٢٦\٥\٢٠١٤
کەیسی ئەحمەد
شێروان،
ناوەرۆک و ماهیەتی پووچەڵی سیستەمی
دادپەروەری کوردستانی جارێکی تر ئاشکرا کرد!

لاوژە ماهیە
من هەمیشە لە وتارەکانم، دەربارەی کێشەکانی
کۆمەڵگای کوردستان هەوڵمداوە باسی چوارچێوەکان بکەم کە بۆ ئینسانەکان
داتاشراون و بەپێی ئەم قاڵبە داڕێژراوانە کۆمەڵێک شتیان وەک پیرۆزی
دەستنیشان کردووە لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن لەباریانەوە بڤەیە. بۆ نمونە
لەم چوارچێوانەدا دەڵێت، تەنها دوودڵی و گومان لەڕاستی و ناڕاستی دەقە
ئائینیەکان بەسە بۆ ئەوەی بە کافر ئەژمار بکرێیت و بکەیتەو بەر شاڵاوی
نەفرەتەوە.
لە کۆمەڵگایەکی تەندروست و ئاساییدا ئەگەر منداڵ بۆ نمونە تەمەنی
گەیشتە ٥ بۆ ٦ ساڵ و پرسیاری چۆنیەتی دروستبون و لەدایکبونی منداڵ
نەکات ئاسایی نییە، لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەدرۆو چەواشە وەڵامان
دەدەنەوەو دەڵێن کڕیمان! وە لە هەمانکاتدا ئەگەر منداڵ گەیشتە تەمەنی
هەرزەکاری و بیر لە دروستبوونی کەون نەکاتەوەو پرسیاری دین و
سەرهەڵدانیان نەکات ئاسایی نییە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئینسانەکان
بەجۆرێک لە چوارچێوەدراون و ڕێگایان نەداوە مێشکی ئینسان ئاسایی گەشە
بکات وا فێرکراوە کە تەنانەت ئەگەر بیریشی لێبکاتەوە کافر دربێت، بۆیە
یان ڕێگای نەداوە کە مێشکی گەشەبکات یان پرسیارەکە لە ناخی خۆیدا
دەهێڵیتەوەو پەنگ دەخواتەوەو ناوێرێت لە ترسی کۆمەڵگا دەریببڕێت یاخود
لەترسی خوا بەدوا داچونی بۆ بکات. خۆ ئەگەر مێرد منداڵێکی بوێر وەک و
ئەحمەد هەڵکەوێت ئەوە لە لایەن خێزان، خوێندنگا، کۆڵان و ناوبازاڕ
تادەگاتە یاساو سیستەمی دادپەروەری و پۆلێسەوە ڕوبەڕوی سەدان کێشە
دەبێتەوە و ژیانی لێدەکەنە جەهەندەم.
تاوانی ئەحمەد تەنها ئەوەبووە کە منداڵێکی زیرەک و وریا بوەو
نەیویستووە درۆ لەگەڵ خۆی بکات و کەوتۆتە پرسیارکردن و لێکۆڵینەوە لەم
بارەیەوە.
کەیسی ئەحمەد لە دوو ڕووەوە گرنگە جەختی لەسەر بکرێت و بە وردی بخرێتە
بەر باس و لێکۆڵینەوە و شەفاف بکرێتەوە و شەڕی لەسەر بکرێت. یەکەمیان
پەیوەندی بە ئازادیەکانی تاکەوە هەیە لە کۆمەڵگا. لە کۆمەڵگای ئێمەدا
بەهۆی ئەم چوارچێوانە، ئەوەی لەبەرچاو نەگیراوە ئازادی تاک و دەربڕینی
ئازادانەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا تاک بوونی نیە، نەک هەر تاک بەڵکو
بەگشتی لەدەرەوەی بازنە کلێشەیەکان گروپێش بەها و بایەخی نیە. هێڵی
سووری پیرۆزیەکان وەکو پوتکێکی کاریگەر عەقڵی ئێمەی توشی شەلەل کردووە.
