ژنان و
بزوتنەوەى فیمینیستى.
کەژاڵ عەلا
بەدرێژایى مێژوو ژنان بەدواى ئارەزوو ئامانجەکانی خۆیاندا سەرگەردانن.
کەچى هێشتا لەم سەردەمەشدا ژنان بەدەست نایەکسانی کۆمەڵایەتییەوە
گرفتارن لەنموونەى، سیاسى، ئابوورى، کارکردن، ئازار و ئەشکەنجە،
جوداکارى، بەکاربردنى سێکسى. بەپێى ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوە
نێودەوڵەتیەکان ژنان 70% ی هەژارەکانی جیهان پێک دەهێنن و خاوەنی تەنیا
1% ئەو زەوییانەن کە سەنەدیان هەیە. " هیشتا لە 53 وڵاتی جیهاندا
سووکایەتی کردن بەرامبەر بە ئافرەت لە چوراچیوەی هاوسەرداریدا بە تاوان
دانانرێ "." ڕۆژانە زیاتر لە 100 میلیۆن بێوەژن و منداڵەکانیان
ڕووبەڕووى مەترسى و ئازار و ئەشکەنجە ئەبنەوە ". " لە زۆر وڵاتدا
هێشتا تەمەنی یاسایی شووکردن زۆر جیاوازە لە تەمەنی یاسایی ژن هێنان بە
جۆرێک کە هەمیشە تەمەنی شووکردن کەمترە لە تەمەنی ژن هێنان! لە زۆربەی
ئەم حاڵەتانەشدا هاوسەرداری ئەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی کچەکان وەک
بێبەش بوون لە خوێندن. بۆنموونە ئەگەر کچیک ناچار بێت لە 14 ساڵیدا
لەبەر شووکردن واز لە قوتابخانە بهێنێ ئەمە ئەبێتە هۆی ئەوەی
دەرفەتەکانی داهاتووی لێ بگیرێ. ئەمەش لە راستیدا پێشیلکردنی مافی
کچانە بە درێژایی ژیانیان لە وێنەی مافی خوێندنی زانکۆ و بوون بە دایک
لە تەمەنێکی منداڵیدا و لەوانەشە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە
تەندروستیان." ژنان لەزۆربەى شوێنەکانى جیهاندا بەدەست زوڵم و
ستەمەوە دەناڵێنن. لەشێوەى جۆرەها ئازارو ئەشکەنجە و لێدان لەلایەن
باوک و برا یاخود هاوسەرەکانیانەوە. زەوتکردنى ئەم مافانەش بۆ ژنان
بەماناى بێبەشبوونیانە لە مافە سەرەتاییەکانى مرۆڤ.
جێگەى داخە هەر لە دێرزەمانەوە ڕەگەزى نێرینە وەک کاڵایەک ڕوانیویانەتە
ڕەگەزى مآینە، ژنانیان بە موڵکى خۆیان زانیوە. ئەم تێروانینانەش
لەڕۆماى کۆن و کلتورى یۆنانیەکاندا بەئاشکرا دەبیندرێت. بۆنموونە لەو
سەردەمانەدا بۆیان هەبوە ژنان وەک کاڵایەک بازرگانى کڕین و فرۆشتنى
پێبکەن بەبێ هیچ جۆرە ئیحساس و شەرمێک توانیویانە ژنان دەستاو دەست
پێبکەن و ژن و کۆیلەیان وەک یەک نرخاندوە. بەڵام خۆشبەختانە لە
سەردەمى دەرکەوتنى مەسیحەوە تاڕادەیەک ئەم تێروانینانەى پیاوان گۆڕا.
لەگەڵ ڕوودانى گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکاندا ژنان زیاتر و زیاتر
پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و بەردەوام لەهەموو گۆڕەپانێکدا
بەشدارى دەکەن و پلەو پایەیان بەرز و دیارە.
ئاشکرایە لەم سەردەمەدا ژنان هاوشانى پیاوان لە ڕووى سیاسى و هونەرى
و ئەدەبى و زانستیدا چالاکى زۆریان بەئەنجام گەیاندوە و مێژووش
شاهیدى ئەم پێشکەوتنانەیە. ڕەنگە ئەوانەش سەرەتایەک بووبێتن
بۆپەیدابوونى بزوتنەوەى فێمێنیستى لەکۆتایى سەدەى نۆزدەهەمدا.
