کاتێک ''ئیًَنگلا''ی
تەمەن 10
ساڵان کوژرا، هەموو ووڵات پرسەی بۆ دانا..!!

شێرزاد فاتیح
*
لە
ڕۆژی 7 ئەپریلی 2008 و تا ئەم ساتە وەختە واتە تا شەوی 15 ئەپریل،
هەموو میدیای سوید سەرقاڵی کارەساتی تاوانی کوشتنی "ئیًَنگلا"ن، ئەو
مناڵە ناسکۆڵە تەمەن 10 ساڵانەی کە لە گوندەکەی خۆیان و بەدەستی
تاوانبارێک کۆتایی بەژیانی هات و لاشەی ناسکی لە نزیک ئاوێک لە ناوچەی
"داڵەنە" لە ژێر گل نرا. سەرەداوی ئەم تاوانە لە لایەن ڕێبوارێکەوە
دۆزرایەوە کە کامێرایەکی فۆتۆکرافی تازەیان کڕیبوو هەرچییان دەبینی
وێنەیان دەگرت، یەک لەو وێنانەی کە گرتبویان وێنەی "ئیًَنگلا" بوو کە
بەسواری پاسکیل پیاسەی دەکرد، تەنها یەک خولەک و چەند چرکەیەک دوای
ئەوەش وێنەی ئۆتۆمۆبێلێکی سابی سوریان گرتبوو، دوای ئەوەی کە لە
گوندەکەدا هەواڵی دیار نەمانی "ئیًَنگلا" بڵاو بوویەوە، ئەم
وێنەگرتنانەی ئەو خێزانەی کە تازە کامێراکەیان کڕیبوو بووە هۆی
دۆزینەوەی تاوانبارەکە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە بۆ دۆزینەوەی خاوەنی
ئەسڵی هەموو ئۆتۆمۆبیلێک، هەموو کەسێکی عادی دەتوانێ لەچەند چرکەیەکدا
بەیەک SMS بیکات بە ناردی سێ پیت و سێ ژمارەی ئۆتۆمۆبیلەکە بۆ ژمارەی
71454 .
چۆنێتی ڕووداوەەکەو چەند ڕاستییەک:
"ئیًَنگلا هوێگلوند" Engla Höglund مناڵێکی تەمەن 10 ساڵانی دانیشتوی
گوندی خوانسوند Stjärnsund ی ناوچەی "داڵەنە"ی باکوری ڕۆژئاوای سوید
بوو، ڕۆژی 7 ئەپریل "ئیًَنگلا" بە سواری پاسکیل لە ماڵ دەچێتەدەرو ئیتر
دیار نامێنێت، هەر لەو کاتەدا لەلایەن ڕێبوارێکەوە وێنەیەکی "ئیًَنگلا"
بە سواری پاسکیلەکەیەوە دەگیرێت، هەواڵی ووتبونی "ئیًَنگلا" دەگاتە
خەڵکی دێ و پۆلیس و میدیاکان، نزیکی 75 کەس لە
خەڵکی
خۆبەخشی ناوچەکەو زیاتر لە 20 پۆلیس و سەگی پۆلیسی مەشقپێکراو لەو
ڕۆژەوە وێڵی دۆزینەوەی "ئیًَنگلا" ن هەرچی باخ و دارستانی چڕی ئەو
ناوچەیە هەیە تەی ئەکەن و بەدوای ئەودا دەگەڕێن بەڵام بێفایدە دەبێت،
دواتر دەگەڕێنەوە بۆ سەر وێنەکان و خاوەنی ئۆتۆمەبێلە سابە سورەکە
دەسگیر دەکەن وەک تۆمەتبار، کە خۆی پیشەی سەرەکی شۆفێری ئۆتۆمۆبێلی
بارهەڵگرەو لە دوای دیار نەمانی "ئیًَنگلا" و پاش یەک دەقیقە لەوێ
بینراوە، بەڵام تەلەفۆنەکەی پێ بوو وە جەرەسی لێدەدا و هیچ ئاسەوارێکی
خۆی دیار نەبوو، پارسکیلەکەی دۆزرایەوە. ئەم کابرایە ناوی Anders
Eklund و هەر لەیەکەم ساتەوە ئینکاری لەوە دەکات کە پەیوەندی بە
وونبوونی "ئیًَنگلا"وە هەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پێشتریش وەک گومان
لێکراو ناوی لای پۆلیس دەبێت، بۆیە ئازاد ناکرێت و لە لێکۆڵێنەوەدا
ڕادەگیرێت، پاش نزیک بە 10 ڕۆژ تەحقیق و پشکنین و هێنان و بردن و
شیکاری DNA دەردەکەوێت کە ئەندێش بکوژی "ئیًَنگلا" یە، نەک هەر ئەوە
بەڵکو باس لەوە دەکات و ئیعتراف دەکات کە چەندین تاوانی تریشی ئەنجام
داوە.
