٢٨\١٢\٢٠١٥
ژنە چاوڕەشە نیگا سپییەکە.
ناڵە
حەسەن
ژنێک لەبەر
پەنجەرەوە
دەیەوێ
لە ڕۆشنایی شەوەکان و
لە سەوزایی باخچەکان و
لە دارسنەوبەرەکانی عەشق بڕوانێ
دەیەوێ
هەر لەبەر پەنجەرەوە
لە هەموو جوانییەکانی ژیان بڕوانێ
بە نێو
ڕێگا دوور دوورەکانی خەیاڵ بڕوا
هەر لەوێدا خەون ببینێ
هەر لەوێشدا تا ئەبەد بمێنێتەوە
ژنێکی چاوڕەشی نیگا سپی
لەبەر پەنجەرەیەک لە چاوەڕوانیدا
کڵۆ بەفرەکان و
گەڵا وەریوەکان و
وردە ئەستێرەکانی ئومێد دەژمێرێ
ژنێک لە ڕەنگی باران
بەدەم شانەکردنی قژی خۆرەتاوەوە
لە چاوەڕوانیدا
حیکایەتە بەرئاگردانییەکان
بۆ گوڵ و پەپوولەکان دەگێڕێتەوە
یەسنینەکانی ڕۆحیش
بۆ فریشتە و
بۆ ژنە ڕاهیبەکان دەچڕێ
ژنێکی تەڕ
تەڕتر لە تاڤگەکان و ڕووبارەکان
لە بەر پەنجەرەیەک لە چاوەڕوانیدا
خۆی ڕووت دەکاتەوە
مەمکەکانی خۆی لە مانگ و
لە پەرەسێلکە تەنیاکان دەشارێتەوە
لە بەردەم پەنجەرەیەکی خۆڵەمێشی
بە نیگایەکی مۆنالیزایی
پێڵووی چاوەکانی ئارام نابنەوە
لە چاوەڕوانیدا
دوور دوور دەڕوانێ
ژنێکی نەوڕەسی
جوانتر لە دیمەنە نەسیمییەکانی سروشت
شۆخ و شەنگتر لە پەرییەکانی خودا
ئەو ژنەی ...
عەشق جۆرە شەڕابێکە بۆ مەستی چاوەکانی
شیعر جۆرە سەمفۆنیایەکە بۆ خاوبوونەوەی دەمارەکانی
ژنێکی / خەیاڵ سپی و خەندە سپی
خۆزگە سپی و خەون سپی
ژنێکی / سپی سپی سپی
ژنێک /
لە من مەستتر و بزێوتر
لە من خەمۆکیتر و یاخییتر
لە من ئاویتر و بارانییتر
لە من تەڕتر و شەونمیتر
لە من نەرمتر و پڕ نیگاتر
لە من گەشتر و گوڵنارییتر
لە من ئیرۆسیتر و ئاگرییتر
لە من نوورانیتر و خوداییتر
لە من دێوانەتر و عاشقیتر ...
ژنێک /
چەندین ساڵە وەک سێبەری درەختێک
لەبەر پەنجەرەیەک لە چاوەڕوانیدا
وڕێنەکانی با و گۆرانییەکانی گەردەلوول و
خەونە خوناوییەکانی خاڵخاڵۆکەیەک دەنووسێتەوە
من و ئەو ژنە
لە نێو تەمە سپییەکان و ڕەشەباکانی خەیاڵ
بۆ یەکەمینجار یەکترمانناسی
لە نێو نیشتیمانی شیعر بەیەکتر ئاشنا بووین
لە نێو خەڵوەتگەکانی نائومێدی یەکترمان خۆشویست
لە نێو ژوورەکانی تەنیایی ئاوێزانی یەکتری بووین
لە نێو عەشقێکی وەهمیشدا
لە نێو یەکتری تواینەوە
بووین بە هەڵم و تێکەڵ بە با بووینەوە.
کانوونی یەکەمی
٢٠١٤
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|