١٤\١٠\٢٠١٤
کارەساتی فرۆشتنی
ژنان و منداڵانی کورد بە دەستی داعش.
- نوێترین ڕاپۆرتی
ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ لەسەر بازرگانیکردنی داعش بە ژنان و منداڵانی کورد
-
بە
دەستپێکردنی هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆسەر گوندی ئێزیدییەکانی
ماتوورای سەر بە شنگالی هەڵکەوتوو لە باکووری عێڕاق، ژنان و منداڵانی
شوێنگری ئەم دینە، لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندران و بۆ زیندانی
بادووش لە شاری مووسڵ گوازرانەوە. هەروەها نزیک بە ١٥٠ کەسیشیان بۆ
شاری تەلعەفەری سەر بە نەینەوای عێڕاق گوازرایەوە. زۆربەی دیلەکان، لە
پێڕەروانی ئایینەکانی ئێزیدی و مەسیحین کە پاش کۆیلەکردنیان بە مەبەستی
جیهادی نیکاح (کۆیلەی سێکس) بۆ سووریا گوازرانەوە (ڕێکەوت ٢ی ئۆکتۆبری
ساڵی ٢٠١٤، ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی جیهانی، بەشی چاودێری عێڕاق).
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام یان داعش، کاتێ سەرنجی جیهانی ڕاکێشا
کە لە مانگی ژووئەندا، خەلافەتی ئیسلامی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی
لە سووریا و عێڕاق ڕاگەیاند و دەستی بە سەربڕینی ڕۆژنامەوانان، شەڕی بێ
بزەیی و کۆیلەکردنی پێڕەوانی ئایینی ئێزیدی و مەسێحی و شیعەکان کرد. لە
ڕاپۆرتێکی ٢٦ لاپەڕەیی بەشی چاودێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە
عێڕاقدا- کە ڕووداوەکانی مانگی ٦ی جوولایەوە تا ١٠ی سێپتامبر لەخۆ
دەگرێ- باس لە پێشێلکردنی دەیان جارەی مافی مرۆڤ، کۆیلەکردنی بەکۆمەڵی
ژنان و کچانی لاو لە سووریا و عێڕاق کراوە. زۆربەی شایەتەکانی ئەم
کارەساتە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ چاودێرەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ
کردووە لە شارەکانی هەولێر و دهۆک بوون و زۆربەشیان ئەو ناخۆشی و
سەخڵەتیانەیان بەچاو بینیوە. لە کۆتاییەکانی مانگی ئاگۆستدا ئوئێن
ڕفاندنی ٢٥٠٠ ژن و کچی ئێزیدی لە شارەکانی شنگال، تەلعەفەر، نەینەوا و
شێخان بەڵگەمەند کرد و بە پێ بەڵگە و وتەی شایەتحاڵان و خەڵکی ناوچەکە،
چەکدارانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەستڕێژی سێکسیان کردۆتە سەر کچ و
کوڕە لاوە ئێزیدییەکان و ئەوانی دیکەش کە نەیانویستووە دینەکەیان بگۆڕن
یا لەگەڵ چەکدارانی داعش بن، تیرباران کراون. هەندێ لەو ژنە بەمێردانە
و هەروەها ئەوانەی کە بێ مێرد بوونە، لە بازاڕی کۆیلەفرۆشتنی مووسڵ و
ڕەقە فرۆشروان و پێیان گوتراوە کە هاوسەرگیری ئیسلامی و شەرعی ئەمەیە
نە ئەوەی کە پێشتر کردبووتان.
بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بکەینە یەکێک لە بازاڕەکانی کۆیلەفرۆشتن
بەناوی “ئەلقودس” کە لە شاری مووسڵە. لەوێ کچان و ژنان وەکوو کاڵا،
نرخیان بۆ دیاری کراوە و دەفرۆشرێن و تەنانەت مشتەری چەنە لەسەر
قیمەتەکانیشیان لێدەدەن. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆربەی کڕیارەکان،
گەنجانی سەر بە خەڵکی خۆجێی ناوچەکەن. وادیارە چەکدارانی داعش ژنانی
ئێزیدی بۆیە بە گەنجان دەفرۆشن تا سەرنجی ئەو گەنجانە بۆ لای ڕابکێشن و
بیانهێنە ناو ڕیزەکانیانەوە.