پۆلیسی سوید و لێکۆڵینەوەو بەدوادا چوون لە
ڕووداوەکان:
سەرباری ئەوەی پۆلیس سویدی باشترین و نوێترین کەل و پەل و ئامێری
پکشنینی تاوانیان لەبەردەستدایە بۆ دۆزینەوەی تاونباران لە کاتی
ڕوودانی هەر تاوانێکدا، وە سەرباری ئەوەی کە زۆر جار دەم و دەست و دوای
10 تا 20 دەقیقە لە ئاگادار کردنەوەیان دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە، یەکێک
لە هۆکارەکانی وونبوونی تاوانباران و ڕوودانی تاوانی گەورەتریش ئەوەیە
کە زۆرجار پۆلیس کێشەکە بەجدی وەرناگرێت، من ئێستا یەک دوونموونەی زۆر
زیندوم لەبەر دەستە و لێرەدا پێم خۆشە ئەمەی کە پۆلیس دەیکات من ناوی
دەنێم "گەمژەیی" ئەم گەمژەییەی پۆلیس دەیکات بخەمەڕوو. یەکەم ڕووداو
ئەو ڕۆژە بوو کە من تەنها چەند کاتژمێر بوو گەیشتبوومە سوید لە مانگی
یەنایری ساڵی 2002، کاتێک کە هەرچی میدیای سوید هەیە سەرقاڵی بڵاو
کردنەوەی هەواڵی کوشتنی" فادیمە شانیدال" بوون، کچە کوردی خەڵکی تورکیا
و دانیشتوی شاری ئۆپسالا بەدەستی باوک و برای، فادیمە دەیان جار پۆلیسی
ئاگادار کردبوو کە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە وە داوای لێکردبوون کە ئەو
دەکوژرێت و بیپارێزن، کەچی پۆلیسی سویدی هیچ گۆیان بەو هەموو
ئاگادرکردنەوەیەی فادیمە نەدا هەتا بەدەستی باوکی کوژرا، پاساوی پۆلیس
ئەم تاوانەی وەک نسبیەتی فەرهەنگی چاو لێکردوو بۆ سڕینەوەی تاوانباری
خۆیان ئەم بیانووەیان هێنایەوە، کە زۆر بە باشی دەکرا بەر بە کوشتنی
بگیرێت و ڕزگار بکرێت. نموویەکی تر لە گەمژەیی پۆلیس ئەوەبوو کە کاتێک
ئەندێش لە ساڵی 2006 دا لە شاری ساندڤیکن Sandviken دەیەوێت دەستدرێژی
سێکسی بکاتە سەر کچێکی گەنج بە ناوی مالین نۆرلینگ Malin Norling لە
ئاهەنگێکدا دەبێت و مالین لە نێوان خەووبەخەبەریدا دەبێت، لە دەستی
ڕادەکات و تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکات، کەچی پۆلیس کەمترین هەڵویست
وەردەگرن و هیچ بەپرسیارێتییەکی ئەوتۆ لە خۆ نیشان نادەن، وە ئەمڕۆ
دوای کەشف بوونی تاوانەکانی ئەندێش، مالین دووبارە هاتۆتەوە سەر چۆنێتی
باسکردنی ڕووداوەکەو ڕەخنە لە پۆلیس دەگرێت کە هیچ گۆێیان لێنەگرتووەو
لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەدێش نەکردووە .
