|
تێبینیی:
کهسێک بهناوی (دیار محهمهد) وهڵامێکی
(زانا رۆستایی ) بۆ (ماڵپهڕی ئهمڕۆ) ناردووه ،ئێمه له روانگهی
ئازادیی رادهربڕین ئهم بابهتهی ( زانا رۆستایی) بڵاودهکهینهوه،
دهنا قسهکانی هێندهی دینی ئیسلام کۆن داڕزیو و دژهمرۆیین ، ههر
خۆی لهنێو قسهکانی خۆیدا و به هێنانهوهی (ئایهت)یش ئهو
راستییه دهخاته روو که ئهگهر بهزۆر
نهبێ خهڵک ئیسلامی ناوێ چونکه ههرکاتێک
ئایهتهکان دهخوێندرێنهوه خهڵک دڵی دهگوشرێت، له کۆتاییشدا
ئهوه دهخاته روو که فرهژنی بۆ پیاوانی ئیسلامه چونکه به
ژنێک تێر نابن و پهنا دهبهنه بهر فرهژنیی بۆ تێرکردنی ئارهزووه
سێکسییهکانیان ، واتا دین هی ژنان نییه
و رهوتێکی پیاوسالارییه .. ئهوهتا پیاوان به ئارهزووی خۆیان
لهسهر حیسابی ماف و ئازادییهکانی ژنان ئایهتییان داتاشیوه بۆ
قازانجی خۆیان . ئیدی زۆر قسهی سواوی تری ههڵبزڕکاندووه که ههموویان
دژ به ژن و سادهترین ماف و ئازادییهکانی مرۆڤن
- ئاخر ئهندام پهرلهمانی وامان ههن
بۆیه خهڵک لهوپهڕی ههژاریی و دهردهسهرییدا دهژین و
ئهگهر سنوورهکانی کوردستان کراوه بن و ووڵاتانی تر پهنابهران
وهربگرن ئهوا تهنیا ئهو (زات)انهو بهرپرسه ژنکوژهکانی
دهسهڵات و حیزبهکان له نیشتیمان دهمێننهوه - با
خوێنهران خۆیان ئهو قسانه
بخوێننهوه.
ماڵپهڕی
ئهمڕۆ
٢\١٠\٢٠٠٨
_____________----______________----____________----___________
کێ قەدرى ژنى لایە
؟ وەڵامێک بۆ جهمال حسێن.
زانا رۆستایی*
جهمال حسین لە رۆژنامەى کوردستانى نوێ و لە ژمارە(4713) ى رۆژى 31/10
بابەتێکى بڵاوکردۆتەوە لە ژێر ناونیشانى (زانا رۆستایی و فرەژنى و
بەرمیلێک نەوت!*هەموو ئەوانەی دەنگیان بەیاسای فرەژنى دا من
بەنوێَنەری خۆمیان نازانم*ئەوەى پەرلەمان کردی شورابوو نەک کارێَکى
پەرلەمانى).
لەبەر ئەوەى جەمال حسێن ناوى منى هێناوە بۆیە بە پێویستم زانى وەڵامێکى
بۆ بنووسم نەوەکو دواى گلەییم لێ بکات بڵێ کاک زانا وەڵامى نەبوو بێ
لوتف بوو .!!.
سەرەتا دەمەوێ بەو پەندە عەرەبیە دەست پێ بکەم کە دەڵێت
(( اذا
اتتك مذتي من ناقص فهذا دليل على الكمال )
با بۆشى بکەمە کوردى چونکە ئەو
فەریکە خوێندەوارانە نازانن عەرەبى بخوێننەوەو یەک ئایەتى قورئانیش
ناتوانن بێ هەڵە بخوێننەوە چ جاى ئەوەى تێى بگەن !هەروەکو لە
کۆبوونەوەکەى پەرلەمان دەرکەوت ، بەهەر حاڵ مەسەلەکە دەڵێت ئەگەر
کەسێکى
–ناقص –
باسى کردى بە خراپە ئەوە بەڵگەیە کە
تۆ تەواوى .. من هەموو نووسەرە عەلمانیەکانى کورد باسم بکەن بە خراپە و
تۆمەتم بۆ هەڵبەستم باکم نیە پێى چونکە لە بنەرەتدا چاوەروانى قسەى
خێریان لێ ناکەم و ئەوەندە نا زانستى و بێ ویژدانن لە ئاست راستیەکان
چاو دەنوقێنن وهەرگیز جێگاى ئێمە نابێتەوە لە دونیا تاریک و تەسکەکەیان
دا .ئەو کاتە من نیگەران دەبم کە خەڵکى لە خواترس و زانایانى ئیسلام
گلەییان لێم هەبێت .
