که ديمستۆرا ته‌پکه‌وداوی ده‌نايه‌وه، محه‌مه‌د ئێحسانی وه‌زير له‌کوێ پاڵی ده‌دايه‌وه؟
موحسين جوامێر
پڕۆژه‌که‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌يه‌کگرتووه‌کان ستیڤان ديمستۆرای سوێدی، که بۆ هه‌موارکردنی به‌شێکی کێشه‌ی شار و شارۆچکه‌کانی نێوان کوردستان و عیراق، پێشکه‌ش به به‌غدا و کوردان کرا، ئه‌وه‌نده زيره‌کانه نووسراوه‌ته‌وه، ده‌ڵێی حکوومه‌تی پێشوو نووسيويه‌تی، بگره بۆمبای وای تێدا ته‌وقيت کراوه؛ بايی سه‌ده‌يه‌ک کێشه و ململانیی نیوان کورد و غه‌يره‌کورد، ده‌کات. نه‌ک هه‌ر مافی کوردی تێدا خوراوه، به‌ڵکوو گاڵته‌ش به ئه‌قڵی کورد کراوه، به‌جۆرێک قه‌رزاريشی ده‌کاته‌وه. له‌ملا ئاکرێی ده‌داته‌وه، که لێی نه‌بردراوه، له‌ولاش قه‌راجی لێ ده‌سه‌نێته‌وه؛ که هی خۆی بووه. له‌لايه‌ک نه‌ته‌وه‌ی وه‌ک شه‌به‌ک و ئێزيدييان له‌نێو کوردان‌دا دروست ده‌کات، له‌لایه‌کی ديکه‌شه‌وه داوای هه‌قی عه‌ره‌بان د‌ه‌کا له دهۆک. که‌ڕه‌تێک بڕياره کۆنه‌کانی عێراق ده‌کاته به‌ڵگه و په‌نای پێشنییاره‌کانی، که‌ڕه‌تێکیش ده‌ڵێ گومان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا هه‌يه به‌وه‌ی ته‌زويريان تێدا کراوه. جگه له‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو زانیارييه‌ی لێژنه‌که‌ی ديمستۆرا، ته‌نیا له ڕێگه‌ی غه‌يره‌کورده‌وه بووه، چ له ئاستی خه‌ڵکی يان حکووميدا.
ئه‌وه‌ی تۆزێک به‌وردی ڕاپۆرته‌که بخوێنێته‌وه، چاك ده‌زانێ ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی نووسيويه‌تی، لێزان و ئاگادار بووه له هه‌موو شتێکی ئه‌م وڵاته، بستبه‌بست شاره‌زای ڕه‌وشی کوردستانه و ئاگای له بگرده‌وبه‌رده‌ی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واريشه، بگره زێتر له کورده‌که‌ش. هه‌ڵبه‌ت پاشکۆکانی بۆچوونه‌کان، که حه‌تمه‌ن ئه‌وانیش به‌ڕێگه‌وه‌ن و کورد له‌بیری خۆی بردوونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش زۆر لوغمی که له‌بن به‌ڕێنه؛ ده‌هێننه سه‌ر به‌ڕێ، وه‌ک په‌ره‌دان به ديالێکتی کوردان، وه‌ک هه‌نگاوی يه‌که‌م بۆ چوونه نێو هه‌ناوی کورد و په‌رێشانکردنی له‌ناخه‌وه‌دا.! ئه‌سڵه‌ن، ئه‌گه‌ر پشت به‌م پرۆسه‌يه‌ی ديمستۆرا ببه‌سترێت، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێینه‌وه عه‌هدی مه‌له‌کی، به‌ڵکوو خراتريش، به‌تايبه‌تی له کارکردن له‌گه‌ڵ له‌هجاندا، وه‌ک له‌هجه‌ی شه‌به‌ک و فه‌يلی و ئه‌وانیديکه، که ئه‌مه‌يش درێژه‌دانه به‌و کاره‌ساته زمانه‌وانییه‌ی ـ له بادينانه‌وه ده‌ستی پێ کرد ـ و خه‌ريکه هه‌ره‌س به کورد ـ وه‌ک يه‌کميلله‌ت ـ ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌کرێت.
له‌بیرمانه که تورکمانه تورکیاخوازه‌کان و عێراقييه به‌عسخوازه‌کان، ده‌میان هه‌ڵێنابوو و ده‌يانوت بلا ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌يه‌کگرتووه‌کان بێت کێشه‌ی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکات، ئاقڵانی کورد ده‌يانوت کوره نه‌يکه‌ن، به‌رهه‌ڵست بن، چونکه ئه‌و ڕێکخراوه بووکه‌شووشه‌ی ده‌ست وڵاته زلهێزه‌کانه، چی بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان کرد؛ ئه‌وه‌نده‌ش بۆ کوردان ده‌کات.! هێنده‌ی پێنه‌چوو، خه‌ریک بوو کاتی دياريکراوی مادده‌ی 140 به‌سه‌ر ده‌چوو و کورد هه‌ڕوگیفی ده‌کرد و ده‌ستی به ده‌بێ و نابێ کرد، خاڵه ديمستۆرا به‌خۆ و به زانیاریی زۆريه‌وه له‌باره‌ی نه‌فسييه‌تی کوردی زوو خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ره‌وه، هاته مه‌يدانێ و مژده‌ی يارمه‌تیی ته‌کنیکیی به کوردان دا و به په‌رله‌مان و وه‌زيری ناوچه دابڕاوه‌کانی کوردان د. محه‌مه‌د ئێحسانی ڕاگه‌ياند که حه‌وجه نییه کوردان دڵ له‌دڵ بده‌ن، چ له هه‌ولێر و چ له له‌نده‌ن، چونکه هه‌مووی عه‌داله‌ته، چ به ته‌ن بێ ياخود به مه‌ن.
له سه‌ينوبه‌ينی بڕياردان بوو له‌سه‌ر هاتنی ديمستۆرادا، کاتێ که‌ناڵێکی ته‌له‌فزيۆنی هه‌ڤپه‌یڤينی له‌گه‌ڵ هێژا محه‌مه‌د ئێحساندا ساز کرد، زۆر به‌وردی زه‌ینی خۆم دابووه به‌ڕێزی، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاکێشام ـ وه‌ک ته‌کنیکه‌که‌ی ديمستۆرا ـ ته‌کنیکی قسه‌کردنی وی بوو، که له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی هه‌ر وه‌ڵامێکدا ده‌يفه‌رموو ( به‌حه‌قيقه‌ت ) يان ( به‌حه‌ققه‌ت )، هه‌ڵبه‌ت هه‌نووکه ده‌رکه‌وت که ئه‌و حه‌قيقه‌ت و حه‌ققه‌ته‌ی وی به‌وه‌ی هه‌موو شت ته‌واوه و ڕه‌وشه‌که نه‌قڵیشاوه، ته‌نیا بۆ کڵاوله‌سه‌رنان بوون، دايشی نا، ده‌وجا با خه‌ڵکی له گوپی خۆیان بده‌ن و بێژن نا.! ئه‌گه‌نا کوا به‌ری ئه‌و خه‌باته‌ی ئه‌و و ده‌سته‌وبه‌سته‌که‌ی وی ئیدديعایان ده‌کرد و دنیايان ده‌کرده شامی شه‌ريفی ديفاع له ناوچه دابڕاوه‌کانی وڵات.؟ هاوکات که ديمستۆرا، بۆ به‌خشين و دابه‌شکردنی زید و واری کوردان، ڕاوێژی به گزيری دوژمنانی کورد ده‌کرد وهیچ ئاوڕی له وه‌زيری کوردان نه‌ده‌دايه‌وه، ئاخۆ ئه‌وسا جه‌نابی محه‌مه‌د ئێحسان له‌کوێ پاڵی ده‌دايه‌وه؟!
2008/06/19 mohsinjwamir@hotmail.com
|