وای کردووە هەموو ئازادی تاک پێشێلبکرێت، ئینسانەکان مافی ئەوەیان
نەبێت کە بیرو بۆچونی خۆیان دەرببڕن بە ئارەزوی خۆیان بنوسن، قسەبکەن،
فانتاسیاکانیان گەشە پێبدەن و وەڵامی پرسیارەکانیان بە گەڵاڵە کراوی و
بە مەنتیق وەربگرنەوە نەک بە تەقلید و کلێشە. لە وڵاتی ئێمە بەپێی
یاساو ڕێسا مافی دینداری و بێدینی نییە ، بەپێی یاسا مافی بێدینبوون
نەپارێزراوە، هەر ئەمەش بەسەر کۆمەڵگا سەپێندراوە وای کردووە زۆر کەس
بەهۆی بێدینبوونیەوە سوکایەتی پێکراوە و تەرد کراوە، توندو تیژی
جەستەیی و دەرونی بەرامبەرکراوە، دەسەڵاتیش بەخاتری بەرژەوەندیەکانی
خۆی پەرەی بەم کەلتورە داوەو زیاتر دەمەزەردی کردۆتەوە.
دووەمینیشیان منداڵبونی تەمەنی ئەحمەدە، بەجیا لەوەی کە لەم کۆمەڵگایە
ئەوەی بیری لێنەکرابێتەوە منداڵان و دروستکردنی کەسایەتیانە،
پەروەردەکردن و هەوڵدان بۆ گەشەکردنی فکری و جەستەییان بەشێوەیەکی
دروست، لە هەمانکاتدا ئەم پیرۆزی و هێڵە سورانە وایان کردووە کە ئەگەر
کەسێکی ژێر تەمەنی یاسایی هێڵە سورەکان بپچڕێنێت، هەوڵی تیرۆری
کەسایەتی بدرێت. لە سەرتاسەری جیهاندا کەسی ژێرتەمەن ١٨ ساڵ بۆی نییە
دەنگبدات، بۆی نییە خۆی بڕیار لەسەر ژیان و چارەنوسی خۆی بدات. وە لە
کوردستانیش هەر بەهەمان شێوەیە، وە لە ڕەشنوسی دەستوریشدا هاتووە کە
دەبێت یاساکان بەرئەساسی جاڕنامەی مافی مرۆڤی جیهان بێت، وە بەپێی ئەم
جاڕنامەیە نابێت هیچ ئایدۆلۆجیاو بیروباوەڕێک بەسەر منداڵاندا
بسەپێندرێت! بەڵام دەبینین بەپێی هیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤ ئەحمەد
دەستگیردەکرێت و ئەشکەنجە و دەستبەسەر دەکرێت، تەنها لەبەرئەوەی باوەڕی
بەم ئایدلۆجیایە نییە کە ناوی دینە! ئەمە چ کۆمەڵگایەکە؟ بۆ دەنگدان
منداڵە بۆچونەکانی بێبایەخن، بەڵام لە کاتی ڕەخنە لە دین بۆچونەکانی
ژیانی دەخەنە مەترسیەوە.
سیستەمی دادوەری لە کوردستان لەجیاتی ئەوەی شەخسیەت و کەڕامەت بۆ
ئینسانەکان بگەڕێنێتەوەو مافی هەقخوراو بسەنێتەوە، خەریکی چەواشەکاری و
شکاندنی شەخسیەتی ئینسانەکانە، خەریکی دروستکردنی سیناریۆیە ئەوکەسانەی
چاویان لە سیستەمی دادوەریە کە هەقیان بۆ بگەڕێنێتەوە بەڵام زۆر
گاڵتەجاڕانە کەیسەکان دەگۆڕن سەناریۆ دروستدەکەن. ئێمە هەمومان شاهیدی
ئەم سیناریۆ گەورەبوین کە بۆ ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان
دروستکراو کەیسەکەی لە دادگاکانی هەولێر بە تیرۆریست ناسێندرا، ئێستا
سیناریۆیەکی لەهەمان شێوە بۆ ئەحمەد دروستدەکرێت. بەهۆی ئەوەی ئەحمەد
باوەڕی بە دین نەبووە لە لایەن باوکیەوە دراوە بە دادگا و داوای لەسەر
تۆمارکراوە، سەرەتا بە مادەی ٢٤٠ کە هیچ پەیوەندیەکی بە تەکفیرەوە نییە
بانگراوە، بەپێی وتەی پارێزەرەکەی ئیفادەکە گۆڕدراوەو کراوەتە یاسای
مادەی ١٤وە بەم برگەیە بانگکراوەتەوە کە پەیوەندی بە مادە
هۆشبەرەکانەوە هەیە! وە ئەمەش بە بەرفراوانی لە چەند سایت و کەناڵێکی
سەر بە پارتی تەئکیدی لێکراوەتەوە، لەکاتێکدا کە پارێزەرەکەی بۆ یەکێک
لەم سایتانە ماوەی سعاتێک قسەیکردووە بەڵام ئامادە نەبوون بڵاویبکەنەوە.