تەنها لە ئیسلامدا ژن وەکو مرۆڤێکى تەواو سەیر دەکرێت بەدەر لە دیدگاى
ئیسلام بە هەموو شتێ ئەچێ تەنها بە مرۆڤ نەبێت ، ئەوە ئیسلامە کە دەڵێ
مرۆڤەکان لە یەک سەرچاوەوە هاتوون
[{يَا
أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ
وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا ...} (1) سورة النساء.]
، ئەوە ئیسلامە کە ئافرەتى
یەکسان کردوە بە پیاو لە مرۆڤایەتى و مافەکاندا
{إِنَّ
الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ
وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ
وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ
وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ
وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ
وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ
لَهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا} (35) سورة الأحزاب]
ئەوە ئیسلامە کە شۆرشێکى
بەسەر بارودۆخى ژن داهێنا و گواستیەوە بۆ قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوو ،
بۆیەش ئایەتى قورئانتان بۆ دەنوسم چونکە تۆو هاوشێوەکانت خۆتان بە
مسوڵمانى عەیار (21) پیشان دەدەن خۆ ئەگەر ئازابن و پێتان شەرم نەبێت
راستى بیروباوەرەکەتان بۆ من و خەڵکى کوردستان دەربخەن ئەوا رێگاکە زۆر
کورت دەبێتەوەو بە بەڵگەى مەنتیقى و عەقلى وەڵامتان دەدەمەوە و رێزى
تەواویش لە راى جیاواز دەگرم .
ئەوە وەکو روانگەى ئیسلام ، لە مەیدانى واقیعیش دا لە هەرێمى کوردستان
من راشکاوانە رایدەگەیەنم دیاردەکانى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان وەکو
سووتان و لێدان و کوشتن و تەڵاقدان 99%ى لە ناو ئەو خێزانانە روو دەدات
کە پابەند نین بە دین وەکو پێویست ، زۆربەشیان ئەندام و لایەنگر و
بەرپرسەکانى ئەو لایەنانەن کە ئیسلامیى نین ، 1% ى ئەو رووداوانەش لە
ناو ئیسلامیەکان و خەڵکى پابەند بە دین روو نادات ، ئەوە دەرەنجامى ئەو
دادگەرى و تێروانینە ئینسانیانەیە کە مرۆڤى دیندار و لە خواترس هەیەتى
بەرامبەر بە ئافرەت ، بە ڵێ بە تەحەدداوە دەڵێم بەختەوەرترین ژن ئەو
ژنەیە کە لەباوەشى خێزانێکى پابەند بە دین یا ئیسلامیی ژیان دەباتەسەر
بە دەگمەن نەبێت ( لە هەموو شوێنێکیش ریزپەر هەیە ) ژن لاى کەسى دیندار
لێى نادرێ ، سووکایەتى پێناکرێت ، ناکوژرێت ، دەرناکرێت لە ماڵى خۆى ،
خیانەتى لێ ناکرێت ، بە هیچ و خۆرایی تەڵاق نادرێت . ئەگەر باوەریش
ناکەیت تۆمارى دادگاکانى کوردستان شایەدمانن ..
سەبارەت بە وتارەکەى من لە رۆژنامەى کۆمەڵ ، ئەمانەت وابوو رستەکانى من
وەکو خۆى بنووسیتەوە ( بەڵام ئەمانەت و نوسەرى عەلمانى ؟ ! ) من تەنها
سێ نمونەم هێناوەتەوە کە لێرە چۆنەو لە ناوچەکانى تر چۆنە گەرنا خۆت لە
من باشتر دەزانى نموونە زۆروزەوەندن لەو بارەیەوە ، یەکیان فرەژنى
قەدەغە کردن لە بوارى کۆمەڵایەتیەوە دووەمیان دابەش کردنى نەوت لە
بوارى خزمەتگوزاریەوە وسێیەمیان قەرزى خانووبەرە لە بوارى
ئاوەدانکردنەوە ، ئەوە دوور بینى و پەرۆشى منى ئیسلامیە و
بەخەمەوەبوونمە بۆ داهاتووى ناوچە دابراوەکان لەبەرامبەر ئەو کورتبینى
و سیاسەتە هەڵانەى کە بوونەتە مایەى لە دەستدانى کەرکوک و شوێنەکانى تر
و ناشیرن کردنى وێناى کورد و پێشمەرگەو کێشە رەواکەى گەلى کوردستان و
زیادکردنى دوژمن و لە دەست دانى هاوپەیمان و دۆستەکانمان ...