بە پێ وتەکانی چاودێری تایبەتی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی عێڕاق “زەید راعد
ئەلحوسەین”، حکوومەتی عێڕاق دەیەوێت بەجۆری یاسایی و فەرمی بایکوتی
جیهانی دژە داعش بکات و پاشان سکاڵای خۆی لە هەمبەر داعش، ئاراستەی
دادگای نێودەوڵەتی تاوان بکات و بە سەدان بەڵگەی ڕاستەقینە هەوڵ بدات
داعش وەک گرووپێک کە تاوان دژی مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە مەحکووم بکرێت.
کۆیلەکردنی سێکسی [ژنان] تەنیا ڕوویەکی هەڵمەتە دڕندانەکەی داعش بۆ
گۆڕینی پانتایەکی بەرفراوانی نێوان سووریا و عێڕاق بۆ خەلافەتی
ئیسلامییە. هێزەکانی وەفادار بە بزوتنەوەی خۆبە خەلیفەدانەرەکەی
ئەبووبەکر بەغدادی، گەلێک کۆمەڵکوژییان دژ بە کەمایەتییە نەتەوەیی و
ئاینییەکان وەک ئێزیدییەکان، شیعەکانی عێراق و تەنانەت بەرانبەر بەو
موسوڵمانە سوننیەکان ئەنجام داوە کە حازر نەبوونە تۆبە بکەن و بەیعەت
لەگەڵ خەلافەتی ئیسلامیی، توندڕۆترین خوێندنەوەی ئیسلام، بکەن. ڕۆژی
چوارشەممە، داعش ١٠ کەسی لە سووریا سەر بڕی کە بە گوێرەی ڕێکخراوی
چاودێری مافی مرۆڤی سووریا، ٣ کەسیان ژنەشەڕڤانی کورد بوون.
بە پێ ڕاپۆرتێکی بەشی چاودێری سووریای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە
یەکگرتووەکان، داعش بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام دەستی بە
ژینۆسایدکردنی باوەڕمەندانی کەمینە ئاینییەکانی عێڕاق، لەناوبردنی
بارەگا پیرۆزەکانی کەمینە ئاینییەکان، دەستدرێژی سێکسی بۆسەر نەیارانی
بیرۆکەکەی و کەمایەتییەکان، چەتەگەری، تاڵانکردنی شارەکان، لەناوبردنی
ئاسەواری کولتووری و مێژووییەکانی گەلانی عێڕاق و هتد کردووە. هەڵمەتێک
کە شەڕ و وێرانی ئەو ناوچانەی بە دواوەوەیە.
ڕێژەی زیان لێکەوتووانی یەک ساڵی دوایی ئەم شەڕە بەو چەشنەیە:
٨٥٠٠ سڤیل کوژراون.
١٥٧٠٠ بریندار.
تەنیا لە نێوان مانگی ژووئەن تا ٣١ی سێپتامبردا، کە هەڵمەتی سەربازیی
داعش دەستیپێکرد، زیاتر لە ١١ هەزار کەس کوژراون و لە ئاکامی گوڕگرتنی
شەڕ، تەنیا لە مانگی ئەگۆستدا، ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس ئاوارە بووە.
لەم ڕۆژانەدا ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان،
ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە تاوانە دژەمرۆڤەکانی داعش بڵاوکردەوە کە تێیدا
ئاماژە بە کۆیلەکردنی ژنان و کچان، ژینۆساید، تیرباران، ڕووخاندنی
بارگە پیرۆزەکان، دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان و کچان و ژنان و ... ،
خەتەنەی زۆرەملێ کچان و ژنان و منداڵان و پیاوان، بێبەریکردنی خەڵک لە
ئازادی و مافی مرۆیی خۆیان و هەروەها ڕووخاندنی هەموو بایەخە
کۆمەڵایەتی – فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگای کردووە.
هێرشی تاڵانکەر و چەتەگەرانەی داعش بۆسەر کەمینە ئایینیەکان لە شاری
مووسڵ کە لە ڕێکەوتی ١٧ی جوولایەوە دەستیپێکردەوە، شەڕ و نەمان و
ژینۆسایدێکی بەرفراوانی بەشوێنەوە بووە. بۆ نموونە لە مووسڵ ماڵ و
کاشانەی شیعەکانیان، کە ناوی “ڕافزی”یان لەسەر ناون، خاپوور کران. چەند
ڕۆژ دوای ئەم کارەساتە مرۆییە، داعشییەکان داوایان لە خەڵکی مەسیحی ئەو
ناوچانە کرد کە یان جەزیە بدەن یان دەکوژرێن و تاڵان دەکرێن.