لەمبارەیەوە دایکی ئامەد لە لێدوانێکی بۆ ن ر ت تەئکیدی لەسەر ئەوە
کردۆتەوە کە بەهۆی باوەڕ نەبوون بە دینەوە باوکی داوای لەسەر
تۆمارکردوە ئێمە بۆیە ئەم کارەمان کرد بۆ ئەوەی کوڕەکەمان چاکبێت نەک
تۆمەتی بۆ هەڵببەسترێت.
دیارە پارتی بەشێوەیەکی چەواشەکارانە لەڕێگای دەزگا سێبەرەکانی و
سیستەمی دادپەروەری کە بوکەڵەیەکە بەدەستیەوە بەهۆی ئەم فشارانەی
لەلایەن خەمخۆرانی مافەکانی منداڵان و ئازادیخوازانەوە بەسەریانەوەیە
خەریکی سیناریۆ دروستکردن و تیرۆرکردنی کەسایەتی ئامێدی
١٥ ساڵن. لەژێر ئەم فشارانە ناچاربوون و
پێیان باشتر بووە کە مادە هۆشبەرە گەورەکە کە دینە لاببەن و مادەی
هۆشبەری تری بخەنە جێگا.
ئەوەی لێرە ڕودەدات بەهۆی نەبوونی یاسایەکی مرۆڤدۆستانەی سەربەخۆ و بە
دوور لە دەستێوەردانی دابو نەریت و مەزهەب، کە مافی ئینسانەکانی تێدا
پارێزراوبێت، کە ئینسانەکان ئازادبن لە دەربڕینی بیروبۆچونیان بۆ
ئازادی دینداری و بێدینی.
هەڵسوکەوتی دادگاکان لەگەڵ ئەحمەد شێروان، نمایشکردن فیلمی ڕیسوایی و
مایەپوچی دەسەڵاتدارانی کوردستانە نە هیچی تر.
لە کۆنەوە وتویانە هەرشتێک بگەنێت، خوێی تێدەکەن بە ڵام هاوار لەو
ڕۆژەی کە خوێ دەگەنێت، لە سەرتاسەری دونیادا پەنابردن بۆ یاسا و
سیستەمی دادپەروەری باشتری چەکە دژی توندوتیژی و بەتایبەت بۆ پاراستنی
منداڵانی بێدیفاع لە توندو تیژی و دەستدرێژی، بەڵام ئامێد ڕاستەوخۆ لە
لایەن سیستەمی دادپەروەریەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر و ڕوبەڕوی توندوتیژی
بووەتەوە. ئەگەر ئەمە کردەوەی مەحکەمە و سیستەمی دادپەروەری بێت،
کۆمەڵگا تەنها زەلکاوێکە.
دیارە لەسەرەوەش ئیشارەتم پێدا بەرەنگاری هەیە بەرامبەر بەم یاسایانە،
بەرامبەر بە دادگاییکردنی مێردمنداڵێک بەرامبەر بە نەبوونی ئازادی
ڕادەربڕین و ئازادی تاک، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، بەشێوەیەکی
ڕێکخراوو سەرتاسەری نییە، لە ئاستی ئەم هەموو " ڕۆشەنبیری و چالاکوانە
مەدەنیەی" کە لەکۆمەڵگادا هەیە، کارکردنی جدی بۆ بەدیهێنانی مافەکانی
منداڵان لەو ئاستەدا نییە، بەرامبەر بە ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی
تاکە کەسی بێدەنگن، بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرتاسەری نییە بۆ ئەوەی
داوای جیایی دین لە دەوڵەت بکات، بێدەنگیەکی قوڕوقەپ بەرامبەر بە مادەی
شەشی ڕەشنوسی دەستور هەیە، کە دەڵێت هەموو یاساکانی وڵات دەبێت
بەرئەساسی یاسای ئیسلام بێت، ئەمە زۆر کوشندەیە و هۆکارێکە بۆ ئەوەی
ئامەدو ئامەدەکان بکاتە قوربانی، کەسایەتیان بڕوشێنێت و تۆمەتیان بۆ
دروستبکرێت.
ماڵپەڕی
لاوژە ماهیە
|