په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

                                   

کێشەی نیشتەجێیی لە خانەقین .

سەلام عەبدوڵا     


کاک عیماد سەیفور یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دەستپاکەکان و وەزیری ئاوەدانی و نیشتەجێبوونە، بەڵام پێش ئەوەی خانوو بۆ کەمدەرامەت، لانەواز، کرێچیان، بێ پەناکان درووست بکات، تەلارێکی 3نهۆمی لە بەرزاییەکەی ئیمام عەباس لە خانەقین بۆ خۆی درووستکردووە، بەبێ ئەوەی پێویستی پێ بێت یان لەناوی بژێ. هەر لە هەمان بەرزایی ناوبراو، پارتی دیموکراتی کوردستانیش خەریکی درووستکردنی چەندین تەلار و خانووە.


لە خوارەوەی ئەم بەرزاییە و بە بەرچاوی ئەو وەزیر و بەرپرسە دڵسۆزو بەڕێزانەوە، نزیکەی 3ساڵە، 70 خێزان(نزیکەی 500هاوڵاتی) کە رژێمی سەددام کاتی خۆی بە زۆرەملی بۆ ئیران دیپۆرتی کردن، لەناو چادری شڕ دەژێن.

 


لەسەرە رێگای ئەم"بەرزاییە" و، بە بەرچاوی هەمان ئەو بەرپرسانە و بەرپرسانی تری شارەکەم، خێزانێک لەناو ژوورێکی(یانەی وەرزشتی خانەقین)، نیشتەجێن!

 

 


دایکێک لەناو ژوورێکی 2×2ی ناو گەراجی ئۆتۆمبیلەکانی خانەقی، دەژێ و لەسەر شەقامەکانداو چەندین کەمئەندام و ئەوانەی کێشەی دەروونیان هەیە، ژیانیان لەسەر شەقامەکان بەسەر دەبن و چەند کەسێکی تر ناچارکراون سواڵ بکەن یان لەشیان بفرۆشن، هەروا مرۆڤی بەساڵاچوویش هەیە کە تەمەنیان بە کارکردن بەسەر بردووەو ئێستا بێکارن و ئەگەر کاریش هەبێت، توانای کارکردنیان نەماوە. ئەمانە لەلایەن ناسیاوەکانیانەوە کەم تا زۆر کۆمەک دەکرێن.


کەسایەتی و کەرامەتی ئەم مرۆڤانە وەک هەر مرۆڤێکی ترەو کەمتر نییە. ئاخر سەرۆکی هەرێم و حکومەت و حزبەکان و سەرجەم تەلارنشینەکان و ئەوەی بە خۆی دەنازێ هەر وەک ئەم بێنەواو بێنازو ماڵوێرانکراوانە، هاووڵاتین و هەمان مافیان هەیە و کەسیان لەوی تر مرۆڤتر یان پایەدارتر نییە: ئایا ئێمە براو خوشکی یەکتر نین؟!

 


ئایا ئەم مرۆڤانە شایەنی ئەوە نین، خانەیەکیان بۆ درووست بکرێ؟ ئایا کۆمەڵگا بەرپرس نییە لەبەردەم ئەم مرۆڤانە؟!
ئایا چارەسەری ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە پێویستی بە ئاستی رۆشنبیری تایبەت هەیە؟

 


ئەم مرۆڤانە لەبەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن و بەرپرس و بەڵێندەرە"بەرێزەکان" هاتوو چوو دەکەن، بەڵام دیارە بە هەند وەرنەگیراون، بۆیە تا ئێستا چارەسەرێکی شایستەیان بۆ نەکراوە؛ چارەسەرێک کە پێویستی بە خەرجێکی وا زۆر ناکات، تەرازووی دارییان، خوار بکات!


ترسی گەورەی من و لە هەموو کارەساتتر ئەوەیە، ئەم دیاردەیە لەلایەکەوە وەک مەسەلەیەکی ئاسایی بمێنێتەو لەلایەکیترەوە ئەم بیانووانە بهێنرێتەوە:((خوا ئەمەی لە نێوچەوانیان نووسیوە....خوا تاقییان دەکاتەوە...))و لەلایەن رەوتە دینییەکان بەکاربهێنرین!


راستە دەسەڵاتدارێتی کارێکی زۆر گرانە، بەڵام مرۆڤیش کاڵا نییە و ئیکسپایەر بێت، بۆیە وەک ئەرکێکی کۆمەڵایەتی نەک بەزەیی پێهاتن،پێویسته‌ ئه‌م کێشه‌یه‌ هەرچی زووتره‌ چاره‌سه‌ر بکرێت ، ئەم خێزانانە وەک کاک کەریم یونس وتی:

(خەڵکی خانەقینین و رژێمی سەددام کاتی خۆی بە زۆرەملی بۆ رومادی لە پاشاندا بۆ ئیران دەربەدەرکردین.