فەلسەفەى فێمینیستى چیە؟
وەکوئەڵێن وشەى فێمینیستم بۆیەکەم جار لەوتارێکدا لەلایەن ئەلیکساندەر
دۆماوە نوسراوە، ئەم وشەیەش ئەوژنانەى ئەگرتەوە کە هەڵسوکەوتیان
پیاوانە بوو. لەساڵى 1873 ئەم وشەیە بەڕەسمى چوە ناو کلتورى فەرەنسیەوە
و بە بزوتنەوەکانى ژنان کە لەدژى نایەکسانى ژنان و پیاوان و بۆ
دادپەروەرى تێدەکۆشان وردەوردە ئەم ناوەى لەخۆگرت.. کە لەگەڵ
تێپەڕبوونى زەمەندا بەشێوەیەکى بەرچاو کۆمەڵێک بزوتنەوەى تر ئەم
ناوەیان لێنراوە لە نموونەى: فێمینیستى مارکسیستى، فێمینیستى
سۆشیالیستى، فێمینیستى ڕادیکاڵى، فێمینیستى لێبراڵى و لەم دوایانەشدا
فێمینستى ئیسلامیش پەیدا بوە.
لەگەڵ پەیدابوونى بزوتنەوەى فێمینیستى، ژن گەلێکى زۆر هاتونەتە ناو
مەیدانەکانى ئەدەبیاتەوە و لەم بارەیەوە نووسیویانە بۆ نموونە:(سیمۆن
دۆبۆڤوار) کە دەڵێت: لەسەدەى نۆزدەهەمدا پاش شۆڕشى پیشەسازى و
بەشدارى کردنى ژنان لەبەرهەم هێنانى پیشەسازیدا بزوتنەوەى فێمینیستى
لەڕووى تێوریەوە هاتەکایەوە. کەلەساڵى 1948سیمۆن کتێبى (ڕەگەزى دوەم)ى
نووسی کاریگەریەکى فراوانى هەبوو لەبنیات نانى ئەم وشەیەدا. ئەو لەو
باوەڕەدا بوو کەژن بەژنێتى لەدایک نابێت، بەڵکو خەڵکى ناوى ژنى لێدەنێن.
واتا کۆمەڵگا بە شێوەی بونەوەرێکى (زەعیفە) لاواز تێى دەڕوانن و
لەڕاستیدا ئەوانن ئەیکەن بە ژن. مەبەستى سیمۆن لەم کتێبەیدا
هوشیارکردنەوەى ژنانە کەبتوانن بەئازادى ناسنانەمەى ڕەگەزى خۆیان بناسن.
هەروەها جان ایستڤارت میل لە ساڵى 1899 کتێبێکى بەناوى (داگیرکەرانى
ژنان)ەوە نوسیەوە و کەتێیدا بەڕاشکاوى باسى بابەتى نایەکسانى مافى
ژنان و پیاوانى کردوە، بەهۆی ئەم کتێبەوە لەو سەردەمەدا شۆڕشێکى
پیاوانى لێکەوتەوە. دۆڕۆتى پارکەر لە کتێبى "ژنى سەردەم: ڕەگەزى وون"دا
ئەنوسێت: ناتوانم بە شێوەیەکى داد پەروەرانە بڕوانمە کتێبێک کە ژن وەکو
ژن سەیر بکات... بەلاى منەوە پێویستە ئێمە هەموومان چ پیاو چ ژن وەکو
مرۆڤ تەماشا بکرێین." سیمۆن دۆبۆڤوار پاش سەدەیەک بەسەر هەڵوێستەکانى
میل دا وتارێکى بڵاو کردەوە کەدەڵێت:(( ئەوشتەى ژنان هەوڵى بۆ دەدەن
یەکسانى نێوان ژنان و پیاوانە. ئەم یەکسانیەش پێویستە هەموو
بوارەکانى ژیان بگرێتەوە چ ژیانى تاکەکەسى و چ کۆمەڵایەتى بێت)).
هەروەها سیمۆن دەڵێت:(( لەوانەیە بڵین زەرورەتی دوولایەنە بووەتە هۆی
ئاسانکاری بۆ ئازادیی ژنان. بەڵام لە جیهانى واقیعدا ژنان بە شێوەیەکى
کۆمەڵایەتى لە کۆت و زنجیرى پێویستیەکانى پیاو ڕزگاریان نەبووە-
مەبەستمان لە پێویستى سێکسى و پێویستى بەردەوامبوونى نەوەکانە کە لەم
بارەیەوە پیاو پێویستیان بە ژنە)).
