کۆتایى کۆتایى
مێژوو.

نیا کامل
کاتێک گۆرباچۆڤ دواین پێکى هەڵبڕى و ژەهرەکەى نۆشى ، کۆتایى بلۆکى
ڕۆژهەڵات و یەکێتى سۆڤێتى ڕاگەیاند . یەکسەر بەدوایدا بیرمەندانى
بۆرژوازى کەوتنە کوتانى دەهۆڵ و مەرگى کۆمۆنیزمیان ڕاگەیاند ،
لەنێویاندا نوسەرى ئەمریکى بەڕەگەز ژاپۆنى فرانسیس فۆکۆیاما ،
لەژێرناوى ( کۆتایى مێژوو )دا کتێبێکى بڵاوکردەوە ، کەبەتەواوى
راِیگەیاندبوو کە چیتر کۆتایى بەو فکرانەهات کە دەیانویست مێژوو
دروستبکەن ، یان خواسى ئەوەیان هەبوو مرۆڤایەتى بگەیەننە دوا مەنزڵى ،
وەک مارکسیزم و هیگڵیزم . لە ئێستاشەوە سەردەمى لیبڕاڵیزمى نوێ و
سەردەمێکى مێژووى نوێ دەستپێدەکات ، بەڕابەرى سەرمایەدارى جیهانى وە
تەنها ئەم دەتوانێت بەشەر بگەیەنێتە کۆتایى . بەڵام ئێستا ئەو سیستمەى
کە فۆکۆیاما و ئاغاکانى کۆشکى سپى پێیان وابوو هاوڕێى مرۆڤایەتى دەبێت
تا دواین خاڵ ، وا لەسەر لێوارى داڕمانە و لە کۆتاییەکەى نزیک دەبێتەوە
. ووڵ ستریت ناوەندى ئاڵ و وێرى دراوى ئەمریکى ، لە قەڵایەکى کاغەزى
کەڵەکەکراوى گڕگرتوو دەچێت ، ئایا ئەگەر حەوسەد ملیار وەرەقەى ترى
بخرێتە سەر ئاگرەکەى دەکوژێتەوە ؟! یان تێکردنى حەوسەد ملیار دۆلار لە
خوێنبەرەکانى ووڵ ستریت وەک ئەوە وانیە خوێن بکەیتە نەخۆشێک کە تووشى
خوێن بەربوونى توند بوبێت ؟
قەرزە ناوخۆییەکانى ئەمریکا بە بۆمبێکى کات بۆدانراو (تەوقیت) کراو
دەچێت کەلەوانەیە لە هەرساتێکدا بتەقێتەوە ، کە ڕۆژانە هەزار و چوارسەد
ملیۆن دۆلار زیاددەکات ، واتا یەک ملیۆن دۆلار لە هەر دەقیقەیەکدا .
قەبارەى قەرزە ناوخۆییەکانى ئەم ووڵاتە ئێستا دەگاتە نۆ هەزار و سەد و
سى ملیار دۆلار ، واتا لەسەر هەرتاکێکى ئەمریکى جا ژن بێت یان پیاو ،
پیربێت یان لاو ، نەخۆشبێت یان منداڵ ، کرێکاربێت یان بێکار دەگاتە سى
هەزار دۆلار ، بۆیە ئەو بڕەى سەرەوە دەکاتە نزیکەى لەسەدا پێنجى کۆى
ئەو قەرزانەى بانکەکان لاى هاوڵاتیان هەیانە . وە هێشتاش ئەم تەنگەژەیە
بەردەوامە داڕمانى زیاتر و زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت ، شەمەنەفەرى ئەم
داڕمانە بەبآ ئیستۆپ کەوتۆتەڕێ ، وە تائێستاش نە نزا و پاڕانەوەکانى
