کۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیریی کوردی - کێرکلیس له‌شاری هودرسفێڵدی به‌ریتانیا ئێواره کۆڕێکی سیاسیی بۆ ئاسۆ که‌مال سازدا.
گه‌شبیر ئه‌حمه‌د
ئاسۆ که‌مال له سه‌ره‌تادا کورته‌یه‌ک له سه‌ر ژیانی سیاسیی کۆرگێڕ خوێندرایه‌وه ، له ته‌وه‌ری یه‌که‌مدا کۆڕگێڕ تیشکی خسته‌سه‌ر فیدڕالیزم و چاره‌نوسی کوردستان پاشان باسی له چالاکییه‌کانی ڕیفراندۆم کرد که زۆرینه‌ی خه‌لکی کوردستان سه‌ربه‌خۆییان هه‌ڵبژارد له‌سه‌دا نه‌وه‌ت و هه‌شتی خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆیی دا، که به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌م ده‌نگه کپ کرایه‌وه. هه‌روه‌ها تیشکی خسته سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی، مه‌ترسی ئیسلامی سیاسیی له‌ناوچه‌که و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌روه‌ها باسی له یاداشتی مه‌لا و حیزبه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کرد که چۆن ده‌یانه‌وێت ڕێگه له ئازادیی بیروڕاده‌ربڕین بگرن. له ته‌وه‌ری دووه‌مدا ئاسۆ که‌مال هاته‌سه‌ر باسی ماده‌ی 140 و کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی که‌رکوک و چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 و له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکردایه‌تی کورد به‌رامبه‌ر به شه‌قامی کوردی و نیگه‌رانی هاوڵاتیان، پاشان شڕۆڤه‌ی ڕۆڵی ئه‌مریکا و ئێران و تورکیا و ووڵاته عه‌ره‌بییه‌کانی له‌سه‌ر چاره‌نووسی بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان کرد، هه‌روه‌ها تیشکی خسته سه‌ر کاردانه‌وه‌ی ڕاپۆرتی به‌یکه‌ر هامڵتۆن و مایکڵ ڕۆبن پاشان به ژیرانه باسی له ڕاپۆرتی دیمستۆرا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان کرد و ئه‌مه جگه له چه‌ندین بابه‌تی تری وه‌ک نه‌بوونی یاسا و حکومه‌تێکی دامه‌زراوه‌یی و توندوتیژیی و ره‌شه‌کوژیی ژنان و پێشێلکارییهکانیتری ماف و ئازادییه‌کان که سه‌ره‌نجامی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌ن که ئێستا له کوردستان ده‌گوزه‌رێ. به‌ر له کۆتاییهاتنی کۆڕه‌که ته‌وه‌ری سه‌رنج و پرسیاره‌کان ده‌ستیپێکرد و ئاماده‌بووان به‌شدارییه‌کی گه‌رموگوڕیان له کۆڕه‌که‌دا کرد و له هه‌مان کاتیش‌دا خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به ئاماده‌کارانی کۆڕه‌که هه‌روه‌ها به تێبینی و پرسیاره‌کان کۆڕه‌که زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، کۆڕگێڕ وه‌ڵامی پرسیاری ئاماده‌بوانی دایه‌وه، کۆڕه‌که زۆر به سه‌رکه‌وتووی کۆتای هات و له‌لایه‌ن (کۆمه‌ڵه)وه ئه‌رک و ماندووبوونی کۆڕگێڕ به‌رز نرخێندرا که له له‌نده‌نه‌وه هاتبوو هه‌روا سوپاسی هه‌موو ئاماده‌بوان کرا به‌تایبه‌تی ئه‌و میوانانه‌ی که له ده‌ره‌وی هودرسفێڵد - دۆنکاسته‌ر، لیدز، برادفۆرد، مانچسته‌ر، داربی ... هتد - وه هاتبوون.
30/06/2008 gashbir@hotmail.com
|