لەسەدەى نۆزدەهەمدا ژنە ڕۆمان نووسى بەناوبانگ ڤێرجینیا ووڵف بۆ
جیاوازى نێوان دوو ڕەگەز لەسەر نووسینى (ئەگەر شکسپیر خوشکێکى خاوەن
بەهرەى هەبوایە، لەگەڵ : ژورێکى تایبەت بەخۆ) دەرکرا بۆ خوێندن لە
کۆلێجى کالج، کەلەم بەرهەمانەیدا ئارەزووى زۆرى هەوڵەکانى ئەوە بوو
مافى ڕەواى ژنان بخاتە ڕوو ئەوان هوشیاربکاتەوە. ڤێرجینیا لەکتێبی
ژوورێکى تایبەت بەخۆدا ئەڵێت:( بەڕاستى هەزارجار جێگەى داخبوو ئەگەر
ژنان وەکو پیاوان بیان نووسیایە، یا وەکو پیاوان عیشقیان بکردایە، یا
هەڵسوکەوتى پیاوانەیان هەبوایە! لەکاتێکدا کە دووڕەگەز بەهەموو مەعنا
جیاوازن، چۆن ئەتواندرێت گەورەى و جۆراو جۆرى جیهان بەهێز وتواناى
یەک ڕەگەز تەواو بکرێت؟! )).
دۆریس لسینگ کەتوانی لەساڵى 2007دا خەڵاتى نۆبڵى ئەدەبى بەدەست بێنێت،
یەکێَکە لە ژنە شۆڕشگێڕەکانى گۆڕەپانى سیاسى و یەکێکە لە ژنە
نووسەرەکانى کەهەمیشە بەمەیلبوون بە فێمینیست تاوانبار کراوە.
بەناوبانگترین کتێبى دوریس ( دەفتەرێکى بچکۆلەى بیرەوەری ئاڵتونى)ە کە
لە کۆتایى پەنجاکاندا نوسیویەتى و ئەوى بە نیشانەى ژنێکى فێمینیستى
ناساند. خۆشى لەمبارەیەوە ئەڵێت: (ژنان زەمەنێکى زۆر ملکەچى پیاوان
بوون، بەڵام ئێستا کاتى ئەوەهاتوە تۆڵەى خۆیان بکەنەوە و مافى خۆیان
لەپیاوان وەربگرنەوە).
وردە وردە وایلێهات ئەم بۆچوون و تێروانینانە بۆ بزوتنەوەى
ژنانە(فێمینیست) شێوەیەکى گونجاوتر و ڕۆشنفکرانەى بەخۆوەبینیوە. ئەو
ژنانەى کەلەم مەیدانانەدا چالاکیان دەکرد هەوڵیانداوە تا شانبەشانى
پیاوان چست و چالاک و کاریگەربن لەکۆمەڵگادا. ڕەنگە باشترین
چالاکیش نسیبى ئەو ژنانە بووبێت کەهاتونەتە مەیدانى نووسینەوە، یاخود
لە مەیدانەکانى ترى کلتورى کۆمەڵگایەکەیان چالاکیان ئەنجامداوە.
یەکێکیى تریش لەم ژنە تێکۆشەرانەى بزوتنەوەى فێمێنیستى (فروغى
فەڕڕوخزاد)ە یە کە بەبێ پێچوپەنا و بەڕاشکاوى ئەینووسى و هۆنراوەى
ئەوت. لە رۆژنامەى فیردەوسی ئەوسەردەمەدا لە ئێران وتارێکى بڵاوکردەوە
کەتیایدا دەڵێت:( ئارەزووى من ئازادى ژنانى ئێرانە و یەکسانى
مافەکانیانە بە پیاوان، من لەبەرامبەر ئەو ئازار و ئەشکەنجانەى کە
خوشکەکانم ئەیچێژن لەلایەن پیاوانەوە، بەهەموو وجودمەوە ڕادەوەستم و
نیوەى هونەرەکەم بۆ پەیکەرى ئازارەکانى ژنان و داکۆکى کردن لە
ژنان بەکار دەبەم. ...ئارەزووى من ئەوەیە کە پیاوان وازبهێنن
لەخۆپەرستى و مۆڵەتبدەن بەژنان کە توانا و بەهرەکانى خۆیان بخەنە
گەڕوو بێنەناو گشت گۆڕەپانەکانەوە).
سوود لەم سایتانە وەرگیراوە: :
همشهری، ادبیاتى زنان، کانون زنان، بى بى سى
|