په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

کۆتایی هاتن بە کێشە سنوریەکان

پابەندە بەچارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی کورد لە باکوری کوردستان .


هەورامان عه‌لی تۆفیق

 

کێشەی سنورو خۆسورکردنەوەو هەڕەشە و بەڵێنەکان بۆ پەلامارو یەکلاکردنەوەی کێشەکان زەمەنێکی زۆرە بەردەوامی هەیە و ئەمەش نەک تەنها لەگەڵ تورکیا بەڵکو ئێرانیش ، بەڵام ئەم ووڵاتە بە شێوازێک و سیستەمێکی دیبلۆماسیانە تر مامەڵەدەکات و باری گرژی ووڵاتەکەی بەرامبەر ئەمریکا و جیهان بەهۆی کێشە ئەتۆمیەکەیەوە نایەوێ بارو دۆخەکان لەخۆیی زیاتر ئاڵۆزتر بکات و ئەم ووڵاتە لەلایەکی ترەوە کارەکانی خۆیی ئەنجام دەدات کە خواروی عێراقە و دەست بەسەراگرتنی دەسەڵاتی عێراق دەست وەردانە کاروبارە سیاسیەکانیەوە بەو شێوەی کە دەبینین .. ئەگەر بۆ مێژووش بگەڕێینەوە کێشە سنوریەکان بوونە هۆیی بەستنی چەندین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی یان ئەو ڕێککەوتننامە چەند قۆڵیانەی لە نێوان ووڵاتان دژ بەکورد ئەنجام دەدرێن لەوانە ڕێککەوتنە شومەکەی جەزائیرو پاشان شەڕی 8 ساڵەی عێراق ئێران کە سەرچاوەکەی کێشەی نەتەوەیی کورد بوو ، بۆیە پێش ئەوەی بیر لەهیچ مەسەلەیەک بکەینەوە و باس ئەجندەکان بکەین دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە کێشەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بەچارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە ..


تورکیا ئەو ووڵاتەی وەک ئەوەی ئێستا بوونی هەیە سنوری بەعێراقەوەیە ، واتە وەک دوو دەوڵەت عێراقی ـ تورکیا ، بەڵام سنورەکان لەهەردوو لاوە کوردستانین و خاکی نەتەوەیی کوردە و ئامانج و خواستە نەتەوەیی و بەرژەوەندەیەکان بۆ ئایندە بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە بەدرێژایی مێژوو . ئەوەی بەدی دەکرێت لەهەڵوێست و مامەڵەکردنی دەوڵەتی عێراقی و بەشێوەیەکی تایبەتی لایەنی عەرەبی لەم ووڵاتە کە پێش ئەوەی وەک ووڵاتێکی دراوسێ بیربکەنەوە وەک نەتەوەیەک بیردەکەنەوە کە بەدرێژایی مێژوو بەدەم ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن و توانایی چارەسەرکردنیان نیە و نایەنەوێت چارەسەریشی بکەن بەو پێیە تەماشایی مەسەلەکان دەکەن و دواتر دێنە سەر ئەوەی وەک دوو دەوڵەتی هاوخەم لەومەسەلەیەدا ، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ باری عێراق جیاوازی هەیە لەوەی پێشوو تاڕادەیەک مەسەلەکان دەگۆڕدرێن و باسەکان نەرم ترو کەمتر کوشندە دەبن ئەویش بەئاگایی و چاودێری بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسی کوردی دەبێت .


حکومەتی عێراقی لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی وەک سەرەک وەزیران و سەرەک کۆمارو جێگری سەرەک کۆمارو و گەورەبەرپرسانی دی لەدەسەڵات و لایەنە سیاسیە عەرەبیەکان دوولایەنەیە و وەک خۆیان باس لەشەفافیەت دەدەکەن لێدوانەکانیان ئەو شەفافیەتەی تێدا بەدی ناکرێت ، وەک سەرەک وەزیران لەسەر زاری خۆیەوە داوای کرد بەکارکردن و کاراکردنی کاری لیژنەی سێ قۆڵی ( عێراق ـ ئەمریکا ـ تورکیا ) بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشە سنوریەی نێوان هەردوو ووڵات . لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە هاوکاری نێوان هەردوو ووڵات و پتەوکردنی پەیوەندیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپ و ڕێکخراوە تیرۆرستیە قەدەغەکراوەکان لەوانەش ( پەکەکە ) .


