ئه‌نفاڵی 2008 بۆ مه‌راسیمی رێزلێنان له روفاتی 354 قوربانی ئه‌نفاڵ .
فـه‌هـد گـــرده‌وانـی
یا خۆت نیشان بده‌یت و له به‌ر چاوان بیت رقم لێته ئه‌ی ئه‌نفاڵ # # # ئه‌ی له‌که ره‌شه‌که‌ی نێوچه‌وانی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمی فاشی به‌عسی گۆڕ به‌گۆڕ کراو . ئه‌ی مێژووه ڕه‌شه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی یاسای بیابان و به‌ناو ئیسلام . له‌ژێر چاوی هه‌ردوو {الله اکبر} ی سه‌ر ئاڵاکه‌ت ، گۆڕستانی مرۆڤایه‌تیم بۆ دروست ده‌که‌یت و بێشه‌رمانه‌ش سه‌رکه‌وتنت به‌سه‌ر ژن و منداڵ ، ناوی لێده‌نێی ئه‌نفاڵ با له‌لای هه‌موو ئیماندارانیش پیرۆز و خۆشه‌ویست بێت . هه‌ر رقم لێته ئه‌ی ئه‌نفاڵ # # #
رقم لێته با ناوت هه‌ر ئه‌نفاڵ بێت و سه‌رقافڵه‌که‌ت با هه‌ر سه‌دام حوسێن و سوڵتان هاشم و عه‌لی کیمیایی بێت با سه‌رله‌شکریان هه‌ر قورئان خوێندن و الله و اکبر بێت . ئه‌ی ئه‌نفاڵ # # # ئه‌مڕۆ بۆ رێز لێنان له ئێوه رووبار له کوردستان گۆرانی ناڵێت . شه‌پۆڵ له ده‌ریاکانی جیهان سه‌ر ئاو ناکه‌وێت . باران له نیوه‌ی رێگا به‌ره‌و ئاسمان ده‌گه‌ڕێته‌وه . برووسکه له داخان ره‌ق ده‌بێته‌وه . # # # له رۆژی 14/1/2008 دا کوردستانه‌که‌م 354 رووحی تازه‌ی له دایک بوو . 354 مرۆڤی زیندووی جۆراوجۆر له ژن...منداڵ...پیر...کیژ...گه‌نج . هه‌ر یه‌که‌یان ره‌نگی چاویان جۆری قژیان جیاوازه . ته‌نها هه‌ڵگری یه‌ک ناسنامه و خه‌ڵکی یه‌ک ووڵاتن . # # # ئه‌وانه روفاتی نێردراوی یه‌زدانن ئه‌وانه 354 پێغه‌مبه‌ری مرۆڤایه‌تین بۆ سه‌ر رووی زه‌وی . 354 گوڵی سووری سه‌ر سینگی دایکانی شه‌هیدی جیهانن . ئه‌وانه رووی گه‌شی مرۆڤایه‌تین و گڕ و دڕکن له چاوانی ، هه‌ست و نه‌ست و دڵی بێده‌نگی و مردوو ، به‌رامبه‌ر گۆڕی به کۆمه‌ڵ . # # # ئێوه چه‌ند که‌سن دوو ده‌ست دوو قاچ هه‌زاران ده‌ست هه‌زاران قاچ ده‌رزه‌ن ده‌رزه‌ن گلێنه‌ی چاو هه‌زاران چاو 183 هه‌زار ئه‌نفاڵ 8 هه‌زار بارزانی 5 هه‌زاری کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه چه‌ند هه‌زار گه‌رده‌نی په‌تی قه‌ناره و سێداره . ئێوه چه‌ندن له‌سه‌ر خاک و له ژێر زه‌وی دا . ئێوه چه‌ندن له‌ناو شاخ و له نێو دۆڵ دا . ئه‌ی سه‌ربه‌رزانم ده‌پێم بڵێن ئێوه چه‌ندن . # # # ئه‌و روفاتی ئه‌نفاڵانه له په‌یکه‌ری ئازادی نیویۆڕک به‌رزتره . له گۆڕه‌پانی سووری مۆسکۆ جوانتره . له که‌نیسه‌ی ڤاتیکان پیرۆزتره . له گۆڕه‌پانی که‌عبه‌ی موسڵمانان فره‌وانتره . له ئه‌هراماتی فیرعه‌ونه‌کان کۆنتره . بۆ مرۆڤایه‌تی شوێنی حه‌سانه‌وه‌یه گۆڕی به کۆمه‌ڵتان ، ئه‌ی شه‌هیدان . # # # هه‌ڵکه‌نن ئه‌و خاکه هه‌ڵکه‌نن ده‌بیندرێته‌وه ، هه‌ر هه‌موویان ده‌ناسرێنه‌وه . ئه‌و که‌لـلـه سه‌رانه له توره‌گه و بوغچان بکه‌ن بۆ باره‌گای خودا ده‌نێرینه‌وه ، با دوا بڕیاری خۆی له‌سه‌ر تاوانباران بدات . کۆیکه‌نه‌وه با ئێسکه‌کان یه‌که یه‌که بناسیته‌وه و ناوی ئه‌و قاره‌مانانه‌مان بۆ بنووسێته‌وه . هه‌تا کوردستان مابێت ، ئێوه زیندوون . هه‌تا یه‌ک تاقه کورد مابێت ، ئێوه تاجی سه‌ری ئێمه‌ن . ئێوه پیرۆزی مرۆڤایه‌تین .
14ـــ17/1/2008 ستۆکهۆڵم
|