کوا سەروەری تا پێشێل بکرێت...؟!
موزەفەر عهبدوڵا
بەرەبەیانی ڕۆژی پینجشەممەی ڕابردوو دەستەیەکی تایبەتی سوپای ئەمریکی بە بێ ئاگاداری بەرپرسانی سیاسی داماوو و زەبونی عێراق و کوردستان هەڵیان کوتایە سەر هوتێلی سلێمانی باڵاس لە شاری سلێمانی و بە دەست و چاوی بەستراوەوە ئاغای فەرهادی یان بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاندووە.فەرهادی بە پێ ی ڕاگەیاندنەکانی تاڵەبانی و بارزانی و ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرپرسی شاندیکی ئابوری و بارزگانی بووەو بە مەبەستی گرێ بەستی بازرگانی سەردانی کوردستانی کردووە.بەڵام بەرپرسانی سوپای ئەمریکی دەڵێن ئەو بەرپرسێکی سوپای قودسی ئێرانە لە شاری کرمانشا.
بەهەر حاڵ ئەوەی کە ئاغای فەرهادی لە واقعدا چی یەو پڕوپاگەندەی هەر یەک لە ئەمریکاو ڕژێمی ئیسلامی چۆنەو چی یە جی مەبەستی ئەم نوسینە نی یە.چونکە ئەمە نە یەکەم جارە نوێنەرانی ڕژێمی ئیسلامی دەفرێندرین و نە دوا جاریشە کە هەرا ساز دەبێت لەسەری، بەڵکو ئەمە ڕاستەوخۆ قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و کوردستان نیشان دەدات .
لە راستی دا ئەوەی جیگەی سەرنج و قسەو تەنانەت گاڵتە جاری یە ئەوەیە کە لە قسەکان و ڕاگەیاندنەکانی هەر یەک لە تاڵەبانی و بارزانی ، و یاخود ئەوانەی وەک ووتە بیژی ئەوان قسەیان کردوە ،هاتووە .
تاڵەبانی و بارزانی لە قسەو ڕاگەیاندنەکانیان وێرای ئەوەی زۆر بە ئەدەب و دیبلۆماسی یەوە لە بەرانبەر ئەم کردەوانەی سوپای ئەمریکا قسەیان کردووە، هاوکات پێ دەچێت بەهۆی فشاری کۆماری ئیسلامی یەوە جورئەتێکیان لە خۆیان نیشان دابیت تا قسە لەسەر سەروەری و پێشیل کردنی سەروەری بکەن .بەڵام پرسیاری هەر کەسێک لە بارزانی تاڵەبانی وەک دوو دەسەڵاتداری عێراق و کوردستان ئەوەیەن کوا عیراق و کوردستانی ژیر سایەی ئیوە سەروەری هەیە تا پێشیل بکریت و باس لە پێشێل کردنی بکریت ،بە تایبەتی لە بەرانبەر ئەمریکادا..؟؟!ئێوەیەک کە لە چەند ساڵی رابردوودا ڕاستەوخۆ بەهۆی پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتی شەڕخوازانەو داگیرکارانەی ئەمریکا هاتنە سەرکارو تەنانەت بە پێی سیاسەتی ئەمریکا وەک داشی دامەو شەترەنج گەمەتان پێ دەکرێت، کوا سەروەریتان تا باسی پێشێل کردنی بکەن؟؟!!.
ئاخر ئەگەر عێراق و کوردستانیک سەروەری هەبووایە نەک ئەمریکا بەڵکو ڕژێمەکانی ناوچەکەش، بە تایبەتی تورکیاو ئێران، چۆن دەیان توانی ئاوا بە ئاسانی ڕۆژانە سنوری ئەم ووڵاتە ببەزێنن و بە دەیان کیلۆمەتر بێنە قوڵایی خاکەکەیەوەو وە بە بی ترس بۆردومانی شارۆچکەو گوندەکانی بکەن و بە هەزاران کەس ئاوارە بکەن و تەنانەت لییان بکوژن!! ئەوە چەند جارە ئەم دوو ڕژێمە فاشی یەی تورکیا و ئیران ئەم سەروەری یەتان پێشێل دەکات ئێوە جگە لە ڕاگەیاندنی پوچی ئاوا چیتان لەدە دەست هاتووە؟؟!
بەڵام لەو باوەڕەدام کە خۆشتان وەک هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان باش بزانن کە ئەو دوو جوگرافیایەی ئێوە سەرۆکایەتی دەکەن یەک زەڕڕە سەروەری( سیادە) ی نی یە تا باسی پێشێل کردنی بکرێت.بەڵام ئەم هەڵویست گیری یەتان بۆ ڕوو سپی کردنەوەی خۆتان و ڕازی کردنی دڵی جمهوری ئیسلامی ئینسانکوژی ئیران بێت .
ئەوە ڕۆشنە بۆ هەموو خەلکی ئازادیخوازی عیراق و کوردستان کە تا عێراق و کوردستان لە بازنەی داخراوی ئەم هەلومەرجەدا بسوڕێتەوەو ببێتە موڵگەی سەربازی ئەمریکاو مەیدانی ساغ کردنەوەی ململانێی هێزە جهانی و ناوچەیی یەکان ئەوە ناکرێت باسی سەروەری و سیادە بکرێت.وە مەرجی بەدەست هێنانی سەروەری عیراق و کوردستان ،کە ئەوان فرمیسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن ، دەرچونی هیزەکانی ئەمریکاو سەربەخۆ بوونی ئەم دوو جوگرافیایەیە بە پیی ئیرادە و ویستی خەڵکەکەی .
سێپتەمبەری 2007 mozafar_as@yahoo.com
|