نموونەیەکی تریش هەر لەم بارەوە ئەوەیە کە لە ساڵی 2000 دا و لە شاری
فالون Falun ژنێکی تەمەن 31 ساڵان کە دەچێت بۆ سەردانی مناڵەکانی لەو
شارە دەگوژرێت و دیار نامێنێت و بگوژەکەشی وون دەبێت، خەلکش شک دەکەن
کە ئەندێش بەم کارە هەستاوە، بەڵام پۆلیس گوێیان لێناگرن، بۆیە هەتا
وەکو دوا ساتی کوشتن و لە چاڵ نانی "ئیًَنگلا". شایانی وتنە هەر لەو
کاتەشدا پۆلیسی ناوچەی "داڵەنە" واتا ئەو ناوچەیەی کە تاوانەکەی تێدا
ئەنجام دراوە، داوا لە پۆلیسی Gävleborg واتە ناوچەی "یاڤلە" کە
هاوسنورە لە گەڵ ناوچەی "داڵەنە" دەکەن کە پشکنینی DNA بۆ ئەندێش بکەن
بۆ ئەوەی کە دڵنیابن لەوەی کە بزانن ئەندێش لە پشتی ئەم تاوانەوەیە یان
نا، بەڵام ئەوان چەندین بیانوو دێننەوەو ئەم کارە ناکەن، بۆیە تا ساتی
کەشف بوونی تاوانی کوشتنی "ئیًَنگلا" تاوانبارەکە وون دەبێت و هەر خۆشی
واتە ئەندێش پێ لە تاوانەکەی خۆی دەنێت و بۆ پۆلیس باسی دەکات، ماڵی
ئەو هاوڵاتییە ئاوابێ کە وێنەی ئێنگلاو ئۆتۆمۆبیلکەی گرت دەنا ئەم
تاوانەش وەک تاوانەکانی تری ئەندێش بە شاراوەیی دەمایەوە.
ئێستا پۆلیس ڕووبەڕووی پرسیارو ڕەخنەی زۆر بوونەوتەوە بەوەی کە ئیهمالی
و گەمژەییان کردووە، دەنا دەکرا بەربە کارەساتی کوشتنی "ئیًَنگلا"
بگیرایە، ئەگەر پۆلیس دوای کوشتنی کەسی یەکەم و دوای هەوڵی ئیغتێابی
کەسی دووەم لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەندێش بکردایەو دەستگیری بکردایە.
لێرەدا پێم گرنگە هەر لە بارەوە باسی چەند شتێکی تر بکەم و بخەمە ڕوو
کە من بەچاوی خۆم دیتم و لە نێو ڕووداوەکە بووم و شکاتی پۆلیسم کرد،
بەڵام
پۆلیس هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، ساڵی 2004 بۆ یەکەم جار پاسکیلێکم کڕی پاش
ماوەیەکی کورت باسکیلەکەم دزرا، بەهۆی چەندین کەسی تازە لاوی
گەڕەکەکەمانەوە توانیم ئەو جێگایەی کە دزەکەی لێیە پەیدا بکەم،
ڕۆژێکیان دزەکەم گرت بەسەر پاسکیلەکەوەو تەلەفۆنم بۆ پۆلیس کرد"تۆ
پۆلیس نیت بۆت نییە خەڵک بگری، بۆت هەیە تەنها ئێمە ئاگادار بکەیت
بەرەڵای بکە، تەنها پۆلیسیش بۆی هەیە پاسکیلەکەتی لێبەسەنێنتەوە" ئەمە
وەڵامی پۆلیس بوو، منیش ووتم "لەم ووڵاتە ڕۆژانە دەیان دزی و تاوان