قەشەى سەراى سپى گرتویەتیەوە . نە پێدەچێت پۆڵسى جادوگەریش شتێکى
پێبکرێت . بەم شێوەیە ئەوەى کە فۆکۆیاما بە لیبڕاڵیزمى نوێ ناودێنا "واجوجەڵەی
مەرگێکى تاڵ هێلکەکانیان دە تروکێنن " واتا پێکآ ژەهرى داوەتە دەستى
ڕابەرانى ئەم سیستمە جا دەینۆشن یان نە . ئایا گۆرباچۆڤى سەراى سپى
هەمان چارەنووسى دوژمنەکەى هەڵدەبژێرێت و ئەزموونى ئەو دووبارە
دەکاتەوە ؟ یان سەرمایەدارى دەست بە لاوازترین پوشەوە دەگرێت بۆ
دەربازبوونى ؟
ئەم تەنگەژەیە تەنها بازاڕى دراو و ماڵى ئەمریکاى هەڵنەلوشیوە ، ئەو
زریانەى کە لە ووڵ ستریت هەڵى کردوە سەراپاى سیستمى سەرمایەدارى پێش
خۆیداوە ، لەیەکێتى ئەوروپاوە تا ڕوسیا و چین و یابان و ئوسترالیا و
خۆرهەڵاتى ناوین ، بۆیە کەوتنى ووڵ ستریت واتاى کەوتنى چەند بانکیک نیە
و بەس ، بەڵکە کەوتنى سەراپاى سیستمەکەیە ، یان ڕاسترە بڵێین ئیفلاسى
ووڵ ستریت ئیفلاسى فکرى سەرمایەداریە . ئێستا ئەم نیزامە لە ئەوجى
قووەتى خۆیدایە و بەبآ بەربەست و ڕەقیب پەلى بەدونیادا بڵاوکردۆتەوە ،
کەچى واخەریکە ئەو لوە شێرپەنجەییانەى لەجەستەیدا هەبوون جەستەى لەڕى
دەکرۆژن . بۆ ئەم سەرەتانەش خەریکن دەرمانێک هەڵدەشێلن . بەڵام ئایا
ئەم سەرەتانەى ئەمان لەو جۆرەیە کە چارەسەرى هەیە یان ئاکام دەیانکوژێت
؟ وە ئاسۆى لیبڕاڵیە نوێیەکان هەمان ئەو ئاسۆ تەنگ و تاریکەیە کە لە
لیبڕڵیەتى کلاسیکەوە بە میرات بۆیا ماوەتەوە ، واتا ئاکام دەبێت بە
هەمان ئەو مەرهەمە تیمارى دەردیان بکەن کە ئەوان نەیانکرد ، کە ڕەنگە
ووڵ ستریت دواین بزمار لە تابوتى مەرگى سەرمایە بدات . هاوڵاتى لە
فیردەوسى سەرمایەداریدا ناژى بەبآ ماستەرکارتەکان ، ئەویش بەقەرزە
لەسەرى کە چارەنوسیەتى و لێیشى ڕزگار نابێت ، هەرئەوەندە دەتوانێت
سوەکەى بدات و قەرزەکەش بپارێزێت لە ئەستۆیدا ، ئەمەش ئەتککردنى ( اغتصاب
) کردنى ژیانى مرۆڤە لەلایەن بانکەکانەوە ، بەمەش خەریکە بازاڕى ئازاد
کۆتایى دێت و واقیعیەت و ڕوى ڕاستەقینەى خۆى هەڵدەماڵێت وە کۆیلەیەتى
قەرز جێگەى دەگرێتەوە ، کە ئەشرافەکانى ڕۆماى کۆن لە ووڵ ستریتى
پایتەختى ڕۆماى نوێ بە قەرزەکانیان بەشەریەت کۆیلەدەکەن .