ئەو وەسفەى کە تۆ بۆ ژنت کردوە و خستۆتتە پاڵ عەقڵى داخراوى من کە ژن
تەنها لە جەستەیدا ببیندرێتەوە پڕاو پڕ باس لە دیدگاى خۆت دەکەى (
گۆزەش چى تیا بێت هەر ئەوەى لێ دەڕژێت ) مەگەر رۆژنامە فەرمیەکان و
گۆڤارەکانى جەنابتان نیە کە دوالاپەرەکانى دەرازێننەوە بە جەستەى نیوە
رووتى کچان و ژنان بە تایبەتى سەیرى ( الاتحاد ) بکە ، ئەوە جەنابت نیت
کە مواسەفاتى رەنگ و روو وە باڵا دادەنێیت بۆ پێشکەشکارەکانى سەر
شاشەکەت لە کاتێکدا کەناڵە جیهانیەکانى وەکو CNN – BBC شتى وا ناکەن ،
دەستى چەورى خۆتان بۆ بەسەرى ئێمەى ئیسلامیدا دەسڕنەوە ؟، ئەوە
هۆیەکانى راگەیاندنى نا ئیسلامیە کە ژنى کردۆتە کاڵایەک بۆ ریکلام و
کلیپ و جوڵاندنى غەریزەى لاوەکانمان و لە خشتە بردنى کچان و کورانى ئەو
گەلەو دوور خستنەوەیان لە رەسەنایەتى و پابەندى بە ئایین و رەوشت و بە
ها بەرزەکانى ئەم گەلە . ئەوە سایت و رۆژنامەکانە کە باس لە موغامەراتە
سێکسیەکانى هەندێ کەس دەکات کە چۆن پلەوپایەو پۆستەکانیان دە قۆزنەوە
بۆ ئیستغلال کردنى جەستەى ژن و وەکو گورگى هار تێى بەردەبن و پاشانیش
فرێى دەدەنە بەر ویژدانى کۆمەڵگا و بە کوشتنى دەدەن .
ئیسلام لەئێمەى حەرام کردوە سەیرى ژن بکەین بە چاوى ئارەزوو بۆیە
کەلەبەرامبەرى رادەوەستین زۆر بە رێزەوە چاومان لادەدەین لە سەیرکردنى
وەک لە بەرامبەر پاشایەک وەستابین ئەوەندە لاى ئێمە بەرز و بەرێزە ،
درووشمى ئێمە لە هەڵسوکەوت لە گەڵ ژن فەرموودەى پێغەمبەرە
صلى الله علية وسلم
( ما اكرمهن الا كريم وما اهانهن الا لئيم )
واتە ئەوە بەرێزە کە رێزیان لێ بنێت و
ئەوە هیچ وپووچە کە سووکایەتیان پێ بکات .