ڕوودەدەن، پێتان وانییە ئەم دزە سەرداوێک بێت بۆ دۆزینەوەی تاوانی تر؟
" پۆلیسەکە ووتی "ئەگەر پاسکیلەکەی خۆتت دەستکەوتەوە ئیتر دزەکە
بەرڵاکە و بۆت نییە هیچی پێ بڵێی"بەڵام زانیم کە ئیتر بێفایدەیە و
پۆلیس نایەت، بۆیە منیش پاسکیلەکەم برد و ڕۆشتم. بەهۆی کارکردنم لە "سەنتەری
بەرگری لە مافەکانی منداڵان" دا لە ساڵی 2006 دا تەلەفۆنێکم بۆ کرا کە
کچێکی تەمەن 30 ساڵان هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و پۆیستی بەهاوکاری ئێمە
هەیە، ئەم کچە بەهۆی کۆت و بەند و کێشەی داب و نەرێتی کۆنەپەرستانەوە
کە زۆر جار لە لایەن خێزانی پەنابەرەوە بەسەر منداڵاندا وە بە تایبەتیش
لاوانی کچدا دەسەپێنرێت لەو شارەی کە ماڵی باوکی لێبوون گواستبوویەوە
بۆ شارێکی تر، ئەوەبوو منیش تەلۆفۆنم بۆ کردوو ووتم وەرە بۆ بنکەی
پۆلیش منیش لەوێ دەبم بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری پۆلیس کێشەکە
چارەسەر بکەین، سێ ڕۆژ بەسەر یەکەوە لەگەڵ ئەو کچەدا ئێمە چووینە پۆلیس
ئێستاش لێکۆڵینەوەکەیان ئەنجام نەدا لە کێشەکە، پاشان تەلەفۆنم بۆ ئەو
ڕێکخراوانە کرد کە خانەی ئەمنی شاراوەیان هەیە بۆ ئەو ژنانەی کە
هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە ئەوانیش وەریان نەگرت، بەڵام من ئەوەندە
هەواڵم هەیە کە ئێستا لای ماڵێکی سویدییەو لەگەڵ ئەواندا دەژی،
وەچەندین نممونەی تریشم لەبەردەستە لە گۆێنەدان و ئیهمالی پۆلیسی سویدی،
کە هەر ئەم گوێنەدان و کەمتەرخەمییە دەبێتە هۆی ڕوودانی کارەسات و
تاوان.
ئەندێش
بە ڕواڵەت چۆن خۆی دەنواند"کورد ووتەنی گورگ و لە پێستی مەڕدا!"
ئەندێش تەمەن 42 ساڵ، خاوەنی پەیوەندییەکی دۆستانە بوو لە ناوچەی
Torsåker (ئەو شارۆچکەچکۆلەیە یان لادێیەی کە ئەندێشی لێدەژیا) و
دەوروبەری، ئەو کابرایەکی ڕووخۆش و گاڵتەچی و قسەخۆش بوو، ئەمە لە دەمی
برادەرەکانییەوە باس دەکرێت، لە هەمان کات یەکێک لە براکانی دەڵێ من
تووشی شۆک بووم کاتێک بیستم ئەو کابرا تەمەن 42 ساڵەی کە پۆلیس
دەستگیری کردووەو تۆمەتبارە بە کوشتنی ئینگلا، ئەوە ئەندێشی برامە،
چوونکە ئەو ئەوندە میهرەبان و مرۆڤدۆست بوو، هیچ کات بیرم بۆ ئەوە
نەدەچوو کە ئەو کاری لە جۆرە ئەنجام بدات، وە هەموو خێزانی ئەندێش
تووشی سەرسوڕمان و بوون.