پاشان سەردانی تارق الهاشمی جێگری سەرەک وەزیران و بیروڕای بەرەی تەوافق بۆ ئەو مەسەلەیە لەڕوانگەیەکی عەرەبیەوە و بەدڵنیایەوە دوورە لەچارەسەر کردنی کێشەی نەتەوەیی بۆ کورد چونکە ئەوانە لەعێراقدا کە کورد خاوەن هەرێمێکی سەبەرخۆ و دەسەڵاتە و گرفت و کێشەی بۆ دروست دەکەن و دان بەماف و خواستەکانیدا نانێن دەبێ چۆن بۆ کوردەکانی باکوری بکەن ..


هەڵوێستی ئەمریکاش لەم مەسەلەیەدا لەگەڵ ئاشکرابوونی بەڵام هەندێک نادیاری پێوە دیارە ئەویش بەتێڕوانین بۆ چۆنیەتی چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەتورکیا ، سەبارەت بەهەرێمی کوردستان و تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ئەم هەرێمە کە ئامانجێکی حکومەتی تورکیە لەو لەشکر کێشیەیی کە بەنیازە بۆ کوردستانی باشور ، لێرەدا کێشەی نێوان تورک و ئەمریکا لەسەرەتایی دەست بەکاربوونی ئەمریکا بۆ ئەنجام دانی پرۆسەی ئازادی عێراق کێشەی نێوان ئەم دوو ووڵاتە دەستی پێ کرد لەڕوانگەی تێڕوانین لەبەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە یەکیان نەگرتەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشەکانیان قوڵتربوونەوە ، ئەمە وەک لایەنێک ، لایەنێکی دی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی سەبارەت بەکوشتنی ئەرمەنیەکان لەسەردەمی عوسمانیەکاندا بە کۆمەڵکوژی ناودەبات .. ئەمەش بووە هۆیی توڕەیی تورکەکان و واپێدەچێت لەگەڵ خواستە دێرینەکانی ئەم ووڵاتە و ڕق کینەی بەرامبەر بەکورد دواتر کێشەی کەرکوک و بابەتە ناوخۆیەکانی عێراق کە بەناوی پاراستنی مافی نەتەوەیی تورکەوە لە عێراق دەستی تێوەردەدەن و خەونی لەمێژینەی گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ دەوڵەتی تورکیا .


بەڵام کەس بۆیی نیە باس لەکێشەی نەتەوەیی کورد لەو ووڵاتەبکات چونکە کێشەیەکی ناوخۆییە .. لەم لایەنەشەوە دەکرێ باس لە لایەنی شاراوەیی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی و ڕای گشتی جیهانی و نێو دەوڵەتی بکەین کە بەشێوەیەکی ئاشکراو ڕوون باس لە کێشەی نەتەوەیی کورد لەناوچەکە ناکەن و داواناکرێت کە دەبێ ئەو ووڵاتانەی وەک تورکیاو ئێران و سوریا کێشەی ئەم نەتەوەییە لە سادەترین مافەکانی خۆیان دەستەبەربکەن و دان بەبوون نەتەوەیی یاندا بنێن ، بەڵام پاساویی کێشەی ناوخۆیی و دەست وەرنەدانە کاروباری ناوخۆ وەک چۆن سەردەمانێک بەهەمان شێوە و هەمان هەڵوێست بەرامبەر جینۆسایدی ڕژێمی بەعسی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەدرێژایی مێژوو دووبارە دەکەنەوە .


هێزەکانی ئەمریکا و بەپێی سەرچاوکانی هەواڵ کە بیردەکرێتەوە لە دۆزینەوەی بەدیلێک بۆ بنکەی ئینجەرلیک ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا خۆیی لەو چەند شتانەی کە هێشتا تورکیا وک پاڵەپەستۆ و هێز دژ بەئەمریکا بکاریان دەهێنێت و ئەمریکاش بەنیازی خۆدەربازکردنە لێیان ، دواتر ووتەی حکومەتی ئەمریکی و جەنەڕاڵە پلە بەرزەکانی لەو هۆشداریەی کە دەدرێتە تورکیا بۆ هێرش نەکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دان بەخۆداگرتن و لەهەمان کات دا ئەوەش دەوترێ کە هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەن سەروەری خۆیەتی و مافی خۆشیەتی بەرگری لەسنورەکانی خۆیی بکات و ئەمەش مانایی ئەوە نیە کە هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ سوپایی عێراقی بەرەنگاری سوپای تورکیا دەبێتەوە ، بەهەمان شێوەش نەتەوەیەکگرتووەکان و لەسەر زاری ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان ( بان کی مون ) کە هەمان هەڵوێستی هەبوو سەبارەت بەو هێرشانە ..


