کێ بەر پرسە لەزیاد بوونی ڕێژەی بێکاری ..؟

هەورامان
عهلی تۆفیق
- بەشی یەکەم -
بێکاری یەکێکە لەو کێشە و گرفتە سەختانەی کە کاریگەرە لەکۆمەڵگا و
ڕەوتی ژیان و شێواندنی باری دەرونی و گۆڕینی شێوەیی گوزەران و تێکدانی
بیرکردنەوە و تێڕوانین لە ئایندەو پاشەڕۆژی نەوەکانی داهاتوو لە بنیاد
نانی بنەما سەرەکیەکانی شارستانیەت و پێشکەوتن و زانست دا کاریگەری
نەگەتیڤی دەبێت ..
بێکاری وەبایەکە چەند لەڕووی ئابوریە زیان بە دەسەڵات و کەرتی بەرهەم
هێنەر دێنێت و باری ئابوری شلۆق و نائارام و شێواو دەکات و کۆسپ بۆ ئەو
حکومەتانەش دروست دەبن کە لەو سەردەمانەدا خاوەن دەسەڵاتن و ئەوانیش
بەشێکن لەو کێشەیە .. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کێشە و گرفتی دەرونی لەنێو
ئەو کەسانەدا دروست دەکات کە بێکارن و کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر
ژیانیان ئەوانەی کە خێزاندارن لە نێو خێزانەکانیاندا کێشەیان بۆ دروست
دەبێت و ئەوانەی کە گەنجن توشی کێشەی ئەوە دەبن کە ناتوانن خێزان
پێکەوە بنێن و بەهەمان شێوەش کاریگەری بۆ سەر کچانیش دەبێت کە بە بێ
هاوسەرگیری دەمێننەوە ئەمەش وەک لایەنی کۆمەڵایەتی ... بەهەمان شێوە
باری دەرونی ئەو کەسە دەشێوێت و لەزۆر بەی ئەو ووڵاتانەی ڕێژەی بێکاری
تیایاندا زۆرە بەدیار دەکەوێت کە زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن یا دەبنە
کەسانی مودمن بە مادە بێ هۆشکەرەکان لەو کەسانەن کە بێکارن و کاریان
دەست ناکەوێت .. بێزاری لەژیان و دوور کەوتنەوە لەهەموو کەس و دەست
دانە هەموو کارێک بۆ پڕکردنەوەی کاتی بێکاری و بێزاری لەو دۆخەی
کەتێیدایە ئەمەش کەدەبێتە هۆکارێک باری کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایە
دەشێوێنی و گەندەڵی و یاسا و ڕێساکان لەڕەوتی ئاسایی خۆیان لابدەن و
باری کۆمەڵایەتی توشی گرفتی لێک داپڕان و دوورکەوتنەوە ببێت وەک چۆن کە
گەنجەکانمان بە هۆیی یەکێک لەو هۆیانەی کە کاریان بەدەست ناکەوێت ڕوو
لەهەندەران دەکەن، ئەمە کاتێک پرسیار لەو گەنجە بکەیت بەو شێوەیە وەڵام
دەداتەوە .. بەڵام کاتێک بەرپرسێک دەدوێنی لەو کێشە دەڵێ بەڵێ ئێمە
کارمان هەیە و ئەوە لەدەرەوەی ووڵات کرێکار دێنین بۆ کارکردن ، لەبەر
ئەوەی گەنجەکانمان ئەو کارانە ناکەن ....
