و حەمە ساڵح سوزەنی و.. هەوڵیان داوە لە ڕێگای
هەڕەمەکیەتی زمان بە جۆرێک لە وڕێنە و ئاماژە و خزینی نێوان دال و
مەدلول، ئەو قەیرانە شیعرییە قووڵتر بکەنەوە!
دوا ڕستەم لەوێوە دێ، کە ئەگەرچی ئەو قەیرانە کێشی بڕگەیی و پەیام و
هەڵوێست و مانای ڕاستەوخۆی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام نەیتوانیوە
جووڵە جیاوازەکانی خۆی لە دووتوێی خەون و دنیابینییەکی دیکەدا تیۆریزە
بکات! دەمەوێ بڵێم ناشێ لە پرۆسەی نووسیندا بیر لە بیرۆکەی جیاوازی
پەیام، مەبەست یا هەر ئاراستەکردنێک بکەینەوە، بۆ ئەوەی بە خوێنەران
بڵێین جیاوازین! ناشێ مەعریفەی شیعریی و خەیاڵ لە پێناو ئەویدیکەدا لە
ئاستێکی دیاریکراوی گەیاندندا بوەستێنین! شیعر داڕژانە، هەموو ئەو شێوە
بیرکردنەوانە ڕەهەندەکانی شیعرییەت دووچاری بنەبەستبوون دەکەن.
____________________________________
•
ژارگۆن.- ١ -:
www.emrro.com/jargon.htm
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|