ئەگەر "ئیًَنگلا" لە کوردستان بکوژرایە پۆلیس و دەسەڵات چییان دەکردو
چەندە گرنگیان پێدەدا؟:
ساڵی پار و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوی ساڵی 2008 دا لە کوردستان (هەولێرو
سلێمانی و کەرکوک) دەیان منداڵی ژێر تەمەنی 18 ساڵ کوژران،
نموونەکانیان زۆرن بەڵام ئەتوانین هەر وا بە سەرپێییەوە ناوی چەندیان
بهێننین، ڤینوس فایەق، ڕەیان ئاراس، ڕەیان عەلی، باخان کەمال، هاوژین
یاسین، لەرێ مەریوان، دوعا ، لاڤە جەمال، قەهار و ژیلا و دەیانی تر
.... هتد . شێوازو چۆنێتی کوشتنی ئەم مناڵانەو بڵاو بوونەوەی دەنگ و
باسی کوشتنەکە، لە تەلەفیزۆن، بڵاو کراوەی جیاجیا، ڕادیۆ، وە
لێکۆڵینەوەی جدی لە لایەن پۆلیسەوەو شوێن کەوتنی ئەم تاوانانەوە و
دۆزینەوەی تاوانباران و سزا دانیان لە کوردستان و لە لایەن حکومەتی
هەرێمی کوردستانەوە چۆن مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئەمە جێگەی باس و سەرنجی
قوڵی منە. دیارە ڕووداوەکان بە شێوازی جیاجیا بوون، جگە لە کارەساتی
کوشتنی لەرێ مەریوان، کە پۆلیس و ئاسایش کاری جدیان بۆ کرد بۆ
دۆزینەوەی بکوژەکە، وە پێویستە ئاماژە بەوە بەم کە هەموو کارێکی باش
مایەی پشتیوانی و دەست خۆشییەو پێویستە مرۆڤ ناوی بهێنێ و بیڵێ کە
باشەو پێچەوانەکەشی دروستە، جگە لەم تاوانە، ئەتوانم بڵێم هەموو ئەو
تاوانانەی تر یان هەر باسی لێوە نەکراوە یان ئەوەتا تەنها وەک بە
یاننامەو ڕووداوێکی زۆر لاوەکی باسی لێوە کراوە، جێگەی باسە کە ئێمە
وەک"سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان" لەسەر سزادان و کوشتنی هەموو
ئەومنداڵانەی کە هەواڵەکەی بەدەستمان گەیشتووە، چ بەیاننامەو ڕاگەیاندن،
چ بە یادی ڕێز گرتن و ماتەمینی، بەسەرکردنەوەی کەس و کاری قوربانییەکەو
نیشاندانی هاودڵی و هاوکاری هەتا خۆپیشاندانمان لە دژی ئەم تاوانانەمان
ئەنجام داوە ئەوەندەی پێمان کرابێت لە ئاستی هیچ تاوانێکدا کە
لەبرامبەر بە منداڵان ئەنجامدرا بێت بێدەنگ نەبووین. بەڵام لەسەر هەموو
ئەو تاوانانە بەگشتی حکومەت و پۆلیس بێدەنگە، میدیاکانیان بێدەنگەو
چاوی خۆیان و کامێراکانی ئەوان ئەو کارەساتانە نابینێ و فۆکوسیان
ناچێتەسەری، من لێرەدا تەنها یەک نممونەی زۆر زیندوو دێنمەوەو ناچمە
سەر دەیان نموونەی تر، هاوینی ساڵی پار کاتێک کە ڕەیان عەلی لە مەخمور
بە ڕۆژی نیوەڕۆ کوژراو تەرمەکەی بە لەتوپەت کراوی لە گوێنێیەکدا لە
گۆڕستانی مەخمور دۆزرایەوە، لە بری ئەوەی کە حکومەت( ئاسایش و پۆلیس و
دامودەزگای پارێزگاری لە ئەمنییەت و سەڵامەتی خەڵک)، بچن بە هانای کەس
و کاری ڕەیانی تەمەن 8 ساڵانەوەو تیرۆریستەکە بدۆزنەوە، نەک هەر
ئەمەیان نەکرد، بەڵکو لەسەر ڕێنوێنی و بە ئاگاداری ئێمە کاتێک کە چوون
لە مەحکەمەی مەخمور دەعوایان قەید کرد، بە ئسلوبێکی زۆر ناشرین و وەک
تیرۆریست چاویان لێکردبوون و هاوکاریی ئەوتۆیان نەکردن، ئەمە ئەو قسانە