لەسەر پرسیاری: ئایا هیچ بەرپرسێک سەردانی ئێوەی کردووە؟، خانم نوریە شەهەواز وتی:

تەنها پۆلیسەکان سەردانمان دەکەن و داوامان لێ دەکەن ئێرە بەجێبهێڵین و ئێستا تا 15/7/2006مۆڵەتیان پێداوین لێرە بژین و لەو رۆژە ئیتر بە زۆرەملی دەرمان دەکەن. هەروا(دایک حوسین)یش وتی:( نەخێر کەسیان سەردانی ئێمەی نەکردووە).


کاک ئەحمەد(25ساڵ) یەکێکە لە دانیشتوانی ئەم شوێنە وتی:

ئەوە ماوەیەکی کورتە لە مەقەری(حسک)کاردەکەم و مانگی150هەزار دینار وەردەگرم، بەڵام ئەم بڕە پارەیە بەشی چی دەکات؟!


ئەوە چەندە لێرە دەژێن؟
ئەحمەد: ئێمە بۆ 2ساڵە بەم حاڵە لێرە دەژین. من لە خانەقی لەدایکبووم و لە ئیران گەورەبووم.


کاک کەریم دووبارە نزیکبووەوە و تی:

ئێمە کوردین و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، شەش مانگی مۆڵەتمان بدەن لەم شوێنە بژین، بە ئومیدی ئەوەی یارمەتیمان بدرێت بۆ ئەوەی خانووەکانمان لە"بەختیاری"درووستبکرێت، ئاخر بەم هەموو ژن و منداڵانە بۆ کوێ سەرهەڵبگرین؟!


کاتێ هاوڵاتییەک لەناو مەڵبەندی 12ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای خانوو لە مەلا یەختیار دەکات، مەلا پێی دەڵێ: من کرێی خانوو بۆ ماوەی ساڵێک دەدەمێ. ئەم وەڵامە بە دەڵی هاوڵاتییەکە نابێ و بە منجەمنج وتی: من چی بکەم بە کرێی ساڵێک، من خانووم دەوێت. مەلا بەختیار بێزار دەبێت و زللەیەکی سۆسیال دیموکراتیانەی لێی دا!


ئەو رووداوە لەلایەکەوە رەوایی داخوازی کرێچیان و لانەوازانی شارەکە پیشاندا و لەولاوە بێ توانایی دەسەڵاتداران بۆ دابینکردنی خانوو بۆ هاوڵاتیان کە یەکێکە بە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ و حکومەت بەپرسیارە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.


سەرگول ئەحمەد و بەهزاد ئیبراهیم خاوەن شەش منداڵن(ئەحلام، سوها، نەبڕ، هودا، یوسف). ماوەیەکە(سامەڕا)یان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە سەر زێدی باوباپیرانیان لە گەڕەکی سەرکەوتن. ئێستا لە ماڵی باوکی بەهزاد نیشتەجێن و هیچ توانایەکیان نییە، پارچە زەوییەکەیان بکەن بە خانوو. ئەم خێزانە چاوەڕوانی کۆمەکی ئێوەیە وەک حکومەت، رێکخراوە خێرخوازەکان، حزب و خێرخوازان. ئەوەی بیەوێت بە ناردنی بلۆک، چیمەنتۆ، چەو، لم، پەنجەرە و دەرگا کۆمەک بەم خێزانە بکات، دەتوانێ راستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارەی تەلەفۆنەکەیان بکات: نەوزاد ئیبراهیم(07702243227).


کێشەی نیشتەجێی لە خانەقین نموونەیەکە بۆ شارو شارۆچکەکانی کوردستان. راستە ئێمە یەک نەتەوەین، بەڵام لە دوو چین پێکهاتووین و هەر چینێک هەوڵدەدا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، فەرمانڕەواکان بە ریاکارییەوە پێمان دەڵێن (کاکە بە پەلە نابێ...!)، بەڵام لە راستیدا خۆیان لە هەموو کەسێکی تری ئەم وەڵاتە، بەپەلەترین کەس وبە پەلەترین شێوە، بوون بە خاوەن سامان و تەلار و ...هتدو بە زەقترین شێوەش پابەندبوون بە دادوەری کۆمەڵایەتی و رەوشت بە خەڵک دەفرۆشتن!


ئەوانەی سیاسەتی ئابووری بازاڕ ئازادیان هەڵبژاردووە و پەیڕەوی دەکەن، بەرپرسی راستەوخۆی کێشەکانی هەژاری، گرانی، کەم درامەتی و نیشتەجێیی.


لەپێناو بەرژەوەندی باڵای زۆربەی گەلەکەمان، دەبێ حکومەت پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هاوڵاتیانە جێبەجێ بکا، بەمە دەتوانین یەکێک لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ، دابین بکەین.
 

تێبینی: وێنەکان بەشێکی زۆر کەم لە هەژارەکانی خانەقین پیشاندەدەن.

 

 

ژمارەی تەلەفۆن07701929872

dwaroj@yahoo.de