سەبارەت بە هێنانەوەى ئایەتى قورئانى پیرۆز لە ناو پەرلەمانى کوردستان
ئەوە جێى شانازیمە و مایەى سەربەرزیمە جا چى لە ئایەتى قورئانى پیرۆز
ووتەى پەروەردگار باشتر و بەرزترە ، نا زانم بۆ خەلک دڵى دەگوشرێت کاتێ
ئایاتى خوداى بۆ دە خوێندریتەوە بەراستى خوداى گەورە راستى فەرمووە
{وَإِذَا
تُتْلَى عَلَيْهِ آيَاتُنَا وَلَّى مُسْتَكْبِرًا كَأَن لَّمْ
يَسْمَعْهَا كَأَنَّ فِي أُذُنَيْهِ وَقْرًا فَبَشِّرْهُ بِعَذَابٍ
أَلِيمٍ} (7) سورة لقمان
ئەو پەرلەمانە پەرلەمانى گەلێکى مسولمانە کە خوایەکى هەیە دەیپەرستێ وە
پێغەمبەرێکى هەیە شوێنى کەوتووە وە قورئانێکى هەیە کە لە سەرەوەى
دەستوور و یاساکانە ، وەکو پەرلەمانى گەلێکى تر نیە کە هیچ دینى نەبێت
، من هەر ئەوەندەم ووتوە کە ئێمە مرۆڤین خودا نین ، دەبێ خۆمان لێ
نەبێتە فیرعەون چى ئارەزوومان خواستى بیکەین ئەو گەلەش کە دەنگى بە
ئێمە داوە بە هەموومانەوە بۆ ئەوە دەنگى بۆ نەداوین یاساى واى بۆ
دابنێین کە پێچەوانەى دینەکەى بێت ئەو ئاگا لێ بوون و تەفاعوولەى ئەو
چەند رۆژەش کە زانایانى ئیسلام لە سەرتاسەرى هەرێم و خەڵکى کوردستان
هەیبوو لە گەڵ ئەم باسە و پشتگیرى یان لە بیروبۆچوونى ئێمە باشترین
بەڵگەى قسەکانمە ، فەرموو راپرسیەک بکە بزانە خەڵک ئیسلامى دەوێت یان
شتى تر ؟ ئەوجا دەزانى ئەوانى وەک تۆ چەند دوورن لە خواستى خەڵک و
چەندە نامۆن بەو خاک و گەلە .کە جەنابت بە رەواى دەزانى ووتەى ژنە
فەیلەسوفێکى وجودى وەکو ( سیمۆن دى بوفوار ) بێنیتەوە کە بە درێژاییى
ژیانى لەگەل سارتەر وەکو عەشیقە ژیا بێ ئەوەى بەرەسمى وەکو هاوسەر بێت
و ژنى فێرى ئازادى حەرام شکاندن کرد ، بۆ لە منى ئیسلامى بە عەیب دەگرى
کەباسى ئایەتى قورئان بکەم ؟
باسى عەلمانیەت دەکات کاک جەمال بە خۆى باشتر لەمن دەزانێت ئەو مۆدیلە
عەلمانیەتەى لێرە باسى لێوە دەکرێت کە لە جیاتى بێلایەن بێت لە دین دژ
بە دینە ، دەمێکە وەکو دەیناسۆر لە ناوچووە و تەنها لە تورکیاو تونس و
کوردستان هەیە ، کاتێ هەندێ لایەنى واقیع بین ونا ئیسلامییش دەیانەوێت
عەلمانیەت و دیموکراسیەت لە خزمەت خەڵک دانێن و بەرگێکى کوردستانى
لەبەر بکەن هەروەکو هەموو گەلان لە ووڵاتى خۆیان وایان کردوە ،کاک
جەمال بە ئیسلامییان دەشوبهێنێت لە هەوڵێکى ساکارانەدا بۆ راکێشانیان
بەرەو ئەو هەڵدێرەى کە خۆى تێى کەوتووە .
لە کۆتاییشدا فرەژنى کێشەى خەڵکى داوێن پاک و پابەند بە دینە چونکە
ئەوەى وانەبێت زۆر کێشەى نیەو لە دەرەوەى پەیوەندیە شەرعیەکەى خێزان
ئارەزوى خۆى تێر دەکات و ژنێکى هەر دەست دەکەوێت کە پێویستیى یا هەژارى
یا داواکاریەکى ئیستغلال بکات و جەستەى بکاتە ئامانج ، وە ئەوانەى دژى
فرەژنى شەرعى دەوەستنەوە مافى ئەو ژنانە پێشێل دەکەن کە بە ئارەزوى
خۆیان دەیانەوێت شوو بە کەسێکى خێزاندار بکەن لەبەر ئەوەى نایانەوێت
ببنە نێچیر بۆ ئارەزوو بازان .چونکە بەدیلى فرەژنى بڵاوبوونەوەى
لەشفرۆشى و داوێن پیسى یە ئەوە ش ئەو بازارەیە کە هەوڵ دەدرێت بە
ئەجێندایەکى گومان لێکراوەوە لێرە رەواج پەیدا بکات جا ئەو کەسانەى کار
لەسەر ئەو مەسەلەیە دەکەن بەخۆیان بزانن یان نا بوونەتە بەشێک لەو
پرۆسەیە .
*زانا
رۆستایی:
ئەندامى پەرلەمان.
|