بوون کە گەلاوێژی دایکی ڕەیان لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا و بە گەرویەکی
نووساوو پڕ لە گریانەوە بەمنی ڕاگەیاند، هەموو تاوانی ئەم خێزانەش
ئەوەبوو کە مەزەندە دەکرا، ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەی کە شەوی پیًَشوو
لەماڵی عەلی نووستبوون ئەوان دەستیان هەبووبێ لەو کارە تیرۆریستییەدا،
بەڵام تەنها و تەنها تۆمەتبار کردنی باوکی ڕەیان بەوەی ئەشێ داڵدەی
تیرۆریستانی دابێ، ئەم ئەگەرەو ئەشێیە بە قیمەتی لەت و پەت کردنی
جەستەی ناسکی ڕەیان و شاربەدەر کردنی خێزانکەی و گواستنەوەیان بۆ
هەولێرو، زڕاندنی سومعەت و کەرامەتیان و ناو دەرکردنیان وەک تیرۆریست
تەواو بوو بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت، وە زیندانی کردنی عەلی بۆ
ماوەی زیاتر لە 8 مانگ بێ ئەوەی کە هیچی لەسەر ساغ بووبێتەوە، کە عەلی
باوکی ڕەیان کابرایەکی بەنزین فرۆش بوو، وە هەموو خێزانەکەی چاوەڕوانی
ئەوەبوون عەلی لەگەڵ خۆی چی دەهێنێتەوە تابیخیۆن و هیچ دەرامەتیێکی
تریان نەبوو، وە ئەوە بوو لەو کاتەدا سەنتەری منداڵان بە هاوکاری
چەندین خەڵکی ئازادی خواز هاوکاری خێزانی ڕەیانی کردوو کۆمەکی مالی
بۆیان کۆ کردەوەو لە لایەن بەڕێزان (ئازاد ئەحمەد و بەشدار عەلی) ەوە
کۆمەکەکە گەیەندرایە دەستی مالی ڕەیان و سەردانیان کردن و بەسەریان
کردنەوە. تا ئەو جێگایەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەگەڕێتەوە جگە
لە سوک سەیر کردن و هاوکاری نەکردنیان، هیچ ئاوڕێک لە ماڵی عەلی و
کوشتنی ڕەیان نەدرایەوە و حکومەت نەک هەر بەدوای بکوژانی ڕەیان نەکەوتن
بەڵکو مێش میوانی نەبوو!
ماوەتەوە بڵێم کە، ئەرکی هەموو ئینسانێکی مرۆڤ دۆست و ئازادی خوازە لە
هەر جێگایەک بێت، لەسەر ئەزیەت و ئازاردانی منداڵان، سوکایەتی پێکردن
یان کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەریان بێدەنگ نەبن، دام و دەزگای
ڕاگەیاندنی جیا جیا و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافەکانی منداڵان و
کەسایەتییەکانی لێئاگادار بکەنەوە، تا بە هەموومان ڕێگری بکەین لە
کوشتن و دەستدرێژی کردنەسەر منداڵان و بەر بەوتاوانانە بگرین کە
لەبەرامبەر منداڵانی بێتاواندا ئەنجام دەدرێن. لێرەشەوەیە کەدەتوانین
فشار بێنین بۆ دەسەڵاتداران کە ئەزیەت و ئازاردانی منداڵان و دەستدرێژی
کردنەسەریان وەک تاوان چاو لێبکات و پێویستە ئەنجامدەرانی سزای قورس
بدرێن، تا چیتر کوشتن و سزادانی مندڵان بۆ هیچ کەس ئاسان نەبێت.
مۆمێک و چەپکەگوڵێک بۆ سەر ئارامگای Engla Höglund، لە ناخی دڵمانەوە
هاوخەمی وسەرخۆشی خۆمان بە کەس و کارو هاوپۆلەکانی ئینگلا ڕادەگەینین و
هیوا دەخوازین دوا خەمی خۆیان و خێزانی Höglund بێت.
*
شێرزاد فاتیح :
بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان.
www.santarimnalan.com
|