کێ ئاماده‌يه ( هيا الشريف ) ی فێری کوردی بکات ؟
موحسين جوامێر
له به‌شی عه‌ره‌بیی سايتی ( پووک ميديا ) دا، بابه‌تێک له‌ژێر سه‌ردێڕی ( أنا.. واللغة الکوردية ـ من و.. زمانی کوردی ) دا که له نووسينی نووسه‌رێکی عه‌ره‌به به‌ناوی ( هيا الشريف ) بڵاو بووه‌ته‌وه. تێیدا به عه‌ره‌بييه‌کی پاراو و دڵگر، نووسه‌ر باس له خۆشه‌ويستیی خۆی بۆ کورد و زمانه‌که‌ی ده‌کات، بۆ کوردستان و سروشته‌که‌ی. هه‌ر ده‌ڵێی هه‌موو زيکر و فکری بۆ وڵاتی کورده‌وارییه، بگره ئاشقێکی سه‌ر هه‌ڵگرتووه، هه‌ودای خه‌ياڵی پساوه، بگره هه‌ر ده‌ڵێی پردی قيامه‌تێی لێ پساوه، ده‌کا و ده‌کڕێنێ تاکوو فێری زمانی کوردی بێت؛ تا به‌شێک له خه‌ونه‌کانی که هه‌ر به کوردستانه‌وه ده‌يانبینێت، بێته دی، ده‌شقه‌م تۆزێک تێنووێتیی پێ ده‌شکێ، ئه‌و که‌س و لايه‌نه‌ش په‌يدا نابن.
له‌به‌ر که‌م کاتی، ده‌رفه‌تی وه‌رگێڕانی نووسراوه‌که‌م نه‌بوو، خۆزگه يه‌کێک ئه‌و چاکه‌يه‌ی بکردايه که خێره‌که‌ی ده هێنده‌يه، وه‌لێ که ده‌مخوێنده‌وه، فرمێسکم بۆ ئه‌و ڕه‌وشه ناهه‌مواره له چاواندا ده‌قه‌تيسما، بۆ ئه‌و زمانه‌ی هه‌میشه دراوه‌ته به‌ر شه‌ق و مستان، نه‌ک له دوژمنه‌وه، به‌ڵکوو له خودی ڕۆڵه‌کانيه‌وه، که ئه‌مه‌يان بووه‌ته کولتوورێکی ده‌روونی و سه‌ر نانێته‌وه. مخابن، ئه‌م کورده له هه‌موو شتێکی چاره‌نووسسازدا، دوو به‌ره‌يه و سه‌ره‌خۆره، تا دنيا له خۆ نه‌کاته عاشوورا؛ ناحه‌سێته‌وه. ( هيا الشريف ) ده‌يه‌وێ فێری زمانه حه‌ياته‌که‌ی کوردی بێت، له‌وانه‌يه بێته کوردستانيش، باشه کام زمانی کوردی؟
له مێژووماندا، ئه‌گه‌ر زيانيشمان پێ که‌وتبێ و پێله‌قه‌ی ڕۆژگارمان خواردبێت، به‌ڵام له‌و به‌شه کوردستانه‌ی که ده‌کرێ بوترێت هه‌ميشه تێیدا دان به زمانی کوردي‌دا نراوه، باش‌ترين زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌مان وه‌ک میلله‌ت هه‌بووه و ئێدی له‌وه ده‌رچووينه وه‌ک مێژووکه بله‌رزين، يان بترسين و ببه‌زين. به خوێندنه‌وه‌ی خۆيشم بۆ ڕه‌وشی کوردستانه‌کانی ديکه، بڕوا ناکه‌م به ده‌يان ساڵی ديکه‌يش بگه‌نه ئه‌و به‌شه‌ی ئێمه و بتوانن کێبه‌ڕکێی ده‌گه‌ڵدا بکه‌ن، بگره سه‌د ساڵی ديکه‌يش، به‌تايبه‌تی له تورکيا و سووريا، هه‌ر بۆيه چ له ئاستی هه‌رێمی و چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تيدا، هه‌ر ئه‌وه‌ی له باشووری کوردستاندا هه‌يه به‌هێند هه‌ڵده‌گیرێ و بوار و به‌ری گه‌شه‌سه‌ندنی فراوان و چه‌ند قاته، بۆ ده‌ڤه‌ره‌کانی ديکه‌يش ده‌وڵمه‌ندييه نه‌ک قڕی و قاته.
هه‌ست ده‌که‌م زۆر که‌س له‌م مه‌سه‌له‌يه‌دا لێی دانيشتوون، ده‌ستێکيان له‌پاش و ئه‌ويدیکه له پێش، شه‌مۆتکه‌يان داگرتووه. جگه له‌وه‌ی خه‌ريکه نان و پيازی پێ بخورێ و شه‌قڵی ناوچه‌گه‌ری به‌خۆيه‌وه بگرێت . له هه‌مووانيش مه‌ترسيدارتر ئه‌وه‌يه، حاڵه‌تی له‌هجه‌گه‌ری ببێته واقیعێک و لێکدالێکدا کورد ـ وه‌ک يه‌ک گه‌ل ـ لێک داببڕێن. ئه‌و بانگه‌وازه‌ی به‌ری ماوه‌يه‌ک له‌لايه‌ن د. ئيدريس هادی وه‌زيری خوێندنی باڵاوه بڵاو کرايه‌وه، تێیدا زمان‌ناس و لێکۆڵه‌ره‌وان بۆ دانانی پڕۆژه‌يه‌ک بۆ زمانی يه‌کگرتوو، بانگ ده‌کات، هه‌نگاوێکی به‌که‌ڵکه، به‌مه‌رجێ واقيعبينانه و زانستانه له مه‌سه‌له‌که بتۆژرێته‌وه و شه‌رعه‌که بکرێت، نه‌ک له ڕوانگه‌ی سياسی، عاتيفه و خه‌ياڵاتی هه‌رگیز نايه‌نه دی، ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه، ئه‌وجا پاشان ده‌ست له هه‌رامان درێژتر بگه‌ڕێنه‌وه دواوه، دوای ئه‌وه‌ی زمانی زمانمانيان له پشته‌سه‌ر يان له کوێچکه‌ڕا ده‌رهێنا !
ده ئێسته ژ که‌ره‌ما خۆ ئه‌م دواپه‌ڕه‌گرافه‌ی ئه‌و ئاشقه کوردییه بخوێنه‌وه، که له حه‌ماسه‌تدا له‌زگه قيامه‌ت ده‌کات : ( وحتى تصل النجدة .. سأظل أناضل وحدي .. بين الكتب والمعاجم.. وتملق الأصدقاء وسخريتهم .. لتعلم كلمة هنا أو هناك .. قد تروي عطش نهمي للغة التي أسرت فؤادي شفرتها.. وأغوتني .. للسهر في فك طلاسمها طوال الليل .. من يدري لعل هذا المقال يجد أذنا صاغية .. فيتبرع بعدها من يعلمني برفق ويسلك بي مسالك .. الجبال الوعرة.. لأبجدية كردستان ).. کوردييه‌که‌ی : هه‌تا ده‌ستی فريادڕه‌سی ده‌مگاتێ، به‌ته‌نيا خه‌بات ده‌که‌م، له‌نێوان کتێب و فه‌رهه‌نگاندا، هاوکات ئه‌گه‌رچی بکه‌ومه به‌ر حه‌مله‌ی تیز و گاڵته‌ی براده‌ران . هه‌وڵی خۆم ده‌ده‌م، تاکوو لێره وشه‌يه‌ک و له‌ولا وشه‌يه‌ک فێر ده‌بم.. هه‌موو ئه‌م کۆششه‌شم بۆ ئه‌وه‌يه، به‌شکوو تێنووێتم بۆ زمانێک ـ که کوردييه ـ بشکێ، که دڵی داگیر کردووم، بگره سه‌رگه‌ردانی کردووم و خه‌وی لێ حه‌ڕام کردووم، به‌وه‌ی نازانم چۆن مه‌ته‌ڵه‌کانی هه‌ڵبهێنم و ڕازه‌کانی ده‌ربهێنم. کێ ده‌زانێ، به‌ڵکوو ئه‌وه خوايه و يه‌کێ له‌سه‌رخۆ به هاوارمه‌وه دێ، چ له شار و چ له دێ. له ڕاهی خوا به‌نه‌رمی ده‌ستم ده‌گرێ، ده‌مبا بۆ چيا چڕ‌وپڕ و ئه‌سته‌مه‌کان، تاکوو له‌وێ فێری ئه‌لفوبێی کوردستان ببم.؟!
پێش ماوه‌يه‌کی کورت، له وتارێکمدا ئاماژه‌م به‌وه دا که له‌مه‌ودوا دراوی زمانی کوردی ڕه‌واجی ده‌بێ و ڕۆشنبيرانی تێنوو بۆ کورد و کوردستان، ڕوو له هه‌ولیری پايته‌خت ده‌که‌ن، به‌ڵام داخوڵا ئه‌گه‌ر ئه‌وانيد‌يش، ( هيا الشريف ) ئاسا له‌باره‌ی زمانه‌وه لێمان بپرسن، چيان عه‌رز بکه‌ين وچیان پێ بڵێین؟ بڵێین جارێ بووه‌ستن، وا خه‌ریکین ـ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی سه‌دساڵه هه‌مانه، لێی هه‌ستاينه‌ته سه‌ر چۆکان و داومانه‌ته به‌ر نووکه شه‌پان و پێوه‌ين سه‌حبی سيقه‌ی لێ بکه‌ين تا ئاخير زه‌مان ـ زمانێکی هايلايفی که نه‌پێشتر‌ێ که‌س پێی زانیبێ و نه‌پاشترێش که‌س دانی پێدا ده‌نێ، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بڵێن يه‌کودوو، له مه‌عمه‌ل مريشکدا دروستی ده‌که‌ين و له‌سه‌ری ساخ ده‌بينه‌وه، ئه‌وجا خوا به‌خێری بگێڕی، ده‌بێته بازاڕی له‌نگان، وه‌رن خه‌رمان به‌ره‌که‌ت، کام زاراوه‌تان به‌دڵه هه‌ڵی بژێرن، چونکه ئێمه دێموکراتين، ئه‌نگێوه‌ی چاکین و له‌سه‌ر بڕياری چه‌ندبه‌ره‌کيدا يه‌ک ده‌نگ و يه‌ک ده‌نده‌ين، قه‌تيش دوژمن لێمان بیئومێد نه‌بووه !
mohsinjwamir@hotmail.com
|