سەرە ڕایی ئەوەی کە کاریگەری تەواو سلبی بۆ سەر باری سیاسی ووڵات دەبێت
و بەرپرسان و حکومەت دەکەونە بەر هێرش و ڕەخنە لێگرتن لەوەی کە لەو
ئاستەدانین بتوانن کێشەی بێکاری لەو هەرێمە چارەسەربکەن و ئەمەش دەبێتە
گرفتێکی سیاسی و لە ڕاگەیاندنەکانەوە کاری لەسەر دەکرێت ... ئەگەر
هەموو ئەو لایەنانە کۆبکەینەوە ئەوە کێشەیەکی گەورەتر دروست دەبێت کە
ئەویش لەدەست دانی ئاسایشە لەو ووڵاتەدا بەهۆیی زیاد بوونی تاوان و
دەست درێژی و بێ یاسایی و زیادەڕۆیی و گوێنەدانە یاساو ئاستەنگ دروست
کردن لە بەڕێوەچوونی کاروباری ئاسایی و کاریگەری لەسەر ژیانی
هاووڵاتیان بەشێوەیەکی خراپ ..
دەکرێ هەموو ئەوانەی باسمان کردن لە چەند خاڵێکدا کۆیان بکەینەوە کە
هۆکارن لە دروست بوونی بێکاری و دواتر کۆسپن لە بەردەم بەرەنگاربونەوەی
بێکاری و کەم کردنەوەی ئەو ڕێژەیە :
• دەسەڵات و توانایی چارەسەر کردنی ئەم شێوە گرفتانە وەک ئەرکێکی
سەرەکی کە خۆیی لە پلان دانان و شێوەی کارکردن و دارشتنی ئایندەیی کارو
یاسایی کارکردن و پاراستنی مافەکانی کرێکار کە ئەویش خۆیی لە پیرۆزی
کارو خۆشەویستی بۆ کارو ڕێز لێگرتنی کە بەپێچەوانەو لە دەسەڵاتی ئێمەوە
ڕێز لەکار و کرێکار ناگیرێت و پیرۆزی لەدەست دراوە و جیاوازی چینایەتی
لەهەموو بوارەکانی ژیاندا کارێکی وایی کردەوە کە کرێکارێک نەک
لەگەورەترین بەرپرس بەڵکو بچوک ترین بەرپرس کەم تربێت و بەچاوێکی
سوکەوە لە کارو کرێکار وەربگیرێت ئەمەش بەیەکەم کاری سلبی و بێ
بەرنامەیی و نەشارەزایی دەسەڵاتە بۆ ئەم شێوە ئەرکە گرنگەی کە دەبێ وەک
هەنگاوی یەکەم لە کاری دەسەڵات سەیر بکرێت ..
• پەروەردەو فێرکردن و لایەنی زانستی کە ئەوانیش وەک بەرپرسێکی گرنگ
لەو ئەرکەیاندا دەبێ بەپاڵ پشتی دەسەڵات و پلان دانانی ژیان و گوزەرانی
کەسایەتی کورد گۆڕانی بەسەر دابێت و بازاڕەکانی کارکردن بەشێوەیەکی
زانستیانە بنیاد بنرێن کە هەموو سوچێکی بازاری کارو بەرهەم هێنان
لەڕێگای زانست و پەروەردەوە ڕێنمایی بکرێت ، وەک چۆن لەم ووڵاتە
پێشکەتوانەدا سادەترین شێوەی کار دەبێ بەشێوەیەکی زانستیانە فێربیت و
لەڕێگای خوێندنگا پیشەیەکانەوە بەدەست بهێنرێت .. بەم شێوەیە کرێکارێکی
زانستی و شارەزاو پسپۆر دروست دەکەین ، نەک بەم شێوەیی ئێستا کە دەبێ
بۆ هەموو کارێک هانا بۆ کرێکاری بیانی لە دەرەوەی هەرێم بەرین و
بازاڕەکانمان لەژێر ڕەحمەتی ئەوان دابێت .. بۆیە گرنگە دەزگا بەرپرسە
پەروەردەیەکان بەخێرایی و بێ سستی کار لەو شێوە هەنگاوانە دا بکەن و
دەبوو ئەوەش زۆر زووتر بکرایە و ئێستا دەتوانرا سود لەنەوەیەک
وەربگیرێت بەڵام بەداخەوە هەمیشە سستی و بیرکردنەوە لە کاری لابەلاو
تەنها ڕوانین لەهەندێ بەرژەوەندی تایبەتی ، هەمیشە لەڕەوتی بنەڕەتی
بنەماکانی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بەدوورین و لەدوای لەدەست چوونی
هەل ئەو کات بیریان لێدەکەینەوە ...
• گرنگی نەدان بەژیانی لادێ ، دوایی ئەوەی ڕژێمە یەک لەوایەکەکانی
عێراقی لەتێک دان و کاول کردنی دێهاتە کوردییەکان بەو لاوە کاری دیان
نەبوو ، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینیشەوە زیاتر لەشانزە ساڵە دەسەڵاتی کوردیش
بەدەیان هۆیی جۆراو جۆرە کەم تەرخەمی لە ئاوەدانکردنەوە دروست کردنەوەی
دێهاتەکان نەک وەک جاران بەڵکو دەبوو زۆر باشترو مۆدێرنانە تر دروستیان
بکردنایەتنەوە ، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی کە ڕوویان لەلادێکانیان کردەوە
دوایی کورترین ماوە دووبارە بەرەو شارەکان گەڕانەوە چونکە ژیان و
گوزەرانی لادێ بەدەیان کۆسپ و کێشە وە بەرەو ڕویان بووە وە بۆیە
بەناچاری گەڕانەوە شارەکان ئەمەش ڕێژەی بێکاری زیاد کرد و دێهاتەکانیش
بەوێرانی مانەوە .. ئەمەش دیسان یەکێکە لەو ئەرک و کارانەی دەسەڵات کە
هێندەی بەدەورو شانی شارەکاندا دێن دەبوو یەکەم هەنگاو بەهانایی
دێهاتەکاندا بچونایە کارێکیان بکردایە خەڵکی بەویستی خۆیی و بەپەرۆشەوە
بەرەو دێهاتەکانیان بگەڕێنایەتەوە تا بەرهەمی خۆماڵی ببوژایەتەوە و
هێندە خۆراک و پێداویستی بەسەرچوویی دراوسێکانمان بەسەر ئێمەدا ساخ
نەکرانایەتەوە ... ئەویش هۆکارەکانی زۆرن هەموو لایەک دەرکیان پێدەکەین
..
• گرنگی دانی دەسەڵات بەبازاری ئازاد و بازرگانی کردن .. بەنیازی ئەوەی
کە چارەسەری بێکاری بکات یا دروست کردنی بیناو تەلارو ئوتێل و شوێنی
گەشت و گوزاری بەو پێیەی کە ووڵاتی ئێمە جێگای لوبنان و مسر و تونس و
مەغرب و ووڵاتانی تر بگرێتەوە کە لەهەموو جێهانەوە گەشتیاران ڕوویان
تێدەکەن .. بەهەمان شێوەش کوردستان یا عێراق بجێتە ئەو ڕیزەوە .. کە
ئەمەش هەنگاوەێکە ڕەنگە بەدرێژایی ئاڵۆزیە سیاسیەکانی عێراق و نائارامی
لەم ووڵاتە ئەوە بەچاوی خۆمان نەبینین .. بۆیە دەکرا ئەو هەموو
خۆماندوو کردنە لە دروست کردنی دەیان کارگەی گەورە کە یەکەم بەرهەمی
خۆماڵی بەبەرهەم بهێنایە و دواتریش بێکاری ئەم هەێمەی بخستایەتە
سەرکارو باری ژیان داهاتی ئەو کەسایەتیەیی لەخراپەوە بۆ باش ببردایە ..
بەڵام وادیارە لای ئێمە هەموو شتێک بەپێچەوانەوەیە و ئەوەی دەکرێ بۆ
بەۆژەوەندی دەسەڵات و دارو دەستەوە کەسانی دەوڵەمەند و خاوەن پارە
بەولاوە سودی کۆمەڵگا و کەسایەتی بێکاری پێوە دیار نیە ...
|