په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١١

ژیانى کێ پارێزراوە...!

بەشدار عوسمان   


ئەمە پرسیارێکى جەوهەرییە بۆ وەزعیەتى ئەمرۆى کوردستان، ژیانى کێ پارێزراوە؟! بەبڕواى من لە هەزارى کەسێکان دەست ناکەوێت ناوى خۆى بخاتە نێو لیستێک کە ژیانیان پارێزراوە، شەخێیات و کەرامەتیان لەکەدارناکرێ، هه‌ست و نه‌ست و هۆشیان لە لایەن بەهێزەکانەوە یارى پێناکرێت، ئەمەش هەموو ئەو پڕوپاگه‌ندانه‌ بەتاڵدەکاتەوە کە دەسەڵاتدارانى ئەو ده‌ڤه‌ره‌ رۆژانە دەهۆڵى بۆ دەکوتن، راى جیاواز و جیاوازى بیرکردنەوە نەک گومان و پرسیارى لەسەرە، بەڵکو رفاندن و تیرۆر و تێهەڵدانى بەدواوەیە، ماف و ئازادییە فەردى و مەدەنیەکان نەک باسێکى نیە، بەڵکو بە سیستەم کاردەکرێت بۆ پێشێلکردنى سەرەتاترین ماف و ئازادییەکان وورد و خاشکردنى ئیرادەى گەنجان و لاوان و تازە پێگەیشتوان، ناعەدالەتى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى خەڵک و جیاوازى وەزعیەت و گوزەرانى خەڵک و کاربەدەستان هێندە قوڵبۆتەوە و رێکخراوە هیچ هێزێک ناتوانێ لەنێو ئەو سیستەم و پێکهاتانە بەر بەم تاڵانیە بگرێت،ئیتر ئەمەیە وەزعیەتێک هەموو مرۆڤێک ئەگەر ویژدانى بە بەرژەوەندییەک نەفرۆشتبێت بە ئاسانى هەستى پێدەکات و پێویستە دەسەڵاتى سیاسى و رێکخراو و سەندیکا و زورنا ژەنەکانیتریان سوپاسى رێکخراو و نێردراو و چاودێرە سیاسیە بیانیەکان بکەن کە واقعیەتەکەیان وەکو خۆى نەگەیاندووە و لە دەریایەک دڵۆپێکیان باسکردوە!


بە هەموو پێودانگ و لێکدانەوەکان ، رفاندن و تیرۆرکردنى رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان،پەیامێک بوو بۆ هەموو نوسەران و رۆژنامەنوسان و زەنگێکى ئاگادارکردنەوە بوو بۆ خەڵک و ئازادیخوازان کە ژیان و چارەنوسى هەمووان لەژێر رەحمەتى لولەى تفەنگەکاندایە نامەیەکى ئاوەڵابوو بۆ هەموو ئەو کەسانەى جیاواز بیردەکەنەوە پێیان گووتین نابێت دەنگتان بەرزبکەنەوە، بەڵام پەیامەکە نەک نەگەیشت بەڵکو ئەوانەشى جیاواز بیریانەدەکردەوە پڕ بە گەروویان هاواریان کرد و ئیتر زوڵم و زۆرى بەسە.


تیرۆرى ئەو رۆژنامەنوسە گەنجە و هاوارى هەموو دنیا دژى ئەو بەربەریەتە نەبویە هۆى وەستانى خوێن و هێرش و پەلاماردان و ئازاردانى جەسەدى و نەفسى خەڵکى کوردستان بە گشتى و هەموو ئەوانەى دیفاع لە سەردەشت و ئازادى و یەکسانى دەکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە میکانیزمى قێزەوەنتریان هێنایە نێو کەلتور و فەرهەنگى کۆمەڵگا بۆ دەمکوتکردنەوە و ناشیرنکردن و سەرکوتى ئازادیخوازان.


ئەمە خاڵى کۆتا نەبو، تۆمەت و سیناریۆ گاڵتەجارەکەیان دووپاتیکردەوە کە شەخێیەت و کەرامەت و ئیعتبارى هەموومان لەژێر رەحمەت و میزاجى گروپێکى نەخوێندەواردایە و بە ئارەزووى خۆیان یارى پێدەکەن و گاڵتەشیان بە رادەى هۆشیارى خەلک دێت و ئەوەى بیانەوێت بۆ پاراستنى خۆیان و بچوککردنەوەى بەرامبەرەکەیان سڵ لە گەورەترین درۆش ناکەنەوە.


بەداخەوە لەم مەملەکەتەى ئێمە دەسەڵاتى سیاسى لەرێگاى سیستەمێکى ئیفلیج و موتوربەکراو لەدەسەڵاتەکانى پێش خۆى هێندە درۆ و ناراستى و ئاوەژوکردنەوەى دەرخواردى خەڵکدا، بۆیە جیاکردنەوەى رەش و سپى، راستى و ناراستى، جوان و ناشیرنى و باش و خراپ، بۆتە کارێکى ئەستەم.


هێندە کاریان لەسەرمان کرد تا جیاکردنەوەى راست و چەپى لاى خۆمان لا ئاسان نەبێت، ئەگەر پێشکەوتنەکانى دنیا و هۆشیارى خەڵک نەبوایە ئیستا تاکى کورد جگە لە رۆبۆتێک شتێکیتر نەدەبوو وەکو هەر هاوڵاتیەکى ژێر دەسەڵاتى دەسەڵاتە دکتاتۆر و تۆتالیەکانى دنیا، رۆژنامەنوس ئاسان دەکەن بە تیرۆریست، داواکارانى ماف و ئازادییەکانى خەڵک دەکەن بە ئاژاوەگێر، خائین و خۆفرۆش بە ئاژاوەگێر و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئاستى هۆشیارى خەڵک هێندە بەرزە توانیویەتى سیناریۆکانى پشتەوەى کەسە نەخۆشەکانى نێو دارێژەرانى ئەو فیلمە بێتامانە بخوێننەوە و پێش نمایشکردنى کاراکتەر و دەرهێنەرەکانى ئاشکرا دەبن.


جارێکیتر دەیڵێینەوە دەسەڵاتى سیاسى و دەزگا ئەمنیەکان بەرپرسن لە سەلامەتى گیانى هەمومان، زۆرترین سەروەت و سامانى ئەو وڵاتە بۆ دەزگا ئەمنیەکان سەرف دەکرێ کەچى ژیانى کەسمان پارێزراو نیە و بێ موبالاتانە بەدیار هەڕەشە و تێهەڵدانەکانمان دانیشتون و سەیرى دیمەنەکان دەکەن، بەڵام ئەوە ناتوانێ شانیان خاڵى بکاتەوە بەرامبەر بەرپرسیاریەتیەکى ئیدارى و ئەخلاقى، ئەگەر ئەمرۆش بۆیان بچێتە بەڵام مێژوو لێیان خۆش نابێت و بە توندترین سزاى رۆژگاریان دەگەیەنێ.


6\6\2011

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عه‌لی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک