کەناڵى ئاسمانى
(الرأي) بۆ وادەکات؟

محەمەدى مشیر
لەم شەوانەدا دواى گەڕانەوەم بۆ ماڵ وەک هەمیشە لە گەڵ ئەندامانى
خێزانەکەم بە دیار تەلەفزیۆنەوە دانیشتم ، کۆنتڕۆڵى سەتەلایتەکە بەدەست
(بریا) ى کچمەوە بوو بەدواى کەناڵێکدا دەگەڕا فیلمى کارتۆن نیشاندا، لە
کاتى هەڵگێڕ و وەرگێڕى کە ناڵەکان زوومى چاوە بچکۆلەکانم لەسەر دیمەنى
ئەو برا مەسیحییانە گیرسایەوە کە لەم چەند رۆژەدا لە شارى موسڵ لە
لایەن تیرۆریستانەوە ماڵەکانیان دەسووتێنرێ و بە شێوەیەکى دڕندانە لە
زێدى بابو باپیرانیان شار بەدەر دەکرێن. دیمەنەکان دڕندایەتى ئەو
تیرۆریستانەیان لە رۆژ رۆشنتر بە خەڵک نیشاندەدا و مرۆڤ پرسیارى ئەوەى
لە لا دروست دەبوو کە ماوەى ئەو چەند ساڵەى رابردوو دەبێ ئەو مێشک
بۆگەنە هاروهاجانە چ جۆرە تاوانێکی باوەڕنەکەردەنیان دەرحەق بە خەڵکى
سڤیلى ئەو شار و شارۆچکانە ئەنجامدابێ؟
بە هەر حاڵ شریتەى پرسیارە ویژدان هەژێنەکان هێندە زۆرن کە رووپەڕى
هەموو رۆژنامەکانیش ناتوانن بە خۆیانەوە بگرن، بەڵام پرسیارێکى
رەوشتەکى بەر لە زۆربەى پرسیارەکان لە زەینى مندا دروست بوو کە ئایا
کەناڵى ئاسمانى (الرأي) بە چ مەرامێک ئەو دیمەنانە بە خەڵک نیشان دەدات؟
تا بەرنامەکەیان تەواوبوو وەک کتک بەدیار کونى مشکەوە، تا چاوم ئاوى
کرد، بەدیار کەناڵى (الرأي)ەوە دانیشتم و تێگەیشتم کە (الرأي)یش بە
هەمان قێزەوەنى تیرۆریستەکان زەینى خەڵک تیرۆر دەکات نەک راستى
رووداوەکان بخاتەڕوو. (الرأي) هێندەى کورد و هێزەکانى پێشمەرگەى
کوردستانى تیرۆر دەکرد، هێندە خەمى نەبوو راستى بەسەرهاتى برا
مەسیحییەکانم بخاتە بەر دەست و رایەکى گشتى هاوخەم بۆ ئەو برایانەمان
بێنێتە ئارا و بەدواى چارەسەردا بگەڕێ. هێندەى بە دواى پەیداکردنى
پاروێکى چەور بۆ کەناڵەکەى دەگەڕا، هێندە خەمى پەیداکردنى پەناگەیەکى
ئارام نەبوو بۆ ئەو لێقەوماوانەى بەدستى تیرۆریستانەوە بوونەتە
پەند.بەدرێژایى بەرنامەکەى شەوى 13/14-10-2008 کەناڵەکەی (الرأي)،
پێشکەشکارە ئافرەتەکەى بەرنامەکە و سەرجەم ئەوانەى بە تەلیفۆن
پەیوەندییان دەکرد، خڕ سەرکردەکانى کوردییان بە کرێگرتەى ئەمریکا و
خائین لە قەڵەم دەدا، هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانیش لەجیاتى دەستخۆشى
و پاداشت کەوتبوونە خانەى میلیشا و تیرۆریستان و گوایە ئەوانن کە برا
مەسیحییەکانمان لە موسڵ دەتۆقێنن و شار بەدەریان دەکەن. بەو رۆژە نەبێ
ئەگەر من لە جیاتى تیرۆریستان بومایە ئەوا خەڵاتى باشترین داکۆکیکار لە
(خۆم) م پێشکەشى ئەو کەناڵە ئاژاوەگێڕە دەکرد.کەسێ ئاگاى لە راستییەکان
هەبێ قەت بەو دوعایەى ((الرأي)) ناڵێ ئامین. (الرأي) بە چ نیازێک خۆڵ
دەکاتە چاوى خەڵکەوە و چاوپۆشى لەو راستییە حاشا هەڵنەگرە دەکات کە
هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لەوەتاى پڕۆسەى ئازادکردنى عێراقەوە
داکۆکى لە سەرجەم پێکهاتەکانى شارى موسڵ دەکەن و زیاتر لە جارێکیش خودى
بارەگاکانى پێشمەرگە بوونەتە ئامانجى تیرۆریستان، کێ هەیە ئەو راستییە
نەزانێ کە سەرجەم ئەو ناوچانەى برا مەسیحییەکانمان تێیاندا جێنشینن لە
لایەن هێزەکانى پێشمەرگەوە دەپارێزرێن و ئارامترین ناوچەکانى شارى
موسڵن. کآ هەیە ئەو راستییە نەزانێ کە هەرێمى کوردستان هەمیشە
ئارامترین پەناگەى قوربانیانى دەستى تیرۆر و ئەو لێقەومانە بووە کە لە
تێکڕاى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق و تەنانەت لە خودى ئەو شارى
موسڵە و،بەتایبەتیش برا مەسیحییەکان، روویان تێکردووە. (الرأي) ئەو
راستییانە بە چ نرخێک و بۆ چ لایەنێک دەشێوێنێ؟ کام لەو لایەنە
سیاسییانەى (الرأي) ئاسا دژى خواستە رەواکانى گەلى کوردە دەستى لەم
سیناریۆ رەشەى (الرأي)دا هەیە؟ کام حزب و لایەنى سیاسى کە ئەمڕۆکە لە
عێراقدا بەشدارى حکومەتى فیدڕاڵە، بەوانەى لە پشت (الرأي)یشەوەن، پێشتر
لە کوردستان ئەوپەڕى رێزو حورمەتى نەگیراوە؟ (الرأي) بەو گوتارە
ژەهراوییەى خزمەت بە کێشەى رەواى برا ئاشوورییەکان دەکات یا کێشەکەیان
ئاڵۆزتر دەکات؟
پرسیار زۆرن وەلێ سەرتان نایەشێنم وەک چۆن کەناڵەکەى ((الرأي)) تووشى
ژانەسەرى کردم، بەڵام ئەمڕۆ نییە سەرکردایەتى سیاسى کورد لە ناسینى
دۆست و دوژمنەکانى دۆزى رەواى گەلەکەى سەرکەوتوونەبووە و هەمیشە و بە
درێژایى مێژووش بە قەولى هەولێرییان لەم وانەیەدا ساقیت بووە!!
|