چەکدارەکانی داعش نە تەنیا کوردەکان، بەڵکوو سوپای عێڕاقیشان گرتە بەر
هێرشە دوژمنکارانەکەی خۆیان. بۆ نموونە لە ئاکامی هێرشێکدا بۆسەر بنکەی
سەربازی پێشووی ئەمریکاییەکان بە ناوی سپایکەر، کە لە شاری سەلاحەدینە،
زیاتر لە ١٥٠٠ سەربازی سوپای عێڕاقیان بە شێوەیەکی هۆڤانە تیرباران و
کۆمەڵکوژ کرد. ئێعدامی بەکۆمەڵ تەنیا لە سەلاحەدین نەبوون بەڵکوو لە
شارەکانی دیالە، کەرکووک و نەینەواش دووپات بوونەوە. لە ڕێکەوتی ٦ی
جولای، ڕاپۆرتی تیربارانکرانی
داوە و هەروەها لە ڕێکەوتی ٠٢ ی جوولای ڕاپۆرتی تیرباران کردنی
سەربازانی بەدیلگیراوی عێڕاقی پاش شەڕێک لە باشووری تکریتی سەلاحەدین
بڵاوکرایەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەشی چاوەدێری عێڕاقی کۆمیتەی مافی
مرۆڤی یوئێن، هەژماریک لە ئەفسەرانی عێڕاقیش لە لایەن داعشەوە سەرەتا
تۆبەیان پێکرا و پاشان تیرباران کران.
ڕاپۆرتەکەی یوئێن، مرۆڤی باشی کەم تێدایە. پێشێلکاریی هۆڤانە و
بەرفراوانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنانەت لە لایەن سوپای
عێڕاق و هێزی هاوپەیمانانیش ڕووی داوە. چەندین هێرشی ئاسمانی لە لایەن
سوپای عێڕاق ئەنجام دراوە کە تێیدا هەژمارێکی زۆر لە خەڵکی سڤیل
بوونەتە قوربانی و ژێرخانی هەرێمەکە بۆمبارانکراوەکانیش وێران کراوە.
هەر بە پێ فەرمانی سەرۆک کۆماری نوێی عێڕاق، “حەیدەر ئەلعیبادی”، لە
ڕیکەوتی ١٣ی سێپتامبردا، چەندجار هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر مۆڵگە
تیرۆریستیەکانی داعش بەڵام زۆربەی قوربانیان خەڵکی ئاسایی بوون کە بە
هەڵە هێرش کرابوویە سەریان. بۆ نموونە لە ئاکامی هێرشێکدا بۆ سەر
ناوچەیەکی نزیک کەرکووک، سوپای عێڕاق بە هەڵە ١٧ کەسی سڤیلی لە
بۆمبارانێکدا لە ١٤ی مانگی ئەگۆستدا کوشت کە لە ناویاندا، دوو ژن و
حەوت منداڵ دەبینران. هەروەها لە حەویجەشدا ١٥ کەسیان بە هەڵە کوشت.
چوار ژن و هەشت مناڵ بوون. لە پارێزگای دیالەدا چەکدارە شێعە
توندڕەوەکانی لایەنگری حکوومەت، کە بە پشتیوانیەکانی ئێرانەوە شەڕ
دەکەن، چەند تیرۆریستی داعشیان بەجۆرێکی هۆڤانە و دژە مرۆڤانە کوشت و
هەروەها چەند مزگەوتی سوننەکانیشیان تەقاندەوە. ئەو گرووپانە، ڕۆژی ٣١ی
جولای، ١٥ پیاویان بە تۆمەتی ئەندامەتی داعش بەدیل گرت و پاشان
کوشتیانن و لەسەر تیرەکانی کارەبا لە شاری بەعقووبە هەڵیانواسین. لەم
نێوەدا، سوپای عێڕاقیش پشتیوانی لە چەند گرووپ لە میلیشیا شیعەکان
کردووە. میلیشیاگەلێک کە بە دە چەندین حاڵەتی توندوتیژی نیشاندانی
هۆڤانە بەرانبەر بە دژبەرانیانەوە گلاون. بۆ وێنە زانراوە کە پۆلێک
میلیشیای یارمەتیدراو لە لایەن حکوومەتی عێڕاقەوە، لە گوندی ئەلعۆجەی
سەلاحەدین، کاربەدەستێکی سەردەمی سەددام حوسێن و دوو کوڕەکەیان بە
شێوەیەکی دڕندانە کوشتووە.
کۆڵووم لینچ - فارێن پاڵسی
لە ئینگلیزییەوە: مێهرداد ڕەحیمیان
وێنە: بولەنت کلیج - ئەی ئێف پی
|