په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

کاتى ئەوە هاتووە کە داوا لە سەرۆکی هەرێم بکرى دەست لە کار بکێشێتەوە..!


عوسمان حاجی مارف


کارەساتی تیرۆری سەردەشت عوسمان بە جیا لەوەی راستیەکانی پشتی پەردەی دەسەلاتی ئاشکرا کردووە، تەواوی خەلکی کوردستانی هەژاندووە و نارەزایەتیەکی فراوانى لە بەرامبەر دەسەلاتدا هێناوەتە مەیدانەوە، بەلگەکان و رەوتی روداوەکەش بە بێگومان و بێ لێکۆلینەوە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم کارە لە ئەستۆ و لێپرسراویەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەسەلاتەکەیدایە، جگە لەمەش ئەوەى زیاتر لە مەزاجى خەلکدا بەرجەستە بۆتەوە ئەوەیە تیرورکردنی سۆرانی مامەحەمە و کەسانی تر لەهەمان ئە‌و چوارچێوەیەدایە ‌کە نابێ رەخنە لە خانەوادەی بەرزانی بگێرێت و هەر کەسیکیش بەم کارە هەستا لەگەڵ فڕاندن و تێرۆر بەروەڕوو دەبێتەوە، بەم جۆرە رەخنەگرتن لە بەرزانی و بنامالەکەی بە هێڵی سووری نێوان ژیان و مەرگی ئازادیخوازان گۆردراوە.


لە‌لایەکی تریشەوە ‌رەوتی نارەزایەتی بۆ بەرگری لەئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامەگەری و بیرورا دەربرین و بەرزکردنەوەی دروشمی بێ دەنگ نابین لەبەرامبەر دەسەلاتدا، کە داوای ئاشکرا کردنی تاوانباران و دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری ناوخۆ و بەرێوەبەری ئاسایش دەکرێت، ئەم هەنگاوە ئەگەرچى لەسەرەتای بەرەو روبونەوەی جە‌ماوە‌ریدا خۆی بە مانای بەر پرسیار کردنی دامودەزگاکانی دەسەلاتە‌ لە رودانی تاوانێکی گەورەدا کە بەرامبەر بە دانیشتوانی کوردستاندا کراوە و دەکرێت. بە‌لام بە‌دوای پەرگرتنی ئەم نارەزایەتیانە گرنگترین خالیک کە لە ئێستادا بۆ بەرگری و پاراستنی ئازادی سیاسی ‌و هاوکات بە قازانجی بەرینکردنەوەی نارەزایەتیەکانی ئیستا، گەشەپێدانیەتی لە شێوازی جۆراوجۆرد و هێنانەکایەی دروشمێکى رۆشنترە.


لە کاتێکدا ئەم رووداوە نامرۆییه‌ کە کەوتۆتە بەر پرسیاریەتی دەسەلاتەکەی پارتى و لەپایتەختى هەریم و لەژیر سایەى سەرۆکایەتى مەسعود بەرزانیدا روویداوە  و بە رۆشنى هێرش و دەستدرێژیە بۆ سەر خەلکی کوردستان، لەجێی خۆیدایە داواى دەست لە کار کیشانەوەی سەرۆکى هەریم بکرێتە دروشمى نارەزایەتیەکانى ئیستا و لەپال خواستى ئاشکراکردنى تاوانباران و سپاردنیان بەدادگایەکى ئاشکرا بەرزبکریتەوە.


بەو مانایەی کە مەسعود بەرزانی کەبە لە 70% ى دەنگدەران بۆتە سەرۆکی هەریم، ئەو ئەرکەى لەئەستۆیە کەلەهەر روداویکدا نوینەرى خواستى هەر ئەو خەلکەبیت. بەلام لەئێستا کە نارەزایەتی خەلکى کوردستان بەدژى دەسەلات و پارتەکەى هاتوتە کایەوە و بەرۆشنیش دیارە کەتاوانى تیرۆرى سەردەشت بەرهەمى نوسراوێکە کە لەسەر خانەوادەی مه‌سعود بەرزانی نوسیویەتی و تیرۆرکردنەکەشی پەیوەستە بەو نوسینەوە، لەحالەتیکى ئاوادا کەپارتى ودەسەلاتەکەى پاش زیاتر لەهەفتەیەک هیچ ئەنجامیک بەدەستەوە نادەن و بەرائەتى خۆیان ناسەلمنێنن، خودى تاوانەکە و نارەزایەتى خەلک شەرعیەتى پۆستى سەرۆکایەتى دەخاتە ژیر پرسیارەوە. بەتایبەتیش لەهەروولاتیکدا کەلانى کەمى پرەنسیپى دیموکراسى رەعایەتبکرى و ریز بۆ راى خەلکى دابنرى، سەرۆکەکان وکاربەدەست و وەزیرەکان لەهەر فەزیحەیەکى مالى وئەخلاقیدا کە نەتوانن بەرائەتى خۆیان بسەلمینن، یان خۆیان دەست لەکاردەکیشنەوە وەیا بەراى گشتى ناچار بەم هەلویستە دەکریت. لەکاتیکدا تاوانى رفاندن و تیرۆرى سەردەشت عوسمان لەکردەوەیەکى دارایی و ره‌وشته‌کیی واوەترەو یەک کارەساتى کۆمەلایەتىیە کەسەرتاپاى دەسەلاتى خستۆتە ژیر پرسیارەوە و شەرعیەتى لەبەرپرسیاران سەندۆتەوە ودەنگى زۆرینەى دوینآى خەلکى بەتال کردۆتەوە. لەم روانگەیەوە خەلکى نارازاى یان دەبیت تەسلیم بە بینەوبەردەى دەسەلاتداران ببن و دواى کەفوکولیک بەدەستى خالى بچنەوە مالەوە و فایلى سەردەشت وەک فایلەکانى شاپۆرو قابیل و عەبدولستار تاهیر شەریف و سۆرانى مامەحمە بچنە خانەى لەبیر چوونەوەوە، یان دەبیت لەدەورى خواستیکى بالاتر دریژە بەبزوتنەوەى نارەزایەتى خۆیان بدەن، لیرەشەوە خواستى دەست لەکارکیشانەوەى سەرۆک وەک دروشمیک بەدەستەوە بگرین. ئەمە لەکاتیکدایە کە بەدى هاتنى ئەم دروشمە جگەلەوەى خەباتى جەماوەرى هەنگاویگى گەورە لەدابین کردنی پاراستنی ئازادی سیاسی و ئاسایشی دانیشتوان دەباتە پیشەوە، هاوکات زەمینەیەکى لەبار بۆ کرانەوەى دەسەلات و رێزگرتنى راى خەلکى لەلایەن دەسەلاتدارانەوە دەکاتە سونەتیک کەراستەوخۆ لێدانیکى گەورەیە لە فەزاى سەرکوت و تۆقاندن کەوەک بەشیکى جیانەکراوەى دەسەلاتى پارته‌ میلیشیاییه‌کان ژیانى هاولاتیانى پى لەقالب دراوە.


14\5\2010

ghafur@ukonline.co.uk