په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کارین هۆرناى: دەروونشیکاری لەدیدى ژنەوە.


ئا: کەژاڵ عەلا


کارین هۆرناى (16 /3/ 1885 -4/12/ 1952 ) لە ئەڵمانیا لەدایکبووەو‌‌ هەرلەوێش خوێندنى تەواو کردوە. لەساڵى 1906 بڕوانامەى لە بوارى دەروونناسى پزیشکى بەدەست هێناوە. دایکى ژنێکى ڕۆشنبیرو‌‌ زیرەک بووە و ‌‌ باوکى کەشتیوان و ‌‌ پیاوێکى مەزهەبى و ‌‌ بەدڕەفتار و ‌‌ سەختگیر بوو. دایکى کارین بەدەست بەدڕەفتارى مێردەکەیەوە دەیناڵاند، بەشێوەیەکى وا بێزار ببوو لەدەستى چەندین جار لاى کارین وتبووی زۆرجار ئارەزووى مەرگى مێردەکەى دەکات. سەردەمى منداڵى کارین پڕِبوو لە نەهامەتى، دایکى زیاتر گرنگى دەدا بەکوڕەکەى تا کارین هەربۆیە زۆر جار ئەو (ئیرەیى بە براکەى دەبرد). باوکى سەرەڕاى ئەوەش کە هیچ بایەخێکى بەکچەکەى نەدەدا، بووەمایەى ئەوەى قین و ‌‌ بێنرخى و ‌‌ دوژمنایەتى لەناخى کاریندا بچێنێت. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەى خانەوادەکەى وایکرد هەرلەسەرەتاى ژیانیدا دووچارى خەمۆکى بکات و ‌‌ تا کوتایى تەمەنى کاریگەرى هەبێت لەسەرى.

کارین لەتەمەنى 14 ساڵیەوە چەند جارێک عیشقى ئەزموونکرد، چونکە ئەو دەیویست بەوجۆرە بۆشایەکانى ژیانى خۆى واتە نەبوونى (خۆشەویستى) پڕبکاتەوە. کارین بەبێخواستى باوکى چووە زانکۆ، هەر لەزانکۆ شووى کرد بە هاورێیەکى کە خوێنکارى بەشى ماف بوو بەناوى ئۆسکار هۆرناى. پاشان لەساڵى 1926دا لە هاوسەرەکەى جیابوویەوە و ‌‌ لەگەلڕ سآ کچەکەیدا کۆچى کرد بۆئەمەریکا و ‌‌ لەوێ بوو بە مامۆستاى زانکۆ لە بوارى دەروونناسى دا. کارین لەئەمەریکا لەگەلڕ کۆمەڵێک زاناى دەروونناسى لێهاتوو ئاشنابوو، هەرلەوێ بوو تیۆریەکانى خۆى دەربارەى دەرونناسى ئاشکراکرد. ئەو تێوریەى کە کارین دەربارەى (پەشێوى دەروونى) خستیەڕوو هەتاکو ئێستاش کاریپێدەکرێت. جگەلەمانەش بە هاوکارى ژمارەیەک لە هاوکاران و ‌‌ خوێندکارانى خۆى لەنیۆرک ڕێکخراوێکیان دامەزراند بە ناوى( ڕێکخراوى دەرونشیکارى هۆرناى)، کەتاکوهەنووکەش ئەم ڕێکخراوە ماوە و ‌‌ لەلایەن خوێنکارەکانى ئەوەوە بەڕێوە دەچێت.

کارین هۆرناى هەرچەندە پەیڕەوى لە تیۆرى فرۆید کردوە، بەڵام دەربارەى دەرونناسى ژنان ناڕەزایى خۆى دەربڕیوە و ‌‌ بۆچونەکانى ئەوى بە شتێکى نادروست و ‌‌ سوکایەتى کردن بەرامبەر بە ژن زانیوە. کارین چەندین وتارى دەربارەى مەسەلەى کەسایەتى ژنان نووسیوە. هەروەها کارین دەڵێت:( پیاوان بەهۆى ئەوەى کە ناتوانن کەسێکى تر بەدنیا بێنن هەست بە کەم و ‌‌کوڕى خۆیان دەکەن، هەربۆیە هەموو هێز و ‌‌ تواناکانى خۆیان خستۆتە گەڕ لە داهێنان و ‌‌ خوڵقاندن و ‌‌ بوارە جیاجیاکاندا، بۆئەوەى کەم و ‌‌کوڕیەکانى خۆیانى پێ دابپۆشن).