لێرەدا چەند پرسیارێک دێنە پێش لەوانە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکی لەو لەشکر کێشەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ..؟ هەوڵوێستی ئەمریکا و ڕای گشتی جیهانی لەکاتی سنوربەزاندنی سوپایی تورکی بۆ هەرێمی کوردستان ..؟ کاریگەری ئەو هێرشانە لەسەر بارودۆخی ناوچەکەو باری هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی .. ؟ هەڵوێستی حکومەتی عێراقی و سوپایی عێراقی چی دەبێت ..؟ تاچەند دەسەڵاتی کورد و سوپایی هەرێمی کوردستان و هێزی ( پەکەکە ) توانایی ئەو بەرەنگابوونەوەیی دەبێت ..؟ ئەوکارەسات و ماڵ کاولی و وێرانکاریانەی بەسەر دانیشتوانی ئەو سنوورەدا دێت دوای ئاوەدانکردنەوەی ژیانێکی چەند ساڵەی ئارام دووبارە ئاوارەیی و کاولکاری و هەڵهاتن و مەرگەسات بەرۆکیان دەگرێتەوە .. سەرەڕایی ئەوەش ئەم شێوە هێرشانە و بێ دەنگ وبوونی ڕای گشتی بەرامبەریان دەرگایەگ دەکاتەوە بۆ ڕێگا خۆشکردن لە هێرشی هاوشێوە لە دراوسێکانی ترەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ...


گرنکە خێرخوازان و دەسەڵاتی کورد و دۆستان و ڕای گشتی و جەماوەرو کۆمەڵگای کورد بە یەک دەنگی ئەوە بسەلمێنێ کە کورد پێویستی بەچارەسەری کێشەی نەتەوەیی و خاک و ووڵات و سەروەری هەیە و دەبێ شێوازەکان بۆ یەکلا کردنەوەی بنەڕەتی کێشەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک چۆن کاربۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین دەکرێت دەکرێ بەهەمان شێوەش هەوڵەکان بۆ کورد بخرێنەگەڕ ئەگەر خواست و نیەتی پاک لەئارادابێت بەرامبەر بەنەتەوەی کورد ... ئەگەر لەڕوانگەی گۆڕانکاریەکانەوە تەماشابکەین ئەو نیەتە پاکە بۆ چارەسەری کێشەی کورد بوونیە و تەنها ئەوەی هەیە بەرژەوەندیەکانن و کوردیش وەک کارتێک لە گەمەی سیاسی ناوچەیی دا بەکاردەهێنرێت و ئەو کاتانەی پێویست دەکات دەهێنرێتە سەرمێز و ئەوکاتانەی بوونی زیان بەخش دەبێت لەبیر دەکرێت و ناوی نابرێت . ئەمەش بەوە دەسەلمێنرێ کە باس لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ناکرێت تەنانەت حکومەتی عێراقی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو ئاشتیانە بۆ کێشەی ( پەکەکە ) دوولایەنە ، لەلایەنێکەوە گڕی ئاگرەکە لەخۆیی دوردەخاتەوەو دواتر چی بەسەر نەتەوەیەک دێت گرنگ نیەو کێشەی ئەویش نیە .. یا ئەوەتا بەو هەست کردن بەمەسولیەتەی کە بەڵێ نەتەوەیەک تووشی زوڵم و زۆرو سڕینەوی نەتەوایەتی دەبێت و تا کێشەی ئەو نەتەوەیە چارەسەر نەبێت ئەوە گرفتی سنوری ئەم ووڵاتە بە ووڵاتانی دراوسێوە بەکۆتایی نایەت و بۆیە دەبێ ئەو شەفافیەتە ئەمڕۆ لەو شێوە گرفتانەدا بەدیار بکەوێت و دۆزی کورد لەسەرمێزی گفتوگۆ و گەیشتن بەمافەکانی خۆیی بەکۆتایی بهێنرێت تا کێشە سنوریەکان بەهەمان کۆتایی بگەن و دووبارە نەبنەوە ...