.کڕینى شەرەف لەناوبردنى ژنانە
ئەم جیهانە پڕە لە هەڵە ، پڕە لە بێ وویژدانى و پڕە لە تاوان ، من هەمیشە لەم ڕووداوانە خۆم لا ئەدەم چونکە دەزانم کە لە ووڵاتى من کێشەى گەورە هەیە ، هەمیشە چاوەڕوانى ڕووداوى چاوەڕوان نەکراو و سەرسوڕهێنەرترم وەک لەو ڕووداوەى کە پێشتر دەیبینم و دەیبیستم ، ووڵاتەکەم ووڵاتى قەزاو قەدەرە ، ووڵاتى بێ ژنە ووڵاتى ژن کوشتنە !
ژن واتا ژیان ، درەختى هەمیشە سەوز و بەردار ، نازانم ئەو دڕندانەى جەستەى بلورینت وردو خاش دەکەن و گیانى پاکت بە خوێن دەشۆنەوە چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن لە ژیاندا ئاسوودە دەبن ؟!
ئەوەتا لەم سەردەمى مۆدێرنێتە کۆمەڵگاى مەدەنى و ئازادى و مافى مرۆڤ دیاردەى کوشتنى ژنان لە برەودایە و گەشەى پێدەکرێت لە لایەن ڕەگەزى بەرامبەرەوە ، داخۆ کوشتنى ژنان کارێکى وەها شەرەفمەندانە بێت ؟
بێگومان نەخێر ، هەندێ کەس بانگەشەى یەکسانى و مافى ئافرەتان دەکەن و بانگەشەى ( فێمێنیزم ) دەکەن گەر دەتانەوێت سنورێک بۆ ئەم تراژدیایەى ڕەشە کوشتنى ژنان دابنێن و لە ڕەگەوە هەڵى کێشن و چیتر ئەو هەواڵانە نەبیستن و نەبینن.
تکایە دەسەڵاتى کوردى ئەم پێشنیارانە بە هەل وەربگرن بۆ ئەو بابەتە :
1. پێدانى پێشینەى هاوسەرى ( سلفە الزواج ) بۆ ئەو گەنجانەى کە دەچنە نێو پڕۆسەى هاوسەرگیرى بە جۆرێک کە تواناى پێداویستیەکانى ناوماڵ فەراهەم بکات . 2. دروست کردنى شوێنى نیشتەجێبوون . 3. هەلى دامەزراندن بۆ درەچووانى زانکۆ و پەیمانگاکان بە بێ دواکەوتن . 4. هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى بژێوى لە هەموو ڕوویەکەوە . 5. چارەسەرێک بۆ ئەو زەنگە ترسناکەى کە ئێستا ڕووبەڕوومان بۆتەوە ئەویش ڕێژەى قەیرەى کچە ئەوە بزانن چارەسەرکردنى ئەو ڕێژە زۆرەى کە ئێستا هەموومان درکى پێ دەکەین ئەو خاڵانەى سەرەوەیە .
دەسەڵاتى کوردى حەقە بە جدى ئاوڕێک لەم مەرگەساتەى ژنان بداتەوە چونکە فەرامۆشکردن و پشتگوێ خستنى ئاکامەکەى کوشتن و ئەتکردنى ژنانى لێدەکەوێتەوە بە ڕێژەیەکى زۆر زیاتر هەرچەندە لاى هەندێ کەس کوشتنى ژنان بە کڕینەوەى شەرەف دەناسرێت ئەمەش لە کۆمەڵگایەکى ڕۆژهەلاتى و موسڵمان شتێکى چاوەڕوان کراوە ، لە ئەنجامى نەبوونى ئازادى ( سێکسى ) و ئازادى تاک و ئازادى باوەڕ ، ئەمەش لە سەردەمێکدایە کە کوردستان بەرەو کرانەوەى دیموکراسى هەنگاو دەنێ .دەبێت ژنان چ سوودێکیان لەم دیموکراسیە وەرگرتبێ ؟!!!
سلێمانى
Farhang_jalal@yahoo.com
|