هەروەها کارین کتێبى:(غەریزەى سێکسى) فرۆیدى ڕەتکردۆتەوە. چونکە کارین بەپێچەوانەى ئەوەوەبوو. فرۆید پێى وایە هۆکارى سەرەکى نەخۆشیە دەروونیەکان دەگەڕێَتەوە بۆ نەمانى توانای غەریزى و ‌‌ لەهەمووى گرنگتر غەریزە سێکسیەکان. بەڵام کارین لەوبڕوایەدایە کە هۆکارى نەخۆشیە دەروونیەکان لەتاکدا بەهۆى ئەو نائارامیانەوەیە کەلەخەڵکیدا ڕەنگ دەداتەوە، لەمنداڵیشدا خۆى دەنوێنێت.

کارین هۆرناى دەورێکى کاریگەرى هەبووە لە مرۆڤناسى و ‌‌ خودى_دەروونناسى و ‌‌ خۆسازاندن و ‌‌ سایکۆلۆجیاى ژناندا. ناڕەزایى کارین بەرامبەر بە تیۆریەکانى فرۆید دەربارەى سایکۆلۆجیاى ژنان بەجۆرێک ڕەنگى دایەوە، بوویەمایەى وروژاندنى ئەم مەسەلەیە و ‌‌ بەشێوەیەکى وا کە زیاتر باسى لەسەربکرێت و ‌‌ لەبەرچاو بگیرێ. کارین لەو باوەڕەدابوو کەخەڵک دەتوانن بەشێوەیەکى باش کاریگەربن بۆباشترکردنى بارى ناهەموارى دەروونى خۆیان. هەروەها ئەو پێیوابوو هەر کەسێک دەتوانێت ڕۆڵى کەسایەتى خۆى بنوێنێت و ‌‌ هاندەر و ‌‌ هاوکارى خۆى بێت، واتامرۆڤ دەتوانێت (دەرونشیکارى خودی خۆی بێت).

بەناوبانگترین کتێبى کارین هۆرناى بریتیە لە:( دەرونشیکارى خود ) کەلەساڵى 1942دا بڵاوکرایەوە. جگەلەمەش چەندین بەرهەمى ترى هەیە وەک:( هەندێک ڕێگەى نوێ لەدەروونشیکاریدا- 1939)، (ململانێکانى ناوەوەمان-1945)، (دەروونناسى مێینە)، (کەسایەتیی تووڕەى سەردەمى ئێمە). لە کتێبی کەسایەتی تووڕەى سەردەمى ئێمەدا، نووسەر دەڵێت: (نائارامى، بنچینەى درووستبوونى تووڕەیى پێکدەهێنێت. لەنموونەى: ئینکارى و ‌‌ دوژمنایەتى، هەست کردن بە قین و ‌‌ بێنرخى، هەست کردن بەبێچارەیى، هەست بەبێدەستەڵاتى و ‌‌ بێتوانایى کردن، هەستى بێ پەنایى، هەست بەبێ پشتگیرىکردن، تەنیایى و ‌‌ بێکەسى لەجیهانێکدا کە هەموو مرۆڤەکانى لەبەرامبەر بەیەکتردا، حەز بەئازاردانى یەکترى، کینەبەرایەتى، بیان و، فڕوفێلڕ لەیەکتر کردن، نیەتى خراپەکارى دەکەن.

جگەلەمانەش کارین دەڵێت: ترس و ‌‌ نائارامى لەڕادەبەدەر، هەست بەبێتوانایى و ‌‌ بێزارى، هەست بە حەقد و ‌‌ بێبایەخى، هەست بەترس لە شکست و ‌‌ دووژمنایەتى پێکردن، خۆدوورخستنەوە و ‌‌ دابڕان لە خەڵکى، بێباوەڕى بەخود و ‌‌ کەسانى تر...هتد. ئەمانە هەموو ئەوشتانەن کەلەکەسى توڕەدا دەبینرێت.


کارین لە 4/12/ 1952 لە ئەمەریکا کۆچى دوایى کردوە.


سەرچاوەکان: سایتى
http://33pol.files.wordpress.com
http://newmind.mihanblog.com