لەسەردەمى دەرەبەگایەتیدا کەنیسە خاوەنى گەورەترین هێز و خانو بەرە بوو
، بەڵام لە کۆتایى مێژووى سەرمایەدارى نۆێدا ، دەوڵەتى بۆش-پۆڵسن
خاوەنى گەورەترین خانوبەرەن ، ئەگەر ببنە خاوەنى خانوبەرەى قەرزارەکان
و بیکڕنەوە ، وە قەرزارەکانیش دەکەنە کۆیلەى خۆیان ، چونکە ئەوان
دەتوانن بە فرۆشتنى خانوەکانیان بەشێکى قەرزەکانیان بدەنەوە ، لەبەر
ئەوەى ئێستا نرخەکانیان هاتۆتەخوارەوە ، بۆیە دەبێت هەموو تەمەنیان
باقى ئەو قەرزە بدەنەوە ، ئەم کارەش لە ڕێگەى پلانى ڕزگارکەرەوە ئەنجام
ئەدەن . ئایا لەم شەوەزەنگەدا چرایەک ناسوتێ ، ئاسۆیە نیە بۆ مرۆڤ ،
ئەمەى ئێستا قەدەریەتى و ناتوانآ لێى ڕزگاربێت ، تروسکەیەک هەیە
مرۆڤایەتى مۆمى هیواى پێداگرسێنێت ؟
هەرکاتێک سەرمایەدارى قەیرانێکى ئابورى توند لێى بدات ، ناوى کەسێک
بەتیژى خۆیدەکاتەوە بە بە بیر و هۆشماندا کە خەریکە لە یادى دەکەین ،
ئەویش کاڕڵ مارکسە . بەڵام هاتنەوەى ناوى ئەم پیاوە بۆ ناو وویژدان و
هەستمان سودى چیە ؟ ئایا ناوى ئەو تارماییەکە وبە ناودنیاى
سەرمایەداریدا هاتوچۆدەکات ، لەکاتى ئەزمە و قەیرانەکاندا دەبێتەوە
واقع ، یان سیستمێکى جێگرەوەى ئەم نیزامەیە و هەموو ڕۆژێک واقعیەتى خۆى
دووبارە دەکاتەوە ، ئەى ئەگەر وایە بۆ تائێستا نەیتوانیوە ببێتە واقع و
ڕاستى خۆى بسەلمێنێت ، ئەمەیان ئاکامى وارسەکانى مارکس و مارکسیزمە
دەینى لە ملى ئەوان ئاڵاوە ، کە زۆریان بونە هۆى ئەتککردنیشى .
بۆرژوازیەت پێى وابوو یەکێتى سۆڤێت سۆسیالیزمى بیست و چوار عەیارى
مارکسە ، بۆیەش وایان زانى کەوتنى واتاى کەوتن و کۆتاى ماکس و مارکسیزم
و سۆسیالیزمە ، وە تابۆیانکرا کوشتیان شێواندیان ناشتیان لە بیریانکرد
، کەچى وادەبینن سەرلەنوێ خەریکە هەڵدەسێتەوە !! . سەیرتر لەمەش
ئەوەبوو کە لەبەرەبەیانى ڕاگەیاندن و دەستگیر کردن و لەخاچ دانى
سۆسیالزم و ڕاگەیاندنى کۆتایى مێژوو و لەدایک بوونى لیبڕاڵیزمى نوێ و
نەزمى نوێى جیهاندا ، سەرجەم ئەوانەى لایەنگر و شاگردى سۆسیالیزمەکەى
سۆڤیەت بوون و وەک ئایدۆلۆژیا لە مارکسیزمیان دەڕوانى ، بۆنە (بگرس )
بەر لە خۆر کەوتن سێ جار ڕەتیان کردەوە و
ووتیان ئێمە مارکسى نین !!!. بەڵام ئەگەر مارکس لە ژیاندابوایە
ئەوکاتەى سۆڤیەت دەژیا ئەوا دەیووت من کۆمۆنیست نیم ، ئەگەر سیستمى
سۆسیالستى ئەمەبێت . ئێستا وا خەریکە سیستمى سەرمایەدارى جیهانى ئەم
قەیرانە بە شوێنێک دەگەیەنێت ، یان تێى دەپەڕێنێت ، ئایا دەرفەتى ئەوەى
نەداوەتە مرۆڤایەتى تا خودى ئەم سیستمە تێپەڕێنن ؟ با سەیرى
سەرمایەدارى نوێ و دەستورەکەى ( کۆتایى مێژوو ) بکەین کە پەیامى
مێژوویى خۆى زۆر بەباشى گەیاندوە ، بەدووژمنى سەرسەختى خۆى مارکس دەڵیت
ڕاستت ووت ، کە ووتت ، یان دەبێت بەشەریەت هەمووى سیستمێکى ئابورى نوێ
دابمەزرێتێت یان سەرمایەدارى بە ستەم و نابەرابەریەکەى بەشەریەت
دەباتەوە بۆ بەربەریەت . ئیتر کێ دەوێرێت
بڵێت کە لەدایک بوونى سەرمایەدارى نوێ کۆتایى مێژووە ، یان راِستترە
بڵێین ئێستا کۆتایى ئەو سەردەمەیە کە فۆکۆیاما ناوى نابوو لیبڕالیزمى
نوێ ، واتا کۆتایى کۆتایى مێژووە .
nyakamil@hotmail.com
|